}

د.جوان ئیحسان: چاوه‌ڕوانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ین

ی.ن.ک‌‌ 12:08 PM - 2018-05-09

.

د.جوان: ده‌بێت بیسه‌لمێنین كه‌ شایسته‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ین و ده‌نگده‌رانمان په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌

د. جوان ئیحسان له‌ باره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی 162 ی یه‌كێتی و ئه‌ركی وه‌ك سه‌رۆكی لیست وتی: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ جیاواز بوو، چونكه‌ له‌ رابردوو وه‌ك كادری حزب ئه‌ركمان به‌جێهێناوه‌ و كارمان بۆ لیستی یه‌كێتی كردووه‌، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌ركه‌كه‌ دووقاته‌ چونكه‌ خۆشمان كاندیدین.

وتیشی: كاركردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووش قورستره‌ به‌و پێیه‌ی لایه‌ن سیاسی و لیستی نوێ دروست بوون، به‌ڵام به‌ شاهیدی خه‌ڵكی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان هه‌ڵمه‌تێكی قورس و سه‌نگینه‌، له‌ ئاست لێپرسراوێتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ و چاوه‌ڕێی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین كه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ ده‌نگه‌كانیان پێگه‌ی یه‌كێتی بسه‌لمێنن كه‌ یه‌كێتی له‌ ئاستی متمانه‌دایه‌.

سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌ پارێزگای سلێمانی باسی له‌ چوارساڵی داهاتوو كردو وتی: رووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ش ده‌ڕۆین چوار ساڵی داهاتوو شه‌ڕێكی یاسایی و سیاسی و ده‌ستووری به‌هێز له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا بگوزه‌رێ، ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستوورییه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واو ببێت، پێویستی به‌ تیمێكی به‌هێزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، كه‌ به‌ هه‌مان روئیا و رۆحیه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال-وه‌ بڕواته‌ پێشه‌وه‌ و كاری سیاسی بكات له‌ ناو عیراقدا.

وتیشی: ده‌بێت ئێمه‌ وه‌ك تیمه‌كه‌ی یه‌كێتی بیسه‌لمێنین كه‌ شایسته‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌بین و ده‌نگده‌رانمان په‌شیمان نه‌بنه‌وه‌ كه‌ ده‌نگیان بۆ لیستی یه‌كێتی داوه‌.

سه‌رۆكی لیستی 162 ی یه‌كێتی باسی له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی كرد له‌ به‌غدا و وتی: به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیری هه‌یه‌ لیستی 162، به‌ڵام به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ناوخۆو سه‌رجه‌م هێزه‌كان بێت، منیش وه‌ك خۆم هه‌وڵده‌ده‌م كاری سه‌ره‌كی و مه‌به‌ستم هاوتاكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كان بێت له‌گه‌ڵ هاوشانه‌كانیان له‌ به‌غدا و له‌ چواچێوه‌ی عیراقدا، چونكه‌ بڕبڕه‌ی پشتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هێزانه‌ن.

وتیشی: لایه‌نێكی تری سه‌ره‌كی كاری ئێمه‌ له‌ به‌غدا بریتی ده‌بێت له‌ كاركردن بۆ دارایی و گوزه‌رانی خه‌ڵك كه‌ ئێستا كێشه‌ و قه‌یرانێكی گه‌وره‌یه‌ و چاره‌سه‌ره‌كه‌شێ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاری ئێمه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌و كێشه‌ كێشه‌یه‌كی ئیدارییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌توانین خۆشگوزه‌رانی به‌ده‌ستبهێنین ناتوانین به‌رنامه‌كانی ترمان بچه‌سپێنین و خزمه‌ت بكه‌ین.

د. جوان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ گرنگترین مه‌به‌ستی لیستی 162 ی یه‌كێتی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی و ئارامییه‌ بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری له‌ لایه‌ن ئابووری و ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پاشان كاركردن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌.

PUKmedia سه‌رچاوه‌: كوردستانی نوێ

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket