riklam

مه‌لا به‌ختیار: قسه‌كانی بلاسخارت راستییه‌كی تاڵ بوو، به‌ڵام رایچڵه‌كاندین

ی.ن.ک‌‌ 06:45 PM - 2021-07-03
.

.

مه‌لا به‌ختیار: من لامه‌ركه‌زییه‌تم بۆ پارێزگاكان پێ باشه‌

مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ندێك بابه‌تی سه‌رده‌می و گرنگی ئه‌م بارودۆخه‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستانی به‌ PUKmedia راگه‌یاند:

پێش هۆشدارییه‌كه‌ی بلاسخات من هه‌مان زه‌نگی مه‌ترسیم لێدا
 ساڵی پار 20-8-2020، لێره‌ له‌ناو حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و رۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌كان هه‌مان زه‌نگم لێدا و داوای به‌ستی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانیم كرد بۆ ئۆپۆزسیۆن بۆ پسپۆڕان كه‌ به‌شێكی كه‌می یه‌كێتی و پارتی بێت بۆیه‌ ئه‌مساڵیش چه‌ند جارێك ئه‌وه‌م دووباره‌كرده‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بلاسخارت مانگ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسی یه‌كڕیزی و ده‌ستور ئه‌و قسه‌یه‌ بكات، بێگومان ئه‌و ژنه‌ خۆی به‌ئه‌سڵ هۆڵه‌ندییه‌ و نوێنه‌ری یونامییه‌ له‌ عیراق ، بۆیه‌ كه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نوێنه‌ری هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌بینێت، هه‌مووشمان ده‌زانین له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش گرنگترین لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی كۆده‌بێته‌وه‌ له‌وێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و خانمه‌ كردی كه‌ رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر كێشه‌كانتان چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن وانه‌زانن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئۆتۆنۆمییه‌تان تاسه‌ر ده‌مێنێ"، ئه‌وه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بوو بمان ترسێنێت، ئه‌سڵه‌ن یه‌كه‌م هۆڵه‌ندا دووه‌م ئه‌و خانمه‌ زۆر دۆستی كورده‌، چه‌ند جارێك له‌ راپۆرته‌كانیدا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا كه‌خوێندویه‌تییه‌وه‌، زۆر به‌ سۆزه‌وه‌ باسی كورد ده‌كات و هه‌مان كات لایه‌نگری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورده‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و ده‌ستوریشه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ بۆ ترساندنمان نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و راستییه‌ك بوو تاڵ بوو، به‌ڵام رایچڵه‌كاندین، دوای ئه‌وه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق هه‌مان قسه‌ی كرده‌وه‌، به‌ڵام به‌جۆرێكی تر، وتی ئه‌گه‌ر توركیا ورده‌ورده‌ كوردستان داگیربكات وای لێیه‌ت به‌هۆی هه‌ڵه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كانه‌وه‌ له‌ كوردستان، هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌ست حكومه‌تی ناوه‌ندیی عیراق له‌ ئێستاشدا بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌ ناوه‌ندی كردنی حكومه‌ته‌ له‌ به‌غدا له‌وانه‌ عه‌ره‌به‌كان هێزه‌ تائیفییه‌كان هه‌مان عه‌قڵییه‌تی ده‌وڵه‌‌تێكی مه‌ركه‌زی، به‌ڵام له‌ فۆڕمێكی نوێدا ده‌یانه‌وێت له‌ به‌غدا ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ بژێته‌وه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا قوڵتر ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ ئاستی بنبه‌ستیش ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئایا حزبه‌كان بۆ وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌، به‌رای من به‌رپرسیارێتی ئه‌و قسانه‌ پێشئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر به‌غدا له‌سه‌ر حزبه‌ كوردستانییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌یڵێم تا ئێستاش ئه‌و مه‌ترسییه‌ وه‌كو خۆی له‌به‌رچاویان به‌رجه‌سته‌ نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌به‌رچاویان به‌رجه‌سته‌بێ بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م ناكۆكی و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ماڵی كورد چاره‌سه‌ربكه‌ن نابێت به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان ناكۆكییه‌كانمان بخه‌ینه‌لاوه‌ چۆن له‌سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانیدا كوردستان توشی چه‌ندین كاره‌ساتی وه‌كو كیمیاباران و ئه‌نفال و راگواستن بوو، به‌ڵام به‌ره‌ی كوردستانی پاش ئه‌وه‌ی عیراق كوه‌یتی داگیركرد به‌و ئومێده‌وه‌ به‌ره‌ی كوردستانی توانی رابه‌رایه‌تی راپه‌ڕینی خه‌ڵك بكات بۆیه‌ ئێستاش ده‌بێت دیسانه‌وه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كبگرنه‌وه‌و به‌رنامه‌یان هه‌بێت و بۆ ئه‌گه‌ره‌كان خۆیان ئاماده‌بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری باش هاته‌ پێشه‌وه‌ باشتر بیقۆزنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ری خراپیش هاته‌ پێشه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌، بۆیه‌ من ئومێده‌وارم ئه‌و زه‌نگه‌ به‌ ته‌كتیك نه‌زانن ئه‌و زه‌نگه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ له‌به‌رده‌ممانه‌ كێ تێیده‌گات، تێیبگات كێش تێیناگات من دڵنیام رۆژێك دێت ده‌كه‌ونه‌ ناو دۆخێكی نه‌خوازراوی واوه‌ كه‌ فریای هیچ ناكه‌ون، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ جه‌نگی ده‌روونییه‌و خه‌ڵكی پێده‌ترسێنن به‌راستی ئه‌وانه‌ گێلن له‌ سیاسه‌تدا .

* له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك مام جه‌لال-دا چه‌ند رێكه‌وتنێك هه‌بوون له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق كراون ئایا ده‌توانرێت ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ كارابكرێنه‌وه‌؟

كاریزمای سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌
مه‌لا به‌ختیار وتی: رووداوه‌كانی مێژوو نه‌ سه‌باره‌ت به‌ حزبه‌كان نه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌لان نه‌ سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌ته‌كان نه‌ سه‌باره‌ت به‌  كه‌سایه‌تی و كاریزماكان وه‌كو خۆی دووباره‌ ناكرێنه‌وه‌، به‌ راستی مام جه‌لال جارێكی تر دووباره‌ نابێته‌وه‌ له‌ مێژوودا تا كه‌سێك تر بتوانێت له‌ به‌غدا ئه‌و كاره‌ بكات ، ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ش دووباره‌ نابێته‌وه‌، عیراق ده‌یه‌وێت به‌ره‌و حكومه‌تێكی ناوه‌ندی بڕوات، سه‌رده‌می مام جه‌لال دوای رووخانی سه‌دام عیراق به‌ره‌و فیدراڵی و فره‌یی برا تائێستا فیدراڵییه‌ته‌كه‌یان له‌ كوردستان هێشته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی له‌خۆیدا ماوه‌ی 18 ساڵه‌ كه‌ به‌عس رووخاوه‌ فیدراڵییه‌ت هه‌موو عیراقی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌ ئه‌ی ئه‌مه‌ مانای چییه‌!، مانای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م عیراقه‌ خۆی ئاماده‌كردووه‌ كه‌ به‌هێز ده‌بێته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ به‌ره‌و حكومه‌تی ناوه‌ندی ببرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر باوڕیان به‌ ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی هه‌یه‌ ئه‌بوایه‌ نه‌ك هه‌ر كوردستان، به‌ڵكو ناوه‌ڕاست و باشوری عیراقیش چه‌ند ئه‌زمونێكی فیدراڵی تێدابوایه‌و به‌راستی ببێت به‌ سیستمی فیدراڵی، بۆ نموونه‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی سیستمێكی فیدراڵییه‌ كه‌ له‌ یه‌ك ئیماراته‌وه‌ بووه‌ به‌ سیستمێكی فیدراڵی كه‌ پێی ده‌ڵێت ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، عیراق وه‌ك ئیماراتیش نییه‌.

لامه‌ركه‌زییه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك بێت پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت خۆیان كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن

*له‌باره‌ی لامه‌ركه‌زییه‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ باس و خواسی له‌سه‌ره‌، لێكدارنه‌وه‌ی به‌ڕێزتان بۆ لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌؟

مه‌لا به‌ختیار وتی: من لامه‌ركه‌زییه‌تم بۆ پارێزگاكان پێ باشه‌ ، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی لامه‌ركه‌زی به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ بدرێت به‌ پارێزگاكان كه‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ بتوانن به‌راستی خۆیان كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن و پڕۆژه‌ی دارایی دابنێن و خزمه‌تگوزاریی و گۆڕانكارییه‌كانیان ژێرخانی پارێزگاكان به‌هێزبكرێت و كه‌موكوڕییه‌كانیان چاره‌سه‌ربكرێت بۆیه‌ به‌جددی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م ، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت نابێت به‌ پاساوی لامه‌ركه‌زی هه‌رێمی كوردستان لاوازبكه‌ین ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ ئێستادا پیلانی له‌سه‌ره‌..

*هه‌رله‌باره‌ی دۆسییه‌ی چالاكوان و رۆژنامه‌نووسه‌ سزادراوه‌كانی بادینان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م كه‌یسه‌ ناڕه‌زایی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌دوای خۆیدا هێناو نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ندین ده‌وڵه‌تی جیهانی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و ره‌خنه‌ی توندیان له‌و بڕیاره‌ی دادگای هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌ هه‌رێم گرت، به‌ڵام دواجار دوای پێداچوونه‌وه‌ش بڕیاری سزادانه‌كه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێكرا، رای ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ چییه‌؟

هه‌ر بڕیارێك نیگه‌رانی رای گشتی لێبكه‌وێته‌وه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت
مه‌لا به‌ختیار وتی: من سه‌ره‌تا هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی ئه‌و چالاكوان و رۆژنامه‌نووسانه‌ و ده‌ستپێكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ سزادانیان، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌م نوسی، كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌رێكی یاساییان به‌پێی پره‌نسیپه‌ دیموكراسییه‌كان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، وتیشی: ئێستاش ئه‌وه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ به‌ڵی دادگا بڕیاریداوه‌ من نامه‌وێت لێره‌دا بچمه‌ ورده‌كاری بڕیاری دادگاوه‌، به‌ڵام من قسه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌یه‌كی ئاوا بۆ چه‌ند كه‌سێك كه‌ بیروباوڕو ره‌خنه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌تا ئه‌گه‌ر ره‌واشبێت، به‌ڵام مادام بووه‌ته‌ نیگه‌رانی رای گشتی هه‌قه‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت.

1414.jpg

مه‌لا به‌ختیار: توركیا خه‌ونی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌ی
هه‌رله‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و توركیاو به‌رده‌وامی بۆردومان و له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، مه‌لا به‌ختیار وتی: توركیا خه‌ونی هه‌یه‌ ویلایه‌تی موسڵ بباته‌وه‌ سه‌ر توركیا یان ئه‌و په‌ڕی رێكه‌وتنی "لۆزان"ی ساڵی 1923 بسه‌پێنێته‌وه‌ به‌سه‌رماندا ئه‌م خه‌ونه‌ی توركیا تائێستا كۆتایی نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی رووبدات بۆئه‌وه‌ی رێكه‌ونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمییه‌كانی ئێستا كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ 20 ساڵی رابردودا به‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی هه‌بوون، نه‌ به‌ به‌هاری عه‌ره‌بی نه‌به‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ ده‌یوت میحوره‌كانی شه‌ڕ ده‌گۆڕم نه‌به‌وه‌ی كه‌ پڕۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌ بۆ دیموكراتیزه‌كردن هه‌بوو، هیچ له‌مانه‌ سه‌ری نه‌گرت ئێستا سه‌رله‌نوێ هه‌ستده‌كه‌م و پێشبینی ده‌كه‌م كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان له‌به‌ر دۆخی ئه‌منی جیهانی، له‌به‌ر كۆرۆنا، له‌به‌ر قه‌یرانی ئابوری جیهانی هه‌ستده‌كه‌م پێویستییان به‌ سه‌قامگیربوونه‌وه‌ و ئاشتبوونه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ رێكه‌وتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمییانه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ هه‌ر نزیك كه‌وتنه‌وه‌ی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی ئیقلیمیی رووبدات، توركیا له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمییه‌كانه‌ له‌ هه‌موویان مه‌ترسیدارتر ده‌بێت له‌سه‌ر كێشه‌ی دیموكراسی كوردستان و له‌سه‌ر مافی دیموكراسی كوردستان، هه‌روه‌ها پێداگیریی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باشوری كوردستان له‌ قاڵب بده‌ن و رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێبهێنن و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌ له‌رۆژئاوای كوردستان هه‌یه‌ به‌بێ ماف كۆتایی پێبهێنن، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌مه‌ له‌به‌رچاو بگرین، من ئێستا وای نابینم بۆ یه‌كێتی ئاسان بێت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داوای كردنه‌وه‌ی ئۆفیسی خۆی له‌ توركیا بكات، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌قی خۆشییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ئاسایی بكاته‌وه‌ و ئۆفیسی خۆی له‌و وڵاته‌ بكاته‌وه‌.

*له‌باره‌ی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری عیراقه‌وه‌ تائێستا جێبه‌جێنه‌كراوه‌و هه‌رچه‌نده‌ له‌ملاولا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت بارودۆخه‌كه‌ هیچ نه‌گۆڕاوه‌و بگره‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بارودۆخه‌كه‌ خراپتر بووه‌، به‌رای به‌ڕێزتان له‌م دۆخه‌ی ئێستادا چی بكرێت باشه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییه‌؟

ستراتیجێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عیراق له‌ فیدراڵییه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌ركه‌زییه‌ت بڕوات
دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری عیراق پێویست بوو به‌ماوه‌ی 4 ساڵ هه‌موو قۆناغه‌كانی مادده‌ی 140 به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ بكرانایه‌، ته‌نانه‌ت راپرسیشی له‌سه‌ر بكرابایه‌، تائێستا ئه‌مانه‌ نه‌كراون، بۆیه‌ به‌رای من ئه‌مه‌ به‌رێكه‌وت نییه‌ كه‌ بڕگه‌كانی مادده‌ی 140 تائێستا جێبه‌جێنه‌كراون، به‌ڵكو به‌ نه‌هجه‌، ستراتیجی به‌ مه‌ركه‌زیكردنی عیراق هه‌یه‌، ستراتیجی جێبه‌جێنه‌كردنی مافه‌ دیموكراسییه‌كان هه‌یه‌ هه‌روه‌ها ستراتیجی به‌ فیدراڵی نه‌كردنی عیراق هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌و چوار چێوه‌ ستراتیجییه‌ی به‌ مه‌ركه‌زی كردنی عه‌قڵییه‌تی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و تائیفه‌گه‌ری عیراقه‌ كه‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێناكرێت و ئاینده‌شی به‌ مه‌ترسیدار ده‌بینم، بۆیه‌ پێم وایه‌ پێش مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ریش جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 هه‌ر مه‌رامبوو، دوای ئه‌م رووداوانه‌ش مه‌ترسییه‌كان زۆر زیاتربووه‌ له‌سه‌ر كورد، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، بۆیه‌ پێشبینیش ناكه‌م كه‌ جێبه‌جێبكرێت به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ی كه‌ عیراق حكومڕانی ئێمه‌ ده‌كات.

داخوازییه‌ ستراتیجیی و ده‌ستورییه‌كانی كوردستان له‌ ئێستادا په‌راوێزخراون
هه‌رله‌باره‌ی وه‌فده‌ كوردستانییه‌كان بۆ به‌غداو گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم و كاركردن به‌ پێی ده‌ستور مه‌لا به‌ختیار وتی: به‌داخه‌وه‌ وه‌فده‌ كوردستانییه‌كان چ ئه‌وانه‌ی حزبه‌كان چ ئه‌وانه‌ی حكومه‌ت خه‌می گه‌وره‌یان و رۆشتنیان بۆ به‌غدا ته‌نها بۆ مووچه‌یه‌ بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ داخوازییه‌ ستراتیجیی و ده‌ستورییه‌كانی كوردستان له‌ ئێستادا په‌راوێزخراون، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافی ده‌ستوریی خۆمانه‌ كه‌ پێویسته‌ وه‌كو خۆی داوا بكرێت و له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا فه‌رامۆش نه‌كرێت، پێشموایه‌ كاتێكی زۆرماندا به‌ حكومه‌تی عیراق ورده‌ورده‌ ده‌وڵه‌ته‌ مه‌ركه‌زییه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه‌ و توانای فشاری كورد بۆ مافه‌ ده‌ستورییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌ بۆیه‌ تا ئێستا كاتێكی زۆرمان له‌ده‌ستچووه‌.

PUKmedia ئا: ماجد محه‌مه‌د مسته‌فا ، زانیار مه‌جید فه‌تاح

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket