riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 11:28 AM - 2026-06-11
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

بەشی بیست و شەشەم

ئەندامی تازە و ئەندامی دێرین


رێوشوێنی وەرگرتنی ئەندامی تازە، پارێزگاری لە مانەوە و خستنەگەڕی توانای ئەندامی هەبوو، ئیستیعاب(گرتنەخۆ)ی ئەندام لە حزبانی تر، پرسگەلێکی رێکخراوەیین کە هەموویان یەک مانای فراوانکردنی ریزەکانی رێکخستنی حزبی دەگەیەنن. ئەگەرچی هەر سێ دۆسێ لێک جیاوازن و بگرە دۆخی هەر ئەندامێکیش هەم جیاواز و هەم خاڵی هاوبەشیان هەیە. بێگومان لە پەیڕەوی پەسەندکراوی هەر حزبێک مەرجەکانی وەرگرتنی ئەندام، مەرجەکانی سزادان و پاداشتکردنی ئەندام و ئینجا مەرجەکانی گرتنەخۆی ئەندامی حزبی تر، جا ئەندامی حزبی رکابەر و جیاواز، یان ئەندامی حزبی هاوپەیمانی فیکری و سیاسی بێت، دیاری کراون. پەیڕەو هەیە وردتر مەرجەکانی دیاری کردووە و هەشە هەندێک پرەنسیبی نەگۆڕی داناوە و وردەکاری تر بۆ رێکخراو یاخود بەرپرسی خودی رێکخراو لە جوگرافیای دیاریکراودا، بەجێهێشتووە تا هەر حاڵەتێک بەجیا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هەرچەندە باشترە هاوسەنگییەک هەبێت لە نێوان مەرجە پرەنسیبییەکان و هەڵسەنگاندنی هەر حاڵەتێک بە جۆرێک میکانیزمی نەرم و لە هەمان کاتیشدا نەگۆڕی حزبی. بەڵام دۆخی حزب لە کرداردا نموونەی باش یان خراپی وەرگرتن و سزادان و گرتنەخۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بەڵگەی ئەوەیە ئەم باسوخواسە لە ئەدەبیاتی رێکخراوەییدا پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی چارەسەرەکەشی ئەزمووونی حزبایەتی و کەلتورەکەی دەوڵەمەند بکات و ببێتە ئەزموونی کەڵەکە و سەربار.

ئەم گرفتانە لە حزبی گەورە و فراوان و گەشەکردوو و زۆر جاریش لە حزبی دەسەڵاتدار (دەسەڵاتدار لە حوکمڕانی و ئیمتیازەکانی، دەسەڵاتدار لە هەژموونی جوگرافی و هەژموونی ماددی) دەقەومێت. ناوی دەنێم (دائی ملوکی) سیاسی یان دەردی دەسەڵاتداری. لای حەکیمانی جاران نەخۆشییەک هەبوو پێیان دەگوت (دەردی پادشایان) کە هی ئەوانەیە گۆشتی زۆر دەخۆن و تووشی نەخۆشی دێن. دیارە جاران هەر پادشا و پادشازادەکان گۆشتیان دەخوارد و رەعیەت تووشی دەردی تەشەنەتر دەهاتن. جا دەردی پادشایی لەمڕۆدا تەنها تووشی دەسەڵات و حزبی دەسەڵاتدار دەبێت. کە لەم نموونانەدا حزبی دەسەڵاتدار تەماعی دەبێ و تەماعی تێدەکەن و دەبێت بە ئەزموون و یاسا و رێسا چارەسەر بۆ ئەم دەردە (پادشاییە) دابنێت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بە تەندروستی باشەوە لە دەسەڵات بمێنێ مادام حزب بۆ دەسەڵات دێتە کایەوە و هەر بە دەسەڵاتیش دەتوانێ بەرنامەکەی جێبەجێ بکات...

ئەمەی خوارەوە هەندێک دۆسێ و هەندێک چارەسەریشە:

یەکەم: دۆسێی ئەندامی تازە: ئەمە دۆسێیەکە حزب بە دوو ئاراستە کاری تێدا دەکات.

ا-بۆ ئەندام مەرجی تۆکمە و نەرمی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەندامی تازە. بۆ رێکخراوەیش مەرجی وابێت رێکخراو حەتمەن گەشە دەکا و دەستخۆشی لێ دەکرێت کە ئەندامی زیاترو هەڤاڵی زۆرتر وەربگرێت. ناوەناوە چالاکی ئەم بوارەی بۆ حسێب بکرێ و تیمی وەرگرتنی ئەندام ستایش و دەستخۆشی حزبی لێ بکرێت و یەک لە پێوەرەکانی چوونە پێش و سەرخستنی پلەی حزبییان بێت.

ب-بۆ سزادان: دەبێ حزب لە پاڵ شێوەکانی سزای ئەندام زوو زوو ئەدا و لێوەشاوەیی ئەندام چاودێری بکات. سزا دیاریکراو و ماوەی سزا و گێڕانەوەی سزادراو بۆ سەر ئەرکی حزبی، بە ناونیشانی پێشوو، یان پاداشتکردنی رەفتاری باشی، پێویستە وا روون بێت کە سزا هەبێ و جێی خۆی بگرێت، بەڵام نەگاتە رەوشی تەوەلا بوون، یاخود رەوشی سەپاندنی مەرجی بەرامبەر. ئەمەش پشت بەستوو بە روانگەی:

(نە کەسمان لێ زیادە و نە لەسەر کەس پەکمان دەکەوێت)

ج-بۆ ئیستیعاب بە گرتنەخۆی و وەرگرتنی ئەندامی حزبی تر ئەمە پێویستی بە رێوشوێنی توندوتۆڵتر هەیە کە ببێتە سیڤی خەبات، پشت بە هەڵسەنگاندنی کات و هۆکاری هاتنی ئەندامی بەڕێز هەیە. پێویستی بە قرساندنی باش و خراپی وەرگرتنی ئەندامی دۆست هەیە، پێویستی بە تێگەیشتن لە ژینگەی هاتن و وەرگرتن و ئینجا رێوشوێنی ئیستیعاب و ناونیشانی تازەی تێکۆشەری تازە هەیە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket