riklam

دەرباز كۆسرەت: لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەم, بەڵام چ كۆنگرەیەك و چۆن كۆنگرەیەك؟

چاوپێکەوتن 08:43 PM - 2018-05-27
.

.

لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ وێب سایتی (راچڵەكین), دەرباز كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئاماژە بۆئەوە كات، لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییان هەبێت, هەروەها تیشك دەخاتە سەر ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی و دەڵێت: ‎بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەم. ‎ تاكە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو كێشەو گرفتانەی هەن ئەنجامدانی كۆنگرەیە، بەڵام چ كۆنگرەیەك و چۆن كۆنگرەیەك؟
لەبارەی گرژییەكانی شەوی 12ی ئایار دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئاشكرای دەكات كە, ڕاستەوخۆ لەدوای گرژییەكان كاك كۆسرەت لەگەڵ كاك عومەری سەید عەلی و كاك قادری حاجی عەلی قسەی كردو كۆتایی بە گرژییەكان هێنرا.

دەقی دیدارەكە:

‎كاك دەرباز دوای ھەڵبژاردنی ٥/١٢ بۆ پەرلەمانی عێراق ، دۆخی سیاسی كوردستان  چۆن دەبینی؟

‎بەبڕوای من لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەبێت كە ھەموو ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ لیستە براوەكان لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر بكەن، گرێنتی سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیەش بە چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی كوردستان  و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە.

لە ئێستادا نێوماڵی كورد پەرتەوازەیە، ئایا ھیچ ھەوڵێك ھەیە بۆ نزیكبونەوە و ڕێكخستنەوەی؟

‎بەڵێ ھەوڵ ھەیە، بەڵام دەبێت  ھەموو لایەك بەرژەوەندی گەلی كوردستان بخاتە پێش بەرژەوەندی حزبی، دەبێت ھەموومان نەرمی بنوێنین بۆ یەكتر، لەگەڵ بەغداش ڕەق بین لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان .

‎ھیچ ئومێد ھەیە دۆخی ئابوری كوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشی بڕوات؟

‎بێگومان بەشداریكردنی كورد لە حكومەتی نوێی عێراق  لەسەر بنەمای چاككردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك  و باشكردنی دۆخی ئابوری كوردستان دەبێت، وەكو حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەنگاوی باشمان دەستپێكردوە بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان، ئەوەش بە بەشداری و پشتیوانی ھەموو لایەك دەبێت .

‎پێتان وانیە ئەو ھەڵبژاردنە نێوانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی توندتر كردەوە و ئاشتی كۆمەڵایەتی بردە قۆناغێكی خراپتر؟

‎زۆر بەداخەوە ئەمە ڕاستە، نەدەبووایە ئاوابێت، هەموو خەڵكی كوردستان و دڵسۆزانی كورد چاوەڕێی ئەوەبوون لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەكان كورد بە یەك پاكێج بەشداربێ و سەرجەم لایەنەكان بەیەكەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بدەن.

‎قسەو باسی زۆر لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی دەكرێ، جەنابتان لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەن؟

‎بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەم.
‎یەكێتی حزبێكە تووشی كۆمەڵێك گیروگرفت بووەو كێشەكانی كەڵەكە بوونەو لە هەر سەردەمێكی جیاوازەوە بە بیانووی شتێكەوە چاوپۆشی لێكراوە، بۆیە تاكە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو كێشەو گرفتانەی هەن ئەنجامدانی كۆنگرەیە، بەڵام چ كۆنگرەیەك و چۆن كۆنگرەیەك؟

یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێویستی بە ئەنجامدانی كۆنگرەیەكە، ئەو بنەمایانەی یەكێتی لەسەری دامەزراوە بنەماو بناغەی بێ، فرە دەنگی و فرە ڕەنگی تیابێ، بیروڕای جیاواز و ئازادی ڕادەربڕین بنەمای بێ.

پێویستە كۆنگرەی یەكێتی كۆكەرەوەی هەموو ڕا جیاوازەكان بێ و جێگای هەموو تێكۆشەران و  دڵسۆزانی تێدا ببێتەوە، چونكە یەكێتی حزبی قارەمانان و تێكۆشەران و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانە.


دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن لە ١٢ی ئایار، ھێرشكرایە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كە ھەردوو كوڕی نەوشێروان مستەفاش لەێبوون. بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ سەرەڕای ئەوەی تەزویرێكی زۆرمان لێكرا، ھێرشیش كرایە سەرمان، ڕای ئێوە چییە؟

‎ئەو ھێرشە و ھەر ھێرشێكیتر بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان و هەر لایەنێكی تری سیاسی ئیدانە دەكەم، جێگای داخە ئەوە ڕویدا. بەڕێز كاك نەوشێروان لە ژیاندا نەماوە، كاك نەوشێروان پیاوێكی تێكۆشەر و دیاری ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو، ھاوسەنگەر و ھاوخەباتی ئێمە بوو بۆیە پاراستنی كوڕەكانی لە ئەستۆی ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەكانی دایە، خوانەخواستە ھەر شتێكیان لێبھاتایە مێژوو لە كەسی قبول نەكرد.

‎لە ڕووداوەكانی شەوی ١٢ی ئایار، زۆر باس لە بێدەنگی كۆسرەت ڕەسول دەكرێ، چاوەكان لەسەر كۆسرەت ڕەسولن هەنگاو بنێ بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، لە شەوی ڕووداوەكە چ هەنگاوێكی نا؟

‎مێژووی كاك كۆسرەت شاهێدە كە لە هیچ ڕووداوێكدا بێ هەڵوێست نەبووەو نابێ، ڕووداوەكانی ١٧ی شوبات و ڕێگرییەكانی كاك كۆسرەت لە بەرنامەی هێرشەكە باشترین نموونەن كە ئەوكات ڕەوانشاد كاك نەوشیروان شاهێدی بۆی دەدا.

پەیوەست بە ڕووداوەكانی شەوی ١٢ی ئایار، ڕاستەوخۆ لەدوای گرژییەكان كاك كۆسرەت لەگەڵ كاك عومەری سەید عەلی و كاك قادری حاجی عەلی قسەی كردو كۆتایی بە گرژییەكان هێنرا.

ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژی هەر توندوتیژی و پشێویەكین كە هەر كەس و لایەنێك بیەوێ بینێتەوە، چونكە پێمانوایە ئەم دۆخەی كوردستان پێویستی بە كۆدەنگی زیاترە نەك پشێوی و لێك ترازان.

 

PUKmedia راچڵەكین- پشتیوان زاهیر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket