riklam

وەفاداریی، فاکتەری نەریت و بەهاکانی هێرۆ خانە

بیروڕا 09:51 AM - 2026-06-12
بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

  هێرۆ خان  ببورە ئەمساڵیش ئەگەر بە تەلەفۆن کردنیش بێت نەمتوانی پیرۆز بایی ساڵڕۆژی لەدایکبونت لێ بکەم و بڵێم پیرۆز بێت . بەڵام  دڵی خۆم بەوە خۆش دەکەم کە لە دوریشەوە بێت بە بیر هێنانەوەی هەندێك لە نەریت و  ئەو بەهایانەی کە هێرۆخانی پێ ناسراوە ، پیرۆز باییت لێ بکەم .

ئەمساڵ   دیارییەکەم بۆ دادە هێرۆ بۆ یادی لەدایکبونی  خستنە روی ئەو فاکتەرەیە کە بەڕێزیانی کردوەتە  خاوەنی ئەو نەریت و خەسڵەت و بەها جوانانەی کە ئەوی پێ ناسراوە ، ئەویش وەفادارییە  . وەفادارییەکەش لە خۆشەویستیی بۆ گەل و خاك و  ئەو ئایدۆلۆژیایەوە هەڵقوڵاوە  کە لە هزری خۆیدایە و روانگە پڕ لە مرۆڤایەتییەکەی  پێ داڕشتوە  .

کاتێك هێرۆخان هەمو خۆشیی و ئیسراحەتێكی خستە  لاوە و لە ئەوروپاوە گەڕایەوە بۆ بەشدارییکردنی شۆڕشی نوێ ، هەر لەو روانگەیەوە نەبوە کە خۆی بەشدار و ئاگاداری کارای    راو تەگبیری دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێوشوێنەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ بوە ، بەڵکو  وەفاداریی بو بۆ  گەل و خاکەکەی  کە لەو میحنەتەدا پێویستیان بە هەر فریاد رەسێك بو . بەوەفایی بو لەبەرامبەر ئەو هەڤاڵانەی کە شانیان دایە بەر ئەو  هەرەسە  و سەختیی رۆژگارەکە . ئەمەکداریی  بو بۆ  ئەو بەڵێنانەی دابوی بە گەل و خاکەکەی کە لە تەنگانەدا جێیان نەهێڵێت .

 هێرۆ خان کە بە کامێراکەی  بە ڤیدیۆ و فۆتۆکان خەباتی گەلێکی ستەم دیدە و ، ئازایەتیی و جوامێریی پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێی پاراستوە و ئەرشیفی کردون  ، هەر هەستێکی رۆژنامەوانی  نیە  ، بەڵکو ئەوە وەفاداریی  یە  بۆ ماندو بونی  پێشمەرگە ، کادیر،  فەرماندە و خەڵکی دیهاتەکان لەو سەردەمە سەختەی خەباتدا ، وەفاداریی بۆ ئەو سوێندەی کە خواردویەتی نەیەڵێت تاوانەکانی رژێمی بەعسی فاشست  هەروا بە ئاسانی تێپەڕ بێت و جیهانی دەرەوەی لێ ئاگادار نەکات !.
 دادە هێرۆ  کاتێك بەرگریی لە پێشمەرگە یا هەر کەسێکی غەدر لێکراو دەکات ،  بۆ بەزەیی سۆزی مرۆیی نییە ، بەڵکو  دوپاتکردنەوەی بەوەفاییە بۆ  خەبات و ماندو بونی ئەو پێشمەرگەیە و رەوایی  مافەکانی ئەو پێشمەرگە و کەسەیە .

هەمو  هەنگاو و کارە پڕ لە مرۆڤایەتییەکانی هێرۆ خان هەر لە  پرۆژەی مناڵ پارێزی کوردستان ، خاك و کوردساتەوە بگرە تا ئاوڕ دانەوە لە هونەر ، فەرهەنگ ،کلتور تا پاراستنی خانوبەرە کۆنەکانی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە قەڵای هەولێریشەوە ،تا رزگارکردنی سەرای سلێمانی لەچنگی چاوچنۆکەکان  ،سەدان هەنگاو و پرۆژەی تر  کە لە ژمارەیە نایەن ، هەر هەمویان لە روانگەی بەوەفایی بەڕێزیانەوەیە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا و پرەنسیبانەی کە بڕوای پێیانە و خەباتی بۆ دەکات. ئەوەش بەڵگەی راستگۆ یی یەتی لەگەڵ شەخسی خۆی و بیروباوەڕەکەیدا  واتە بەوەفایی . کاتێك هێرۆ خان  هانی دۆبلاژکردنی فیلمی کارتۆن بە زمانی کوردیی ، ئەلف و بێی کوردیی لە کوردسات و دەیان بەرنامەی هەمەرەنگ دەدات ،  کاتێك روبەرێکی فراوان دەکاتەوە بۆ ئازادیی بیروڕا لە  گۆڤاری خاك  و  کوردسات ، دەرگا دەکاتەوە بۆ گۆڤاری تەنز ی سیخوڕمە و بەرنامەی بەرنامە ، کاتێك دەرگا  دەکاتەوە لەبەردەم  توانا هونەریی و روناکبیرییەکانی کورد لە هەربەشێك بن بێ جیاوازیی  ئەمەکداریی و بەوەفایی دوپات دەکاتەوە بۆ مادەی دوەمی راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە بەدەق دەڵێت “پێویستە هەمو مرۆڤێك بێ جیاوازیی بە تەواوی مافەکانی  ئازادییەکان شاد بێت “  وەفادارییە بۆ باوەڕی تەواوی  هەم بەو دۆکیۆمینتە نێودەوڵەتیتە ، هەم  بە مافە رەواکانی  تەواوی چین و توێژەکانی نەتەوە و گەلەکەی لە  هەر جێ یەك . 

دیارە کوردستان هەمیشە  یەك پارچەیە لای هێرۆخان و سنورەکان دەستکرد و وەهمیین بۆیە   بەردەوام دەرگا کراوەیە بۆیان بێ هیچ سانسۆرێك .  زۆر خەسڵەت و بەهای تریش هەن کە دادە هێرۆی خەمخۆر و مامە خەمەی هەموانی پێ ناسراوە بەڵام بۆ جارێکیتریان هەڵ دەگرم . لە کۆتایی ئەم بابەتەدا بۆ یادی لە دایکبونی هێرۆخان دەبێت ئەو راستیەش بخەمە رو کە پشتیوانیی لێبڕاوانەی سەرۆك مامجەلالی مەزن و هەڤاڵە هاوڕاکانی ، رۆڵی سەرەکییان بینیوە لە سەرکەوتنی دادە هێرۆ لەم هەنگاوانەدا بە تایبەتیی لە هەنگاو و پرۆژە مەزنەکانی دوای راپەڕیندا .

هەر بۆیە کارەکانی  دادە  رەنگدانەوەی کاریگەریی بوە لەو ژینگەیەدا کاری تیادا کردوە و  سودمان لێ بینیوە و چاومان لێکردوە .

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket