riklam

هۆشداری دەدرێت لەدواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ ی عێراق

ئاگاداری 10:03 AM - 2020-12-11
.

.

یاسای تەمویلكردنی كوتهێنانی دارایی كە دوای مشتومڕێكی زۆر لە ١٣ ی مانگی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تێپەڕێنرا، لە كۆتایی ئەم مانگەدا وادەكەی بەسەردەچێت و لەو وادەیە بەولاوە چیتر حكومەت ناتوانێت بە گوێرەی ئەو یاسایە هیچ بڕە پارەیەك خەرج بكات و ڕووبەڕوی هەمان ئەو كێشانە دەبێتەوە كە بەر لە تێپەڕاندنی یاساكە دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەكردەوە.

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە حكومەت دەكات ڕێز لە یاسا فیدرالیەكان بگرێت و پەلە بكات لە ڕەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا جارێكی تر كەلێنی یاسایی دارایی لە عێراق دروست نەبێتەوە. عەبدولهادی سەعداوی ئاماژەی بەوەشكردوە، لیژنەكەیان نیشانەی پرسیاری زۆری خستووەتە سەر دواكەوتنی ڕەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، وتوشیەتی تا ئەم ساتەوەختە ئەنجومەنی وەزیران ئەو پڕۆژەیاسایەی تاووتوێ‌ نەكردوە ، لەكاتێكدا یاسای تەمویلكردنی كوتهێنانی دارایی لە ٣١ ی ئەم مانگەدا وادەكەی بەسەردەچێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەكردوە ، حكومەت پابەندكراوە بە بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا هەیەتی بۆ ڕەوانەكردنی پرۆژەیاساكە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەگەر لەو وادەیەدا ئەو كارە نەكات ئۆباڵی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران دەخەینە ئەستۆی حكومەت.

لەمساڵدا پەتای كۆرۆنا بەهای نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا بۆ ئاستێكی پیوانەیی دابەزاند و عێراقیش هاوشێوەی وڵاتانی تری بەرهەمهێنی نەوت ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی گەورە بۆوە، بەجۆرێك كە حكومەت تەنانەت توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانیشی نەما، لە هەوڵێكیشدا بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە وەزارەتی دارایی هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نەما  قەرزكردنی ناوخۆیی نەبێت لە بانكە حكومیەكان، كە دواتر بڕەكە لە بانكی ناوەندی دەبڕدرێت.

 یاسای تەمویلكردنی كوتهێنانی دارایی بەبێ‌ بەشداریكردنی كورد تێپەڕێنرا، ئەوەش مشتومڕێكی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش هێنایەكایەوە، و ئێستاش كە هەرێم پابەندبونی خۆی بە یاساكەوە دوپاتكردووەتەوە، گوتەبێژی سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بە‌غدا، كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی لەوبارەیەوە بە  ئەرێنی ناوبردوە  و وتوشیەتی ئێستا هەرێم چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket