نهێنییهكانی نێوان 14ی ئهیلول و 16ی ئۆكتۆبهر ئاشكرادهكرێت
ی.ن.ک 03:29 PM - 2017-12-10.
رەوەند مەلا مەحمود باس لە نهێنییەكانی نێوان 14ی ئەیلول و 16 ئۆكتۆبەر دەكات: دەبێ بە خەڵك بڵێین چی لەكەركوك روویداو نابێت هیچ شتێك بشارینەوە
رەوەند مەلا مەحمود جێگری یەكەمی لێپراسراوی مەڵبەندی كەركوكی (ی.ن.ك) لەم دیدارەدا باس لەنهێنییەكانی كەركوكی نێوان 14ی ئەیلول و 16 ئۆكتۆبەر دەكات و دەڵێت لە 13/9 كاك مەسعود بە ئاشكرا بەئێمەی وت: ئەگەر ئەم ریفراندۆمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵێن بێ ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵم و دەچم لەجەزیرەیەكدا دەژیم، ئاشكرایشی دەكات مەسەلەی ریفراندۆم بابەتێك بوو زۆر هەستیار بوو، بەئاسانی نەتدەتوانی دژی بوەستیتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەبوو یەكێتی پێیەكی لەناو حكومەت بوو پێیەكی لە ئۆزیسیۆن بوو، پێیشیوایە كەركوك بە زەبری هێز داگیركراوەو هیچ رێككەوتنێكی سیاسیش لەنێوان یەكێتی و لایەنی عێراقییەوە نەبووە.
* لە 14/9 وەكو ئەنجومەنی مەڵبەند راسپاردەتان ئەوەبوو كە دۆخی كەركوك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو نییە، بەڵام دواتر كۆتا بڕیاری یەكێتی بەشداریكردن بوو، ئەو ماوەیە چی لەمەڵبەند گوزەرا؟
- حیزبەكان لە هەرێمدا كێشەی زۆریان هەبوو، كێشەكانی نێوخۆیان پێ چارەسەر ناكرا، لەهەمانكاتدا حكومەتی هەرێمیش كێشەی زۆری هەبوو، بە شێوازێك دەیانویست بۆ كەركوك بیگوازنەوە، بە فعلیش دواتر گواستیانەوە، ئێمە لە كەركوك خوێندنەوەیەكی واقعیانەمان بۆ كەركوك و بۆ ئەو كاتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هەبوو، پێمانوابوو ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك كارێكی باش نییەو لەداهاتوودا زیانی گەورەی تێدا دەكەین، لەچەند كۆبوونەوەیەكدا قسەمان لەسەر ئەوە كرد، كە ریفراندۆم لەكەركوك نەكرێت، بەڵام بە قسەیان نەكردین، یەكێتی هەر لەسەرەتاوە، كاتێك بەشداریكرد لەكۆبوونەوەی بەڵێ بۆ ریفراندۆم، دوو رای جیاواز هەبوون، رایەكیان پێمانوابوو ئەمە پاشكۆیەتییە بۆ لایەنێكی سیاسی دیكەو ریفراندۆم بەو حاڵەوە ناكرێت، دەبێ پێش هەموو شتێك نێو ماڵی كوردی یەكبخرێتەوە، ئەو ئیجرائاتانەی كە لەهەرێم بە ناڕەواو ناهەق كراون چاك بكرێتەوەو كورد یەكدەستە بكرێتەوە ئینجا ریفراندۆم بكرێت، بەشێكی تریش پێیوابوو بەڵێ ئەم حاڵەتە دەڕواتە رێوەو دەكرێ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەو دوو رایە جیاوازە زۆر ئەزیەتی رۆحی یەكێتییەكان و میللەتەكەشیدا، كە دەبینین لە كۆتاییدا بەزۆر ریفراندۆم كراو لەسەر كەركوكیش سەپێنرا.
* كاتێك سەفەری دەرەوەتان كرد، كۆمەڵێك قسەو باس هەبوون، گوایە لەسەر هەڵوێستەكانت رفێنراوی، دواتر وترا توڕە بویتە، هۆكاری راستەقینەی رۆشتنەكەت چی بوو؟
- من زیاتر لەسەر تەلەفزیۆنەكان قسەم لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم دەكردو رەئی مەڵبەندو سیاسەتی مەڵبەندم لەسەر ئەو بابەتە باس دەكرد، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی من زۆرتر بەدڵی جەماوەری كەركوك قسەم كردووە، بۆیە جەماوەریش زیاتر موتابەعەی كارەكانمیان كردووە، جگە لەوەش رەئی گشتی كەركوكیش وابوو كە ئێمە بەشداری لەپرۆسەی ریفراندۆم نەكەین، رەئێكیان دروستكردبوو، ئەو رەئەش وابوو كە لە كۆتادا كاك مەسعود یاخود ئەو برادەرانەی ئێمە كە لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم سوورن، لە كۆتاییدا پەشیمان دەبنەوە، ئەم رەئیە وایكرد وەكو نەزیفێك ئەم بابەتە بڕوات تا 23/9، كاتێك گەیشتە ئەو حاڵەتەی كە رێگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەكەركوكدا بكرێت، منیان راسپارد كۆبوونەوەیەكم لەبارەگای مەڵبەند لەگەڵ حیزبە كوردستانیەكان كرد، بە ئاشكرا پێموتن ئێمە لە ئێستادا ریفراندۆم بۆ كەركوك بە باش نازانین، ئەم رەئیە رەئی من نەبوو بە تەنیا، بەڵكو رەئی مەڵبەندی كەركوك بوو، كە لەوێ دەرچوومە دەرەوە كۆمەڵێك كەناڵی تەلەفزیۆنی هاتن، من لەوێ قسەم لەسەر ئەوەكرد، ئەگەر یەكێتی لەگەڵدا نەبێ رەنگە ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت، رەنگە بابەتەكە لێرەوە دروست بووبێت، من لەلایەن سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییەوە تەنها قسەیان لەگەڵ كردم، وتیان بۆ ئەو لێدوانانە دەدەیت، وتم ئێمە لە ئێستادا ئەم ریفراندۆمە بە باش نازانین، بڵێی هەڕەشەم لێكرابێت یاخود بڵێی لەسەر ئەم بابەتە كەسێك قسەیەكی قورسی لەگەڵدا كردبێتم نەخێر بەهیچ شێوەیەك شتی وانەبووە، چونكە لەناو یەكێتی رەئی جیاواز هەیەو هەموومان رەئی خۆمان بە ئازادانە داوە، من خۆشم جێگری یەكەمی مەڵبەندی كەركوك بوومەو ئەو رەئیانەشم بە مافی رەوای مەڵبەندكەم زانیوە، پێشتریش لەسەر قەڵای شاری كەركوك لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، بە راشكاوانە لەسەر ئەم بابەتە قسەم كردووە، چونكە ئەو كاتەش رەئیەكە وابوو كە ریفراندۆم لە كەركوك نەكرێت یاخود ریفراندۆم دوابخرێت، رەنگە ئەو بابەتە تەنها لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ لە كۆتا شەودا كە بەیانی ریفراندۆم دەكرا، بڕیار وابوو بەیاننامەیەك بڵاوبكەینەوە لەسەر ریفراندۆم و نەهێڵین لەكەركوكدا بكرێت، بەڵام دوای ئەوە كاك مەسعود كۆبوونەوەیەكی كرد، من پێموایە ئەو كۆبوونەوەیە غەدرێكی زۆر گەورەی لە هەموو كەركوكییەكان كرد بەو كۆبوونەوەیە، كاك مەسعود كۆمەڵێك ئەحزابی كوردستانی لەسەری رەش كۆكردبوەوە، كە رۆڵ و كاریگەرییان نییە لە سەر پرۆسەی سیاسی كوردستان، بەڵام ئەوان وەكو دوكاندارێك هێناویانیانە سیاسەتیان پێدەكەن، لەوێ كە كاك ئاسۆ مامەندیان بانگ كردبوو لە كۆبونەوەكە هەموویان دەنگی بەڵێ و دەستی بەڵێیان بەرز كردبوەوە، كاك ئاسۆش بە تاقی تەنیا مابوو، هەرچەندە رەئی مەڵبەندی كەركوكی پێیانوتبوو، بەڵام كۆمەڵێك خەڵكی یەكێتیش لەناو كۆبوونەوەكەدا بوون و هەندێكیان دەسەڵاتیان لە كاك ئاسۆش زیاترە، كە دەنگی بەڵێیان دابوو، كاك ئاسۆش نەیتوانیبوو دژی ئەو دەنگە ببێتەوە،، بۆیە چوینە ناو پرۆسەكەوە.
* ئەو هۆكارانە چی بوون بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی چوونە ژێر پرۆژەكەی پارتییەوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك، لەكاتێكدا زۆرینەی شارەكە یەكێتی بوو؟
- یەكێتی لەسەرەتای دەنگۆی ریفراندۆم و پێشتریش كۆمەڵێك رەئی جیاواز هەبوو، لەغیابی سەرۆك مام جەلال ئەم دەنگۆ جیاوازانە وایكرد لەنێو بردارەدانمان دووركەوتنەوە هەبێت، دەبینین لەقۆناغی بانگەشەی ریفراندۆمیش یەكێتی زۆر بە كزی بەشداریكرد، لە هەندێ شوێن هەر بەشداریشی نەكرد، بەڵام مەسەلەی ریفراندۆم بابەتێك بوو زۆر هەستیار بوو، بە ئاسانی نەتدەتوانی دژی بوەستیتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەبوو یەكێتی پێیەكی لەناو حكومەت بوو پێیەكی لە ئۆپزیسیۆن بوو، ئەمەش خۆی لە خۆیدا فاكتەرێكی خراپ بوو، دەرهاویشتەی خراپ لەم بابەتەدا هەبوو، بەشێكی ئەو برادەرانە دەتوانم بڵێم هەندێكیان باوەڕیان بە سیاسەتی یەكێتی نەبوو، ئەوانیش چووبوونە ژێر كاریگەری سیاسەتێكی تاكڕەوانەوە، من خۆم زۆر قسەم لەگەڵ هەندێكیان كرد لەسەر ئەو بابەتە، هەندێكیان قەناعەتێكیان لا دروست بووبوو، كە مەسەلەی ریفراندۆم فریادڕەسێكە بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان لە كوردستاندا، هەرچەند من ئەو كاتەش رام وابوو ئێمە ناتوانین بەو ماڵە خراپەی كوردەوە، ماڵێكی چاكتری بۆ دروست بكەین، چونكە ئەزمونی تاڵی رابردوومان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمدا هەبوو ئەویش لەسەر مەسەلەی لێسەندنەوەی شەرعیەتی پەرلەمان یاخود داخستنی پەرلەمان قسەمان زۆر هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو برادەرانە لە دەسەڵات بوون و دەسەڵاتدارێتییان هەبوو، زۆر بەخراپی لەسەر ئەو بابەتە كاریان كردو نەیانهێشت دەنگی راستەقینەی خەڵكی كەركوك سەربگرێت.
* پرۆژەی داهاتووی یەكێتی بۆ كەركوك چی دەبێت؟
- باوەڕمان وایە ئێستا كەركوك بە زەبری هێز داگیركراوە، ئەمە واقعە، هیچ رێككەوتنێكی سیاسیش لەنێوان یەكێتی عێراق نەبووە، ئەوەی هەبووبێ تەنها گفتوگۆبووە كە چۆن پێشووتر هەبووە، لایەنی عێراقیش كە هاتووە پەلاماری كەركوك داوەو بەلایەوە گرنگ بووە خەڵك نەكوژێ و بتوانێ بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكات، لێرەدا زرەرمەندی یەكەم خەڵكی شارەكەیە، دووەمیش لایەنە سیاسییەكانن، یەكێتی لەم قۆناغەدا ئەركەكەی زۆر قورسە، لەدەسەڵاتی یەكەمەوە هاتووە بۆ ئەوەی كە ئەركەكانی پێ جێبەجێ ناكرێت، لەئێستای كەركوكدا رۆڵی لەدەسەڵاتی ئیدارەدا نییە، زۆرتر لەدەسەڵاتی لیژنەكانی ئەمنی و سەربازیدایە، بۆیە ئەم حاڵەتەی ئێستا ئاسان نییە، یەكێتی دەبێت كار لەسەر دەستور بكات، چۆن پێشتر لایەنی سیاسی هەبوون كە زۆرترین شكاتیان دەكردو زۆرترین داواكارییان هەبوو، زۆرترین فشاری جەماوەری و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییان دەكرد، یاخود فشاری پەرلەمانییان دەكرد، ئێمەش دەبێ لەو خاڵەوە دەستپێبكەین و داواكاری میللەتەمان جێبەجێ بكەین، حیزبێكی سیاسی مۆدێرن بین، بە بڕوای من ناوبڕێكی زۆر هەبووە لەنێوان ئێمەو جەماوەر، دەبێ ئەو ناوبڕە پڕبكەینەوەو هەوڵبدەین ئەوە جێبەجێ بكەین كە لەدەستوردا هەیەو مافی خەڵكی مەدەنی شارەكەیە .
* هۆكارەكانی دانەنانی پارێزگار بۆ كەركوك بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەمەشیان بۆ خراپی نێو ماڵی كورد دەگەڕێتەوە، هەموو ئەو زەرەرانەی كە كردوومانە هەر لەداخستنی پەرلەمان و هەر لە سوتاندنی بارەگاكانی حیزب و لایەنە سیاسەكان و لە قەیرانی ئابوری و لەهەموو ئەو كێشانەی كە هەمانە، هەموو كێشەی كوردستان بوونە، كێشەی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم بوونە، كە دەیانویست بە ریفراندۆم پەردەپۆشی بكەن، ئەوەشیان پێنەكرا، لەئێستادا لەسەر مەلەسەی كەركوك و بۆچوونی جیاواز هەیە، پارتی بەوەی كە لەساڵی 2006ـەوە لەكەركوك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوەو بەشێكی زۆری ئەندامانی یەكێتی چوونەتە دەرەوە، ئەوان زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنەكەیان لایە، لەم بابەتە خۆیان دەدزنەوە، چونەتە هەولێر و لەوێ ئامادەنین بێن لە كەركوك لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بكەن، لەهەمانكاتیشدا لەموسڵ بوونیان هەیەو لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵیشدان، لەشوێنەكانی تریش بەهەمانشێوە، كێشەی دووەمیش توركمانەكان لەنێو خۆیاندا بەهەموو هێزێكیان دژی بەرژەوەندییەكانی كورد كاردەكەن و ئەوانیش بوونەتە دووبەشەوە، بەشێكیان سەر بە توركیان و گوێ لە توركیا دەگرن، بەشەكەشی تریشیان سەر بەو رەوتە شیعییەی كەركوكن، ئەوانیش چوار پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن هەیە، عەرەبی سوننەش لەكەركوك خۆیان نازانن چییاندەوێت، نەیاتوانیوە كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، ئێستا لەنێوان دوو بڕیاردا ماوین، لەلایەك عەبادی دكتۆر نەجمەدینی بەبڕیارێك لەپۆستی پارێزگار لابردووە، كە كورد هەمووی پێیوابوو ئەمە نایاسایی و نادەستورییە، چونكە لە ساڵی 2006ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك ئەنجام نەدراوە، لەهەمانكاتیشدا ئێستا عەبادی خۆی دەدزێتەوە لەم بابەتە، چونكە دەیتوانی بڕیارێك بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دەربكات تا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.
* نەگەڕانەوەی بەشێك لەحیزبەكان بۆ كەركوك، جگە لەوەی پارتی هەژمونی بەسەریاندا هەیە، بۆچی یەكێتیش بەو ئاراستەیە كاری نەكردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە؟
- هەر لەو رۆژەوەی یەكێتی لەكابینەی ئەمجارەدا بەشداری لەحكومەتی هەرێم كرد، پێموایە هەڵەیەكی گەورەمان كرد، لەوێ زۆر پێداگریمان لەسەر زۆر بابەت كرد، كە ئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی ئێمە نەشكایەوە، بەڵكو لەبەرژەوەندی پارتی شكایەوە، لەلایەكی ترەوە زۆر بابەتی گرنگ هەبوون كە دەبوو یەكێتی هەڵوێستی جددی لەسەریان هەبوایە، یەكێ لەوانە داخستنی پەرلەمان بوو، نابوایە یەكێتی رێگەی بدایە، دەبوایە هەڵوێستی روونی هەبوایە لەسەر مەسەلەی شەنگال، كوررد تووشی قەیرانێكی زۆر هات، دەبوایە بەڕوونی لەسەر ئەو بابەتە قسەمان بكردایە، زۆر بابەتی تری گرنگ هەبوون كە شادەماری ئابوری كوردستان بوون دەبوو یەكێتی هەڵوێستی لەسەری هەبوایە ، ئەو سەردانە دیپلۆماسیانەی بۆ دەرەوەی وڵات دەكران، یەكێتی لێی بێئاگا بوو، بەشێك لەو گرێبەستانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەكران، یەكێتی زۆر جار لێی بێبەش بوو، هەموو ئەمانە وایانكرد هەیمەنەی یەكێتی بێتە خوارەوەو هەیمەنەی پارتی بەسەریدا زاڵ بێت، ئەوەش چونكە یەكێتی خۆی سیاسەتێكی دروستی نەكردووە، بۆیە دەبینین پارتی لە دهۆك بارەگای لایەنەێكی سیاسی دەسوتێنێت، دواتر هەر ئەو لایەنە دەچێتە پاڵی، ئەمە ئەوە دەرەخات كە ئەمانە هەیمەنەیان هەبووە لەسەر واقعەكە و یەكێتیش نەیتوانیوە ئەوە بكات.
* ژمارەیەك كادری ئیداری و حیزبی تائێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ كەركوك، هەڵوێستی یەكێتی بەرانبەریان چی دەبێت؟
- دەبوو لەدوای 20/10ـەوە هەموو كادرەكانی یەكێتی بێنەوە لە كەركوك كاربكەن، چونكە پێشتر بەڵێنیان بە خەڵكی شارەكە داوەو لەگەڵ خەڵكی شارەكەدا بووینە، نەشم بیستووە هیچ كادرێكی ئێمە بە رەسمی لە هیچ لایەنێكی رەسمییەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبێت، ئەگەر لەسەر شتە شەخسییەكان نەبووبێت، وەكو لایەنی سیاسی هیچ كەسێك تاوانی سیاسی نەخراوەتە پاڵی، هەقیش وایە ئەوانەی كە تائێستا شارەكەیان جێهێشتووە یەكێتی پێیانبڵێت، ئێوە لەسەر كەركوك پلەو پایەی حیزبی و ئیداریتان هەیە بڕۆن لەشارەكەی خۆتان كاربكەن، من ئەوانە ناڵێم كە نوسراو هەیە بۆ گرتنیان، بەڵام ئەوانەی هیچیان لەسەر نییە، ئەو كاتەی بارودۆخەكە لەباربووە مەسول بوونە لەخەڵك، ئەگەر بارودۆخەكە نالەباریش بێت مەسئولن لەخەڵك، دەبێ بێنەوە كاربكەن، بەراستی ناوی ئەو كادیرانەم لا نییە كە تائێستا نەهاتبێتنەوە، ئەگەر كاری لەو جۆرەش هەبێ هەقە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
* یەكێتی لە قۆناغی داهاتوودا چۆن لە كەركوك كاردەكات؟
- پێش هەموو شتێك دەبێ لەگەڵ جەماوەرەكەمان ئاشت بینەوە ئەوە خاڵێكی گرنگە، دەبێ بە خەڵك بڵێین ئەوەی كە روویدا لە كەركوك واقعە وەك خۆی باس بكەین، نابێ هیچ شتێك بشارینەوە، چەند دەسەڵاتمانە بە گوێرەی دەسەڵاتەكانمان دەبێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین و واقعی بین لەگەڵ خەڵك و نەیانخەڵەتێنین، هەروەها پێویستە چاودێری ئیدارە بكەین، لەلایەنی ئەمنییش و لەسەر مافی میللەتەكەمان بێینە دەنگ بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری، هەوڵبدەین هەموو قونسوڵگەریی و دادگای باڵای عێراق و دادگاكاندا سكاڵای یاسایی بكەین و نەهێڵین هیچ كەسێك بەناوی هێزەوە میللەتەكەمان تووشی چەرمەسەری بكات، دەبێت لەمەودا لەگەڵ میللەتەكەمان بە گوێرەی پێگەی خۆمان جێگەی خۆمان بكەینەوە، ئەگەر هەر دابنیشین و بڵێین كەسێك یاخود لایەنێك دێت كارمان بۆ دەكات، ئەوە بە دڵنیاییەوە كەس بۆمان ناكات، ئێمەی كەركوكییەكان بەدرێژایی ئەم ماوەیە قوربانی زۆرمان داوە، ئەم رووداوەی روویداوە گەورەیە، بۆیە دەبێ بەرگەی بگرین.
* بازگەكان هاوڵاتیان نیگەران دەكەن، هیچتان لەو بارەیەوە بە لایەنی بەرپرس گەیاندووە؟
- پێشتر كۆمپانیایەك هەبوو بەناوی هەڵۆی كەركوك كە كۆمپانیایەكی ئەمنییە، لەسەردەمی دكتۆر نەجمەدین كورد زۆر تانەی لێدەدا دەیانوت هی دكتۆر نەجمەدینە یاخود هی كەسێكی ترە، هەرچەندە من ئەمە بەرگریی نییە لە هیچ كەسێك، بەڵام جارێكی تر ئەو كۆمپانیایە ئێستا كەوتۆتەوە كار، ئەوەش ئاستەنگییەكی گرانی لەبازگەكان دروستكردووە، لە هەمانكاتیشدا حاڵەتێكی زۆری ئۆتۆمبێل دزین لەكەركوك هەیە، لەماوەی یەك هەفتەدا (21) ئۆتۆمبێل دزراون، ئێمەش سكاڵامان كردووە كە بارودۆخی ئەمنی كەركوك خراپەو پێویستە ئەمنیەت بپارێزرێ، رەنگە ئەوەش هۆكارێك بێت بۆ ئەو ئاستەنگییەو لەهەوڵی بەردەوامیشداین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
* هەوڵ بۆ دروستكردنی حەشدی شەعبی لە ناوچە گوندنشینەكان هەیە، یەكێتی هەڵوێستی لەو بارەیەوە چی دەبێت؟
- ئێمە بڕوامان بەوە نییە كورد بە بوونی بەحەشدی شەعبی بتوانێت ناوچەكانی خۆی بپارێزێت، باوەڕیشمان بەوە نییە بە حەشدی شەعبی بتوانێ بەرگری لە خۆی بكات، ئەمە قەناعەتی یەكێتییە، بەڵام مەسەلەی حەشدی شەعبی و داعش و ئەم هێزەی كە ئێستا هاتووە، ئەمە هێزێكی كاتییەو ناكرێت تاسەر حوكمێكی عورفی و سەربازی لەم ناوچانەدا بمێنێت، حەشدی شەعبیش هێزێكی تازەیەو ئەم هێزەش دەیەوێت نفوز بۆ خۆی پەیدا بكات و دەیەوێت بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقەوەو زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت، ئەوان دەیانەوێت ئیستغلالی ئەم دۆخەی كورد بكەن و خەڵك بكەن بە چەكداری خۆیان، نەك هەر كورد بەڵكو ئەو داعشانەی پێشتریش پەلاماری كەركوكیان دا ئێستا لەناو حەشدی شەعبیدا جێگایان دەبێتەوە، نابێ لەئێستادا كورد وا بەئاسانی بچێتە نێو ئەو هێزانەوە، چونكە هێزێكی ئازادكەر نین بەڵكو هێزێكی پەلاماردەرن، كەی ئەوان بوون بەهێزێكی پارێزەری سەرو سامانی خەڵك ئەو كاتە كورد دەتوانێ مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
* یەكێتی رووبەڕووی هێرشێكی راگەیاندنی دەروونی توند بۆتەوە، رۆڵی راگەیاندنی یەكێتی لەو بارەیەوە چۆن هەڵەسەنگێنی؟
- راگەیاندن شمشێرێكی دووسەرە، ئەگەر خراپ بەكاری بهێنی خۆت و نەیارەكەشت دەبڕێ، كورد بە گشتی راگەیاندنێكی زۆر خراپ بووە، دەتوانم بڵێم زۆر جار دووژمنەكانمانی ئەوەندە گەورە كردووە، هێزەكەی خۆمانی لەبەرانبەردا شكست پێهێناوە، ئەمەش كارەساتە، بۆ كەناڵەكانی رووداوو بیست و چوار و زاگرۆس و هەندێك لەو كەناڵانە نەك بەوەی كەناڵێكی حیزبین، بەڵكو كەناڵێكن حەزدەكەن هەموو لایەنە سیاسییەكان وردو خاش بكەن و تەنها ئەو شوێنە بهێڵنەوە كە خۆیان حزبایەتی تێدا دەكەن، ئێمە لێرە ململانێی خاك و نیشتمانمان هەیە، لەمەیاندا زەرەرێكی زۆر گەورەمان كردووە، ئیمكانیەتێكی گەورەشیان لەبەردەستە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك كەناڵی یەكێتی نەیانتوانیوە قەڵغانێك بن بۆ بەرگریگردن لەو دەستكەوتانەی كە هەیە، یاخود لەو رووداوانەی كە روودەدەن، ئەمانیش زۆر بە دواكەوتووانە ئەم كارانەیان گواستۆتەوە ، پێویست بوو ئێمە هەموو ئەو رووداوانەی كە لە دووز روویاندا پێویست بوو كەناڵەكانی یەكێتی هەموو رۆژ ئەمانەیان بكردایە بە دیكیۆمێنت و بیاندایەتە كەناڵە عەرەبییەكان و بڵاویان بكردایەتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا كێشەی كەناڵەكانی ئێمەیە نەیانتوانیوە ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بكەنەوە، كەناڵەكانی رووداو بیست و چوار رۆڵێكی زۆر خرایان هەبوو لەسەر لایەنی دەروونی خەڵك، ئەوانە هەق بوو حیسابی ئەو بكەن كە خەڵكێك دەربەدەر دەكەن چەند قورسە لەسەر ژیانی ئەو خێزانە.
* پرسی كۆنگرە بەچی گەیشت؟
- یەكێتی دەمێكە تووشی كێشەی نەبەستنی كۆنگرە بۆتەوە، لە مەڵبەندەكانیش قسەی لەسەركراوە، هەموو جارێك ئەو هۆكارانەی كە دەیهێننەوە بۆ نەبەستنی كۆنگرە هیچیان ماقول نین، چونكە دەبینین رۆژئاوا لەگەرمەی شەڕدا بوون كۆنگرەی خۆیان بەست، لایەنی دیكەش لەشوێنی زۆر هەستیاردا ئەوە لەباكور سەركردەكانیان لە زیندانەو كۆنگرە دەبەستن، ئەم سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییانەی ئێمە هەموو جارێك بە كۆمەڵێك هۆكار كۆنگرە دوادەخەن، دەشبینین لەئاست گۆڕانكارییەكاندا گەشەیان بەیەكێتی نەداوە، بەڵكو لە هەندێك بواردا شكستیانخواردووە، بۆیە فشارێكی زۆر گەورەی كادرانی ناوەندی یەكێتی هەیە كە یەكێتییان راگرتووە، بۆ ئەوەی كۆنگرە ببەستین، تائێستا ئەوەی قسەی لێكراوە لە كۆتایی مانكی یەكدا كۆنگرە ببەسترێت، من بۆ خۆم یەكێكم لەوانەی بە هەموو هێزێكم پشتیوانی لە بەستنی كۆنگرە دەكەم .
* پارتی لە چەندین بۆنەدا، یەكێتی تەخوین كردووە بەتایبەتی لەسەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، لەكاتێكدا یەكێتی لەیەك رۆژدا چەندین بەیاننامەی دژ بە یەكی لەناوخۆی دا بڵاوكردەوە، بۆچی تائێستا یەك بەیاننامەی دژ بەو تەخوینكردنە دەرنەكردووە؟
- كاك مەسعود لە 13/9 سەردانی كەركوكی كرد، پێمخۆشە شتێكی مێژووییتان بۆ باس بكەم، ئەمە بۆ مێژووی میللەتەكەمان و خۆمان شتێكە بە راستی نایشارمەوە پێمخۆشە رۆژێك لەرۆژان لەسەر تەلەفزیۆنیش قسە لەسەر ئەم بابەتە بكەم، لەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك برادەر بەشداری كۆبونەوەكەیان كرد هەموویان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بوون، ئەوانەی كە لەناویاندا دیارە، كاك دكتۆر نەجمەدین و كاك شێخ جەعفەرو كاك ئاسۆو كاك سەڵاح دەلۆو كۆمەڵێك كادری مەلبەندو لق، دكتۆر كەمال كەركوكی ئەو كات بەرپرسی میحوەری دووبز بوو ئەویش لەوێ بوو، لەوێ كاك ئاسۆ زۆر بە جددی باسی كەركوكی كردو هەموو مەترسیانەی خستەڕوو كە ئێستا روویانداوە، وتی ئەم ریفراندۆمە زەرەری گەورەی تێدا دەكەین، كاك سەڵاحیش پشتگیری قسەكانی كاك ئاسۆی كرد، بەڵام وتیشی ریفراندۆم ئەو مەترسییانەی نابێت، پێشتر لەمەڵبەندی كەركوك كۆبوونەوەیەك كرابوو، پەرەگرافی كۆبوونەوەكە درابووە من بیخوێنمەوە، هەموو ئەو خاڵانەم خوێندەوەو لەكۆتاییدا خالێكم پێوت، وتم كاك مەسعود ئێمە تكات لێدەكەین، كەركوك ئەو بارودۆخە هەڵناگرێ، ئەو برادەرانەی كە زانیاری دەدەن بە تۆ راستگۆ نین، بەشێك لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی زۆریان پێناخۆش بوو، كاك مەسعود بە ئاشكرا بە ئێمەی وت: ئەگەر ئەم ریفراندۆمە سەركەوتوو نەبوو، بەڵێن بێ ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵم و دەچم لەجەزیرەیەكدا دەژیم، ئەمە خۆی لە خۆیدا پرسیارێكی قورسە هەقە ئەم میللەتە بیكات، ئو كاك محەمەدی حاجی مەحمودە هەموو رۆژێك بە خۆی و گۆپاڵەكەیەوە لەسەر تەلەفزیۆنەكان دەرەكەوت و باسی ریفراندۆمی دەكرد، ئێستا لە كوێی كەركوكە، ئێستا لەكوێی ناوچە دابڕێنراوەكانە، مێژوو ئەم شتانە لە بیر ناكات، ئەو بەرپرسانەی كە بێویژدانیان بەرانبەر بەكەركوك كرد، بێویژدانییان كرد بە رانبەر بە (45%) لەخاكی كوردستان، رۆژێك دێت ئەم وەڵامە وەردەگرن
PUKmedia ههواڵ
هەواڵی زیاتر
-
ژمارهو ناوی كاندیدانی یهكێتی بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان
12:50 PM - 2024-09-25 -
عیماد ئەحمەد: هێنانەکایەی حکومەتێکی رەشید هەر بە یەکێتی دەکرێت
05:06 PM - 2024-10-07 -
نوێنەرایەتییەک بۆ بنەماڵەی شەهیدانی ئیدارەی راپەڕین دروست دەکرێت
04:19 PM - 2024-10-07 -
فەرمانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ ئیمزا کرا
02:32 PM - 2024-10-07
ئەمانەش ببینە
سهرۆكی فراكسیۆنی یهكێتی: وهك جێگرهوهی ههژماری من ههوڵی كردنهوهی بانكه فیدراڵییهكان دهدهین
03:10 PM - 2024-10-07
لیستی ١٢٩ هێزی کۆتایی پێهێنانە، ئەوانی دیکە هێزی پۆستەر دڕاندن
01:52 PM - 2024-10-07
وتەبێژی لیستی ١٢٩: یەکێتی بەڕەسمی هەژماری من رەتدەکاتەوە
12:37 PM - 2024-10-07
یەکێتی ناهێڵێت غاز بەدەردی نەوت بچێت
09:21 AM - 2024-10-07
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ دەبێتە هاوسەرۆكی هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازی 119 حزبی جیهانی
ی ن ک 09:43 PM - 2024-10-06 -
هاوخەمی مەكتەبی سیاسی بۆ كۆچی دوایی خاتوو تەلیعە فەرمان
پرسەنامە 09:30 PM - 2024-10-06 -
شێخ جەعفەر لەشارەزوور پەردە لەسەر وێنەی سەرۆكی یەكێتی لادەدات
ی ن ک 08:28 PM - 2024-10-06 -
رەفعەت عەبدوڵڵا: یەكێتی خەباتی راستكردنەوەی حوكمڕانی دەكات
ی ن ک 08:19 PM - 2024-10-06 -
قوباد تاڵەبانی : سەردەمی بەکارهێنانی دەنگی مردو بۆ لایەنێک بەسەرچوو
ی ن ک 08:07 PM - 2024-10-06 -
شێخ جهعفهر: بۆ راستكردنهوهی رێڕهوی حكومهت دهبێت دهنگ بهیهكێتی بدهین
ی ن ک 06:50 PM - 2024-10-06 -
لیستی پارتی و 7 كاندیدی سزادەدرێن
کوردستان 06:37 PM - 2024-10-06 -
مووچهخۆران ههژماری من رهتدهكهنهوهو پشتیوانی ههڵوێستهكهی سهرۆك بافڵ دهكهن
کوردستان 06:11 PM - 2024-10-06