riklam

میدیای بەرپرسیار بەرامبەر میدیای چەواشەکار

بیروڕا 09:03 PM - 2026-07-19
ڕێبوار ستار

ڕێبوار ستار

میدیا وەک ئامرازێکی کاریگەری سەردەم، توانایەکی دوولایەنەی هەیە، لەلایەک دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن زانیاری و بەرپرسیار دروست بکات، لەلایەکی دیکەشەوە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکار، دەبێتە هۆی شێواندنی واقیع و تێکدانی سەقامگیری. میدیای بەرپرسیار ئەو دەزگایەیە، کە پابەندە بە بنەماکانی پیشەیی و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی، بە وردی سەرچاوەکان دەپشکنێت و جیاوازی لە نێوان هەواڵ و بۆچوون دەکات، لە کاتێکدا میدیای چەواشەکار بە مەبەستی تێکدانی تێگەیشتنی خەڵک کار دەکات و بە سوودوەرگرتن لە ناونیشانی ورووژێنەر و زانیاریی نیوەڕاست، هەوڵی چەواشەکردنی بیر و بۆچوونی گشتی دەدات.

لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە بەشێکی زۆر لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیاکان بێ گوێدانە بنەماکانی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی و یاساکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کار دەکەن. ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە میدیایانە تەنها کۆکردنەوەی بینەر و ڤیو و لایکە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات. ئەم میدیایانە بە شێوازێکی چەواشەکارانە ڕکابەری ئەو دەزگایانە دەکەن کە جێگەی متمانەی خەڵکن، بە تایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە ئەمنییەکاندا، چەواشەکاری میدیایی دەبێتە هەڕەشە و سەرچاوەی بەهێز بۆ نەیاران.

بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو جۆرە میدیایە، پێویستە وەک خوێنەر یان بینەر هەمیشە پرسیار لەسەر ڕاستییەکان بکەین. دەبێت دڵنیا بین کە ئایا سەرچاوەی هەواڵەکە دیار و باوەڕپێکراوە؟ ئایا هەواڵەکە لەلایەن چەند سەرچاوەی سەربەخۆی دیکەوە پشتڕاست کراوەتەوە؟ هەروەها دەبێت بەراورد بکەین کە ئایا ناونیشان و ناوەڕۆکەکە یەکدەگرنەوە و ئایا هەواڵەکە بەڵگە و ئاماری زانستی لەگەڵدایە، یان تەنها پشت بە هەست و بۆچوونی سۆزداری دەبەستێت.

لە کۆتاییدا، دەبێت لەبیرمان نەچێت کە هیچ میدیایەک بە تەواوی بێهەڵە نییە و پێشەی میدیایی پیشەیەکی هەستیارە، کە دەتوانێت ئاراستەی کۆمەڵگە بگۆڕێت. باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی میدیای چەواشەکار، خوێندنەوەی هەواڵ لە چەند سەرچاوەی جیاواز و هەمەچەشنە. پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوە یان باوەڕهێنان پێیان، گرنگترین هەنگاوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پارێزراو بێت لەو پشێوی و نائارامییەی کە لە ئەنجامی زانیاریی هەڵە و چەواشەکاریدا دروست دەبێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket