}

سه‌رۆك كۆمار: جیهان به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌

عیراق 03:47 PM - 2021-09-11

د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ئه‌یلولی 2021 له‌میانی وتارێكیدا له‌ سیانزه‌هه‌مین كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان رایگه‌یاند، له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌واوی مافه‌ ره‌واكانی ژنان ده‌بێت رووبه‌ڕووی ئاڵینگارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌شریعییه‌كان ببینه‌وه‌، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو توندوتیژی و جیاكاری زۆر رووبه‌ڕووی ژنان بووه‌ته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان ئه‌و كاره‌ساته‌ نامرۆییانه‌ بوو كه‌ به‌سه‌ر ژنانی ئێزدی و توركمان و شیعه‌ و ژنانی پێكهاته‌كانی دیكه‌دا هات.

له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك به‌رھه‌م رایگه‌یاند، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌مان له‌ پێشه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌یه‌، ھه‌روه‌ھا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ جیهان به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌، ھاوكات جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بارودۆخی عیراق پێویستی به‌چاكسازی بنه‌ڕه‌تییه‌ و هه‌ڵبژاردنی داهاتووش ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌ھێزی یاسادانان و جێبه‌جێكردن له‌ چوارچێوه‌ی ھێنانه‌ئاراوه‌ی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ چاكسازی ریشه‌یی و كۆتای ھێنان به‌ كێشه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و تاڵانكردنی سه‌رچاوه‌كانی وڵات و ھێنانه‌كایه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدان و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بۆ ھاووڵاتیان.

سه‌رۆك كۆمار دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كه‌شێكی له‌بار و گونجاو  بێته‌ئاراوه‌ تاوه‌كو ھاووڵاتیان ئازادانه‌ گوزارشت له‌ ئیراده‌ و خواستی خۆیان بكه‌ن له‌ دیاریكردنی نوێنه‌راكانیان دوور له‌ ھه‌ر گوشار و ساخته‌كاری و فرتۆفێڵ و ده‌ستوه‌ردانێك، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌شیكرد بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و سیستمی حوكمڕانی له‌ عیراق پێویستی به‌ چاكسازی ریشه‌ییه‌، بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ش پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ پێگه‌ی ئێستای عیراق له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی ھه‌مان پێگه‌ی پێشوو نییه‌، به‌ڵكو ئێستا عیراق له‌ پێگه‌یه‌كی گرنگدایه‌، ھه‌روه‌ھا ئاماژه‌شیدا به‌وه‌ی كه‌ لووتكه‌ی به‌غدا بۆ ھاریكاری و هاوبه‌شی پێگه‌ی گرنگی عیراقی ده‌رخست و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عیراق.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك به‌رھه‌م جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ سه‌رجه‌م پێكھاته‌كانییه‌وه‌ له‌ سوپا و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و ریشه‌كێشكردنی پاشماوه‌ی تیرۆریستانیان هه‌یه‌.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو