riklam

بافڵ تاڵەبانـی ، هەڵوێستێک بەباڵای نیشتمان

بیروڕا 02:21 PM - 2026-07-19
ئازاد جۆڵا

ئازاد جۆڵا

پەرەسەندنەکەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ناوچەکەو بەتایبەت هەرێمی کوردستان، ڕاگەندراوێکی فەرمی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی (یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) ی بەدوایخۆیداهێنا.

هەڵوێستێک لەم دۆخە هەستیارەدا خوێندنەوەی جیاواز و قووڵی بۆ دەکرێت، بەتایبەت ڕووەو وڵاتێک کەپەیوەندییەکی مێژوویی، سیاسی و دیبلۆماسی بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، دەرکردنی بەیاننامەیەکی بەم شێوە توند و ڕاشکاوە، کە تیایدا هێرشەکە بە (شەڕانگێزی) و (دوژمنکارانە) ناودەبات. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لەڕێگەی دیپلۆماسییە نەرمەکان دەرچووەو پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیددی هەیە، لەهەمانکاتدا وەک هەنگاوێک دەبیندرێت بۆ دوورکەوتنەوە لەسیاسەتی (دەستەوسان) یان (بێدەنگیی ستراتیژی) لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و خەڵکە ئاشتیخوازەکەی.

خاڵی وەرچەرخان لەم بەیاننامەیەدا، ئەو ڕستەیە کە دەڵێت (هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان). بەو مانایای هەرێمی کوردستان یەک نیشتمانەو هیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان شارێک و شارێکیتر، یان ناوچەیەک و دەڤەرێکیتر، ئەم دەستەواژەیە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان هەولێر و سلێمانی، بەتایبەت لە کاتی قەیرانە ئەمنییەکاندا، بۆ ئەوەی نیشان بدرێت کە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ، نابنە هۆی ئەوەی یەکێتی لەبەرەی نەتەوەیی بەرامبەر هەڕەشەی دەرەکی پاشەکشە بکات. بەڵکو لەهەموو کات سوورترە لەسەر پاراستنی سەروەری خاک و شکۆمەندی گەلەکەی، بەکارهێنانی وشەی (سەروەری نەتەوەیی) و (هێڵی سوور)، پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ شەقامی کوردی، کەیەکێتیی و سەرۆکەکەی پارێزەری سەلامەتیی هەموو هاووڵاتییانە.

بافڵ تاڵەبانی لە بەیاننامەکەدا هاوسەنگییەکی وردی گرتووە،بە ڕاشکاوی باسی بەرگریکردنێکی ژیرانە، یەکلاکەرەوە و بەهێز دەکات. ئەمەش هێزێکی پتەو دەبەخشێت بە کۆمەڵانی خەڵک و هێزەکانی بەرگریکاری نیشتمان.

لەلایەکی تریشەوە لەبەیاننامەکەدا ( دیبلۆماسییەت) وەک ڕێگاچارەیەکی عاقڵانە دەبینێت و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی (بەدوای پەرەسەندنی گرژییدا ناگەڕێین)، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی و هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە لایەنێک لە شەڕێکی کراوە، بەڵکو دەیەوێت لەڕێگەی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە (هاوپەیمانان) ئەو دۆخە کۆنتڕۆڵ بکات.

ئاڕاستەی پەیامەکەی تاڵەبانی تەنها ڕووی لە ئێران نییە، بەڵکو پەیامێکی ناڕاستەوخۆشە بۆ حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی. لەکاتێکدا عێراق بەرامبەر بەم جۆرە پێشێلکارییانە بێدەنگەو وەک پێویست نیە، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت بڵێت ئەگەر بەغدا نەتوانێت سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت، ئەوا هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵوێستی سەربەخۆ و توندی خۆی دەبێت. ئەمەش دەکرێت کاریگەری لەسەر هاوکێشە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش هەبێت.ئەم هەڵوێستە لەسەر گۆڕەپانی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و پایەگای جەماوەریی یەکێتی، ڕەهەندێکی گرنگی دەبێت، دەکرێت وەک (پرۆسەی نوێکردنەوەی پێگەی سیاسیی یەکێتی) لێکبدرێتەوە. لەکاتێکدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.

تاڵەبانی بەم هەڵوێستەی خۆی وەک سەرکردەیەکی بەرگریکار لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نیشان دەدات و هاوکێشەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران لە قاڵبێکی (دەستەبژێری) و (بێدەنگ)ەوە بگوازێتەوە بۆ قاڵبێکی (شەفاف) و (نیشتمانی)...
ڕاستییەکیش هەیە کە ئەم هەڵوێستە پایەو پێگەو یەکێتی و (سەرکردەی دەستپێشخەر)، لە پاراستنی "سەروەری" بەهێـز دەکات. کاتێک سەرۆکی حیزب بە ئاشکرا و بە وشەی توند وەڵامی هێرشێک دەداتەوە کە سەروەریی خاکی کوردستان دەکاتە ئامانج، ئەمە لای تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک (خاوەندارێتی لە نیشتمان) لێکدەدرێتەوەو هەڵدەسەنگێندرێت، لەهەمانکاتدا ئەو نیگەرانییانەش کەم دەکاتەوە کە پێشتر هەبوون سەبارەت بە نەرمی نواندنی یەکێتی لە بەرامبەر دەرەکی، بەتایبەتیش ئێران، ئەگەر هەبووبێت.

ناوەڕۆکی پەیامەکە، یەکێتی و سەرۆکەکەی، وەک حیزبی (دیپلۆماسی و ئاشتیخواز) وێنا دەکات، ئەم بەیاننامەیە وەک (بەرگرییەکی شەرەفمەندانە) دەخوێندرێتەوە نەک (شەڕخوازی). ئەویش بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەم هێرش و پەلامارانە وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێناسە دەکات و لەهەمانکاتشدا ئامادەیی بۆ کاری دیپلۆماسی دەخاتەڕوو، پاراستنی خەڵکیش وەک هێڵی سوور دەبینێت.

سەرۆکی یەکێتیی توانیویەتی مۆرکی (بەرگریکاری ئاشتیخواز و یەڕیزی نەتەوەیی) بە گوتارەکەیەوە بنێت، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەو توێژانە دەبێت کە دژی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوخۆیین، بەڵام هاوکات دژی پێشێلکاریی دەرەکیشن بۆ سەر وڵاتەکەیان.

 ئەمە جگە لەوەی ئەم هەڵوێستە دەبێتە پردێک بۆ یەکگرتوویی دەروونیی کادرو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی و ئاوێتەبوونی زیاتری بەجەماوەر، کاتێک کەدەبینێت سەرکردایەتییەکەی لە بەرەی (نیشتمان و خەڵک)دا وەستاوەو هەڵوێستی فەرمی وەردەگرێت و لە کاتی پێویستدا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێش هەموو بەرژەوەندییەکانیتر دەخات. بەتایبەت کە هەمیشە خەڵک داوای هەڵوێستی ڕاشکاوانەی نەتەوەیی لەسەرکردەو حزبەکان دەکەن.

بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی لە ڕووی ناوخۆییەوە وەک سەرکەوتنێکی مەزنی نەتەوەیی نیشتمانی لێکدەدرێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئاستی دەرەکی و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانیش، دەرەنجامێکی جیاوازی لێ بکەوێتەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket