riklam

چۆن كه‌سایه‌تی منداڵه‌كه‌ت دروست ده‌كه‌یت ؟

ریپۆرتاژ‌ 09:58 AM - 2021-03-11
.

.

له‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵدا، پێویسته‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاو و كه‌شێكی ئارام فه‌راهه‌م بكرێت، چونكه‌ له‌ ناو خێزانی فه‌رامۆشكراودا منداڵ ده‌بێته‌ خاوه‌ن دوو كه‌سایه‌تی، كه‌سایه‌تییه‌ك  داوای لێده‌كرێت ببێته‌ كه‌سێكی نمونه‌یی و ڕه‌فتار باش، كه‌سایه‌تییه‌كی تر، ئه‌وه‌یه‌  كه‌  ڕه‌فتاری نه‌شیاو و خراپ له‌ بیركردنه‌وه‌ی منداڵدا ده‌چێنن. له‌ بیرمان بێت منداڵ وه‌ك ده‌فرێكی خاڵییه‌، هه‌ڵسوكه‌وت و كردارو وشه‌و گفتوگۆی خێزانی، ده‌ره‌نجامی ئه‌و ده‌فره‌ له‌داهاتوودا به‌دیار ده‌خات و له‌كه‌سایه‌تیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ PUKmedia ، پسپۆڕێكی په‌روه‌رده‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌.
 زارا ئه‌حمه‌د جاف سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی و پسپۆڕی باخچه‌ی منداڵان له‌ ڕانیه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی  PUKmedia دا وتی...

ده‌قی پرسیارو وه‌ڵامه‌كان...

پ/ په‌روه‌رده‌كردنی تاك له‌كوێوه‌ ده‌ستپێده‌كات ؟
و/ یه‌كه‌مین قۆناغی پلانی په‌روه‌ده‌یی دروست پێش هاوسه‌رگیری ده‌ستپێده‌كات، ده‌بێت به‌رله‌وه‌ی كچ وكوڕ شوو  بكه‌ن یان ژن بهێنن زۆر گرنگی بده‌ن به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كه‌سه‌ی
كه‌هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن . هه‌ردوكیان خێزان پێك ده‌ھێنن خێزانیش یه‌كه‌م ویستگه‌ی په‌روه‌رده‌ كردنی تاك ده‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای رێزو خۆشه‌ویستیی وكه‌سایه‌تیی باش بنیات ده‌ نرێت، دوای ئه‌وه‌ له‌كه‌شێكی ده‌رون ئارامدا به‌رپرسیاریه‌تی ھێنانه‌ ژیانی منداڵ واتاتاكێك له‌ئه‌ستۆده‌گرن .
په‌روه‌رده‌ كردنی تاك به‌پێی ته‌مه‌ن و قۆناغی گه‌شه‌و ھه‌نگاونانی به‌ره‌و نێوكۆمه‌ڵگا پێناسه‌ی جیاوازی هه‌یه‌،ئه‌م جیاوازیانه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ كاریگه‌ریی و نرخی په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگاداپێویسته‌ دایك وباوك ئه‌وه‌بزانن ھه‌موو منداڵێ له‌ ڕوی بیر كردنه‌وه‌و ئاستی زیره‌كی و ڕه‌گه‌زایه‌تیدا یه‌كسانن ، به‌ڵام ھۆكاری سه‌ره‌كی كه‌ كاریگه‌ری ھه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتن و خێرایی وگه‌شه‌ی و ھۆشیاریی منداڵ ئه‌ویش دایكه‌ ، له‌ ھه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ گرنگی زیاتربه‌منداڵ ده‌دات كۆمه‌ڵێ مفره‌داتی فێر ده‌كات و كاتی بۆته‌رخان ده‌كات، یان باوكی گرنگی پێده‌دات بێگومان ئه‌ومنداڵه‌ تێگه‌یشتن و ئاستی ته‌ركیزو ھۆشیاری زۆر زیاتره‌ له‌ومنداڵه‌ی كه‌ دایك وباوكی ته‌نیا شیری پێده‌دات ویان خاوێنی ده‌كاته‌وه‌.
منداڵ له‌كاتی له‌دایك بوونیه‌وه‌ پێویستی به‌ ئاڕاسته‌كردنێكی ته‌ندروست ھه‌یه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ئاڕاسته‌یه‌كی باشدا په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست كراون بێگومان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌باوه‌شی خێزانێكی وادا گه‌وره‌ بوون له‌لایه‌ن دایك و باوكیانه‌وه‌ گرنگییان  پێدراوه‌و له‌ باوه‌شی خۆشه‌ویستیی ودڵسۆزییدا گۆش كراون ، ئه‌ومنداڵانه‌ له‌داھاتوداده‌بن به‌تاكێكی سه‌ركه‌وتو به‌ سه‌ركرده‌و نوسه‌ری به‌ئه‌زموون و به‌ڕێوه‌به‌رو مافزان ویاساپارێزو خاوه‌ن پیشه‌یه‌كی  به‌سه‌لیقه‌ كه‌نیشتیمانیان له‌سه‌رده‌ست بنیات ده‌نرێ ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ژێرگوشاری توندو تیژیداو دور له‌ ئارامیی  و بێ لێپێچینه‌وه‌ و چاودێریی خێزان وكۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌ ده‌بن ، ئه‌وانه‌ تاكێك ده‌بن به‌ئاڕاسته‌ی ھه‌ڵچون و لاسارییدا  به‌لاڕێداده‌چن ، به‌داخه‌وه‌ له‌داھاتودا نابنه‌ تاكێكی سود به‌خش و داھێنه‌ر خه‌ون وھیوای گه‌وره‌یان نابێت ، ئه‌و دایك و باوكانه‌ی كه‌خوێنده‌وارییان نیه‌ پێویسته‌ زۆرتر بگه‌ڕێن پرسیار بكه‌ن  له‌كاتی پێویستیدا ، بۆھه‌ڵبژاردنی ڕێگاچاره‌ی دروست بۆپه‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان له‌پێناو پێگه‌یاندنیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌داھاتودا ئه‌وانیش خزمه‌ت به‌كۆمه‌ڵگا بكه‌ن.
منداڵ چه‌ند ساڵێكی پێویسته‌ تا ھه‌سته‌وه‌رو حه‌زو خولیاكانی به‌ھێز ده‌بێت خاوه‌ن به‌ھره‌یه‌ به‌توانایه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر خێزان و ژینگه‌ی ده‌ورو به‌ری گرنگی و په‌ره‌ی پێبده‌ن و وابكه‌ن ئه‌وتوانا شاراوانه‌ی منداڵ به‌ده‌ربخه‌ن ، له‌داھاتودا خزمه‌ت به‌كۆمه‌ڵگا بكات
ئه‌ویش به‌ ئاڕاسته‌كردنی خێزان و ھاوڕێ و قوتابخانه‌و كۆمه‌ڵگاو ھه‌تا ڕاگه‌یاندنه‌كانیش ، ورده‌ ورده‌ ھه‌سته‌كانی و لایه‌نی جه‌سته‌یی و ھزریی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ھێز ده‌بێت و به‌تواناترو ژیرمه‌ندتر ده‌بێت، ده‌بێته‌ تاكێكی سه‌ربه‌خۆ.
بامنداڵ دوربێت له‌ فشاری ده‌رونی  سنوره‌كانی لێ به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه‌  تاله‌ نێو خۆشه‌ویستییدا گه‌وره‌ببێت پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیدا له‌ خۆشه‌ویستی و باوه‌شی دایكو باوكی دورنه‌كه‌وێته‌وه‌ ،ھاوكاری بكرێت تا به‌سروشتی خۆی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی تێبپه‌ڕێنێت ، خۆشه‌ویستی و سۆز ویٔاكارو به‌ھاجوانه‌كان وه‌ربگرێت و تێیدا بچێنین ،تا دواتر ببێته‌ تاكێكی مرۆڤ دۆست و ژینگه‌ پارێز پشت به‌ستوبه‌خۆو متمانه‌ پارێز له‌نێو كۆمه‌ڵگادا. كه‌وایه‌ ھه‌موولایه‌ك ده‌وری كاریگه‌ری خۆیان ده‌گێڕن له‌دروست كردنی و پێگه‌یاندنی تاكێكی سه‌ركه‌وتوو بۆكۆمه‌ڵگا .

04.jpg



پ/ بۆ به‌ره‌و پێشبردنی منداڵ پێویسته‌ چی بكرێت ؟ ئایا منداڵ ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه‌ خۆی به‌ره‌و پێش ببات یان پێویستی به‌ كه‌سانی ده‌وروبه‌ره‌؟

و/ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵ زۆر گرنگه‌ ھه‌ربۆیه‌ له‌ڕێی خێزان و قوتابخانه‌و كۆمه‌ڵگاو ھاوڕێ و گۆڤارو نامیلكه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان پێویستی به‌په‌روه‌رده‌ و ڕێنمایی كردنی به‌رده‌وام ھه‌یه‌ مه‌به‌ستیش له‌په‌روه‌رده‌ به‌گشتی واتا ئیحساس كردنه‌ به‌خۆشی ژیان
به‌به‌خته‌وه‌ریی دور له‌ ھه‌ڵچون و پێداكێشانو توندو تیژی له‌ھه‌ره‌ گرنگتریان تێگه‌یشتنه‌له‌ دونیای منداڵ ، بێگومان  منداڵ له‌وسه‌ره‌تایه‌ی ته‌مه‌نیدا ده‌توانی دروستی بكه‌ی یان تێكی بشكێنی پێویستی به‌ئامۆژگاری نیه‌ به‌ڵكوله‌ ڕێی یارییه‌كان و ھونه‌رو دیالۆگ و نمایش و وێنه‌و گه‌شت و گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ پێویستی به‌ڕێنمایی و ڕێنیشانده‌ریی و ئاڕاسته‌كردن ھه‌یه‌ ،ده‌بێ به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌ ھه‌نگاو بھاوێ ده‌بێ گه‌وره‌ وریاو ده‌رون دروست بێت ،له‌به‌رچاوی منداڵ ھه‌ڵه‌ نه‌كات پێویسته‌ ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ین له‌ منداڵ كه‌ ڕه‌فتاری شیاو بنوێنن پێویسته‌ خۆشمان له‌ڕه‌فتاره‌كانماندا ئاوابین . له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵ له‌ ته‌مه‌نی ٥ ساڵیدا لاسایی كه‌ره‌وه‌یه‌كی به‌تواناو لێھاتووه‌ ھه‌روه‌ھا له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی پێكھاته‌كانی كه‌سایه‌تی له‌منداڵدا له‌ساڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ته‌مه‌نیه‌وه‌ دروست ده‌بێت و وه‌ھه‌موو ئه‌وكۆسپ و گرفتانه‌ی كه‌ دێنه‌ سه‌ر ڕێی ھه‌رله‌وته‌مه‌نه‌وه‌ ڕێی لێ ده‌گرن ، بۆیه‌ ئه‌وكه‌سه‌ی گرنگی پێ ده‌دات وخۆشی ده‌وێ كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی به‌جێ ده‌ھێڵێت ، ھه‌رچه‌نده‌ چاكترو باشتر گرنگیی به‌ویست و ئاره‌زووه‌كانیان بده‌ین به‌سه‌ركه‌وتوویی ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدابكه‌ین ئه‌وانیش زیاتر به‌كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بن و كه‌سایه‌تیان پته‌وتر ده‌بێت و متمانه‌یان به‌خۆیان به‌ھێزتر ده‌بێ ، لاوازو گۆشه‌گیر نابن و  به‌ھه‌موو شتێك ڕازی نابن ،ناھێڵن ده‌ست بخرێته‌ كارو باریانه‌وه‌، پێویسته‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی خۆشه‌ویستی و سۆز ویٔاكارو به‌ھاجوانه‌كان وه‌ربگرێت تا دواتر لێیانه‌وه‌ پێبگات ، ببێته‌ نمونه‌ی باش له‌ژیانیدا له‌داھاتودا خاوه‌ن كه‌سایه‌تی دروست و به‌ھێز ده‌بن و بناغه‌و پێگه‌ی ھزریی وفكریی خۆیان به‌ده‌ست ده‌ھێنن .
منداڵ زاتێكی پاك و بێگه‌رده‌ وه‌ك گه‌وره‌نیه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌گینا ناتوانێت شته‌كانی ناخیان بشارنه‌وه‌،ده‌بێ منداڵ له‌ گه‌ڵ ھاوته‌مه‌نی خۆیدا ھاوڕێیه‌تی بكات پێویستی به‌وه‌ھه‌یه‌ لایه‌نی سۆزداریی به‌ھێز بكرێت كه‌چه‌قێكی كاریگه‌ره‌ بۆبه‌ھێز كردنی زۆر به‌ی لایه‌نه‌كانیتر ، به‌تایبه‌تی لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ھزریی جه‌سته‌یی ده‌بێ گرنگی به‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ  بدرێت زیاتر له‌ خواردن و به‌خێوكردنی ، له‌وته‌مه‌نه‌ زێڕینه‌یاندا ھه‌مووئه‌ركی له‌ئه‌ستۆ بگیرێت و به‌ھه‌ر ھۆكارێك بێت نه‌ھێڵین له‌ده‌ستمان ده‌ربچن كه‌وایه‌ بامنداڵ به‌م خاڵه‌ چڕ كراوانه‌ په‌روه‌رده‌بكه‌ین ده‌بێ وابكه‌ین منداڵ  ھه‌ست به‌بونی خۆی بكات ، به‌شداری بڕیاڕ دان بكات ھه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ھه‌یه‌ ، ناكرێ ژێر ده‌سته‌ بێت كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی بۆدروست نه‌بێت تاگه‌وره‌ ده‌بێ !
ئه‌گه‌ر منداڵ گوێی لێ نه‌گیرێ و به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌كرد ئه‌ویش عینادی ده‌كات و گوێ به‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نادات ده‌بێ منداڵ ھانبدرێن و فێری ئه‌وه‌ببن كه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ شكست نه‌ترسن ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌زانن كه‌به‌رده‌وام بن له‌ ھه‌وڵدان ئه‌وه‌ وانازانن كه‌ سه‌ركه‌وتنیش ھه‌یه‌ و ھه‌نگاو ناھاوێن پێویسته‌ ئێمه‌ش ھه‌رده‌م ئه‌وه‌ بزانین تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووین له‌ په‌روه‌رده‌كردنیی منداڵه‌كانمان ، منداڵ پێویستی به‌وه‌یه‌  ھانبدرێت وده‌ست خۆشی لێبكرێت له‌كاتی ئه‌نجام دانی كۆششێكی ھه‌تائه‌گه‌ر بچوكیش بێت پێكه‌نین و خۆشه‌ویستیی تێدابچێنی ڕایبھێنه‌ تا بزانێ یه‌كسانیی و ته‌بایی ودڵسۆزیی چییه‌ و چۆن بتوانێ ھه‌رده‌م ڕاستگۆیانه‌ بدوێ پێویسته‌ فێری ئارام گرتن ببێ له‌ڕێی نمونه‌ی به‌رجه‌سته‌یی ئارامگرتنه‌كانی نێوخێزان، له‌ڕێی به‌سه‌رھات و چیرۆكه‌ خۆشه‌كان
گوێی لێبگیرێت و گرنگی و به‌ھا بۆسه‌رنج وھه‌سته‌كانی دابنرێت وله‌ڕێی ئه‌وه‌وه‌ فێری به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكرێت ، نه‌ترسێ شه‌رم نه‌كات ته‌ریق نه‌بێته‌وه‌ ھه‌ركات ئه‌وه‌ڕویدا له‌ دوای ھۆكاره‌كه‌ی بگه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی .
زانایان له‌سه‌رئه‌وه‌ كۆكن كه‌منداڵ وزه‌یه‌كی ده‌رونی شاراوه‌ی ھه‌یه‌ كه‌تایبه‌ته‌ به‌سروشتی ئه‌ومنداڵه‌ ھه‌موو منداڵێك ئاماده‌باشی ھه‌یه‌ له‌ تێگه‌یشتن و له‌ فێربوون و له‌زانین و له‌ ھه‌موو ئه‌وشتانه‌ی كه‌ پێی ده‌گوترێت كاراماییه‌كانی منداڵ ، به‌ڵام زمان و  توانای و توانای گه‌یاندنی نیه‌ ، كه‌وایه‌
منداڵ  خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و تواناو سه‌لیقه‌و گه‌شه‌ی خۆیه‌تی ، پڕ وزه‌یه‌ له‌ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێ تابه‌ھاوكاریی دایك ھاوڕێ مامۆستا ھاوكاریی بكرێت و متمانه‌ی پێ ببه‌خشرێ  ده‌رفه‌تی بۆبڕه‌خسێت و گوێی بۆبگیرێت تا تواناشاراوه‌كانی وه‌گه‌ڕ بخات لێھاتوانه‌ پشت به‌خۆی ببه‌ستێ تا گه‌شه‌ بكات و كه‌سایه‌تیی به‌ھێز بێت گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و ھزری و كۆمه‌ڵایه‌تی وعه‌قڵی به‌پێی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی ته‌مه‌نی گه‌شه‌بكات ،پێویستی به‌ڕێنمایی و ئاڕاسته‌كردنی دروستی به‌رده‌وامی گه‌وره‌كان ھه‌یه‌ ،پێویستی به‌ خێزان و په‌روه‌ردكارو كه‌سانی دڵسۆزی ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵگا ھه‌یه‌،  تابه‌ ئاڕاسته‌یه‌كی په‌روه‌ردانه‌و دروست به‌ متمانه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ به‌كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆیی به‌ھێزه‌وه‌ به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت .

05.jpg




پ/ ھه‌ڵه‌ی بنچینه‌یی له‌په‌روه‌رده‌ی منداڵدا چییه‌ ؟

و/ په‌روه‌رده‌ كردنی دروست ئه‌ركێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ دڵسۆزیی و و پشودرێژیی و خۆڕاگریی ده‌وێت ، بۆیه‌ كاتێك په‌روه‌رده‌ كردن ئاڕاسته‌ی دروستی خۆی وه‌رنه‌گرت ئه‌وه‌ له‌ھه‌موو سه‌كته‌ره‌كاندا په‌روه‌رده‌  شكست ده‌ھێنێت،  گه‌وره‌ترین شكست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نرخ و به‌ھای په‌روه‌رده‌كردنی قۆناغی منداڵیی به‌ھه‌ند نه‌زانرێ  ، به‌ بێ ده‌نگ به‌ ! قسه‌ مه‌كه‌ ! داوامه‌كه‌ ! كاری تۆنییه‌ ! له‌خۆمانی دور ده‌خه‌ینه‌وه‌ كه‌ده‌بوو  په‌روه‌رده‌كردن له‌وقۆناغه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و نرخی بزانرێ كه‌قۆناغی باخچه‌ی منداڵانه‌،ھه‌موو په‌روه‌ردكارو زاناو توێژه‌رو ده‌رونناس و كۆمه‌ڵ ناسان له‌گشت بواره‌كانی سایكۆلۆجیا باس له‌گرنگی ئه‌وته‌مه‌ن و قۆناغه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌بێ منداڵ له‌ نێو ھونه‌رو وه‌رزش وگۆرانی و سه‌ماو جوڵه‌ وێنه‌كێشان و میكانۆداگه‌شه‌ بكات و ماسولكه‌كانی به‌ھێزبن ، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ھه‌مووان  به‌ تێڕوانینێكی لاوازو خه‌مساردو بێ بایه‌خ له‌وئاسته‌ ده‌ڕوانن ،له‌كاتێكدا له‌وته‌مه‌نه‌دا منداڵ پێویستی به‌ئاڕاسته‌كردن وگرنگی پێدانی زیاتر ھه‌یه‌ بۆگه‌شه‌كردنی .

له‌په‌روه‌رده‌دا گرنگی پێدانی زۆری بێ ئاگایانه‌ی دایك وباوك و مامۆستا به‌منداڵ ، خراپ ده‌شكێته‌وه‌و به‌ئاڕاسته‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نادروست په‌ل ده‌ھاوێ نازپێدانی زۆر , كاریگه‌ری خراپ ده‌خاته‌ سه‌رپه‌روه‌رده‌كردنی منداڵ ده‌بێته‌ ھۆی دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی،وه‌  متمانه‌ بوونی به‌خۆیی وبه‌كه‌سایه‌تی لاوازده‌كات ،وای لێده‌كات به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان بخاته‌ ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ر ، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ جدی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و ڕا ڕا نه‌بی له‌مامه‌ڵه‌ كردندا و پێویسته‌ په‌یامه‌كانت ڕون وئاشكرابن وابكه‌ی دڵی نه‌شكێ كاتێ داوایه‌كانیان بۆجێ به‌جێ نه‌كرا .

گوێ پێنه‌دان و تاوانبار كردنی منداڵ به‌به‌رده‌وامی وای لێده‌كات شت بشارێته‌وه‌ وترسی له‌ وتنی ڕاستیه‌كان ھه‌بێت پێویسته‌ به‌سه‌رنج  ودیقه‌ته‌وه‌ گوێ له‌ داواو ئاخاوتنه‌كانی بگیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بونی ترس و دڵه‌ڕاوكێ ، كاریگه‌ری نه‌رێنی ونادروست ده‌خاته‌ سه‌رده‌رونی منداڵ و په‌ستی ده‌كات .
 
شكاندن و و ته‌ریق كردنه‌وه‌ ی منداڵ له‌به‌رچاوی ھاوڕێكانی كاریگه‌ری خراپ ده‌خاته‌ سه‌رژیانی منداڵ و زۆر جار كاریگه‌ریی ئه‌و شكاندنه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر ده‌بێت و له‌بیری ناچێته‌وه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌رداھاتوی كاڵنابێته‌وه‌ . ده‌بێته‌ كه‌سێكی هه‌ڵه‌شه‌ و توڕه‌.

ئه‌نجام دانی توندو تیژیی به‌رامبه‌ربه‌ منداڵ منداڵێكی سه‌ره‌ڕۆو توندوتیژ به‌رھه‌م ده‌ھێنێت له‌گه‌ڵ خۆیی وبه‌رامبه‌ریدا ده‌رون ئارام نابێت ، له‌داھاتوودا زیانێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ركه‌سایه‌تی خۆی وكۆمه‌ڵگادا جێده‌ھێڵێت.  

گوێ نه‌دان به‌ به‌ھاكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك ڕێزگرتن سڵاوكردن و ھاوكاریی وڕاستگۆیی ،  له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵدا ، دوره‌ په‌رێزی ده‌گرێ له‌ خوڕه‌وشته‌ جوانه‌كان ودوری ده‌خاته‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگاو  یارییه‌كانی به‌ته‌نیا ئه‌نجام ده‌دات ، زمان پاراو نابێ و ھه‌ست به‌به‌رپرسیاریه‌تی ناكات
گوێنه‌گرتن و ته‌رخان نه‌كردنی كاتی پێویست بۆمنداڵ بۆیاری كردن و گفتوگۆو پرسیار كردن ، منداڵ گۆشه‌گیر ده‌كات ، ناخی خۆی واڵاناكات له‌بری ھه‌ست كردن به‌ خۆشی زۆرجار ھه‌ستكردن به‌بێزاری به‌سه‌ریدازاڵ ده‌بێت و داھێنه‌رو چالاك نابێ دانه‌نانی سنور  بۆ داواكارییه‌كانی واده‌كات منداڵ ھه‌ڵه‌ی ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆی نه‌زانێت و ژیانی ئاماده‌باشییه‌كی دروستی نابێ له‌ نێوكۆمه‌ڵگا دا بۆئه‌وه‌ ش خێزان ده‌كه‌وێته‌ به‌رلۆمه‌كردن .

به‌راورد كردنی منداڵ به‌منداڵیتر یان سه‌ركۆنه‌كردنیان، ھه‌ست به‌شكان و ناخۆشی ده‌كات، ده‌بێ وامان خۆش بوێن كه‌ھه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵی ئێمه‌ن نه‌ك سكاڵایان لێ بكه‌ین ، منداڵ ده‌بێ ھه‌ست به‌خۆشه‌ویستی بكات له‌باوه‌ش بكرێت و ماچ بكرێت كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ده‌رگای گفتوگۆكردن داده‌خه‌ین به‌ڕویاندا پێویسته‌ له‌كاتی منداڵی و  پێویستیدا له‌گه‌ڵیان بن گرنگیان پێ بدرێ زۆربه‌مان ئه‌وھه‌ڵانه‌مان ھه‌یه‌ و زۆر جار بێئاگایانه‌ به‌سه‌رماندا گوزه‌رده‌كات له‌وكاته‌دا ھیچمان پێ ناكرێ و له‌ده‌ستتمان ده‌رده‌چن، كه‌وایه‌ ده‌بێ ھه‌موو ئه‌وه‌ بزانین كه‌ خۆشه‌ویستی زۆر گرنگه‌ بۆ منداڵ و ڕێچكه‌ی ھه‌موو سه‌ركه‌تنه‌كانه‌
سزادانێكی نادروست و ماوه‌درێژ سود به‌ منداڵ ناگه‌یه‌نێت كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ست ده‌دات و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات منداڵ پێویستی به‌وه‌ھه‌یه‌ گوێی بۆبگری و سه‌یری ده‌موچاوی بكه‌ی ئه‌وه‌ په‌یامێكی زۆر گرنگه‌ دان به‌بوونیدا بنرێ كاتێ یه‌كێ سه‌یرت نه‌كات واھه‌ست ده‌كه‌ی سوكایه‌تیت پێ ده‌كات ئه‌ومنداڵانه‌ی كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ گوێیان لێناگیرێ منداڵێكی ته‌مبه‌ڵ ده‌رده‌چن وشه‌ی تازه‌ فێر نابن  باوابێت ھه‌ستی به‌ نرخ بونی تێدا دروست ببێت سه‌یری بكه‌و ئافه‌رین بۆبكه‌و ھانی بده‌ تا له‌ ھه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ گه‌شه‌یه‌كی ته‌ندروستیی ھه‌بێ .

گرنگی دان به‌منداڵی تازه‌ له‌دایك بوو زیاتر له‌ منداڵی گه‌وره‌تر واده‌كات ئیره‌ی پێ به‌رێت و زۆرجار ئازار دانی بۆیه‌ له‌وكاته‌دا پێویسته‌ زیاتر ئارامی و نه‌وایی وھاندان به‌ منداڵی گه‌وره‌تر ببه‌خشرێت له‌سۆزی جارانی دورنه‌خرێته‌وه‌ تاتوندو تیژ نه‌بێ سه‌ركۆنه‌كردنی یه‌كتری دایك وباوك له‌ لای منداڵه‌كانیان و شه‌ڕو ده‌مه‌قاڵێ ده‌بێته‌ ھۆی له‌ناوبردنی زیره‌كی سۆزداری له‌ منداڵدا نه‌بونی زیره‌كی سۆزداری واله‌منداڵ ده‌كات توشی گرێی ده‌رونی بێت خۆشه‌ویستی دایك وباوك بۆی گرنگترین چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌یه‌ لای منداڵ دوو په‌روه‌رده‌یی كاریگه‌ری خراپی ھه‌یه‌ ده‌بێته‌ ھۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری په‌روه‌رده‌كردنی دایك وباوك له‌سه‌رمنداڵ كه‌م ببێته‌وه‌ و كۆنتڕۆڵ كردنیان له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت ، دواتر ھۆكارێك ده‌بێت بۆ له‌ده‌ست دانی ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و په‌روه‌رده‌كردنی دروست .
جیاوازی كردن له‌ نێوان منداڵاندا به‌ھۆی دارایی بێت یان جوانی یان زیره‌ییه‌وه‌ ھه‌رھۆكارێكتر واده‌كات كاریگه‌ری نادروست جێبھێڵێت دایك و باوك ھه‌ربه‌قسه‌ منداڵانیان فێر ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش ناگات ، پێویسته‌ به‌كردار فێر بوون بگه‌یه‌نن تاله‌ھزریاندا بچه‌سپێت .
خێزانی واھه‌یه‌ كه‌مته‌رخه‌من له‌ ڕوی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و چاوه‌ڕێی زیاتر له‌منداڵ ده‌كات و واتا له‌توانای خۆی منداڵ بارگاوی ده‌كرێت.

ژینگه‌ی توندوتیژ منداڵی توندوتیژ به‌رھه‌م ده‌ھێنێ دایك وباوك ئاگادار بن كه‌ڵه‌كه‌ بوونی زانیاری یان فێربوون له‌ مێشكی منداڵدا زیانی ھه‌یه‌ وه‌ك له‌ سود پێویسته‌ ئه‌وانه‌ به‌پێی قۆناغ و گه‌شه‌و ته‌مه‌نی منداڵ بێت گرنگی به‌ چۆنایه‌تی بدرێت نه‌ك چه‌ندی پێده‌ڵێی گرنگ و به‌ھه‌ند زانینی ئه‌وكارانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و ببێته‌ جێی ده‌ست خۆشی و ھاندان فێر بكرێت له‌شكست نه‌ترسێت و به‌رده‌وام ھه‌وڵ بدات بۆسه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌ش ھاندانی ده‌وێ له‌ڕێگای تازه‌وه‌ ھه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وام بكات تاده‌گاته‌ ئامانج خۆدزینه‌وه‌ له‌ منداڵ و وتنی ناڕاستی به‌رامبه‌ری خۆئه‌گه‌ر بزانێ ئه‌وه‌ ئه‌ویش ئاوا ده‌كاته‌وه‌ نه‌بردنه‌ سه‌ری به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانت بردنی بۆ شوێنێك یان كڕینی دییارییه‌ك بۆی له‌كۆڵ خۆكردنه‌وه‌ی منداڵ بێ لێپێچینه‌و چاودێری كردن ئه‌وه‌ش ھه‌ڵه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییه‌، دایكو باوكی ڕۆشنبیر واده‌كه‌ن كارو ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ ئاسان بكه‌ن منداڵان بنچینه‌ی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگان قۆناغی ته‌مه‌نێكی ھه‌ستیاره‌و پێویسته‌ ھه‌موو ده‌زگاو دامه‌زراوو ڕاگه‌یانو ڕێكخراواوه‌كان ھاوشانی په‌روه‌رده‌ خزمه‌تیان بكه‌ن و له‌ئاستیاندا خه‌مسارد نه‌بن،له‌پێناو ئاراسته‌كردنیان به‌ره‌و په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست، كه‌ ئه‌ركی ھه‌مووانه‌ له‌پێناو خزمه‌ت كردن به‌ھه‌مووانه‌ .

02.jpg



پ/ جیاوازی به‌خێو كردن و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ چییه‌ ؟

و/ منداڵ له‌ نێو خێزانداچاوھه‌ڵده‌ھێنێت و دێته‌ دونیاوه‌ ،شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بۆدابین ده‌كرێت وبه‌خێو ده‌كرێت ، خۆراكو خواردن ده‌خوات و ده‌شۆرێت و زمانی ده‌پژێت ئاسایشی ده‌پارێزرێت، پێ ده‌گرێت و ده‌كه‌وێته‌ یاری و دیقه‌تو سه‌رنجدان .ھه‌رخێزانه‌و به‌پێی نه‌ریت و بۆچوون و پێوه‌ره‌ به‌ھاكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ بڕوای پێی ھه‌یه‌ منداڵه‌كه‌ی به‌خێو ده‌كات به‌شێوه‌ی نه‌ریت و ڕێساو ڕاده‌ی ڕۆشنبیری و تێگه‌یشتنیان ئه‌ومنداڵه‌ گۆش ده‌كه‌ن، خێزان یه‌كه‌م ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌ منداڵ له‌نێویدا ھه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌ره‌وژیان ده‌ست پێده‌كات و دێته‌ نێو كۆمه‌ڵگاوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزان بنیاتنه‌ری كه‌سیه‌تی منداڵه‌له‌ئاماده‌كردنی به‌شێوه‌یه‌كی دروست ڕۆڵیان ھه‌یه‌له‌ جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵ كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٩ له‌لایه‌ن ڕكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌رچوو باس له‌ھه‌ندێ مافی بنه‌ڕه‌تی ده‌كات كه‌زۆر گرنگن پێویسته‌ خێزان به‌ئه‌ركی خۆیان ھه‌ستن له‌دابین كردنی ناسنامه‌و دیاری كردنی ڕۆژوساڵی له‌دایك بوونی وه‌ك شوناسی منداڵ ، ھه‌روه‌ھا مافی خۆشه‌ویستیی ، ڕێزگرتنیی ، یه‌كسانیی ته‌ندروستیی ئاسایشیی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و زۆر شتیتره‌ .
پێویسته‌دایك وباوك ئه‌وه‌بزانن ھه‌موو منداڵێ له‌ ڕوی بیر كردنه‌وه‌و ئاستی زیره‌كی و ڕه‌گه‌زایه‌تیدا یه‌كسانن، به‌ڵام ھۆكاری سه‌ره‌كی كه‌ كاریگه‌ری ھه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتن و خێرایی وگه‌شه‌ی و ھۆشیاریی منداڵ ئه‌ویش دایكه‌ كه‌ له‌ ھه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ گرنگی زیاتربه‌منداڵ ده‌دات كۆمه‌ڵێ وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی  فێر ده‌كاتوكاتی بۆته‌رخان ده‌كات ، بێگومان ئه‌ومنداڵه‌ تێگه‌یشتن و ئاستی ته‌ركیزو ھۆشیاری زۆر زیاتره‌ له‌ومنداڵه‌ی كه‌ دایك وباوكی ته‌نیا شیری پێده‌دات یان پاكی ده‌كاته‌وه‌.
منداڵ ئاستی زیره‌كیو دڵنیابوونی له‌ سۆزی دایكیه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت ھه‌ندێ خێزان زه‌مینه‌ ده‌سازێنن بۆمنداڵه‌كانیان بۆیه‌ كه‌ ده‌چنه‌ نێو كۆمه‌ڵگا سه‌ركه‌وترن و خێراتر ده‌سازێن له‌چوارچوه‌ی خێزاندا ده‌بنه‌ پێشه‌نگ له‌داھاتویانداو چاویان لێ ده‌كرێ ،منداڵ سه‌ره‌تا له‌ڕێگای خێزان و دواتر له‌ڕێگای ھاوڕێ و قوتابخانه‌وه‌ بیر فراوان ده‌بێت و ئاستی ڕۆشنبیری دایكو باوك چه‌ند به‌رز بێت ئه‌وه‌نده‌ چستو چالاكتر ده‌بێت و به‌ئاڕاسته‌كردنی به‌كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئاست نزمی خێزانو كۆمه‌ڵگا،كاریگه‌ری نادروست ده‌خاته‌ سه‌ر منداڵ مه‌به‌ست له‌په‌روه‌رده‌كردن  فێركردنێكی زانستیانه‌یه‌،  گۆڕینی ھه‌ڵسوكه‌وت و خوی خراپه‌ بۆباشه‌و،  بنیات نانێكی دروستی تاكه‌ بۆكۆمه‌ڵگاده‌بێ به‌پێی مافی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت .

منداڵ ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ له‌ ماڵ شت فێر ده‌بێ به‌ڵام فێر بونێكی ناداڕێژراو ھیچ خێزانێ ناتوانێ خۆی به‌ته‌نیا منداڵ پێبگه‌یه‌نێ ئینجا ئێمه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ وه‌ سه‌ر ڕاده‌ی ئاستی ڕۆشنبیری ، واتا كاره‌كه‌ ته‌واونابێ تا په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ھێز له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌دا دروست نه‌كرێ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ھێزه‌ وه‌كاری ئه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌رپه‌روه‌رده‌ خێزان و قوتابخانه‌یه‌،  قوتابخانه‌ش به‌رپرسه‌ له‌ھێنانی خێزان بۆنا و قوتابخانه‌ سازاندنی زه‌مینه‌یی واده‌كات بۆچونه‌ نێو كۆمه‌ڵگا زوو بگونجێن و ھه‌ڵسوكه‌تی لابه‌لا ناكه‌ن.
 له‌خێزانه‌وه‌ منداڵ گه‌شه‌ی دروست ده‌كات ده‌توانێ ھاوار بكات بپرسێت ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه‌ ته‌عبیر له‌ خۆی بكات و داوابكات مادام خێزان یه‌كه‌م  یه‌كه‌ی كاریگه‌ره‌ ده‌بێ سازو ئاماده‌باش كرابێ بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ كردن كارێكی ساده‌ و سه‌رپێیانه‌ نییه‌ ، كارێك نییه‌ بتوانرێت فه‌رامۆش بكرێت، به‌ڵكوو ئـه‌ركێكی پیرۆز و قورس و هه‌ستیاره‌ پێویستی به‌ شاره‌زایی و ڕۆشنبیری و كارامه‌یی و ئـارامی و پشوودرێژی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌كردنێك له‌ په‌روه‌رده‌دا ده‌ره‌نجام و كاره‌ساتی نه‌خوازراو به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت.

دایك و باوك لانی كه‌م ده‌بێت شاره‌زا و ئـاشنا بن به‌ میتۆده‌كانی په‌روه‌رده‌ و سایكۆلۆژیی منداڵ، تا بتوانن په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و ئـامانجدار ئه‌نجام بده‌ن.

پێویسته‌ منداڵ  ڕۆتینیاتی ڕۆژانه‌ فێر ببێت و بزانێت كاژێر چه‌ند ده‌خه‌وێ چه‌ند ھه‌ڵده‌ستێ ده‌ست وده‌م وچاو شوشتن وددان شوشتت فێر ببێت ،چونه‌ قوتابخانه‌و ھاتنه‌وه‌ی ناكرێ ھه‌رڕۆژه‌و له‌ كاتێكی جیاوازدا بێت پێویسته‌ به‌كات وساتی ئه‌ركه‌كان ئاشنا بكرێت
 پێویسته‌ به‌زانستییانه‌ فێر بكرێت به‌ مامه‌ڵه‌ كردن فێر بكرێ باله‌چاوی منداڵه‌كانمانه‌وه‌ سه‌یری جیھان بكه‌ین پاكو بێگه‌ردبین .  

 له‌ھه‌موو ھه‌ڵسوكه‌وتێكیدا فێری ئه‌ته‌كێتی جوان بكرێ په‌روه‌رده‌كردن ته‌وزیف كردن و ڕێكخستنی ده‌وێ له‌ ھه‌موو كردارێكیدا له‌ گه‌ڵ به‌خێو كردن ده‌بێ په‌روه‌رده‌ش بكرێت .

له‌ خێزانه‌وه‌ منداڵ گه‌شه‌ی دروست ده‌كات ده‌توانی ھاوار بكات بپرسێت ده‌نگ به‌رز بكاته‌وه‌ ته‌عبیر له‌ خۆی بكات و داوابكات مادام خێزان وایه‌یه‌كه‌م  یه‌كه‌ی كاریگه‌ره‌ ده‌بێ سازكرابێ ئاماده‌باش كرابێ بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ منداڵ بناسین وه‌ك خۆی پێناسه‌ی بكه‌ن چۆن ده‌توانین به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵی بین بیناسین منداڵ چییه‌ و چۆن پێناسه‌ی بكه‌ین واتا ناسینی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی منداڵ به‌ تێگه‌یشتنی خه‌سڵه‌ته‌كانی له‌ڕوی ھزری و و عه‌قڵییه‌وه‌ ئاشنامان ده‌كات به‌ چه‌مكه‌كان
ورده‌ ورده‌ فێری چه‌مكه‌كانی ده‌كرێ چه‌مكی كارامایی ڕاستگۆیی بوێریی بڕوابه‌خۆبون ھاوكاریی و به‌ھای كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر شتیتر تا مرۆڤێكی ڕاست گۆ بێ له‌ژیانیدا ئه‌و بنه‌مایانه‌ی فێری منداڵی ده‌كه‌ی كه‌كه‌سێكی به‌سۆز بێت ده‌بێ دایك وباوكانیش له‌خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن منداڵ زۆر ده‌جوڵێ پرسیاری زۆر ده‌كات كه‌خۆشت ده‌وێ و بته‌وێ فێری بكه‌ی واباشه‌ ھه‌موو شتێكی بۆڕونبكرێته‌وه‌ به‌ خۆشی و ناخۆشیه‌وه‌ ئاماده‌باشی بكه‌ی بۆژیان .

01.jpg



پ/ ژینگه‌و بۆماوه‌یی چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌رگه‌شه‌ی منداڵدا ھه‌یه‌ ؟

و/ ژینگه‌ ھه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ده‌وری منداڵیان داوه‌ ، ئه‌و ژینگه‌یه‌ش پێك ھاتووه‌له‌ خێزان وكۆمه‌ڵگاو قوتابخانه‌و ھاوڕێ و شوێنی جوگرافی وه‌ ڕابردوو ھه‌موو ئه‌و ڕوداوانه‌ی كه‌ تایبه‌تن و په‌یوه‌ندیان به‌ژیانی منداڵه‌وه‌ ھه‌یه‌ ، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌و خۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ڕۆڵێكی كاریگه‌رو به‌رچاو ده‌گێڕن له‌گه‌شه‌كردنی منداڵدا. نادروستی ئه‌وژینگه‌یه‌ له‌ھه‌رلایه‌كیاندابێت، منداڵی نائارام و پڕ له‌ كێشه‌ بۆكۆمه‌ڵگا به‌رھه‌م ده‌ھێنێت ده‌ست خستنه‌ نێوكاروباری منداڵ به‌شێوه‌یكی ناپه‌روه‌رده‌ییانه‌له‌و كاتانه‌ی كه‌ خێزان له‌ ڕوی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌كردنه‌وه‌ به‌ئه‌ركی خۆیان ھه‌ڵناستن ئه‌وه‌ ژینگه‌ی منداڵ نائارامتر ده‌كات و ده‌رونی ده‌شێوێنێ ، بۆیه‌ پێویسته‌ دایكو باوكان ھانده‌رو ھاوكاریی منداڵه‌كانیان بن و زه‌مینه‌ی گونجاوو له‌باریان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن ، تابتوانن حه‌زو به‌ھره‌و تواناو وزه‌ شاراوه‌كانیان وه‌گه‌ڕ بخه‌ن .
 دوای چونی منداڵ بۆ ژینگه‌ی نێو قوتابخانه‌،له‌لایه‌ن ھاوڕێ و ھاوپۆل و مامۆستاكان ڕوبه‌ڕوی جۆره‌ھا بیری جیاوازو یاساو گۆشه‌گیری وكاردانه‌وه‌ده‌بێت ، واله‌ منداڵ ده‌كات كۆمه‌ڵێك شتی نوێ و نه‌بینراو ئه‌زمون نه‌كراو ببینێت  ، ئه‌وه‌ش منداڵ توشی نامۆیی و سه‌ركه‌شی ده‌كات زۆر جاربێزاری و ھه‌ندێ جاریش دوره‌ په‌رێزی پێ ده‌به‌خشێ و تاوای لێده‌كات خۆی په‌راوێز بكات  .
لێره‌دا ئه‌ركی مامۆستاو په‌روه‌ردكاران ئه‌وه‌یه‌ كه‌درك  به‌ھه‌ستیاری ئه‌ودۆخه‌ بكه‌ن و به‌ ڕێگای زانستیو په‌روه‌رده‌ییانه‌  مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن ، ھه‌وڵ بده‌ن منداڵ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ڕابھێنن و بیگونجێنن .په‌یوه‌ندی زانستیانه‌و پته‌و له‌گه‌ڵیاندا دروست بكه‌ن و ھه‌وڵی ئاشنابون به‌ گرفته‌كانیان  بده‌نو چاره‌سه‌رییان بۆ بدۆزنه‌وه‌ ، سه‌ركه‌وتنی مامۆستا منداڵ دڵخۆش ده‌كات و ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ ده‌یسازێنێ، ده‌بێ بزانین كه‌ په‌روه‌رده‌ كردنی منداڵ به‌شێكی گرنگی كۆمه‌ڵگایه‌ و پڕ بایه‌خ لێیان بڕوانین و بزانین كه‌ داھاتووی ئێمه‌ن
ژینگه‌ی خێزانه‌كان جیاوازیان ھه‌یه‌ منداڵانیش ئاستی فێر بوون و ڕاده‌ی وه‌رگرتنی زانست و به‌ره‌و پێش چونیان ھه‌ر جیاوازه‌ ، ھه‌یه‌ زوو فێر ده‌بێ ھه‌یه‌ دره‌نگتر ، منداڵێ له‌گه‌ڵ یه‌كیتر جیاوازه‌ به‌پێی ئاڕاسته‌كردنی ژینگه‌ی دروست و كاردانه‌وه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ری ده‌گۆڕێ بۆ په‌روه‌رده‌ كردن و گه‌شه‌ی دروستی لایه‌نی جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زمان پاراوی .
 ژینگه‌كاریگه‌ری خۆی ھه‌یه‌ له‌سه‌ر تاكه‌كانی ئینجا چ له‌ گوند بێت یان شار  كاتێ منداڵ له‌ ژینگه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ژینگه‌یه‌كیتر له‌كاتی سه‌رنجدان له‌ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و منداڵه‌ له‌ چ ژینگه‌یه‌وه‌ ئاڕاسته‌كراوه‌، ده‌بینین كه‌ جیھان له‌گۆڕانكاری به‌رده‌وامدایه‌ ، به‌ھۆی ئه‌و زانست و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌ڕێی ئامێره‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانه‌وه‌ ھاتۆته‌ نێو خێزان و كۆمه‌ڵگاوه‌ ئه‌وه‌ وایكردووه‌ پێویستیمان به‌ شێوازی په‌روه‌رده‌كردنێكی سه‌رده‌مییانه‌ ھه‌بێت، ئه‌گه‌ر چی به‌ھۆی ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ له‌زۆر ڕوه‌وه‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌و شاره‌زایی و ئاستی ڕۆشبیری به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوه‌ به‌ڵام ئامێره‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان ژینگه‌ی منداڵی سه‌رقاڵتر كردوه‌، له‌بری سود بینین و گه‌ڕان به‌دوای زانستدا كاتی پێ به‌فیڕۆ ده‌دات و له‌ خوێندن دوری ده‌خاته‌وه‌ پێویسته‌له‌سه‌رخێزان و مامۆستاكان كاته‌كان بۆ منداڵ ڕێك بخه‌ن .
ژینگه‌ی باش ودروست ئه‌وژینگه‌یه‌یه‌ كه‌منداڵ تێیدا فێری ڕاستگۆیی و لێبورده‌یی و به‌خشین ده‌بێت وابكات قۆناغی ھه‌ستیاری و سۆزو خۆشه‌ویستی به‌ھێز بكات وكاریگه‌ری له‌سه‌ركه‌سایه‌تی منداڵدا جێبھێڵێت ،تا توانای داھێنان و به‌رھه‌مھێنانی ھه‌بێ .

ئه‌گه‌ر چی منداڵ له‌كاتی له‌دایك بوونیدا ھه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ خاێڵه‌ت و جیناتی بۆماوه‌ییه‌ كه‌له‌خێزان و باپیرانه‌وه‌  بۆی ده‌مێنێته‌وه‌ منداڵ ده‌بێته‌ ھه‌ڵگری زۆر به‌ی ئه‌و ئه‌توارو ھه‌ڵسوكه‌وتانه‌ ھه‌تا زۆر جار ڕه‌نگی پرچ و چاوو باڵاو زۆر شتیتر ده‌گرێته‌وه‌.
بۆماوه‌یی هێزی داب‌و نه‌ریتی تاكه‌كانی خستۆته‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو، داب‌و نه‌ریته‌كان و ژینگه‌ به‌شدارن له‌ پێگه‌یاندنی كه‌سیه‌تی منداڵ و به‌شێكن له‌ ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.واتا مرۆڤ به‌رهه‌می بۆماوه‌ و ژینگه‌كه‌یه‌ .
ھه‌تا له‌ته‌مه‌نه‌ زوینه‌كاتی كه‌سایه‌تی منداڵدا جۆرێك له‌ عینادو سه‌ركێشی ده‌بینین و كه‌ ھێشتا نه‌ھاتۆته‌ گۆ ، له‌ھه‌موو حاڵه‌ته‌ ده‌رونیه‌كاندا له‌ھه‌موو ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی مرۆڤدا كۆمه‌ڵێ ھۆكار ھه‌یه‌ له‌پشت ئه‌وڕه‌فتارانه‌وه‌ بێگومان ناكرێ بۆماوه‌یی پشتگوێ بخرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆماوه‌یی كاریگه‌ریی خۆی ھه‌یه‌ ده‌كرێ دایكو باوك ھه‌ڵگری عینادی و ھه‌ڵسوكه‌وتی توندو تیژییان ھه‌بێت،  به‌ڵام كه‌ ژینگه‌و بۆماوه‌ دوو فاكته‌ری لێك چوون وكاریگه‌ریان ھه‌بێ و ڕه‌نگه‌ گه‌ر بۆماوه‌یی تائاستێك كاریگه‌ری ھه‌بێ دواتر ژینگه‌ كاریگه‌ری چه‌نده‌ھا زیاتره‌ و منداڵ لاسایی ده‌كاته‌وه‌ كه‌وایه‌ ژینگه‌و بۆماوه‌یی دوو ھه‌ڵسوكه‌وتی نزیكن و جیاناكرێنه‌وه‌كاریگه‌ریان ھه‌یه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌ لاسایی كردنه‌وه‌ ھه‌ڵسوكه‌وته‌كانی به‌ره‌و په‌روه‌رده‌كردنێكی ته‌ندروست ئاڕاسته‌ده‌كات ، ناكرێ بێ ئاگایانه‌ بیانده‌ینه‌ ده‌ستی ڕێكه‌وت و نه‌ھامه‌تیه‌كان ،ئه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی جێده‌ھێڵێ ده‌بنه‌ بارو كه‌ سانی نادروست به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌، به‌ڵام خێزان و ژینگه‌و كۆمه‌ڵگاكاریگه‌ری خێراتری ھه‌یه‌ بۆسه‌رگه‌شه‌ی منداڵ .
كه‌واته‌ دروستكردنی كه‌سایه‌تی منداڵ  ئه‌ركی ھه‌موو ئه‌و ژینگه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌وری منداڵی داوه‌.


PUKmedia ئاماده‌كردنی / چنار عه‌زیز

 

 

03.jpg

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket