بۆچی عه‌لی وه‌ردی بخوێنینه‌وه؟
بیروڕا 05:45 PM - 2026-06-16
پتر لە 30 ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی د. عه‌لی وه‌ردی تێپه‌ڕی، كه‌چی هه‌ر له‌ناوماندایه
د. عه‌لی وه‌ردی لای خوێنه‌رانی كورد، وه‌ك زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی عیراق، ناوێكی ئاشنایه، چونكه به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی و چه‌ند به‌رهه‌مێكیشی دوو جار و سێ جاریش وه‌رگێڕدراون.
نووسین له‌سه‌ر عه‌لی وه‌ردی هه‌ر چێژی ئه‌وه‌ت پێنابه‌خشێ كه به‌رهه‌مه‌كانی و ئه‌و كتێبانه‌ش كه له‌سه‌ری نووسراون بخوێنیته‌وه، هه‌ر چێژوه‌رگرتن له خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین بابه‌تی رۆشنبیریش نییه، به‌ڵكو په‌لكێشیشت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی و ژیاننامه‌كه‌ی، دید و تێڕوانینت له‌گه‌ڵ جاران، سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵی كورد (كورده‌واری) جیاواز بێت له پێشتر.
ره‌نگه هه‌بێ بپرسێ، جا خۆ عه‌لی وه‌ردی له كۆمه‌ڵی كوردی نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه و له‌به‌رهه‌مه‌كانیشیدا، زۆر به‌كه‌می باسی كوردی كردووه؟ ئیدی منیش ده‌ڵێم: ئه‌وه راسته، به‌ڵام، كه عه‌لی وه‌ردی ده‌خوێنییه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی چاویان تیژه و بیریان به‌سته‌ڵه‌ك نییه، ئاستی بیركردنه‌وه‌یان پێش خوێندنه‌وه‌ی وه‌ردی و دوای خوێندنه‌وه‌ی وه‌ردی دوو ئاستی جیاوازن و كه‌سایه‌تیشیان له‌چاو جاران ده‌بێ به دوو كه‌سی جیاواز! ده‌زانی بۆ؟ چونكه وه‌ردی ئامرازی ناسینی كۆمه‌ڵت ده‌داته ده‌ست. وه‌ردی پێتده‌ڵێ بۆچی كه‌سێتیی ئێمه دوو فاقییه. هۆكاره‌كانت ده‌خاته به‌رچاو. چاوت ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، تۆش بتوانی، به‌چاوێكی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه، مێژووی نوێی كورد ده‌وربكه‌یته‌وه، وه‌ك چۆن ئه‌و، واته وه‌ردی، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له كتێبێكی پێنج به‌رگیدا ( كه به‌رگی شه‌شه‌می دوو به‌شه) چاوی به‌مێژووی نوێی عیراقدا خشانده‌وه!
عه‌لی وه‌ردی كێیه؟
كورتكردنه‌وه‌ی ژیانی د. عه‌لی وه‌ردی شتێكی قورسه، به‌ڵام چونكه به‌ری کورتەوتارێک سنوورداره، ناچارم به خێرایی گوزه‌رێك به‌ناو كوچه پڕ پێچاوپێچه‌كانی ژیانیدا بكه‌م.
ناوی عه‌لی كوڕی حوسێن كوڕی هاشم كوڕی جه‌وادی به‌غدادییه، كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چنه‌وه سه‌ر ئیمام حوسێنی كوڕی عه‌لی بن ئه‌بی تاڵیب. باپیره‌ی كه ناوی هاشمه، به هاشم ئه‌بی ئه‌لوه‌رد، واته هاشمی گوڵاوفرۆش ناسرابوو. نازناوه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پیشه‌ی گوڵاوفرۆشی. عه‌لی وه‌ردی یه‌كه‌مین كه‌سی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه، كه نازناوی (ئه‌بی ئه‌لوه‌رد)ی كردووه به ئه‌لوه‌ردی.
عه‌لی لە (23/10/1913) له‌باوه‌شی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی، له شاره‌گه‌ڕه‌كی كازمییه، له به‌غدا له‌دایكبووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رۆژی جه‌ژنی قوربان له‌دایكبووه، باوكی له‌به‌ر پیرۆزیی رۆژی له‌دایكبوونه‌كه‌ی ناویناوه عه‌لی. 82 ساڵ ژیاوه و له (13/7/1995) دوای نه‌خۆشییه‌كی كوشنده، مردووه.
عه‌لی چواره‌م مناڵی باوكی بووه، به‌ڵام پاشان بووه به‌تاقانه‌ی باوكی، چونكه په‌تا هه‌ر سێ مناڵه‌كه‌ی دیكه‌ی راپێچی توونی مه‌رگ كردووه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی پیاوێكی ره‌ق و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ عه‌لیدا، زۆر توندبووه، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی ( ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مناڵه‌كه‌تدا توند بیت، ئه‌وا باش په‌روه‌رده ده‌بێت و ره‌وشتی باش ده‌رده‌چێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و رۆژگاره‌دا ئه‌م شێوازه خراپه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مناڵ باوبووه)، باوكی زوخاوێكی زۆری، به مناڵی، ده‌رخواردی كوڕه‌كه‌ی داوه، ئه‌مه‌ش بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ببێته هانده‌رێك بۆ عه‌لی تا رێگه‌ی یاخیبوون بگرێت و هه‌وڵ بدات له ده‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی خێزانه‌كه‌ی، خۆی پێبگه‌یه‌نێ و ئه‌و رێچكه‌یه نه‌گرێت، كه باوكی بۆی دانابوو، كه بریتی‌بوو له درێژه‌دان به پیشه‌ی گوڵاوفرۆشی و په‌ره‌دان به رۆشنبیریی ئایینی.
عه‌لی، له ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا، وه‌ك مناڵانی هاوته‌مه‌نی خۆی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، خراوه‌ته حوجره و له‌لای مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌ی نزیك ماڵی خۆیان، تا باوكی بتوانێ چاودێریی چوون و هاتنی بكات، خراوه‌ته به‌رخوێندن.
كه‌شیده‌یه‌كی سه‌وزیان كرده‌سه‌ری
له‌و قۆناغه‌ی خوێندندا چونكه عه‌لی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی سادات بووه، وه‌ك مناڵه سه‌یدێك به‌وه له مناڵانی دیكه‌ی حوجره جیاكراوه‌ته‌وه، كه ده‌بوایه كه‌شیده‌یه‌كی سه‌وز بكاته سه‌ری.
پاش روخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراق له ساڵی 1921، عه‌لی وه‌ردی به‌گه‌وره‌یی چۆته قوتابخانه‌ی حكومی، به‌ڵام به‌هۆی دۆخی خراپی ئابووریی عیراق و ده‌ستكورتیی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، له دوا پۆلی خوێندن باوكی ناچاری ده‌كات واز له خوێندن بێنێت و له‌لای ئامۆزایه‌كی خۆی، كه دوكانێكی گوڵاوفرۆشیی هه‌بووه، به پێنج روپیه دایده‌مه‌زرێنێت.
باوكی مه‌به‌ستی بووه عه‌لی، بۆ ئه‌وه‌ی دواڕۆژێكی هه‌بێت و كه گه‌وره‌بوو په‌كی نه‌كه‌وێت، له‌و دوكانه‌دا فێری هونه‌ری گوڵاوفرۆشی، واته‌كڕین و فرۆشتنی گوڵاو ببێت.
له ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا، كه وه‌ردی، به‌نابه‌دڵی له‌و دوكانه ئیشیكرد، ئازارێكی زۆری به‌ده‌ست باوكی و كابرای دوكانداری خزمییه‌وه چه‌شت، چونكه دوكانداره‌كه خوێندنه‌وەی كتێبیشی لێقه‌ده‌غه‌كرد و لای باوكی شكاتی لێ‌كرد، ئیدی ئه‌ویش بڕیاریدا واز له‌و دوكانه بێنێت، به‌تایبه‌ت كه تازه قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ئێواران له كازمییه كرابووه‌وه. عه‌لی چوو خۆی ناونووس كرد، كه باوكی ناڕه‌زایی پیشاندا و باری گرانیی ئابووریی كرده پاساو، وه‌ڵامی وه‌ردی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له دوكانی گوڵاوفرۆشییه‌كه‌دا ده‌ستیكه‌وتووه، ده‌یداته هه‌قی خوێندنه‌كه‌ی.
كه وه‌ردی چووه قوتابخانه‌ی ئێواران ساڵی 1931 بوو، واته له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدابوو، به‌ڵام چونكه بڕیاریدابوو خوێندن ته‌واو بكات، ئیدی قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌و قوتابخانه‌یه‌ی كازمییه ته‌واو كرد و بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ناوه‌ندی چووه قوتابخانه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كی كه‌رخ.
كه‌رخ و كازمییه، دوو جیهانی جیاواز
هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی كازمییه و كه‌رخی ئه‌وسای به‌غدا، دوو جیهانی جیاوازبوون. كازمییه گه‌ڕه‌كه‌شارێكی ئایینی بوو، به‌ڵام كه‌رخ گه‌ڕه‌كێكی مه‌ده‌نیی شاری بوو، ئیدی ئه‌م گه‌ڕه‌كگۆڕكێییه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیان و كه‌سایه‌تیی وه‌ردیش دانا، بۆ نموونه، له‌ڕووی جلوبه‌رگه‌وه، به‌رگی فه‌قێیه‌تیی فڕێ‌دا و چاکەت و پانتۆ‌ڵی له‌به‌ر كرد و سیداره‌ی كرده‌سه‌ری و بوو به ئه‌فه‌ندی. ئه‌م جلگۆڕینه به‌لای وه‌ردییه‌وه، هه‌ر فڕێدانی جۆرێكی جلوبەرگ و له‌به‌ركردنی جۆرێكی دیكه نه‌بوو، به‌ڵكو بووه هۆی گۆڕانكاری له بۆچوون و دید و بیركردنه‌وه‌ی وه‌ردی، به‌جێهێشتنی واقیعێكی دو‌اكه‌وتوو، كه هه‌موو شتێكی نوێ ره‌تده‌كاته‌وه. جگه له‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه، چوون بوو به‌ره‌و كۆمه‌ڵی كراوه‌و روو له پێشكه‌وتن.
بوو به‌یه‌كه‌می عیراق:
وه‌ردی به‌شه‌وقه‌وه له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام بوو، تا له ساڵی 1935 له تاقیكردنه‌وه‌كانی (به‌كه‌لۆری)ی خوێندنی ناوه‌ندی به‌شداریكرد و نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كه‌رخ و به‌غدا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی سه‌رتاسه‌ری مه‌مله‌كه‌تی عیراق یه‌كه‌م بوو!
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی له كه‌رخ، زۆر شانازیی به‌م یه‌كه‌مبوونه‌ی عه‌لییه‌وه ده‌كرد، بۆیه پێشنیازێكی کرد بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، كه ئه‌وكات پێیانده‌گوت وه‌زاره‌تی مه‌عاریف، كه ئه‌م قوتابییه ده‌ستكورته، بۆ ته‌واوكردنی خوێندن پێویستی به كۆمه‌كێكی مانگانه هه‌یه، حكومه‌ت پێشنیازه‌كه‌ی به‌هه‌ند گرت و بڕیاریدا مانگانه یه‌ك دینار و نیوی بۆ خه‌رج بكرێت. به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دابوو، ئه‌و كۆمه‌كه نه‌درا به عه‌لی وه‌ردی، به‌ڵكو به‌هۆی خزمخزمێنه‌وه درا به یه‌كێكی دیكه. ئه‌و كه‌سه‌ی مانگانه‌كه‌ی بۆ خه‌رج ده‌كرا، نه‌یتوانی خوێندن ته‌واو بكات، به‌ڵام وه‌ردی، سه‌ره‌ڕای ده‌ستكورتی و ژیانی پڕ كوله‌مه‌رگی و تاڵاوچه‌شتن، له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وامبوو، تا له‌ساڵی 1937 خوێندنی ئاماده‌یی به سه‌ركه‌وتوویی بڕی و له 16ی كانوونی دووه‌می ئه‌و ساڵه‌دا له شه‌تره‌ی سه‌ربه شاری ناسرییه، كه ئه‌وكات كوێره گوندێك بوو، به مامۆستا دامه‌زرا.
به‌سواری كه‌ر چوو بۆ شه‌تره
كه ویستی بچێته شه‌تره، كه ئه‌وكات گوندێكی بێ قوتابخانه‌بوو، له به‌غداوه به‌سواری پاس چوو بۆ ناسرییه، به‌ڵام ده‌بوو له ناسرییه‌وه به‌سواری كه‌ر بچێته شه‌تره.
كه گه‌یشته شه‌تره، بینیی مه‌كته‌به‌كه له قوڕ دروستكراوه و دیواری حه‌وشه‌شی نییه، قوتابییه‌كانیش له سه‌ر عه‌رد داده‌نیشن.
وه‌ردی ساڵێكی له شه‌تره به‌ڕێكرد، سه‌ره‌ڕای ناخۆشیی دۆخی ئه‌وێ و سه‌ختیی ژیانی گوند بۆ عه‌لیی په‌روه‌ده‌ی شار، به‌ڵام به‌لایه‌وه خۆشتربوو له سایه‌ی ئه‌و ژیانه‌ی كه ده‌بوایه هه‌ڵسان و دانیشتنی به‌قسه‌ی باوكه توند و دڵڕه‌قه‌كه‌ی بێت.
ساڵی 1938 له‌سه‌ر داوای خۆی گوێزرایه‌وه بۆ قوتابخانه‌ی شالجییه و پاش ماوه‌یه‌ك داوایكرد بگوێزرێته‌وه بۆ ئاماده‌یی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدا، داواكه‌ی سه‌ریگرت و له‌وێ گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی ئابوورییان پێسپارد.
ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی وه‌ردی، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ری هه‌بوو، كۆمه‌ڵی به‌غدایی كراوه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵی كازمییه‌وه كه زۆر داخراوبوو. ئدی وه‌ردی توانیی په‌ره به پێوه‌ندییه‌كانی بدا و ئاشنای سیما رۆشنبیرییه‌كانی به‌غدا ببێت و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه بچێته كۆڕ و كۆبوونه‌وه رۆشنبیرییه‌كان.
كۆمه‌ڵناسی بوو به چاره‌نووس
كه له ئاماده‌یی مه‌ڵبه‌ندیی به‌غدابوو، وه‌زاره‌تی مه‌عاریف بڕیاریدا وانه‌ی (باری كۆمه‌ڵایه‌تیی عیراق) له خوێندنی ئاماده‌ییدا زیاد بكات، وه‌ك ئه‌زموونیش بڕیاردرا له ئاماده‌یی مه‌ڵبه‌ندیی به‌غدا جێبه‌جێ بكرێ و ئه‌و وانه‌یه‌ش له‌و قوتابخانه‌یه‌دا مامۆستا عه‌لی وه‌ردی بیڵێته‌وه!
عه‌لی وه‌ردی داوایه‌كی بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریف به‌رزكرده‌وه و ئامانه‌بوو ئه‌و وانه‌یه‌ی كه به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه، بیڵێته‌وه. به‌ڵام به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت سووبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ وانه‌كه به ئه‌زموونی بگوترێته‌وه و گوتنه‌وه‌ی وانه‌كه‌ش هه‌ر له ئه‌ستۆی عه‌لی وه‌ردی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ره‌تیبكاته‌وه، ئه‌وا وه‌زاره‌ت راژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه بۆ قوتابخانه‌یه‌كی دیكه.
ئیدی وه‌ردی ناچاربوو، خۆی بۆ گوتنه‌وه‌ی وانه‌كه ساز و ئاماده بكات، چونكه وانه‌كه نه كتێبی هه‌بوو، نه میتۆدی خوێندن، به‌ڵكو هه‌ر ناونیشانێك بوو و به‌س، هه‌موو ئه‌ركه‌كه خرابووه ئه‌ستۆی وه‌ردی.
به‌جێهێنانی ئه‌م ئه‌ركه بۆ وه‌ردی بوو به‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه ده‌رگای ناسینی كۆمه‌ڵی عیراق، كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دابونه‌ریت و پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌به‌رده‌مدا ئاوه‌ڵا بكات.
ساڵی 1939 وه‌زاره‌تی مه‌عاریفی عیراق بڕیاریدا نێرده‌ی خوێندن بنێرێت بۆ خوێندن له زانكۆی ئه‌مریكی له به‌یروت، ئیدی عه‌لی وه‌ردیش داوای پێشكه‌ش به وه‌زاره‌ت كرد و داوای كردبوو له پسپۆرییه‌كه‌ی خۆیدا كه بازرگانی و ئابووری بوو، بخوێنێ. داواكه‌ی قبووڵكرا، به‌ڵام وه‌ردی حه‌زی له ئابووری نه‌بوو، كه‌چی بۆ ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌كه وه‌ربگیرێ، ناچاربوو هه‌ر داوای درێژه‌دان به خوێندن له‌و بواره بکات.
پاش ئه‌وه‌ی ناوی بۆ خوێندن له به‌یروت ده‌رچوو، كۆسپێكی گەوره‌ی هاته‌ڕێ، ئه‌ویش باوكی بوو، كه ناڕازیبوو وه‌ردی سه‌فه‌ر بكات و لێیان دوور بكه‌وێته‌وه و بچێته نێو كۆمه‌ڵی كراوه‌ی به‌یروت. باوكی كردی به‌مه‌رج له‌سه‌ری كه ده‌بێ پێش چوون بۆ به‌یروت ژن بهێنێ، وه‌ردیش سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌فه‌ره‌كه‌ی بكات. دواجار باوكی رازیكرد كه دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی مه‌رجه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات و ژن ده‌هێنێ!
له ئه‌یلولی 1939 وه‌ردی چووه به‌یروت بۆ خوێندن، كه تارمایی جه‌نگی دووه‌می جیهان به‌ڕێوه‌بوو. ساڵی 1943، كه جه‌نگی دووه‌می جیهان هێشتا كۆتایی پێنەهاتبوو، عه‌لی وه‌ردی به‌پله‌ی باڵاوه، خوێندنی ته‌واوكرد و گه‌ڕایه‌وه به‌غدا.
ئیدی ده‌بوو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه دابووی به باوكی جێبه‌جێی بكات و ژن بهێنێ. دایكی ژنی بۆ حازر كردبوو.
له 15ی ئه‌یلولی 1943 له هه‌مان قوتابخانه‌كه‌ی خۆی، كه ئاماده‌یی مه‌ڵبه‌ندیی به‌غدابوو، به مامۆستا دامه‌زرایه‌وه. پاش ساڵ و نیوێک راژه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه بۆ دواناوەندیی بازرگانی و هه‌ردوو وانه‌ی ئابووری و باری كۆمه‌ڵایه‌تیی عیراقی پێ‌سپێردرا.
له تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1945 چوو بۆ خوێندنی ماسته‌ر له زانكۆی ئۆستن له شاری ته‌كساسی ئه‌مریكا ده‌ستیكرد به‌خوێندن، پاش ئه‌وه‌ی له تاقیكردنه‌وه‌ی ناوده‌رچوون بۆ خوێندن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف به‌شداریی كرد و پله‌ی باشی به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌مجاره وه‌ردی دوو كۆسپی هاته‌ڕێ. یه‌كه‌میان ره‌زامه‌ندیی باوكی، چونكه ده‌بوایه سه‌رپه‌رشتیی ژنه‌كه‌ی و مناڵه‌كانی بكات. دووه‌میش كۆڵه‌واریی له زمانی ئینگلیزی‌دا.
وه‌ردی پاش ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیی باوكی به‌ده‌ستهێنا، چووه (قوتابخانه‌ی زمان) له به‌غدا و به‌پله‌ی باش خولی فێربوونی ئینگلیزیی له‌و قوتابخانه‌یه ته‌واوكرد، وه‌ك ئاماده‌سازییه‌ك بۆ سه‌فه‌ره‌كه‌ی و خوێندن به زمانی ئینگلیزی له ته‌كساسی ئه‌مریكا.
له ئابی ساڵی 1948 وه‌ردی به پله‌ی باڵا ماسته‌ری ته‌واوكرد و زانكۆكه له‌پای ئه‌وه‌ی كه پله‌یه‌كی باشی وه‌ده‌ستهێناوه، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ره‌خساند دكتۆراش له هه‌مان زانكۆ ته‌واو بكات.
وه‌ردی ده‌ڵێ: كه هاوین داده‌هات، نه‌ده‌وێرام له ترسی باوكم، كه مناڵه‌كانم بووبوون به بارگرانی به‌سه‌رییه‌وه، سوود له پشووی هاوین وه‌ربگرم و بێمه‌وه بۆ عیراق، ئیدی رووم له بەریتانیا ده‌كرد و پێوه‌ندیم به قوتابخانه هاوینییه‌كانه‌وه ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی بخوێنم و ئاستی خۆم له ئینگلیزی‌دا باشتر بكه‌م.
له (27/7/1950) عه‌لی حوسێن ئه‌لوه‌ردی به‌پله‌ی نایاب دكتۆرای له زانكۆی ئۆستن له شاری ته‌كساسی ئه‌مریكا وه‌رگرت و زانكۆكه بڕیاریدا نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی، له‌به‌ر ناوه‌ڕۆكه پڕ سووده‌كه‌ی، بۆ چاپ بكات. هه‌روه‌ها حاكمی ویلایه‌تی ته‌كساس میدالیای ویلایه‌تی پێبه‌خشی.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و میدالیایه ته‌نیا ده‌درێ به‌وانه‌ی پله‌ی نایاب به‌ده‌ستدێنن، هه‌روه‌ها زانكۆكه‌ش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پله‌ی دكتۆرای پێبه‌خشیبوو، دكتۆرایه‌كی شانازیشیان پێبه‌خشی و نووسراوێكی فه‌رمیشیان بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریفی عیراق كرد و تێیدا ئه‌وه‌یان روونكرده‌وه كه دكتۆرانامه‌كه‌ی عه‌لی وه‌ردی بارته‌قای سێ دكتۆرانامه‌یه و توانیویه‌تی داهێنانێكی راسته‌قینه له بواری كۆمه‌ڵناسیدا بكات.
پتر لە 30 ساڵه د. عه‌لی وه‌ردی مردووه، كه‌چی بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی عیراق، ده‌ستنیشانكردنی ده‌رده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عیراق، له نێو به‌ره‌هه‌مه‌كانیدا ماون و رۆژ به رۆژ دروستیی را و بۆچوونه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌لمێنن، ده‌بێ دواجار ئه‌وه‌ش بڵێم، كه زانیارییه‌كانی نێو ئه‌م نووسینه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پشتیبه‌ستووه به‌وه‌ی له ماوه‌ی 25 ساڵی رابردوودا به‌دوای ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی (وه‌ردی)یه‌وه‌بووم، به‌ڵام كتێبه نایابه‌كه‌ی محه‌مه‌د سه‌عید خاقانیش كه له ده‌زگای ئه‌لحیكمه له له‌نده‌ن، ساڵی 2014 به ناونیشانی سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌لوه‌ردی (مئة عام مع الوردي) ده‌رچووه، سودێكی باشی پێگه‌یاندم.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆک کۆمار: بە دیدگای مام جەلال بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان دەبینەوە
03:01 PM - 2026-06-16 -
سەرۆك بافڵ: سەری ساڵی كۆچی ببێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەكەمان
02:37 PM - 2026-06-16 -
نزار ئامێدی: لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی نیشتمان کاردەکەین
12:05 PM - 2026-06-16 -
سوریا مووچە بە کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی هەسەدە دەدات
11:49 AM - 2026-06-16
زۆرترین خوێنراو
-
سوریا مووچە بە کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی هەسەدە دەدات
کوردستان 11:49 AM - 2026-06-16 -
ڕفعەت عەبدوڵڵا: لەساڵی نوێی کۆچیدا جەخت لەبیری میانڕەوی دەکەینەوە
کوردستان 10:58 AM - 2026-06-16 -
مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت
کوردستان 10:27 AM - 2026-06-16 -
قوباد تاڵەبانی: ساڵی نوێی کۆچی هۆکاری تەبایی و پێکەوەژیان بێت
کوردستان 09:59 AM - 2026-06-16 -
عیراق و ئەمریکا جەخت لە چەکدانانی گروپەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
عیراق 09:55 AM - 2026-06-16 -
نرخی نەوت زیاتر دابەزی
جیهان 09:24 AM - 2026-06-16 -
مەکتەبی سیاسی: ساڵی نوێی کۆچی دەستپێکی گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بێت
کوردستان 08:56 AM - 2026-06-16 -
تیرۆرستێکی داواکراو لە دووزخورماتوو دەستگیرکرا
کوردستان 10:29 PM - 2026-06-15




دابەزێنە

