riklam

بافڵ تاڵەبانی بۆ فرانس24:ئەوەی رودەدات دەرەنجامی كورتبینی سەركردەكانی كوردە

چاوپێکەوتن 05:13 PM - 2017-10-21
.

.

بافڵ تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی ئینگلیزی كەناڵی فرانس -24 لەبارەی روداوەكانی چەند رۆژی رابردوو كەركوك، رایدەگەیەنێت: هەمو ئەو شتانەی كە تا ئێستا رویانداوە دەرەنجامی كورتبینی سیاسی سەركردەكانی كوردە، ئەوانەشی كە بەرپرسی ئەو تراژیدیەن هەوڵدەدەن كەسانی دیكە سەرزەنشت بكەن، هەروەك دەشڵێت داوای لێكۆڵینەوە دەكەم لەگەڵ ئەو سەركردانەی كورد كە ئەم رۆژەیان دروستكرد.

فرانس 24 : سڵاوتان لێبێت بینەرانی بەرێز میوانەكەمان كەسایەتیەكی سەرەكیە لە بارودۆخێكی ئێجگار هەستیاری هەرێمی كوردستان لە عێراق، لە 25ی سێپتەمبەردا ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و زۆرینەی دەنگەكان بەڵی بوون، حكومەتی مەركەزی دەستیگرتەوە بەسەر ئەو ناوچانەدا كە پێیاندەوترێت ناوچە جێ ناكۆكەكان ، دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی چەند كەسێكی بە خیانەتكردن تۆمەتباركرد بەوەی كە ڕێگەیان بە هێزەكانی عێراق داوە بێنە گەمارۆی ئەو ناوچانە بدەن و كۆنترۆڵی بكەن بە تایبەت شاری كەركوك ، پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی یەك كەس دەكرێت كە ئەویش بافڵ تاڵەبانیە كە كوڕی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق جەلال تاڵەبانیە و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان شاری سلێمانیەوە لەگەڵمانە بەخێربێیت بۆ بەرنامەكەمان.
بافڵ تاڵەبانی : سوپاست دەكەم.
فرانس 24: بەڕێز تاڵەبانی ئیدارەی مەسعود بارزانی تۆی تۆمەتباركردوە بە ڕێگەدان بە هێزەكانی حكومەتی مەركەزی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری كەركوك و ڕێككەوتنت لەگەڵ بەغداد و ئێران كردوە، وەڵامی تۆ چیە بۆ ئەو تۆمەتە مەترسیدارانە؟
بافڵ تاڵەبانی: من زۆر بە توندی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەمەوە ، هەمو ئەو شتانەی كە تا ئێستا ڕوویانداوە دەرەنجامی كورتبینی سیاسی سەركردەكانی كوردە، من پاش ئەو تراژیدیایە پێشبینی ئەوەم دەكرد كە كورد یەكگرتوبن و بە یەك دەنگ ڕوبەڕوی بارودۆخەكە ببنەوە بەڵام هەروەك جارەكانی پێشو لە جیاتی ئەوەی یەك بگرن دەچن یەكتری سەرزەنشت دەكەن و تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی یەكتری دەكەن و سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست ڕاستی بارودۆخەكە پەرت دەكەن .
فرانس 24: بەڵام بەڕێز تاڵەبانی ئەوان دەڵێن تۆ فەرمانت بە هێزەكانت كردوە لە دژی هێزەكانی حكومەتی مەركەزی میلیشیا شیعەكان شەڕ نەكەن چونكە تۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بە تایبەت قاسمی سولەیمانی هەبوە كە دەوترێت سەرۆكایەتی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات هەر لەبەرئەوەیە كە ئەوان دوبارە تۆمەتبارت دەكەن.
بافڵ تاڵەبانی: بە داخەوە ئەو تۆمەتانەم ئاراستە دەكرێن، لە ڕاستیشدا ئەوانەی كە بەرپرسی ئەو تراژیدیەن هەوڵدەدەن كەسانی دیكە سەرزەنشت بكەن ، ئەوەی لەو شەوەدا لە كەركوك ڕویدا دەتوانم بۆت ڕوون بكەمەوە هێزەكانی پێشمەرگە بە درێژانی ساڵانی ڕابردوو بەو ناوبانگیان دەركردوە كە بەرگریان لە شاری كەركوك كردوە  چەندی سەركردەی ئازای هێزی پێشمەرگە لە پێناوی بەرگریكردندا لەو شارە گیانیان لە دەستداوە ڕوبەڕوی هەمو جۆرە هەڕەشەیەك بونەتەوە ئەمجارەیان ئێمە ڕوبەڕوی دوژمنێكی دیكە بوینەوە لە ڕوی هێزەوە  باڵادەست بو ، سەركردەی سەربازیمان بەڕێز شێخ جەعفەر دوای شەڕێكی سەخت كە بەهۆیەوە نزیكەی سەد كوژراو و دەیان برینداری لێكەوتەوە بڕیاریدا بە شێوەیەكی تەكتیكی پاشەكشە بە هێزەكان بكات ئەوە ڕاستی ڕوداوەكەیە ، بۆ بەرگرتن لە كوژرانی هەزاران پێشمەرگە و شەڕكردن لە ناو شاری كەركوك و بۆ بەرگرتن لە زیانی گەورە و كوژرانی هاوڵاتیانی بێتاوان سەركردەكانی پێشمەرگە بڕیاریاندا پاشەكشێیەكی ستراتیژی لەو ناوچانە ئەنجامبدەن منیش بۆ ئەو كارە فەرمانم پێدان.
فرانس 24: كەواتە تۆ دەڵێیت خیانەتت نەكردوە هەرچەندە هەندێ كەس تەنانەت لە نێو پارتەكەی خۆشت بەوە تۆمەتبارت دەكەن.
بافڵ تاڵەبانی: ئەو كەسانەی لەو ناو پارتەكەی خۆم تۆمەتبارم دەكەم منیش لەلایەن خۆمەوە تۆمەتباریان دەكەم بە خۆ دەوڵەمەند كرد و داوا دەكەم لێكۆڵینەوە لەوبارەیە ئەنجام بدرێت / من بە ڕەسمی داوای ئەوەم كردوە ، دەمەوێت لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو كارانە بكرێت كە لە ناو كەركوك ئەنجامدراون . لە هەمان كاتیشدا داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی دیكە دەكەم  / داوا دەكەم لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەركردانەی كورد كە ئەم ڕۆژەیان دروستكرد / دەمەوێت بە ووردی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت تا بزانین بە كەڵكی ئەوە دێن سەركردایەتی گەلی كورد بكەن. 
فرانس 24: تۆ باسی مەسعود بازرانی دەكەیت، پێش ریفراندۆم جۆرێك لە یەكڕیزی هەبو، كە پێدەچێت جۆرێك بوبێت لە دوو ڕووی كە ئێستا خۆت دەیبینیت. تۆ لەو باوەڕەدایت كە بە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە هەڵەیەكی مێژویی كردبێت؟
بافڵ تاڵەبانی: من بەهیچ شێوەیەك هێرش ناكەمە سەر بەڕێز بارزانی من هیچ شتێك ناكەم كە لە یەكێتی گەلی كورد كەم بكاتەوە / من داوای لێبوردن دەكەم.  یەكێتی گەلی كورد شتێكی سەرەكیە. من ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەمەوە و ڕازی نیم بەم شێوەیەی ئێستا لە ناو قوڕدا ململانی بكەین. پێویستە كورد لە ئێستادا لە هەمو كات زیاتر یەكگرتو بن . بەڵام پێویستە لە خومان بپرسین كە چۆن گەیشتین بەم ڕۆژە، ریفراندۆم پرسیارێك كە پێویست بو بكرێت ،بەڵام ریفراندۆم هەرگیز ئامانجی كۆتایی نەبوە، \ئامانجی كۆتایی بریتی بو لە مافی گەلی كورد ، لەم ڕۆژانەی دواییدا ویلایەتە یەكگرتوەكان، برێت ماكگۆرگ ، فرانك بەیكەر پرۆژەیەكیان پێشكەش بە ئێمە كرد، پرۆژەیەك بو كە ئێمەی دەپاراست ، پرۆژەیەك بو كە گرەنتی دابو بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ماوەی دوو ساڵدا ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكەین. بە داخەوە سەركردەكانی كورد، نەك هەر تەنیا بەڕێز مەسعود بەرزانی بە داخەوە كە ناچارم باسی ئەو بابەتە بكەم ، سەركردایەتی كورد ئەو هەلە مێژوییەیان نەقۆستەوە ....
فرانس 24: ئایا ئەوە هەڵە بو ؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەو هەڵەیەكی ئێجگار گەورە بو  ، تەنانەت لەكاتی شەڕیشدا لە كەركوك هەلێك هەبو ، تەنانەت كاتێكیش كە هێزەكان لە ڕۆژئاواوە بەرەو كەركوك دەچون سەرۆك وەزیران بەڕێز حەیدەر عەبادی پەیوەندی بە ئێمەوە كرد لەگەڵی سازاین، ئەگەر بتەوێت دەتوانم ئەو سازانەت بۆ ڕوون بكەمەوە .
فرانس 24: دەتوانیت بەڵام بە كورتی ، ڕێككەوتنێك هەبو كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە پێشكەشی ئێوە كرابێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: بۆتی ڕوون دەكەمەوە، دوای ڕۆژێك  لە گفتوگۆ پرۆژەیەكمان ئامادەكرد بەپێی پرۆژەكە لە جیاتی ئەوەی كە هێزەكانی عێراق تاك لایەنە بگەڕێنەوە بۆ سەربازگەی كەیوان ، سەربازگەكە دەكرایە بنكەیەكی میحوەری هاوپەیمانان لەدژی داعش، سەربازگە دەبوە جیچگای هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و هەمو هێزەكانی هاوپەیمانان  لەگەڵ هێزەكانی عێراقیش . ئەو كارە دەبوە ڕێگرێك لەو كارەساتەی كە لە كەركوك ڕویدا ، ئەوە تاكە ڕێككەوتنێكە كە من پشتیوانیم لێكردبێت ، من ئەم بەڵگەنامەیەم لە بەردەستە كە 38 سەركردە لە كۆی 50 سەركردەی هێزە هاوبەشەكانی كوردستانەوە واژۆ كراوە و پشتیوانی لە پرۆژەكە دەكەن ئەوە سازانێكی شەرەفمەندانە بو، كەس گیانی لە دەست نەدەداو كەركویشمان دەپاراست و ئەو تراژیدیایەی بەسەر میللەتی كوردا هات ڕوینەدەدا ، بەڵام بە داخەوە، دووبارە سەركردەكان لە كوردستان نەیانتوانی بەڕیارێكی دروست بدەن.
فرانس 24: بەڕێزم تۆ دەڵێیت ڕێككەوتنێكی باشتر لە ئارادابوە، ئایا سەرنجەكانی سەرۆك وەزیران چی بو وێڕای ئەوەی كە ڕویدا ئەوی دەیووت نایەوێت پێكادان ڕوبدات / ئایا دەیەوێت ئۆتۆنۆمی زامن بكات لە كۆتاییدا بگەن بە سەربەخۆیی یاخود سەربەخۆیی ئیتر كۆتایی هات؟
بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبوردن دەكەم، من نازانم بەڕێزی سەرۆك وەزیران حەیدەر بیر لە چی دەكاتەوە ، تاكە شتێك كە من دەیزانم ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی چەندین جار پەیوەندی پێوەكردین و ویستی بگەینە ڕێككەوتن ، زۆرێك لەو ڕێككەوتنانە بۆ ئێمە هەروا ئاسان نەبو قبوڵیان بكەین ، دوا ڕێككەوتنیش كە ئەمریكیەكان وەك ڕێككەوتنێكی جێگرەوە پێشكەشی ئێمەیان كرد قبوڵمان نەكرد ئەوەش هەڵەیەكی مێژویی بو. ئەو كات پاش فشارەكانی لایەنی عێراق و خەڵكی عێراق دووبارە سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی پەیوەندی پێوەكردین و چارەسەرێكی پێشكەش كردین بۆ ڕاگرتنی كێشەكانی ناو كەركوك بەڵام بە داخەوە كات تێپەڕی و سەركردەكانی كورد ڕازی نەبون لەو ماوە كورتەدا ئەو چارەسەر قبوڵ بكەن.  من زۆرم پێناخۆشە كە یەكێتی نیشتمانی بەو شێوەیە بێڕێزی بەرامبەر بكرێت ، بۆ من زۆر ئاسانە كە وەڵام بدەمەوە و كەسانی دیكە تۆمەتبار بكەم ، زۆر بە ئاسانی دەتوانم بڵێم ئێمە سەد كەسمان لە بەرگریكردن لە كەركوك لەدەستدا و دەیان كەس بریندرا و بێ سەروشوێن بو لە كاتی شەڕدا ، دەمتوانی هەمو كوردستان بەبێ شەڕكردن بدەم بە دەستەوە ، ئەگەر من لەگەڵ بەغدا ڕێككەونم كردبێت حەز دەكەم بزانم  هێزەكانی دیكە لەگەڵ كێ ڕێككەوتون؟ 
فرانس 24: لە ئێستادا ئەو دابەشبونە لە ئارادایە و ئەوەش ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكانمان وەبیردەهێنێتەوە كاتێك حیزبەكەی تۆ و حیزبەكەی مەسعود بارزانی  لە شەڕدابون، ئایا تۆ لەوە ناترسێت شەڕی ناوخۆ لە نێوان هێزە كوردیەكاندا بەرپاببێت ؟ 
بافڵ تاڵەبانی: من هەمیشە شەڕ و خوێن ڕشتن نیگەرانم دەكات. من هێزی سەریازیم تاقیكردۆتەوە ئەوە شتێك نیە كە من حەزی لێبكەم/ من پێمخۆش نیە خەڵكی بنێرم بۆ شەڕ..... بۆ ئەوەی بەرەو پێش یچین پێویستە هەوڵبدەین یەكبگرین ، لە ئێستادا حیزبە كوردیەكان و گەلی كورد دەبێت زیاد لە هەر كاتێكی دیكە یەكگرتو بن، هەر لەبەرئەوەشە كە ئێمە بە شێوەیەكی وەڵامی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانە نادەینەوە كە لە ڕاگەیاندە كوردیەكانەوە ئاراستەمان دەكرێن. ئەو تۆمەتانە لە ئاست من و یەكێتی نیشتمانی و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە ئازایانە بەرگریان لە شاری كەركۆك كرد هیچ نرخێكیان نیە، ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بۆ چەندین دەیە خوێنیان ڕشتوە و بەرگریان لە گەلی كورد كردوە .
فرانس 24: بەڵام ئایا ئەمەوە دەگەیەنێت كە تۆ بتەوێت سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەیت و سەربەخۆیی لە داهاتویەكی نزیكدا بەدی نایەت.
بافڵ تاڵەبانی: گەلی كورد دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات ، پێویستە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەین ، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەشدار بێت. پێویستە پەیوەندی بكەین بە وڵاتانی دراوسێشەوە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین كە هەمو كوردستانی گرتۆتەوە ڕێگە بگرین لە دروستبونی كارەساتی گەورەتر.
فرانس 24: دوا پرسیار ، دوبارەی دەكەمەوە ئایا سەربەخۆیی كوردستان لە ئێستادا بە هۆی ئەو بارودۆخەوەی كە ئێستا لە ئارادایە بۆ چەندین ساڵی دیكەی دوا دەكەوێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە خەونی هەمو كوردێكە كە كوردستان سەربەخۆ بێت ، بەڵام پێویست كار بكەین بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆ بێت، پێویستە پێگەیەكی بەهێزمان هەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین پێویستە لەگەڵ پێشبینیەكانی هاوپەیمانانمان لە ڕۆژئاوا واقیعبین بین پێویستە زۆر بە وردی بیر لەوە بكەینەوە، پێویستە كار بكەین و لۆبی بۆ دروست بكەین دەبێت پلانی بۆ دابنێین لایەنی یاسایی و لایەنی سەربازی  چەندین لایەنی دیكە هەن، هەمو كوردێك دەیەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت ، ئەو شتە لە كاتی خۆیدا دێت و ئێمە لە كاركردن ناوەستین و هەمو هەوڵێك دەدەین بەڵام ناكرێت ئەوەی ئێستا دەكەین دوبارەی بكەینەوە پێویستە كورد یەكگرتوبێت و پێكەوە شان بە شان ڕوبەڕوی دوژمنانمان ببینەوە بە ڕێگەی دیبلۆماسی لە سایەی یاسادا بگەینە ڕێككەوتنێك كە لە كۆتاییدا بەرەو سەربەخۆیی كوردستانمان دەبات.
فرانس 24: پاڤڵ تاڵەبانی زۆر سوپاست دەكەین كە لە سلێمانیەوە لە هەرێمی كوردستانی عیراقەوە لەگەڵمان بویت سوپاسی ئێوەی بینەرانیش دەكەین كە لەم چاوپێكەوتنە لەگەڵمان بون لە فرانس 24  
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket