لەپێناوی جۆگەیەکدا، رووبارێک مەفرۆشە
بیروڕا 04:20 PM - 2026-06-11
هەندێک هەڵە
هەن، لە ساتی روودانیاندا بچووک و بێدەنگ دەردەکەون، بەڵام دوای ساڵانێک وەک
برینێکی قووڵ و بێبەزەیی بە جەستەی مێژووەوە خۆیان نیشان دەدەن. زۆر جار مرۆڤ،
رێکخراو، یان گەلێک، نەک بەهۆی کەمیی هێز و بازووەوە، بەڵکو بەهۆی هەڵە لە
هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکان و تێکچوونی هاوسەنگیی ئەولەویەتەکانیدا شکست
دەهێنێت.
کاتێک جیاوازیی
نێوان بەنرخ و کەمنرخ، نێوان جۆگە و رووبار، نێوان درەخت و باخ، یان نێوان «ساتی
کاتیی» و «سەدەی ستراتیژی» ون دەبێت، ئەوەی دەستپێدەکات تەنیا هەڵەیەکی سادە نییە،
بەڵکو دەبێتە تەڵەیەک کە چارەنووسی گەلێک تێکدەدات.
مرۆڤ کاتێک
لەبەردەم تیشکی خۆردا چاوەکانی توند دەنوقێنێت، لەوانەیە پەنجەیەکی خۆی لە تەواوی
گەردوون گەورەتر ببینێت. ئەمە بەهۆی زەبەلاحیی پەنجەکەیەوە نییە، بەڵکو بەهۆی
هەڵەی تێڕوانین و نزیکیی مەوداکەوەیە.
تینوێتیی
دەروونی مرۆڤ بۆ سەرکەوتنی خێرا
لە سیاسەت و
کۆمەڵگە و ژیانیشدا هەمان یاسا کاردەکات، شتە نزیک و کاتییەکان بەهۆی تینوێتیی
دەروونی مرۆڤ بۆ سەرکەوتنی خێرا، زۆرجار گەورەتر لە راستیی خۆیان دەردەکەون. لە
بەرامبەردا، ئاسۆ ستراتیژی و درێژخایەنەکان لەژێر سێبەری ئەو بریقە کاتییانەدا کز
و ون دەبن. لهبەر ئەوە، دانایی بریتی نییە لە کۆکردنەوەی زانیاری زۆر، بەڵکو لە
ناسینەوەی فەلسەفەی ئەولەوییەتەکاندایە. دانا ئەو کەسەیە، کاتێک لە کونی تەنگی
«ئێستا»وە دەڕوانێت، ئاسۆی فراوانی داهاتووش لەبیر نەکات. وەک چۆن ئەرستۆ باسی
دەکات، حیکمەت لە هاوسەنگیدایە، دانا دەزانێت کە نابێت لەپێناو تاقە درەختێکدا
باخێک لەدەست بدرێت، یان بۆ تێرکردنی جۆگەیەک، سەرچاوەی رووبارێک وشک بکرێت.
پێشینانمان بە
حیکمەتێکی قووڵەوە دەیانگوت: «بۆ پارچەیەک زێڕ، کانی زێڕ مەفرۆشە.» ئەم وتەیە
تەنیا پەندێکی بازرگانی، یان ئابووری نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی تەواوی ژیانە.
ئارامیی رۆحی
خۆی دەکاتە قوربانی.
لە ململانێی
رۆژانەدا، زۆرجار مرۆڤ لەبەر دەستکەوتێکی ماددی، یان پێگەیەکی کاتی، متمانەی گشتی،
دۆستایەتییەکی دێرین، ناوبانگێکی پاک، یان ئارامیی رۆحی خۆی دەکاتە قوربانی. تەنیا
دوای تێپەڕینی کات و کشانەوەی تەمومژەکە تێدەگات کە بەهای ئەو شتە بەنرخەی پێشکەشی
کردووە، هێندە گەورە بووە کە هەرگیز بەو دەستکەوتە بچووکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
شاعیرانی کلاسیکی ئێمەش هەمیشە هۆشدارییان داوە کە مرۆڤ نەبێتە دیلی بریقەی کاتیی
دنیا و ئەسڵی بوونی خۆی ون نەکات.
«تەکتیک
ئامرازە، بەڵام ستراتیژ ئامانجە». لە دنیای سیاسەتدا، ئەم یاسایە توندتر، بێ
بەزەییتر و مەترسیدارترە. کاتێک هێزە سیاسییەکان، یان رێکخراوەکان ستراتیژی
نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی دەکەنە قوربانیی بردنەوەیان لە کێبڕکێیەکی حزبیی
قۆناغێکدا، ئەوان رێک ئەو هەڵە کوشندەیە دەکەن کە باخەوانێک بۆ پاراستنی درەختێک
لە سەرمای شەوەزەنگێک، تەواوی باخەکەی دەسوتێنێت و پێشوازی لە زستانێکی ئەبەدی
دەکات.
داهاتووی
نەتەوەکەیان لەدەست دەدەن
مێژووی
مرۆڤایەتی پڕە لەم جۆرە سەرکێشییە کوێرانەیە. زۆر دەوڵەت و ئیمپراتۆریی گەورە (وەک
ئەوەی لە ساتی داڕمانی ناپلیۆن یان هێتلەردا بینیمان) لەبەر هەوەسی سەرکەوتنێکی
خێرا و کاتی، تەواوی داهاتووی نەتەوەکەیان لەدەست دا. زۆر سەرکردە بۆ مانەوەی چەند
مانگێک لەسەر کورسیی دەسەڵات، متمانەی مێژوویی گەلێکیان بەفیڕۆ داوە و زۆر
رێکخراویش بۆ بردنەوەی ملمـلانێیەکی ناوخۆیی و بچووک، شەڕە گەورە و
چارەنووسسازەکەی دەرەوەیان لەبیر کردووە.
ئەگەر مێژووی
نوێی کوردستانیش بخوێنینەوە، دەبینین گەورەترین تەحەدیی ئێمە هەمیشە لەو بۆشاییەدا
بووە کە لە نێوان «ئەوەی ئێستا دەمانەوێت» و «ئەوەی داهاتوو و قەوارەمان
دەپارێزێت» دروست بووە. هەندێک جار، ملهوڕی و بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان لەسەر
هاوکێشە نیشتمانییەکان زاڵ بوون. هەموو وزە، خاک و توانای مرۆیی لەسەر کێشەیەکی
ناوخۆیی بچووک خەرج کرا، بەڵام پرسی گەورەی چارەنووسی گەل بەجێما.
لەو ساتانەدا،
فیداکاری و قوربانیی زۆر بوو، بەڵام بەرهەم و دەستکەوت کەم، چونکە قوربانییەکان لە
شوێن و کاتی دروستی خۆیاندا نەبوون.
ئەو زەمەنە
بڕوات و نەیەتەوە
گەلان تەنها بە
زۆریی قوربانیدان، کێشیان سەنگین نابێت، بەڵکو بە زانینی شوێنی فیداکاری گەورە
دەبن. هەموو قوربانییەک پیرۆز نییە، هەندێک قوربانی تەنها بەهەدەردانی سەرمایەی
نەتەوەییە. فیداکاری کاتێک مانا و بەهای هەیە کە ئاسۆیەکی روونتر و دەسکەوتێکی
گەورەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات.
«سۆن تزو»
فەیلەسوف و ژەنەراڵی کۆنی چینی، (2500)ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی (هونەری جەنگ)دا
دەڵێت: «ئەو سەرکردەیە سەرکەوتووە کە بزانێت کەی بجەنگێت و کەی نەجەنگێت.» لە پشت
ئەم حیکمەتە سەربازییەوە راستییەکی قووڵی ژیان هەیە: لە جەنگدا سەرباز فێردەکرێت
کە بۆ پاراستنی تەواوی سوپاکە، رەنگە ناچار بێت سەنگەرێک یان خاکێک بە شێوەیەکی
کاتی جێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر بۆ پاراستنی تەپۆڵکەیەکی بچووک، هەموو سوپاکەی بە کوشت
بدات، ئەوە سەرکەوتن نییە، بەڵکو «خۆکوژیی ستراتیژییە».
بۆ پارە،
تەندروستی لەدەست دەدات
هەمان هاوکێشە
لە ژیانی تاکەکەسی، کۆمەڵگەشدا رەنگدەداتەوە: هەندێک کەس بۆ کۆکردنەوەی پارە،
تەندروستیی خۆی لەدەست دەدات، دواتر بۆ گەڕاندنەوەی تەندروستی، هەموو پارەکەی خەرج
دەکاتەوە.
هەندێک کەس بۆ
بەدەستهێنانی پلە و پۆست، خێزان و بنەماکانی مرۆڤایەتی لەدەست دەدات.
هەندێکیش بۆ
متمانە و ناوبانگێکی درۆینە، ئارامیی رۆحی خۆی دەفرۆشێت.
کێشەکە لە خودی
بڕیاردانەکەدا نییە، کێشەکە لە نەزانینی نرخی راستەقینەی ئەو شتەدایە، دەیدەیت و
ئەو شتەی کە وەری دەگریت.
لە کۆتاییدا،
مێژوو دادوەرێکی بێدەنگە بەڵام دادپەروەرە، زوو حوکم نادات، هەرگیزیش لە
حوکمدانیدا تووشی هەڵە نابێت. کاتێک تۆزی ململانێکان دەنیشێتەوە، دوای ساڵان و
دەیان ساڵ روون دەبێتەوە کێ باخی نیشتمانی پاراستووە و کێ بۆ تاقە درەختێک
سووتاندوویەتی، کێ رووباری متمانەی گشتی پاراستووە و کێ بۆ جۆگەیەکی کاتی،
رووبارێکی وشکی کردووە؟ کێ ستراتیژی نەوەکانی پاراستووە و کێ بۆ بردنەوەی ساتێکی
تێپەڕ، داهاتووی قوربانی کردووە؟.
بۆیە، پێش
ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێین یان بڕیارێک بدەین، ئەرکی ئەخلاقی و مێژووییمانە لە
خۆمان بپرسین: ئەوەی بەدەستی دەهێنین، بەهای ئەو شتەی هەیە کە لە دەستی دەدەین؟
گەورەترین
تراجیدیا تەنیا لەدەستدانی شتەکان نییە، بەڵكو ئەوەیە کە مرۆڤ یان گەلێک هێندە
کوێر بێت، کە نەیبێت و نەزانێت چی لەدەست داوە.
ئەو میللەت،
رێکخراویی کە سنووری نێوان بەنرخ و کەمنرخ، نێوان جۆگە و رووبار، نێوان درەخت و
باخ، و نێوان سات و سەدە دەناسن، تەنها ئەوانە براوەی راستەقینەی دادگای مێژوون.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عومەر شێخ موس باسى لە مێژووی پڕشانازی و کارێزمایی سەرۆک مام جەلال کرد
04:53 PM - 2026-06-11 -
زیاتر لە 117 هەزار خوێندکار بەشدارى تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن
02:51 PM - 2026-06-11 -
هێرۆخان وەک هاوڕێ و هاوژینی مام جەلال و ڕۆڵی لە شاخ و شاردا
10:12 AM - 2026-06-11 -
سەرجەم حاجیان بە سەلامەتی گەڕانەوە کوردستان
09:59 AM - 2026-06-11
زۆرترین خوێنراو
-
بەهەوڵی فراكیسیۆنی یەكێتی پڕۆسەی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران خێراتر دەكرێت
کوردستان 01:54 PM - 2026-06-11 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:28 AM - 2026-06-11 -
پڕۆژەیەكی میدیایی هاوبەش پردی كەلتوری لەنێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا دروست دەكات
کوردستان 11:21 AM - 2026-06-11 -
هێرۆخان وەک هاوڕێ و هاوژینی مام جەلال و ڕۆڵی لە شاخ و شاردا
کوردستان 10:12 AM - 2026-06-11 -
سەرجەم حاجیان بە سەلامەتی گەڕانەوە کوردستان
کوردستان 09:59 AM - 2026-06-11 -
ئەمریکا ئێرانی بۆردومان کرد و تاران گەرووی هورمزی داخست
جیهان 09:50 AM - 2026-06-11 -
چوار سەرۆکایەتییەکی عیراق کۆبوونەوە
عیراق 10:45 PM - 2026-06-10 -
19گێگابایت زانیاری هەستیاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا دزەی پێکرا
کوردستان 09:10 PM - 2026-06-10




دابەزێنە

