riklam

بەهمەنی قوبادی بە سینەمای جیهان دەناسێنرێت

ئەدەب و هونەر 09:43 AM - 2021-10-31

مەنسوور جیهانی پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پڕێس" AFP  وتی: سینەماكاری كورد بەهمەنی قوبادی و زۆربەی سینەماكارانی گەورەی ئێران و كوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی كورتە فیلمی تارانەوە بە جیهان ناسێنران.

"مەنسوور جیهانی" لێپرسراوی هەواڵە بیانییەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران لە وتووێژ لەگەڵ "سامی كێتز" Sammy Ketz پەیامنێری گەورە و بە ئەزموونی ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پڕێس" AFP گوتی: سینەماكاری ناوداری كورد "بەهمەنی قوبادی" هەڵگری خەڵاتی كامێڕای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كان"ی فەڕەنسا و خەڵاتە گرینگەكانی فێستیڤاڵە بەرچاوە جیهانییەكان و هەروەها ئەندامی ئێستای ئاكادیمیای ئۆسكار، "ئەسغەر فەرهادی" براوەی دوو خەڵاتی ئۆسكاری باشترین فیلمی بیانی، هەڵگری خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕلینالە" و هەروەها خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كان"، "ڕەزا میركەریمی" سەرۆكی پێشووی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی "فەجر"، "شەهرام موكری" دادوەری بەشی"ئاسۆكان" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز"، "مەجید بەرزگەر" و سینەماكارانی دیكەی ناوداری سینەمای ئێران و كوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندراون.

ئەو سەبارەت بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران وتی: ئەم فێستیڤاڵە نزیكەی 40 ساڵ مێژووی پڕ لە شانازیی هەیە و لە نێوان
فیلمسازانی كورتە فیلمی ئێران و جیهاندا پێگەیەكی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێك نوێترین بەرهەمەكانی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە ڕەوانە دەكەن.
لە ساڵەكانی ڕابردوودا نزیكەی 4500 بەرهەم بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران ڕەوانە دەكرا، بەڵام ئەمساڵ، دوای ئەوەی كە لە لایەن ئاكادیمیای ئۆسكارەوە پەسەندكرا، دوو هەزار فیلم زیاتر و بە
گشتی شەش هەزار و 402 بەرهەم لە لایەن دەرهێنەرانی سەرتاسەری دنیاوە بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناردرا.

ئەم پەیامنێرە سەربەخۆیە لە درێژەی قسەكانیدا وتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران، گرینگترین فێستیڤاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ بەرهەمە كورتەكان دێتەئەژمار و سەرنجی فیلمسازانی كورتە فیلمی جیهانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوە؛ بۆ نموونە سینەماكاری كورد "ڕێزان یێشیلباش" Rezan Yesilbas دەرهێنەری كورتە فیلمی "بێدەنگ" Silent لە سینەمای توركیا كە بەم بەرهەمە توانی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین كورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كان"ی فەڕەنسا لە ساڵی 2012 بەدەستبێنێت، لە دیدارێكدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەمان ساڵدا كە لە دەرەوەی وڵات پێكەوە بوومان، زۆر هۆگریی ئەوە بوو كە فیلمەكەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران ئامادەبێت و خۆشبەختانە ئەم بەرهەمەی بۆ فێستیڤاڵ نارد و ئەم فیلمە كوردییە درەوشاوەیە لەم ڕووداوە سینەماییەدا نمایشكرا و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازییەكی بێوێنەی لێكرا.

جیهانی سەبارەت بە دادوەرانی بەشی "پێشبڕكێی نێودەوڵەتی" سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران گوتی: لەم خولەی فێستیڤاڵدا "لیدا بێلتڕامی" لە وڵاتی ئیتالیا براوەی خەڵاتی "ئاشتی ڤێنیز"، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دادوەرانێك لە وڵاتانی فەڕەنسا، ژاپۆن، نەمسا و ئێران؛ بەرهەمەكانی ئەم بەشەیان هەڵسەنگاند.

ئەو سەبارەت بە تایبەتمەندیی بەرجەستەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران وتی: لە هەواڵێكدا كە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، بۆ دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەكانی جیهان ناردم، رەنگدانەوەی یەگجار زۆریی بەدواوە بوو؛ بۆ نموونە گۆڤاری گرینگی نێودەوڵەتی "وڕایتی" Variety ئاماژەی بە دوو خاڵی گرینگ كردبوو، یەكەمیان ئەوە بوو كە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران، بۆتە درگای خەڵاتەكانی ئۆسكار و دووهەم بەڕێوەچوونی كۆڕ و كۆبوونەوە پسپۆڕانەكان بوو كە هەر ساڵە بە ئامادەبوونی مامۆستایانی شارەزای سینەما لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش 12 سینەماكاری نێودەوڵەتی لەوانە: دكتۆر "ئەحمەد ئەلەستی" مامۆستای زانكۆی ویلایەتی تێگزاسی ئەمەریكا، ڤۆركشۆپەكانی سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تارانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد و خاڵە گرینگ و تایبەتەكانیان بە فیلمسازانی كورتە فیلم ئاراستە كرد.

"مەنسوور جیهانی" لە كۆتایی ئەم وتووێژەدا سەبارەت بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران وتی: دوو ساڵە كە بە هۆی باروودۆخی كۆڕۆناوە هیچ میوانێكی بیانی لە فێستیڤاڵ ئامادەنەبووە؛ بەڵام ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلمی تاران چۆتە لیستی فێستیڤاڵەكانی "ئۆسكار كوالیفاید" OSCAR® qualifying، زۆربەی رەخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، خوازیاریی ئەوەبوون كە لە فێستیڤاڵدا ئامادەبن، بەڵام بە هۆی بارودۆخی پەتای كۆڕۆناوە ئەم دەرفەتە نەڕەخسرا كە لە فێستیڤاڵ، خانەخێوی هیچ میوانێكی بیانی بین.

PUKmedia فۆتۆكا.. عەتا تاهیر كەنارە

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket