riklam

به‌ریتانیا.. نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

تاراوگە‌‌ 04:16 PM - 2020-10-08
.

.

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆبووه‌وه‌.

له‌نده‌ن، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (UK.GOV.KRD) كاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیای كردو له‌لایه‌ن جه‌یمس كلێڤه‌رلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێشوازی لێكرا.

له‌ دیدارێكدا نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی حكومه‌تی هه‌رێم و گه‌لی كوردستانی گه‌یانده‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا بۆ به‌رده‌وامی پشتیوانییه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا كاروان جه‌مال تاهیر پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو، و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ زیاتر به‌ره‌وپێش به‌رێت به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر‌ ئاستی ئابووری و كه‌لتووری و زانستی، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌رفه‌تێكی زۆری وه‌به‌رهێنانی بیانی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هاوكات خواستێكی زۆری په‌ره‌پێدان بۆ‌ خوێندن هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن له‌ به‌ریتانیا و له‌و ڕووه‌وه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم داوایكرد كه‌ كارئاسانی زیاتر بكرێت.

ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌‌ دواین ڕوداوه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردولا ، به‌ تایبه‌تی گرژییه‌ ئه‌منیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌رجۆره‌ هێرشێكی سه‌ر نێرده‌ دیبلۆماسییه‌كان و باڵێۆزخانه‌كان ده‌كات و پشتیوانی حكومه‌تی فیدڕاڵ ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردن و دابینكردنی ئارامی.

له‌به‌رامبه‌ردا جه‌یمس كلێڤه‌رلی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ستایشی ڕۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستانی كرد و په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌ریتانیای له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند و ڕایگه‌یاند كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ ده‌پارێزین، وه‌ به‌هێزی و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵدا خواستمانه‌ و له‌ په‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیادایه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket