}

پسپۆڕێكی ئابووری له‌باره‌ی گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار ئامۆژگاری هاووڵاتیان ده‌كات

ئابوری 03:38 PM - 2020-12-19

.

پسپۆڕێكی ئابووری رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر هاووڵاتیه‌ك سه‌ركێشی به‌نرخی دۆلاره‌وه‌ بكات، ده‌بێت دوایی ئه‌نجامه‌كه‌ی قبوڵ بكات، چونكه‌ به‌رزبوونه‌وه‌و نزمبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار دیارنیه‌و نازانرێت له‌ چ نرخێكدا جێگری ده‌بێت، بۆیه‌ باشتره‌ پاره‌كانیان پێشتر چۆن هه‌یانبووه‌ به‌ دۆلار بووه‌ یان به‌ دیناری عیراقی هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ لای خۆیان بیهێڵنه‌وه‌.

 د.خالید حه‌یده‌ر ئابووری ناس و مامۆستای زانكۆی سلێمانی له‌باره‌ی نرخی دۆلاره‌وه‌ به‌   PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌راوورد به‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوو نرخی دۆلار به‌رزبوونه‌وه‌ی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و به‌پێی وته‌ی وه‌زیری دارایی عیراقیش نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عیراق نرخێكی جێگری و راسته‌قینه‌ی نیه‌و پێویسته‌ نرخی دۆلار جێگیر بكرێت.

وتیشی: بانكی ناوه‌ندی مه‌به‌ستێتی نرخی دۆلار به‌رزبكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئه‌و كورتهێنانه‌ی كه‌له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 دا هه‌یه‌، به‌مه‌ش خه‌ڵك به‌گشتی و مووچه‌خۆران به‌تایبه‌تی زیانیان به‌رده‌كه‌وێت و ئه‌و كاڵایه‌ی پێشتر به‌ یه‌ك هه‌زار و 250 دینار كڕیویانه‌ ئێستا ده‌بێت به‌ هه‌زارو 500 دینار بیكڕن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن ده‌یانه‌وێت دۆلاره‌كانیان بفرۆشن و پاشان به‌ هه‌رزانتر بیكڕنه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ئه‌وان دوو رێگه‌یان له‌به‌رده‌مه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ت رێككه‌وتن كه‌ نرخی 100 دۆلار له‌ 145 هه‌زار دیناردا جێگیر بكه‌ن، ئه‌وا رووبه‌ڕووی زیان ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیناریۆی دووه‌م به‌كاربهێنرێت، كه‌ به‌بۆچوونی من پێده‌چێت حكومه‌ت و په‌رله‌مان ئه‌م رێگه‌یه‌ هه‌ڵبژێرن، نه‌ 123 هه‌زار دیناره‌كه‌ی رابردوو، نه‌ 145 هه‌زار دینار بۆ نرخی 100 دۆلار، پێده‌چێت بانكی ناوه‌ندی نرخی 100 دۆلار به‌ 130 هه‌زار دینار جێگیر بكات كه‌ له‌بازاڕی ره‌شدا ده‌چێته‌ نزیكه‌ی 135 هه‌زار دینارو به‌وشێوه‌یه‌ جێگیر بكرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هاووڵاتیان به‌رێگایه‌كدا نه‌ڕۆن كه‌ دیارنیه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات.

د. خالید حه‌یده‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عیراق زیانی گه‌وره‌ به‌ئابووری وڵات و داهاتی تاك ده‌گه‌یه‌نێت و پێویسته‌ رێگه‌نه‌درێت نرخی دۆلار به‌شێوه‌یه‌ش به‌رزببێته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووری وڵات بكات و دیناری عیراق به‌رامبه‌ر دۆلار بێ نڕخ بكات.

PUKmedia دیار ستار

د. خالید حه‌یده‌ر 

 

3333.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket