riklam

مەحوی فێرگەیەک بۆ پێگەیاندنی بەهرەکان

ئەدەب وهونەر 04:36 PM - 2019-03-05
.

.

فێرگەی موزیکی مەحوی، فێرگەیەکە بۆ پێگەیاندن و فێرکردنی هەموو ئەو فێرخوازانەی حەز و خولیای فێربونی موزیک و ئامێرە سونەتییەکانیان هەیە لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان لە پایتەختی ڕۆشنبیری و لەم فێرگەیەوە ژەنیاری موزیک بەرهەم دەهینرێت و ڕاهێنانی دەنگیش بە هونەرمەندان دەکرێت.

لەبارەی کارەکانی فێرگە و چۆنێتی پێگەیاندنی فێرخواز PUKmedia چاوپێکەوتنێکی کرد لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ لە فێرگەی مەحوی، لەبارەی فێرگەوە بەم شێوەیە بۆمان دوان.

رێبین سالار مامۆستای ئامێری سەنتور و سەرپەرشتیاری فێرگە بۆ PUKmedia وتی: لە ساڵی ٢٠١١ ئێمە کۆمەڵێک هاوڕێ بوین کە گروپی موزیکە مەحوی_مان دامەزراند، کە گروپێکە بۆ ئامێرە سونەتییەکان، دواتر کە زانیمان فێرگەیەک نیە بۆ فێربونی ئامێرە سونەتییەکان هەستاین بە دامەزراندنی فێرگەی موزیکی مەحوی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و مۆڵەتی وانەوتنەوەمان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتوە، سەرجەم مامۆستاکانی فێرگە ئەندامی گروپی موزیکی مەحوی_ن.

22 (3).jpg

وتیشی: لەم فێرگەیە وانەی ئامێرەکانی ( تار و سێتار و دەف و زەڕب و کەمانچە و سەنتور و عود ) دەوترێتەوە و لە هەموو تەمەنەکاندا فێرخوازمان هەیە، بەڵام زیاتر لە تەمەنی ٨ بۆ ١٠ ساڵ فێرخواز وەردەگرین و وانە وتنەوەش لای ئێمە بۆ هەموو تەمەنێک بە ئەکادیمیە.

لەبارەی کرێی خوێندنی فێرخوازانیشەوە وتی: ئێمە پارەیەکی رەمزی لە فێرخوازان وەردەگرین، کە بەو پارەیە هەم کرێی شوێنی نیشتەجێبونمان و هەم پێداویستیەکانی فێرگە دابنین دەکەن و بەشێکی کەمیشی بۆ مامۆستایانە، بەڵام ئەگەر ئەو پارەیەش نەبێت ئێمە هەر بەردەوام دەبین و ناهێڵین فێرگە بوەستێت.

PUKmedia لەبارەی کاریگەری قەیرانی دارایی پرسیاری کردوو ڕێبین سالاریش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: خۆی هەر لەسەرەتادا ئێمە لە قەیراندا ئەم فێرگەیەمان دامەزراند بۆیە بێگومان کاریگەری دەبێت و فێرخواز کەم دەبێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پشوەکانی هاوین فێرخوازێکی زۆر ڕومان تێ دەکەن.

گروپێکی کچان لە فێرخوازانی فێرگە،

مامۆستا ڕێبین باسی ئەوەشی کرد، کە لەساڵی ٢٠١٨ گروپێکی کچانیان لە فێرخوازانی فێرگە دروست کردوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٢٣ ساڵە و ماوەی نزیکەی ٨ مانگ بۆ ٣ ساڵ وانەی موزیکیان خوێندوە ژەنیاری ئامێرەکانی ( تار و سێتار و دەف و سەنتور و عود و کەمانچە )ەن.

وتیشی، خۆشبەختانە ئەم کچانە تا ئاستێکی باش بەرەوپێشەوە چون و ٣ کۆنسێرتیان بۆ بەساڵاچوان و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی بێ سەرپەرشت ئەنجام داوەو بەشداری چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنیان کردوە.

22 (4).jpg

هەر لەبارەی فێرخوازانەوە رەوەند کەمال دڵشاد مامۆستای ئامێری عود، وەڵامی چەند پرسیارێکی PUKmedia ی دایەوە،

چ تەمەنێک زوتر فێری موزیک دەبێت؟

لەگەڵ ئەوەی تەمەنی منداڵی زیاتر توانای وەرگرتنی هەیە، بەڵام دەکەوێتەوە سەر حەزی فێرخواز، هەر کەسێک زۆرتر حەزی بە فێربون بێت، زوتر بەرەو پێشەوە دەچێت.

بەڵام وەک ئامێری عود هەموو تەمەنێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریا چونک ئامێری تایبەت بە منداڵان نیە و عودی تریش قەبارەی گەورەیە.
وتیشی، بۆ فێربونی موزیک دایم ئەو کەسانەی هەر خۆیان زیرەکن توانای فێربونیان باشترە، چونکە مێشکیان زیاتر دەجوڵێنن و زیاتر دەتوانن موزیک وەربگرن.

مەرج چیە بۆ فێربونی موزیک؟

هەر کەسێک بیەوێت فێری موزیک ببێت دەبێت ئەو توانایە لە منداڵیەوە لەناو ناخیا بێت، بەتایبەت کە لەسەرەتاوە فێری موزیک دەبیت پێت وایە زۆر ئاسانە، بەڵام ڕاهێنان مااندوت دەکات و وا دەکات دور بکەویتەوە، بۆیە دەبێت ئەوەنە حەزت هەبێت هەتا ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنیت.

بۆ بەروپێشچونی فێرخواز دەبێت چی بکرێت؟

لەسەرەتای فێربونی موزیک فیرخواز ماندوو دەبێت بەڵام زۆر پێویستی بە تەمرین نیە واتە ڕۆژانە سەعاتێک تەمرینی بەسە، بەڵام کە بەرەو پێش دەچیت بۆ هەموو فێرخواز و ژەنیارێکیش رۆژانە پێویستەبەلایەنی کەمەوە  ٤ سەعات تەمرین بکات، ئەمەش پێویستی بەوەیە کاتی بۆ دابنێت و لە کۆمەلێک کاری تر لە ژیانت بگریتەوە.

لەبارەی ئامێری عود_یشەوە وتی: عود ئامێرێکی دەنگ گڕە بەڵام زۆر هێمنە، عود دەتوانێت زۆربەی مەقامەکان بژەنێت بۆیە وادەرەکەوێت ئامێرێکی غەمگینە بەڵام دەتوانرێت ئاوازی شادیشی پێ بژەنرێت.

22 (2).jpg

فێرخوازێک و ئەندامێکی گروپی کچانمان دواند،

سیما سەرکەوت یەکێکە لە فێرخوازانی فێرگەی موزیکی مەحوی و ماوەی ٣ ساڵە ئامێری تار دەخوینێت، لە ئێستادا ئەندامێکی گروپی کچانی فێرگەیە.
ئەو پێی وایە فێرگەی مەحوی باشترین فێرگەیە و هیچ کاتێک بیر لەوە ناکاتەوە بۆ فێربونی زیاتر ڕوو لە فێرگەکانی تر بکات.

ئەو لەبارەی فێربونی موزیکەوە بۆ PUKmedia دواو وتی: فێربونی موزیک لە سەرەتاوە قورسە بەڵام پشتیوانی و هاوکاری خێزان و مامۆستاکەت وا دەکات بەرەو پێشەوە بچیت و ئەو قورسیە تێبپەڕێنیت، بۆ منیش هاوکاری و پشتیوانی ماڵەوەمان وای کردوە هەرچی قسەیەک بکرێت ئاسایی وەریبگرم.

لەبارەی پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخوازیش لە فێرگەی مەحوی وتی: مامۆستاکان وەک هاوڕێ وان و زۆر هاوکارمانن، بەتایبەت مامۆستا دانا کە هەمیشە لە فێرگە کەشێکت بۆ دەڕەخسێنێت کە ئەگەر لە دەرەوەی فێرگەش روداوێکی ناخۆش کارت لێ بکات ، لە فێرگە ئارام بیت و بتوانیت بە باشترین شێوە فێرببیت.

هەر لە بارەی پێگەیاندنی فێرخوازەوە مامۆستا دانا کە مامۆستای هەردوو ئامێری تار و سێتارە بە PUKmedia ی وت: هەر فێرخوازێک کە یەتە لای ئێمە بە دەنگەکانی موزیک تاقی دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین بەهرەی فێربونی هەیە، چونکە ئەگەر کەسێک بەهرەی هەبێت ئەگەر لە ڕۆژێکا یەک سەعات تەمرین بکات بەرامبەر ٥ سەعاتی کەسێکە کە بەهرەی نەبێت.

وتیشی: ئەگەر بمانەوەێ فێرخوازێک ببیت بە ژەنیارێکی بەتوانا پێویستە ١٥ ساڵ بەردەوام تەمرین بکات و رۆژانە کات بۆ تەمرین دابین بکات.

لە وەڵامی پرسیاری PUKmedia لەبارەی بەشداری کچان و فێربونیان بۆ ئامێرە ڕیتمیەکان جەنگین جەمال مامۆستای ئامێری دەف و زەڕب لە فێرگەی مەحوی وتی: لە چاو ساڵانی ڕابردوودا ئێستا کچان حەز بە فێر بونی ئامێرە ڕیتمیەکان ئەکەن و ئەشتوانم بڵێم فێربون بۆ کچ و کوڕ وەک یەکە و  جیاوازیەکی وانابینم، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر فێرخواز، ئەو فێرخوازەی کە حەزێکی زۆرتری ھەیە و کاتێکی باشتر دائەنێت بۆ تەمرین کردن ئەوە باشتر و زووتر بەرەو پێش ئەچێت ئەوە حاڵەتەش زیاتر لە کچانایە.

وتیشی، فێرخوازی کچمان هەبوە لەسەر ئامێری زەڕب کە ھەندێ جار بەھۆی زروفی تایبەتی خۆیانەوە یان بەھۆی خوێندنەوە بۆ ماوەیەک دا ئەبڕێن و دواتر دەست بە وانە وەرگرتن ئەکەنەوە.

ئەوەشیخستەروو، کە لە ساڵانی ڕابردوو بەگشتی بۆ کچان و ژنان عەیبەبوو کاری ھونەری بکەن، لەبەر نەبونی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، بەڵام ئەتوانم بڵێم ئەو دایک و باوکانەی کە پێشتر ڕێگر بوون ئێستا ھاوکاریانن و پشتیوانیان ئەکەن ئەوەش بەھۆی بەرەو پێش چونی ئاستی ڕۆشنبیری و بینینی کچانی وڵاتانی تر چ لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت یاخود کەناڵەئاسمانیەکان، لەئەمەش جێی دڵخۆشیە و خانمان توانیویانە لە هونەریشدا وەک سەرجەم بوارەکانی تر شانبەشانی پیاوان کار بکەن.

لە کۆتاییدا ڕێبین سالار وەک سەرپەرشتیاری گروپ، لەبارەی هەندێک لە کار و چالاکیەکانی گروپی مەحوی بۆ PUKmedia دواو وتی: ئەمە دوای ٦ مانگ لە دامەزراندنی گروپەکەمان یەکەم کۆنسێرتان ساز کرد بۆ ٢ گۆرانیبێژ و دواتر لە ساڵی ٢٠١٢ کۆنسێرتێکی گەورەمان بۆ هونەرمەند سوارە محەمەد ساز کرد و هەر ئەو کۆنسێرتە بەشداری فستیڤاڵی موزیکی رۆژهەڵاتی کرد لە میسڕ، دواتر لە ساڵی ٢٠١٣ کۆنسێرتێکمان لە سلێمانی ساز کرد و هەمان کۆنسێرت بەشداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کرد لە چیای کۆڕەک لە رەواندوز، لە ٢٠١٥ ەش کۆنسێرتێکی موزیکمان لە زانکۆی سلێمانی سازدا و کۆنسێرتێکیشمان بۆ پێشمەرگە لە سلێمانی و هەولێر لەگەڵ هونەرمەند عەدنان کەریم سازکرد. دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ کۆنسێرتێکمان بۆ کۆبانێ کرد و لە ٢٠١٧ ەش ٢ کۆنسێرتمال لەگەڵ عەدنان کەریم سازکرد یەکێکیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو ئەوەی تر لە سلێمانی بوو.

وتیشی، ئێمە زۆر چالاکیمان نیە لەبەر ئەوەی هەمیشە ویستومانە کاری جوان بکەین، نەک کاری زۆر ئەوەشی نەشاردەوە کە هەموو چالاکیەکی هونەری کە دەکرێت پێویستی بە پشتیوانی هەیە.

 مامۆستا ڕیبین ئەوەشی وت، کە لە فێرگەی مەحوی ڕاهێنانی دەنگێش دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی گۆرانیبێژن و هەردوو هەنەرمەند ( کەویار و بۆکان هەورامی ) لای ئێمە ڕاهێنانی دەنگیان پێ دەکرێت.

PUKmedia ئامادەکردنی ؛ هاژە باست

 

8.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket