riklam

بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاست دابەزی

جیهان 03:20 PM - 2021-10-14

بەهای لیرەی توركی لە دابەزین بەردەوامە و یەك دۆلار نۆ لیرەی تێپەڕاندووە و پارێزگاری بانكی ناوەندیی توركیاش رەتیدەكاتەوە، ئەو دابەزینە پەیوەندیی بە كەمكردنەوەی نرخی سوودەوە هەبێت.

دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، بەهای لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەردەوام رووی لە دابەزین كردووە و نزمترین ئاستی لە چەند ساڵی رابردوودا تۆماركرد، لە دواین مامەڵەكانی دوێنێشدا یەك دۆلار بەرامبەر بە نۆ لیرە و 10 قروش مامەڵەی پێوەكرا.

لەو بارەیەوە، شەهاب كافجی ئۆغلۆ پارێزگاری بانكی ناوەندیی توركیا رایگەیاندووە: دابەزینی بەهای لیرە هیچ پەیوەندییەكی بە كەمكردنەوەی نرخی سوودەوە نییە و هەڵەیە ئەو دوو بابەتە پێكەوە ببەسترێتەوە، چونكە كەمكردنەوەی نرخی سوود بابەتێكی كتوپڕ نەبووە و پێشتر كاری بۆ كراوە.

هاوكات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە: رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا زۆر توڕەیە لە بەڕێوەچوونی سیاسەتی دارایی وڵاتەكەی، بەوپێیەی كاتێكی زۆری خایاندووە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هاوكات متمانەی بە شەهاب كافجی ئۆغلۆ پارێزگاری بانكی ناوەندیی توركیا نەماوە كە كەمتر لە حەوت مانگە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

بەگوێرەی داتاكانی فەرمانگەی ئاماری توركیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی لەسەدا 17ی بەهاكەی لەدەستداوە هەڵئاوسانیش بۆ لەسەدا 19 پۆینت 6 بەرزبۆتەوە، چاودێرانیش پێیانوایە، دروستبوونی ئەم دۆخە بەڵگەیە بۆ بەردەوامی دەستوەردانەكانی حکومەت لە سیاسەتی دارایی وڵاتەكە و دژایەتیكردنی بەرزبوونەوەی نرخی سوود.

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket