}

فیلمی بێنیشتمان له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی دهۆك پێشوازیی لێكرا

کوردستان 09:26 AM - 2021-11-23

فیلمی سینه‌مایی "بێنیشتمان" سێیه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری كورد "توورج ئه‌سڵانی" له‌ به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی" له‌هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.

فیلمی سینه‌مایی "بێنیشتمان" Landless له‌ نووسین، ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماكاری كورد "توورج ئه‌سڵانی"، به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هه‌روه‌ها به‌رهه‌می هاوبه‌شی "ڕه‌ز هه‌ڵكه‌وت ڕه‌شید" له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ دووهه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی "توورج ئه‌سڵانی" و هه‌ندێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌، له‌وانه‌: "هانی موجته‌هیدی"، "شوان عه‌تووف"، "جاهیت شاهین یاڵچین"، "بوڵه‌نت كاسێر"، "ڕێكێش شه‌هباز"، "به‌نگین عه‌لی" و "به‌ڕۆژ ئاكره‌یی" و هه‌روه‌ها "ڕه‌ز هه‌ڵكه‌وت ڕه‌شید" و "ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت" بڵاوده‌كره‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م فیلمه‌ له‌ به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی" له‌ هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" Duhok له‌ دوو سانسی جیاوازدا له‌وانه‌: له‌ كاتژمێر 5ی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 17ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ هۆڵی "كۆنگره‌"ی زانكۆی دهۆك و هه‌روه‌ها له‌ كاتژمێر 9ی شه‌وی 18ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ هۆڵی سینه‌مایی ناوه‌ندی "دهۆك مۆڵ" له‌ شاری دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان و له‌ لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م ڕووداوه‌ سینه‌ماییه‌وه‌ پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی لێكرا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ته‌واویی كورسییه‌كانی هۆڵه‌كانی نمایشی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌ پڕبوو له‌ بینه‌ر و ژماره‌یه‌كیش له‌ هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما له‌ داڵانه‌كاندا و له‌سه‌ر زه‌ویی دانیشتبوون و سه‌یری ئه‌م فیلمه‌یان كرد.

ئه‌م دوو نمایشه‌ی فیلمی سینه‌مایی "بێنیشتمان" له‌ فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆك" پێشكه‌ش كرا به‌ ڕه‌اونشاد "هه‌كار عه‌بدوالقادر محه‌مه‌د" ئه‌كته‌ری كۆچكردووی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ كه‌ به‌م دوایانه‌ به‌ هۆی وه‌ستانی دڵه‌وه‌ ماڵئاواویی
له‌ جیهانی هونه‌ر و هه‌ڤاڵانی سینه‌ماكاری كرد.

دوای نمایشی "بێنیشتمان" كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م فیلمه‌ سینه‌ماییه‌ له‌ هۆڵی "كۆنگره‌"ی زانكۆی دهۆك به‌ڕێوه‌چوو و "توورج ئه‌سڵانی" و به‌ٍشێك له‌ ستافی فیلمه‌كه‌ وڵامی پرسیاریی په‌یامنێران، ڕۆژنامه‌نووسان و ڕخنه‌گرانی
ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه‌یان دایه‌وه‌.

"بێنیشتمان" له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "تسویر گستر الهه‌ پارسی" (ئێلی ئیمه‌یج) Eli Image به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو "ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت" له‌ ئاستی جیهاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
له‌ "بێنیشتمان"دا كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ ناوداره‌كانی وڵاتانی توركیا، سووریا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ چوار زمانی كوردی، توركی، عه‌ڕه‌بی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوه‌.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" ئه‌ندامی باوه‌ڕپێكراوی ڕێوڕه‌سمی پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كانی ئسكرین "ئاسیا په‌سیفیك" ناسراو به‌ "ئۆسكاری ئاسیا" APSA له‌ وڵاتی ئۆستوڕاڵیایه‌ و له‌ ئاستی وڵاتی عێراقدا به‌رهه‌مه‌
سینه‌مایی و به‌ڵگه‌فیلمه‌كان به‌م ڕووداوه‌ گرینگه‌ سینه‌ماییه‌ ده‌ناسێنێت.

له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی"ی ئه‌م فێستیڤاڵه‌وه‌ ته‌ندیسی گه‌ڵا مێویی زێڕ و زێو، له‌وحه‌ی فه‌خری و خه‌ڵاتی 10 هه‌زار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینه‌مایی، خه‌ڵاتی 5 هه‌زار دولاری تایبه‌تی
ئه‌ندامای لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی، خه‌ڵاتی 4 هه‌زار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی، خه‌ڵاتی 3 هه‌زار دولاری بۆ باشترین ئه‌كته‌ری پیاو، خه‌ڵاتی 3 هه‌زار دولاری بۆ باشترین ئه‌كته‌ری ژن،
خه‌ڵاتی 5 هه‌زار دولاری بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلم، خه‌ڵاتی 8500 دولاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆك بۆ باشترین كورته‌ فیلم بۆپشتیوانی له‌ سازكردنی پڕۆژه‌ی نوێ ده‌رهێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌، خه‌ڵاتی 10 هه‌زار دولاری تایبه‌تی ئه‌ندامای لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین كورته‌ فیلم كه‌ له‌ناوچه‌ی بادینان به‌رهه‌مهاتووه‌، خه‌ڵاتی 10 هه‌زار دولاری پارێزگاری دهۆك بۆباشترین فیلمی سینه‌مایی فیلم كه‌ له‌ ناوچه‌ی بادینان به‌رهه‌مهاتووه‌، خه‌ڵاتی
4 هه‌زار دولاری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد بۆ باشترین فیلمی كوردیی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان سازكرابێت و هه‌وره‌ها خه‌ڵاتی 3 هه‌زار دولاری ئه‌نستیتۆ "گۆته‌"ی ئه‌ڵمانی بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلمی كورت پێشكه‌ش ده‌كرێت.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" به‌ سه‌رۆكایه‌تی "ئه‌میر عه‌لی محه‌مه‌د تاهیر" و به‌ ده‌رهێنانی هونه‌ری "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" به‌ یادی سینه‌ماكاری هه‌رمانی كورد "یه‌ڵماز گۆنای" Yılmaz Güney ده‌رهێنه‌ری براوه‌ی خه‌ڵاتی
گه‌وره‌ی "چڵه‌ خورمای" فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "كان"ی فه‌ڕه‌نسا (1982) و به‌ مه‌به‌ستی پردی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌كان و سینه‌ماكارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان و هه‌روه‌ها ڕه‌خساندنی ئاڵووگۆڕی كه‌لتووری نێوان
نه‌ته‌وه‌كانی دنیا دامه‌زراوه‌.

هه‌شته‌مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، ڕۆژی 15ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 به‌ به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی فه‌ڕشی سوور و به‌ نمایشی فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، له‌ هۆڵی"كۆنگره‌" له‌ زانكۆی دهۆك به‌ فه‌رمی ده‌ستی پێكرد و به‌ نمایشی 93 به‌رهه‌می دیكه‌، له‌ چوارچێوه‌ی فیلمه‌ بڵینده‌ سینه‌ماییه‌كان، كورته‌ فیلم و به‌ڵگه‌فیلمه‌كان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌وانه‌: به‌شی
پێشبڕكێی "سینه‌مای جیهان"، واته‌: 9 فیلمی بڵندی سینه‌مایی، 5 به‌ڵگه‌فیلم و 9 كورته‌ فیلم، به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی"، واته‌: 6 فیلمی بڵندیسینه‌مایی، 6 به‌ڵگه‌فیلم و 12 كورته‌ فیلم، به‌شی "ڕوانینێك به‌ سینه‌مای
جیهان"، واته‌: 8 فیلمی بڵندی سینه‌مایی، 4 به‌ڵگه‌فیلم و 7 كورته‌ فیلم، به‌شی"پانۆڕامای سینه‌مای كوردی"، واته‌: 17 كورته‌ فیلم، به‌شی "نمایشی تایبه‌ت به‌ سینه‌مای ئه‌فغانستان" 8 فیلمی بڵندی سینه‌مایی و هه‌روه‌ها به‌شی "نمایشی تایبه‌ت به‌ سینه‌مای كوردستان" 2 فیلمی بڵندی سینه‌مایی، ڕۆژی 22ی نۆڤه‌مبه‌ری2021.

مه‌نسور جیهانی 
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket