riklam

ئەمریکا و ئێران؛ رێککەوتن یان لێکتێگەیشتن؟ پاڵنەر و سیناریۆکان داهاتوو

بیروڕا 10:03 PM - 2026-06-17
د.یوسف گۆران

د.یوسف گۆران

 رانانی ئایندەیی ژمارە (13)
– توێژەران: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.فاروق عبدول مەولود.
– سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیی – سلێمانى – هەرێمى کوردستان.
– نیسانی ٢٠٢٦.

پێرستى ته‌وه‌ره‌كان:

ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى نێوان ئەمریکا و ئێران.
ته‌وه‌ری دووەم: پاڵنه‌ره‌كانی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و ئێران.
ته‌وه‌ری سێیەم: سیناریۆكانی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و ئێران.

سه‌ره‌تا

 لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، پێشهاتێکی چارەنووسساز لە نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا ڕویدا، کە ڕەنگە ببێتە خاڵێكى وەرچەرخانى گرنگ لەناو ئاڵۆزییەکانى ئەم دواییەى نێوانیان، كە ئەویش بریتیبوو لە واژۆكردنى ئۆنلاینى بەڵگەنامەیەك لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەناوى (یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن).ڕانانی ژمارە 13؛ لە سێ تەوەردا هه‌وڵده‌دات تێگەیشتنێكى یاسایى لەسەر سروشتى ئەم بەڵگەنامەیە وئاستى کاریگەرییەکانی وجیاوازى (یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن) لە هەریەكە لە (ڕێککەوتننامەى جێبەجێكردن) و(پەیماننامەی نێودەوڵەتی) ومیكانیزمەكانى گۆڕینی یاداشتنامە بۆ ڕێککەوتننامە یان پەیماننامەی نێودەوڵەتی بخاته‌ڕِوو، هه‌روه‌ها شیكاری ورد ده‌كات بۆ سیناریۆكانی ڕێککەوتنی گشتگیر یان ئاشتی هەمیشەیی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌مریكاو ئێران به‌ تێگه‌یشتن له‌و هۆكارو پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ له‌پشت به‌رده‌وامی دانوستانه‌كان و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنه‌‌وه‌ بوون.

ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م،  یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى نێوان ئەمریکا و ئێران
یەكەم: سروشتی یاسایی یاداشتنامەکە لە نێوان ئەمریکا و ئێران: هەروەك ڕاگەیەنراوە ئەو بەڵگەنامەیەی لە ١٥ حوزەیرانى ئەم ساڵدا لە نێوان ئەمریکا وئێران بەشێوەى ئەلكترۆنى واژۆ کراوە، لە ڕووی یاساییەوە تەنها سیفەتى (یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن - Memorandum of Understanding)ى پێدراوە و بەندەكانى وەک چوارچێوەیەکی سەرەتایی و ئامادەکاری داڕێژراون، بەئامانجی ڕاگرتنی دەستبەجێی پرۆسە سەربازییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێى دانوستان بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، بەمەبەستی ئەوەی لە کۆتاییدا بەڵگەنامەكە لە یاداشتنامەوە بگۆڕێت بۆ پەیماننامەیەکی ئاشتیی هەمیشەیی.

لە یاسای نێودەوڵەتیدا، جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان جۆرەکانی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە واژۆكراوەکان لەنێوان وڵاتان هەیە، بەشێوەیەك كە زۆربەی جار (یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن) پابەندبوونی یاسایی توندی بەسەر لایەنەکاندا نییە و تەنها نیازپاکی بۆ هاوکاری ڕاگرتنى ململانێ نیشان دەدات، میكانیزمەكانى پەسەندکردنی ئاسان وكورتبڕە و پێویستی بە هەنگاوى درێژخایەنى وەك ڕەزامەندى پەرلەمان لە وڵاتانى لایەندا نییە. لە بەرامبەردا، (ڕێککەوتننامەى جێبەجێكردن - Executive Agreement) كە زیاتر بۆ بابەتێکی دیاریکراو (وەك: بازرگانی، ڕۆشنبیرى...) واژۆدەركرێت لە ڕووی یاساییەوە ئاستى پابەندكردنى لایەنەکانى لە یاداشتنامە بەهێزترە، هەرچەندە (لە فیقهى ئەمریكیدا) تەنها پێویستی بە ڕەزامەندیی حکومەتى وڵاتە لایەنەکانە نەك ڕەزامەندى پەرلەمانەكانیان. بەڵام (پەیماننامەى نێدەوڵەتى International Treaty)، کە زیاتر بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ گەورەکان و چەسپاندنی ئاشتی یان ڕێكخستنى چەند بابەتێكى بەرفراوان و درێژخایەن بەکاردێت، باڵاترین و قورسترین ئاستی پابەندبوونی یاسایی نێودەوڵەتی بەسەر لایەنەكانیدا دەسەپێنێت و پرۆسەی پەسەندکردنیشی ئاڵۆزتر و درێژخایەنترە بەتایبەت كە پەسەندكردن و ڕاستاندنى پەرلەمانى وڵاتانى لایەنى پێویستە، بۆیە شکاندنی پەیماننامە سزای نێودەوڵەتی بەدوادا دێت.

دووەم: میکانیزمەكانی گۆڕینی یاداشتنامەكە بۆ پەیماننامەی ئاشتی: بۆ ئەوەی ئەم یاداشتنامە کاتییە ببێتە پەیماننامەیەکی ئاشتیی هەمیشەیی، پێویستە لە ماوەی ئەو ٦٠ ڕۆژەى كە دیاریكراوە، لایەنى كەم بە پێنج قۆناغی ئاڵۆزی یاسایی و دانوستاندا تێبپەڕێت. سەرەتا دەبێت لیژنەی هونەرى یاسایی و سەربازی هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ وەرگێڕانی خاڵە گشتییەکانی ناو یاداشتنامەکە بۆ دەقی یاسایی ورد و داڕشتنى ڕەشنووسی کۆتایی كە تێیدا کێشە ئاڵۆزەکانی وەکو نەخشەڕێژى سنوورەكان و کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران یەکلایی بکرێنەوە. دواتر، ڕەشنووسەکە لەلایەن سەرۆکی شاندەکانەوە بە پیتى یەكەمی ناوەکانیان واژۆ دەکرێت تاكو دانوستانەکان دابخرێن و کەس نەتوانێت بە تەنیا دەستکاریی بڕگەکانى ڕەشنووسەكە بکات بەرلەوەی بیخرێتە بەردەم سەرکردایەتی سیاسی وڵاتە لایەنەكان. دواى ئەم قۆناغە، بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا لەسەر ئاستی سیاسیی باڵا (سەرۆک یان وەزیرانی دەرەوە) ڕەشنووسەكە واژۆ دەکرێت. ئەمجا گرنگترین قۆناغ بریتییە لە پەسەندکردنی ناوخۆیی ڕەشنووسەكە لەلایەن دەسەڵاتى یاسادانانی هەردوو وڵاتەوە. لە کۆتاییشدا، دوای ئاڵوگۆڕکردنی دەقى بەڵگەنامە پەسەندکراوەکە (پەیماننامەكە) و دانانی لەلای سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیماننامەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنی نێودەوڵەتییەوە.
سێیەم: هەنگاوەكانى پەسەندکردنى ناوخۆیى لە ئەمریکا و ئێران: ڕێكارەکانی پەسەندکردنی پەیماننامە لە ناوخۆی هەردوو وڵاتدا تەواو جیاواز و ئاڵۆزن. هەرچى لە ئێرانە، پرۆسەكە پێویستی بە ڕەزامەندییەکی فرەقۆناغى تەشریعى وسیاسى وئایننى باڵا هەیە؛ سەرەتا دەبێت (ئەنجومەنی شوورا – پەرلەمان – بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی بکات بە مەرجێک دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئامادەبن. دواتر، (ئەنجومەنی پارێزەری دەستوور) لە ڕووی شەرعی و دەستوورییەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکات، لە کاتی ناکۆکیشدا پەنا بۆ (كۆمەڵەى دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەكانى ڕژێم) دەبرێت. بەڵام بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە تەنها بەدەست ڕێبەری باڵایە.

لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، بەپێی دەستوور، پەسەندکردنی پەیماننامەكان تەنها ڕەزامەندى ئەنجومەنى دووەمى کۆنگرێس (ئەنجومەنی پیران – Senate)ى پێویستە، كە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامان (واتە لانی کەم ٦٧ سیناتۆر ئەگەر هەموو ئەندامانی ئامادەبوون) ڕەزامەندی لەسەر بدەن، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی بە لێژنەی پەیوەندییەكانى دەرەوەى ئەنجومەنەكە.

دوای ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پیران، سەرۆک كۆمار دەتوانێت واژۆی کۆتایی لەسەر بکات. لێرەدا جێى خۆیەتى ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە ئەگەر سەرۆکی ئێستاى ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) بیەوێت وەک (ڕێککەوتنی جێبەجێکردن) بە دەسەڵاتی خۆی تێیبپەڕێنێت، بەمەبستى خۆدەربازكردن لەئاڵۆزییەكانى دەنگدانی ئەنجومەنی پیران، ئەوا بەڵگەنامەکە سیفەتی (پەیماننامەی هەمیشەیی) وەرناگرێت و تەنها دەبێتە ڕێککەوتنێکی لاواز و هەر سەرۆک كۆمارێکی داهاتووى ئەمریكا دەتوانێت بە ئاسانی هەڵیوەشێنێتەوە.

چوارەم: لێکەوتەکانی پێشێلکردنی ئەم یاداشتنامە کاتییە: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم یاداشتنامەیەی ئێستا تەنها ئامرازێکی کاتییە بۆ وەستاندنى كردە سەربازییەكان، هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن ئێرانەوە لێکەوتەی مەیدانی و سیاسی زۆر خێرای دەبێت. وەک چۆن سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوە، دەستبەجێ هێرشە ئاسمانییەکان بە چڕی دەستپێدەکەنەوە و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمزدا دەسەپێندرێتەوە. هاوکات، پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو ٢٤ بۆ ٢٥ ملیار دۆلارەی ئێران کە بڕیاربوو بگەڕێتەوە، ڕادەگیرێت و سەرجەم ئەو بەڵێنانەش پوچەڵدەبنەوە کە بۆ پاڵپشتی و ئاوەدانکردنەوەی ئێران درابوون كە بەپێى هەندێك خەمڵاندن بڕەكەى ٣٠٠ ملیار دۆلارە. سەرەڕای ئەمانەش، شکستپێهێنانی ئەم یاداشتنامەیە ئاگری جەنگ لە تەواوی بەرەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە لوبنان، هەڵدگیرسێنێتەوە.

ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: پاڵنه‌ره‌كانی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و ئێران

 بەپێی ئەو ڕەشنووسانەی کە چەند جارێک هەموار کران، پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەو ڕێککەوتنێکی گشتگیر، تێکەڵەیەکە لە بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی، ئابووری، وزە و سەقامگیریی ناوچەیی، کە تێیدا هەر لایەنێک دەیەوێت جۆرێک لە هاوسەنگیی بەدەستهێنان و پاراستنی دەستکەوتەکانی مسۆگەربکات.

- ئەمریکا، سفرکردنەوەی ئەتۆم و پاراستنی هاوسەنگی و ئاسایشی وزە
خاڵی سەرەکی سەبارەت بە ئەمریکا، سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەندین لێدوانیدا جێگیرکردنی ئەو بڕگەیەی لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکاندا وەک خاڵی سەرەکی و سەرکەوتن وێنا کردووە. سیاسەتی سەرەکیی واشنتۆن لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ پرۆسەی دانوستانەکاندا کردووە؛ بەو پێیەی نزیکبوونەوەی تاران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، مەترسیی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و هاوپەیمانە هەرێمییەکانی.

فاکتەری ئاسایش، وزە، گواستنەوە و کرانەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان، و هەروەها فشارەکانی ئەورووپا و چین لەسەر ئیدارەی ترەمپ لەو بارەیەوە، خاڵی وەرچەرخان بوون بۆ کورتکردنەوەی ماوەی بەریەککەوتنە سەربازییەکان و پەنابردن و بەردەوامیدان بە پرۆسەی دانوستانەکان، بەتایبەتیش پرسی کرانەوەی گەرووی هورمز کە بەشێکە لە شادەماری ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە. جیا لەوەش، وڵاتانی ئەورووپا هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی بژاردەی جەنگ نەبوون و نەبوونە لایەنێک لە جەنگەکەدا، کە ئەمەش بەردەوام ترەمپی نیگەران دەکرد و نیگەرانیی خۆی لەو بارەیەوە دەردەبڕی.

هەروەها فراوانبوونی بەرەکانی دیکە و کارابوونی هێزە نزیکەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، واشنتۆنی تووشی دڵەڕاوکێ کرد؛ پێیان وابوو کە نەبوونی ڕێککەوتن و بەردەوامیی گەمارۆکان لەسەر ئێران، ڕەنگە ئەو وڵاتە زیاتر هان بدات بۆ بەکارهێنانی هێزە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن)، ئەمەش مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی زیاتر دەکات، بەتایبەتی کە ئێرانیش هەڕەشە، هێرشەکان و پرۆسەی ڕێککەوتنەکەی گرێ دابوو بە ڕاگرتنی جەنگ لە بەرە نزیکەکانی دیکەی وەک لوبنان و یەمەن. بۆیە خواستی ئیدارەی ترەمپ بۆ ڕێککەوتن، بەشێک بوو لە هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگێکی فراوانی فرەبەرەیی لە ناوچەکەدا، کە پێیان وابوو لە مەودای دووردا ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

هەرچەندە هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە، ڕای گشتیی ئەمریکا و بەشێکی فراوانی نوخبەی سیاسیی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەتوندی دژی جەنگ بوون و پێیان وابوو ئەوەی هەیە جەنگی ئەمریکا نییە و دەکرێت لە ڕێگەی دیکەوە فشار لە ئێران بکرێت. پێشتریش سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا -بەتایبەت دوای لێکەوتەکانی جەنگی عێراق و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات- لەسەر ئەوە کۆك بوو کە پێویستە واشنتۆن قورسایی سەربازی و دارایی خۆی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجە ستراتیجییەکەی خۆی ئاڕاستەی ئاڵنگارییە جیهانییە گەورەکان بکات، بەتایبەتی ململانێ بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و بەهێزبوونی چین وەک نەیارێکی سەرەکیی ئابووری و سەربازی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا.

جیا لەوەش، ڕۆڵی هەریەکە لە چین و ڕووسیا لە پرۆسەی دانوستانەکاندا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز و پاراستنی پێگەی ئابووری و جیۆپۆلیتیکییان، کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەبوو. هەردوولا بەتوندی داکۆکییان لە شکاندنی گۆشەگیریی ئێران دەکرد، ئەمەش لەپێناو دوو ئامانجدا: یەکەم، پاراستنی چوارچێوەی فرەجەمسەری لە سیستمی نێودەوڵەتیدا؛ دووەم، دوورخستنەوەی گرژییەکان لە نزیک سنوورەکانیان، چونکە پێیان وابوو بە کەوتنی ئێران باڵانسی هێز لاسەنگ دەبێت و چیتر ناوچەکە و سنوورەکانیان ئارام و جێگیر نابن.

- ئێران، دەرچوون لە داڕمانی ئابووری و پاراستنی هێز و پێگەی ناوچەیی
هەرچی ئێرانیشە، دەربازبوون لە تەڵەی ئابووریی کوشندە و پاراستنی پێگەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی ناوچەیی، لە بڕگە سەرەکییەکانی ئەو لێکتێگەیشتنەن کە بڕیارە بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن دۆسیەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا پێ دابخات.

فاکتەری ئابووری و وزە، جووڵێنەری سەرەکیی پرۆسەی دانوستانەکان بوو. بەهۆی ئەم دوو فاکتەرەوە، داڕێژەرانی سیاسەت لە ئێران و تەنانەت لە ئەمریکاشدا، خواستیان هەبوو خاڵێکی کۆتایی بۆ جەنگەکە دابنرێت، بەتایبەتی بۆ لایەنی ئێرانی کە پێیان وابوو درێژەکێشانی جەنگ جۆرێکە لە خۆکوژیی سیاسی؛ چونکە لەم ماوەیەدا بەهۆی گەمارۆی دەریایی، کاریگەریی فشارە ئابوورییە توندەکان و بەردەوامیی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر کەرتی وزە، ڕێژەی هەڵاوسان و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردبوو. بۆیە ڕێککەوتن بۆ تاران، جگە لەوەی بژاردەیەکی ناچاری بوو، هاوكات بەشێک بوو لە پرۆسەی پاراستنی شەرعییەتی جەماوەری لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بارگرانییە ئابوورییەکان لەسەر شانی هاووڵاتییان. ئێران پێویستیی زۆری بەوە بوو کە لە بازاڕی جیهانی دانەبڕێت، چونکە درێژەکێشانی جەنگ، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بەرەو نەمان دەبرد و ئەگەری هەبوو بە لەدەستدانی ئەو بەرژەوەندییانە لەسەر ئاستی جیهانی پشتگوێ بخرێت، بەمەش لە یەک کاتدا هەم توانای ئیدارەدانی جەنگ و هەمیش توانای دانوستان و جێکردنەوەی داواکارییەکانی لەدەست دەدا.

لە ڕووی جیۆپۆلیتیکیشەوە، تاران گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە جەنگ و کاریگەرییەکانی تەنیا وابەستەی دۆخی ئابووری نەبوو، بەڵکو لێکەوتەکانی لەوە فراوانتر بوو، بەتایبەتی بۆ پێگەی وڵاتەکە وەک هێزێکی هەرێمیی کاریگەر. تاران لەم ماوەیەدا بەقووڵی لە خەمی پاراستن و گێڕانەوەی شەرعیەتدا بوو بۆ ئەم پێگەیەی، و باوەڕی وابوو مانەوە لە دۆخی جەنگدا ئەم ڕۆڵە (ئەگەر لەدەستیش نەدرێت) لاوازتر دەکات. بۆیە سەرباری ئەو زیانە زۆرانەی لە ماوەی جەنگەکەدا بەری کەوت، بەڵام دەستبەرداری هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەی دیپلۆماسی نەبوو. نوخبەی سیاسیی ئەو وڵاتە پێیان وابوو ئەگەر بیانەوێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بەتەواوی لەدەست نەدەن و قووڵایی ستراتیجییان لە (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن)دا بپارێزن، دەبێت لانی کەم بوارێک بۆ گفتوگۆ و دانوستان هەبێت، بۆیە لە یەک کاتدا بەرەی جەنگ و دانوستان بە کراوەیی مانەوە.

 سەرباری بوونی چەندین فاکتەر و هۆکاری دیکە لە پشت بەردەوامیدان بە پرۆسەی دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن، مەترسیی پەرەسەندنی ململانێکان بۆ جەنگێکی ناوچەیی فراوان کە تێیدا وڵاتانی دیکەش ببنە بەشێک لێی، وەک هۆکارێکی فشار بە بەردەوامی مابووەوە؛ ئەمەش هەردوو لایەنی بەشەڕهاتووی ناچار کرد کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن، تا ڕێککەوتنەکە ببێتە ئامرازێک بۆ ئیدارەدانی ململانێکان و دوورخستنەوەی سیناریۆی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.

 تەوەرەی سێیەم: سیناریۆکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران

 ١- سیناریۆی ڕێککەوتنی گشتگیر یان ئاشتی هەمیشەیی
سەرکەوتنێکی دیپلۆماسیی هەمەلایەنە کە نەک تەنیا دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵکو بەرنامەی موشەکیی بالیستی و تۆڕی گرووپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

لێکەوتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان:
 -سەقامگیریی ناوچەیی: کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە گرژییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە (یەمەن، سووریا، عێراق و لوبنان)، بە تایبەت ئەو تێوەگلانانەی کە دەوڵەتانی کەنداوی گرتبووەوە.

 -تێکەڵبوونی ئابووری: هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکانی ڕۆژئاوا، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئێران بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهانی و بازاڕەکانی وزە، ئازادبوونی گەرووەکان و کارکردن بۆ دانپێدانیان وەک کۆریدۆری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
 -دڵەڕاوکێی هاوپەیمانان: دروستبوونی نائارامی و دژایەتیی توند لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانە نەریتییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، کە مەترسیی ئەوەیان هەیە واشنتۆن لەسەر بنەمای ئاسایشی ئەوان لەگەڵ ئێران ڕێککەوتبێت. ئەم دڵەڕاوکێیە زۆرتر لای ئیسرائیل هەیە و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا ڕێککەوتنەکە وەک ڕێککەوتنێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی وەسف نەکات.

 -ئاشتیی گشتگیر: ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە دەرگایەکی تازە بۆ گفتوگۆ لەبەردەم شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکاتەوە و نێوەندگیرییەک بهێنێتە کایەوە کە هەردوولا پێی ڕازی بن؛ چونکە هەردوولا سوود لە دەرفەتی هاوپەیمانەکانیان وەردەگرن بۆ ئەوەی دۆستەکانیان دەستکراوە بن لە پێشنیارکردنی ڕێگەچارەی ئاشتیانە.

٢- سیناریۆی بەردەوامیی دۆخی ئێستا / گرژیی کۆنترۆڵکراو

بەردەوامبوونی هاوکێشەی ''نە جەنگ و نە ئاشتی''. ئەمەش پشتبەستنە بە سزای ئابووریی ئاراستەکراو، شەڕی ئەلیکترۆنی و پێکدادانی ناڕێکخراوی ناوچەیی، بەبێ ئەوەی دۆخەکە بتەقێتەوە بۆ جەنگێکی سەربازیی گەورە و گشتگیر.
لێکەوتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان:

 -شەڕی ناوچەیی و کورتخایەن: بەردەوامبوونی شەڕی بریکارایەتی لە عێراق، سووریا و یەمەن، لەگەڵ هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر هێڵە نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی (وەک دەریای سوور و کەنداو).

 -مەترسیی لەدەستدەرچوونی چاودێری:  ئێران بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و هێشتنەوەی خۆی وەک دەوڵەتێکی ''لەسەر لێواری چەکی ئەتۆمی''، ئەمەش ڕۆژئاوا لە حاڵەتی ئامادەباشیی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت لە ڕێگەی تیمی نێودەوڵەتییەوە چاودێریی دۆسیەکە بکات، بە تایبەت ئەگەر نەتوانێت ڕێگری لە دۆستەکانی ئێران بکات.

 -گۆشەگیریی ئابووری: ئێران لە ژێر سزای قورسی ئەمریکادا دەمێنێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات زیاتر پشت بە فرۆشتنی نایاسایی نەوت و تۆڕەکانی قاچاخچێتی ببەستێت، کە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزە هەبێت.

 ٣- سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ

سیناریۆیەك کە بەهۆی بەزاندنی هێڵی سووری ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، یان هێرشێکی گەورەی بریکارەکان، یان تێکچوونی ناوخۆیی توندی ئێران کە دەستێوەردانی دەرەکی بەدوای خۆیدا بهێنێت، دێتە ئاراوە.

لێکەوتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان:

 -پاشاگەردانیی هەرێمی: جەنگێکی بەرفراوان کە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئێران و وەڵامدانەوەی موشەکیی توندی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ژێرخانی نەوتیی وڵاتانی کەنداو دەگرێتەوە.

 -شۆکی ئابووریی جیهانی: بەرزبوونەوەی پێوانەیی و کتوپڕی نرخی نەوت لە جیهاندا بەهۆی ئەگەری داخران یان پەککەوتنی گەرووی هورمز، کە دەکرێت ببێتە هۆی داکشانی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان.

 ٤- سیناریۆی ''بازدان بەرەو ڕۆژهەڵات''

ناوەندەکانی توێژینەوە زیاتر جەخت لەم سیناریۆیە دەکەنەوە، کە تێیدا ئێران بەتەواوی بێهیوا دەبێت لە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوپەیمانییەکی ستراتیجی، سەربازی و ئابووریی توندوتۆڵ لەگەڵ ڕووسیا و چین پێکدەهێنێت.

لێکەوتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان:

 -جەمسەرگیریی نوێی نێودەوڵەتی و هەرێمی: واتە دروستبوونی بلۆکبەندییەکی نوێی سەربازی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە چەقێکی سەرەکیی شەڕی ساردی نوێ لە نێوان بلۆکی ڕۆژئاوا (بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا) و بلۆکی هاوپەیمانی (چین-ڕووسیا-ئێران). لەگەڵ ئەوەی خۆی ناوچەکە لە ئەگەری لەدایکبوونی هاوپەیمانییەکی سەربازیی تازە و هەرێمبەندیی تازەدایە لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی و ئایدۆلۆژی.

 -ناکارایی سزاکان: کڕینی بەردەوامی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە و گۆڕینەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لەگەڵ ڕووسیا، وادەکەن سزای ئابووریی ڕۆژاوا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەمێنێت؛ لەو نێوەندەدا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە زیانمەندی یەکەم کەنداو و ئەوروپا دەبن.

 -پێشکەوتنی توانای سەربازیی ئێران: ئێران دەستڕاگەیشتنی بە چەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕووسی دەبێت (وەک فڕۆکەی جەنگی جۆری Su-35 و سیستەمی بەرگریی S-400)، ئەمەش هاوسەنگیی هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت.

٥- سیناریۆی لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەم سیناریۆیە گرێدراوه‌ به‌ کاریگەری راسته‌وخۆی  جۆری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر جۆگرافیای سیاسیی عێراق، پێگەی حەشدی شەعبی، قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی نیشتەجێی هەرێم.

لێکەوتە هەرێمی و ناوخۆییەکان:

 -داڕشتنەوەی پێگەی حەشدی شەعبی لە عێراق: لە حاڵەتی ڕێککەوتنی گشتگیردا، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تاران  فشار  له‌  هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان بكات بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانیان و تێکەڵبوون لەناو جەستەی دەوڵەتی عێراقدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی، (ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عه‌لی زه‌یدی داوای ده‌كات كه‌ چه‌ك ته‌نیا له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بێت). بە پێچەوانەشەوە، لە سیناریۆی ڕووبەڕووبوونەوەدا، عێراق دەبێتە گۆڕەپانی سەرەکیی جەنگی بریکارایەتی و به‌كارهێنانی ئه‌و هێزانه‌ وەک قەڵغانێکی پێشەوەی ئێران دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە .

 -هاوسەنگیی هێز لە نێوان بەغدا و هەولێر: هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی ئێران و ئەمریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت. گرژیی بەردەوام یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، فشارەکانی بەغدا و تاران بۆ سەر هەولێر چڕتر دەکاتەوە (سەربازی و دارایی)؛ لە کاتێکدا ئارامیی نێوانیان ڕەنگە دەرفەتێک بداتە هەرێم بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.

 -داهاتووی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان: پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی نەیاری ئێران لە ناوچەکە دەبێتە کارتی فشار؛ لە سیناریۆی ئاشتیدا، ئێران داوای داماڵینی تەواوی چەک و کۆنترۆڵکردنی توندی جووڵەی میدیایی و سیاسییان دەکات لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە بەپێی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکانی پێشووتر. بەڵام لە سیناریۆی پێکداداندا، ئەم هێزانە ڕەنگە ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنیی ڕاستەوخۆ ببنەوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی گواستنەوەی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.

دەرئەنجامی گشتی:  لە دوای شەڕی ناوچەکە، هەر سیناریۆیەک بێتە کایەوە، جیهان وەک پێش شەڕەکە بیر ناکاتەوە؛ ئەوروپا لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر سەیری دوای شەڕەکە دەکات و ئەمریکاش زیاتر لە ڕووی ئەمنییەوە لێکدانەوە بۆ توانای سەربازیی خۆی و نەیارەکانی دەکات. کەنداو و تورکیا دۆخەکەیان لە ڕووی بەرگری و ئابووریی جێگرەوە و هاوپەیمانیی نوێوە دیزاین دەکەنەوە و پارادایمی ئاسایشی ڕووسیاش گۆڕانی بەسەردا دێت.

كۆتایی

 لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا واژۆ کرا، دەستپێکێکی زۆر هەستیارە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە، نەک کۆتاییپێهێنانی مسۆگەر بۆ قەیرانەکە. سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە لەوەدایە کە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بکرێتە پەیماننامەیەکی تۆکمەی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش پێویستی بە تێپەڕاندنی چەندین بەربەستی ناوخۆیی ئاڵۆز هەیە لە تاران و واشنتن.
خۆگەر ئەم پرۆسەیەش سەرنەگرێت، ئەوا گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا و دەستپێکردنەوەی جەنگێکی وێرانکەر، چاوەڕوانکراوترین سیناریۆی ئاینده دەبێت، بەتایبەت کە نیگەرانییەکان لەسەر هەڵوێستی ئیسرائیل و ئەگەری پابەندنەبوونی بە ئاشتی زۆرن.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket