riklam

تەندروستی سلێمانی:ئەوانەی لەدژی وەرگرتنی ڤاكسین كاردەكەن بدرێتە دادگا

کوردستان 03:02 PM - 2021-08-08

لە هەرێمی كوردستان تادێت ژمارەی توشبون بەكۆرۆنا روو لە هەڵكشان دەكات، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت: سلێمانی لە هێڵی مەترسیەوە نزیك بوەتەوە. دەشڵێت: پێویستە ئەو كەسانەی كە بابەتی ناڕاست و نازانستی لەسەر ڤاكسینی كۆرۆنا بڵاودەكەنەوە بدرێنە دادگاو سزا بدرێن، داواش لە هاووڵاتیان دەكات تاكپارێزی ئەنجام بدەن و ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.

لەدۆخێكی ناهەموارداین
د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: بەهۆی شەپۆلێكی تایبەتی ڤایرۆرسی كۆرۆنا لە جۆری دەلتاوە كە ماوەی زیاتر لە چەند هەفتەیەكە رووی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی كردوە، ئەوەش وایكردوە بكەوینە دۆخێكی خراپ و ناهەموارەوە، چونكە شەپۆلەكە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە.
وتیشی: رێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان تووشی كۆرۆنا بوون رۆژانەش ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتی تووش دەبن، ئەوەش وایكردووە رێژەی داخڵبوون لە نەخۆشخانەكان زۆر زیاد بكات.

نەخۆشخانەكان پڕبوون لەتوشبوو
ئەوەشی خستەڕوو: پێش هاتنی ئەم شەپۆلە نوێیە تەنها نەخۆشخانەی شەهید هێمن هەبوو نەخۆشی تێدا بوو، بەڵام ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە پڕبووەو جێگای نەخۆشی نەماوە،  بۆیە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر علی والی بەگ كە پێشتر تایبەت كرابوو بەتوشبوانی كۆرۆنا دووبارە ئەو نەخۆشخانەیەمان كردەوە، ئێستا نەخۆشانی تووشبوو بەكۆرۆنا دەبرێنە ئەو نەخۆشخانەیە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت:  ئەگەر بەم شێوەیەش ژمارەكە زیاد بكات رۆژانە ئەوا ئێمە نەخۆشخانەی تر دەكەینەوە، چونكە ئێمە نامانەوێت وەك پێشووتر سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانی تر بوەستێنین و قەدەغەی هاتووچۆو كەرەنتینە رابگەیەنین لەبەر كۆرۆنا، بەڵام ئەگەر ناچاربووین ئەوا دەبێت بیوەستێنین، بۆیە دەبێت هەمووان هاوكار بین لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا هاووڵاتیان بە پلەی یەكەم رۆڵێكی باش دەبینن و پێویستە خۆیان بپارێزن تا شەپۆلەكە خاوبكەینەوە 

ئەڵمانیا لەسلێمانی نەخۆشخانەیەكی گەورە دروستدەكات 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەو نەخۆشخانەیەی كە لەسەر ئەركی وڵاتی ئەڵمانیا دروستكراوە لە قۆناغی كۆتاییایەو پێداویستیەكانی بۆ دابین دەكرێت، بەڵام بەداخەوە فریای ئەم شەپۆلە نەكەوت و بەشێكی كارەكانی تەواو نەبووە ، هیواشی خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرجەم كارەكانی تەواو بكرێت و بۆ ئەوەی بەڕووی نەخۆشاندا بكرێتەوە.

ئەوانەی لەسەر ڤاكسین هەواڵی بێ بنەما بڵاودەكەنەوە بدرێنە دادگا 
لەبارەی خۆپارێزی هاوڵاتیانەوە جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: هاووڵاتیان لە ئێستادا بێباكن و گەر بێباكی هاووڵاتیان نەبێت شەپۆلەكە بەو شێوەیەی ئێستا نابێت، دەتوانم بڵێم بەشێك لە هاووڵاتیان تا ئێستاش نەباوەڕیان  بە ڤاكسین هەیە نە بەكۆرۆنا، تەنانەت هەندێك كەسیش لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان ریكلامی خراپ دەكەن و تەنانەت مامۆستای ئاینیش كۆمەڵێك بابەتی بێبنەماو نا زانستی بڵاودەكاتەوە، ئەوەش هاووڵاتیان سارد دەكاتەوە لە خۆپاراستنیان، بۆیە دەبێت ئەو كەسانەی ئەو جۆرە كارانە دەكەن و بابەتی هەڵەو نازانستی بڵاو دەكەنەوە بدرێنە دادگاو سزا بدرێن. 

وەرگرتنی ڤاكسین زۆر زیادیكردوە
ئەوەشی وت: لەئێستادا پێشوازیەكی زۆر هەیە لە ڤاكسین و هاووڵاتیان رۆژانە بەڕێژەیەكی زۆر سەردانی بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین دەكەن و ڤاكسین وەردەگرن، هیواشی خواست حكومەتی هەرێم رێژەیەكی زۆر ڤاكسین دابین بكات بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسین وەربگرێت.

سلێمانی نزیكە لە هێڵی مەترسیەوە
هێرش سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: پارێزگای سلێمانی نزیكە لە هێڵی مەترسیەوە، بەڵام وەك تەندروستی رەشبین نەبووین بە بارودۆخەكە، چونكە ئێستا دەزانین وەك كەرتی تەندروستی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت هاووڵاتیان هاوكارمان بن خۆیان بپارێزن و ماسك بكەن و ڤاكسین وەربگرن.
هیواشی خواست هاووڵاتیان تاكپارێزی ئەنجام بدەن و هەروە ها ڤاكسین وەربگرن تاوەكو چیتر ئازیزانمان لە دەست نەدەین، چونكە سلێمانی لە هێڵی مەترسیەوە نیزك بوەتەوە.

وەرگرانی ڤاكسین بەسوكی توشی كۆرۆنا دەبن
لەبارەی كە ئایا ئەو كەسانەی كە هەردوو ژەمی فاكسین یان وەرگرت تووشی كۆرۆنا دەبن، یان ئەگەر توشبون بە چ شێوەیەك توشدەبن، هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی:  هەرگیز نەوتراوە نەك هەر ڤاكسینی كۆرۆنا هەر ڤاكسینێكی تر كە مرۆڤ وەریبگرێت چیتر تووشی هیچ ڤایرۆسێك نابێت، بەڵكو ئەگەر توشیش بێت بەسوكی تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبێت، لە كۆرۆناشدا وایە، هەر كەسێك ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرت ئەگەری تووشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، بەڵام بەشێوەی سووك توش دەبێت.

PUKmedia جەمال سەرگەتی – سلێمانی 





ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket