riklam

د.سۆران جه‌مال تاهیر: ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ بۆ یه‌كێتی و گۆڕان

ی.ن.ک‌‌ 02:10 PM - 2021-06-20
.

.

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگه‌وه‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی راده‌گه‌یه‌نێت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ بۆ یه‌كێتی و گۆڕان.

د. سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ده‌نگی گه‌لی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ له‌نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی هه‌ردوولا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌نگاوێكی دیكه‌، كه‌ یه‌كڕیزی گه‌لی كورد ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی یه‌كێتییه‌.

وتیشی: پێشووتر دوو رێكه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا هه‌بووه‌و توانراوه‌ له‌ 95 رێكه‌وتنه‌كان كه‌ زیاتر ئیداریی بوون له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌كان جێبه‌جێ بكرێن، هه‌روه‌ها له‌به‌ر پێویستی ناوچه‌كه‌ و داواكاری لایه‌نه‌گرانی هه‌ردوولاو له‌پێناو ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بڕیارمانداوه‌ كه‌ هه‌نگاوی نوێ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بنێین.

باسی له‌وه‌شكرد: له‌ئێستادا یه‌كڕیزی گه‌لی كوردو لایه‌نه‌كان زۆر پێویسته‌ كه‌ بۆ پاراستنی ده‌ستوورو مافه‌كانی گه‌لی كورد سوودی بۆ میللـه‌ته‌كه‌مان ده‌بێت و یه‌كێتیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دروستبوونی حزبی نوێ و یه‌كگرتووی حزبه‌ كوردستانییه‌كان بووه‌و ئامانجی ئێستاشی سه‌ركردایه‌تی نوێش هه‌ر هه‌مان ئامانجه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دا متمانه‌ له‌نێوان ئێمه‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بگه‌ڕێنێته‌وه‌و هه‌نگاوی رێككه‌وتنی جدی تر بنێین و ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كار جدیتر له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ده‌باشان بكه‌ین .

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش د. سۆران جه‌مال تاهیر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ساڵی پاره‌وه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی كردوه‌و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كڕیزی چڕكردوه‌ته‌وه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ماوه‌ی رابردوودا 200 كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردوه‌ ئه‌وه‌ش له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ له‌ناوخۆیه‌كان.

وتیشی: هه‌ر له‌چوارچێوه‌یه‌ی یه‌كڕیزی گه‌لی كورد دا داوامان له‌پارتی دیموكراتی كوردستان كردوه‌ هیچ نا با له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان یه‌كده‌نگ بین، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ وه‌ك پێویست پێشوازی له‌و داوایه‌مان نه‌كراو، كه‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هۆكاریان هه‌یه‌.

ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌: پارتی به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی له‌كه‌ركوك باره‌گاكانیان نه‌ماوه‌و به‌شداری رێككه‌وتنه‌كه‌ی نه‌كرد، كه‌ بێگومان هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ئێستادا به‌ده‌نگ ده‌پارێزرێت، نه‌ك به‌چه‌ك و بوونی باره‌گاو بنكه‌ له‌و شوێنانه‌.

له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌-ش د. سۆران جه‌مال تاهیر وتی: بۆچوونی یه‌كێتی زۆر به‌ئاشكرا بۆ هه‌موو لایه‌ك روونكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ له‌شكركێشی هیچ وڵاتێك نین بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌مان كاتیشدا داوامان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و به‌تایبه‌تیش په‌كه‌كه‌ كردوه‌ كه‌ نه‌بنه‌ هۆكارێك بۆ تێكدانی ئارامی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی شه‌ڕی براكوژی حه‌رام كردوه‌و ته‌واو له‌دژی هه‌ر گرژیه‌كین له‌نێوان حزب و پارته‌ سیاسییه‌كانداو هه‌ر لایه‌نه‌كان داوای هاوكاری شه‌ڕی ناوخۆ له‌یه‌كێتی بكات بێ دوودڵی وه‌لای ده‌نێین.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی وتیشی: وه‌ك یه‌كێتی له‌رێگه‌ی تیمه‌كانمان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشنیارمان بۆ حكومه‌ت كردوه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌غدا مانگانه‌ بڕی 200 ملیار دینار ده‌نێریت و بڕیاره‌ پاره‌ی 6 مانگی رابردوو بنێرێت كه‌ ده‌گاته‌ یه‌ك تریلیۆن و 200 ملیار، لێبڕینی مووچه‌ نه‌مێنێن و ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ش كه‌ هه‌یه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بدرێته‌وه‌ به‌مووچه‌خۆران.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket