riklam

ئه‌مریكا پێشبینی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كات له‌ ئه‌فغانستان

جیهان 07:11 PM - 2021-09-05

مارك میلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی  ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مریكا، پێشبینی ده‌كات له‌دوای كۆتایی هێنان به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی په‌یمانی ناتۆ له‌ئه‌فغانستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵه‌بان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌و وڵاته‌ رووبه‌ڕووی شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری ناوخۆیی ببێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها میلی ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2021، له‌میانی لێدوانی بۆ تۆڕی فۆكس نیوز له‌بنكه‌ی ئاسمانی"رامشتاین" له‌ئه‌ڵمانیا، له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا كه‌ ئایا ئه‌مریكا له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ئه‌فغانستان له‌دۆخێكی ئارامتردا ده‌بێت، راشیگه‌یاند: هێشتا زووه‌ باس له‌و بابه‌ته‌ بكرێت.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌ربازیی خۆی، پێده‌چێت دۆخی ئه‌فغانستان رووه‌و شه‌ڕی ناوخۆیی بڕوات، به‌ڵام نازانم كه‌ ئایا تاڵیبان توانای به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی هه‌یه‌و ده‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌ركانی ئه‌مریكا نیگه‌رانی خۆشی نیشاندا كه‌ رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كانی وه‌ك "داعش" و "قاعیده‌" به‌هۆی ناسه‌قامگیری له‌ئه‌فغانستان بتوانن دۆخه‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت بده‌ن له‌م ولاَته‌دا.

راشیگه‌یاند: بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ریش زۆره‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان هه‌ڵبگیرسێت، وا ده‌كات زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ بووژاندنه‌وه‌ی "قاعیده‌"و "داعش" و چه‌ندین گروپی تری تیرۆرستی دروست ببێت.
وتیشی: ده‌بینن له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا چۆن تیرۆر له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌شێته‌وه‌، با به‌یه‌كه‌وه‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین.

میلی دانیشی به‌وه‌دا نا له‌ئه‌نجامی كۆتایهاتنی هه‌ژموونی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ئه‌فغانستان، ئه‌ركه‌كان بۆ زامنكردنی ئاسایشی ئه‌مریكا و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگریی له‌ناوچه‌كه‌ قورستر بووه‌، راشیگه‌یاند: ناچار ده‌بین له‌ئه‌گه‌ری دروستبوونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌مریكا، ده‌ست به‌دامه‌زراندنی هه‌ندێك تۆڕی هه‌واڵگریی مرۆیی و چه‌ند رێكارێكی دیكه‌ بكه‌ینه‌وه‌.

PUKmedia فۆكس نیوز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket