ژمــــــارە 4
بیروڕا 10:50 AM - 2026-06-08
وا نەزانن چینییەکان لە ھەموو شتێکدا پێشکەوتوون و کەس ناتوانێت شان لە شانیان بدات، لە ھەندێک کەوڵی کۆندا زۆر لە ئێمە دواکەوتووترن.. ئەو چینە مەزنەی هەموو دنیای بە تەكنۆلوجیا و داهێنانەكانی سەرسام كردووە، كەچی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا ژمارە 4 ژمارەیەكی وەیشومە و ترسناك و نەویستراوە، تا سەردانی ئەو وڵاتە نەكەیت نازانیت چەندە بە ترسەوە لەم ژمارەیە دەڕوانن!! بە دەگمەن لەسەر تابلۆی ترۆمبیلەكان دەبینرێت، قاتی نهۆم و باڵەخانەكان لەم ژمارەیە بێبەشن، ژمارەی ژووری ھۆتێل و ژمارەی سەردەرگا و وێستگەكانی میترۆ و شەمەندەفەر و..هتد.
زۆر پرسیاری ئەم حاڵەتەم لە بەرپرسان و وەرگێڕەكەمان كردو وتم: ئێوە باوەڕێكی ئەوتۆتان بە ئایین و متیافیزیك نییە و سەرجەم بیركردنەوەتان ماددی و زانستییە، بۆچی ئەم ژمارەیەتان لە لیستی رەشدا داناوە؟ وەڵامەكانیان سەیربوو: وتیان ئێمە قەرەبووی 4 مان بە 8 كردۆتەوە، پیرۆزترین ژمارە لای چینییەكان ژمارە 8 و لامان گرنگە، پاشان ئێوەی كورد دەیان یان سەدان بابەتی واتان لە كلتورەكەتاندا هەیە..
بەڵێ زۆر راستە مێشك و بیركردنەوەی مرۆڤ هەرگیز لە بابەتی ناسروشتیی خۆی بێبەش ناكات، گەر بە وردی چاوێك بە كلتوری جادوی سیحر و بیرۆكەی دوعا و پاڕانەوە لە ئایینەکاندا و ئەودیوی سروشت بخشێنین، وابزانم ئێمەی رۆژهەڵاتی و خەڵكی دنیای سێهەم بە دەیان بابەتی لەو جۆرەمان هەیە و هەمووشیان چوونەتە ناو بیرمانەوە، کەڵچەر و بیرکردنەوە و ترس و تۆقین لە خود و لە ئاگر و لە مردن، بەڵام بەبێ شیكردنەوەی زانستی بۆ ئەم حاڵەتانە، شتێكیان لە ناخماندا خوڵقاندوە و باوەڕمان پێهێناون: وەك ژمارە 13 و دەستخوێندنەوە و قاوەگرتنەوە و فاڵ و فێڵ و شەوە، جنۆكە، ناو مشت خوران، چاوفڕین، خەوبینین، چاوپیسی، كوژەكە، نوشتە، سیحری رەشکردن و شیرین كردن، پیرۆزی دەست و قاچی راست لە چەپ و ژمارە 7 و نەخواردنی ماست و ماسی پێكەوە، ئاوڕشێن بەشەودا، خواردن بە پێوە، سەردانی سەرقەبران، خێر و سەدەقە و قوربانی ناردن بۆ مردوەكان، نەخشاندنی مشتی سوری خوێنین لەسەر ماڵو موڵك، سیحر و جادوگەریی و بیروباوەڕی كۆن.... راستە لای ئێمە و هیندیە سورەكان و ئەمریكای لاتین و ئەفریقیەكان زۆر زیاتر باوترە، بەڵام هیچ میللەتێك لەبیری كۆن خاڵی نەكراوەتەوە..
من ئەم شتانە ناو دەنێم خووی میللەتان، چونكە ویستم بزانم بە تەنها ئەوانەی ناوم بردن نوقڵانە و پێشبینی و بیركردنەوەی شازمان هەیە، یان ئەوروپی و ئەمریكی و روس و سلاڤی وئوسترالیەكانیش هەروان؟؟ باسی ئەفریقا ناكەم، رەنگە كابرایەكی ئەفریقی گلەیی لەسەر نەبێت ئەگەر باوەڕی بە خورافات و ناماقوڵی ژیان و گوزەران هەبێت، بەڵام كابرایەكی یابانی و روس و ئەمریكی و ئەوروپی لە لوتكەی بیركردنەوەی ماددی و زانستیدان، بۆچی ناماقوڵ بیربكەنەوە؟!! بیرمەندی ئینگلیز كۆلن ولسن كتێبێكی لەسەر هێزی شاراوەی مرۆڤ و بیركردنەوەی ئەودیو سروشت (ما وراء الطبیعة) هەیە بەناوی (مرۆڤ و هێزە شاراوەكانی) لەوێدا دەیان نموونەی هاوبەشی بیركردنەوەی مرۆڤەكانی لەسەرانسەری وڵاتانی دنیا باسکردووە، هەر لە مرۆڤی سەرەتاییەوە بە جوگرافیای جیاواز لە ئەشكەوتەكانەوە تا ئەمرۆی گڵۆباڵ، كە چۆن خەفاندنی عەقڵ خوڵقاوە!!
لێرەوە گەشتمە ئەو باوەڕەی كە مرۆڤەكان هەرچەندە پێشكەوتوو بن یان بەجێماو، شارستانی بن یان كێوی، هێشتا شتێك لە بیركردنەوەی باپیرانیان، لەمێشکیاندا ماوە، ئەگەر بزانن راستیش نییە، ھێشتا دەستیان لە کڵاو و جامانەی باوان و عەباو چارشێوی نەنكان بەرنەداوە و لە سێبەری چامە وچاویلكەی باپیراندا ئەژین و ماونەتەوە..
ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شێخ جەعفەرو کۆنسوڵی فەرەنسا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن
10:13 PM - 2026-07-06 -
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازیی ئەلبانیا کۆدەبێتەوە
08:48 PM - 2026-07-06 -
نوێنەری یەکێتی بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لە وڵاتی چین دەکات
05:10 PM - 2026-07-06 -
کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کەلار چارەسەرکرا
04:22 PM - 2026-07-06
زۆرترین خوێنراو
-
تف
بیروڕا 11:53 AM - 2026-07-06 -
سەڵاحەدین.. دەستبەسەر نزیكەی سێ ملیار دینار و چوار ئۆتۆمبێلدا گیرا
عیراق 11:48 AM - 2026-07-06 -
بەڕێوەبەری نوێی پۆلیس و رەگەزنامەی سلێمانی دەستبەکاربوون
کوردستان 10:30 AM - 2026-07-06 -
داهاتوو چاوەڕوانی دواکەوتووان ناکات
بیروڕا 10:05 AM - 2026-07-06 -
181هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 09:54 AM - 2026-07-06 -
ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکاتەوە
عیراق 09:23 AM - 2026-07-06 -
وەسیەتنامەكەی جەنەڕاڵ شەریف پاشا دۆزرایەوە
کوردستان 09:36 PM - 2026-07-05 -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەشداریی یادی دامەزراندنی پارتی كۆمۆنیستی چین دەكات
ی ن ک 09:21 PM - 2026-07-05




دابەزێنە

