riklam

فۆرومی ئابووری دێلفی لە سلێمانی: پردێک نێوان ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بیروڕا 03:06 PM - 2026-06-07
دکتۆر لوئەی جاف

دکتۆر لوئەی جاف

لە 6 و 7ی حوزەیرانی 2026، شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق میوانداری (فۆڕمی ئابووری دێلفی) دەکات. ئەم فۆرۆمە یەکێکە لە گرنگترین کۆڕە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتە بە بابەتەکانی ئابووری، جیوپۆلیتیکی و ستراتیژی.

سازدانی ئەم کۆڕە نێودەوڵەتیە لەم کاتەدا، کە جارێک شەڕی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی درێژخایەن کۆتایی نەهاتووە، گرنگی و پێگەی شاری سلێمانی وەک ناوەندێکی گفتوگۆی نێوەدەوڵەتی نێوان ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەردەخات و بەرەو پێشی دەبات.

فۆڕمی ئابووری دێلفی لە ساڵی 2016لە یۆنان دامەزرا. ناوی خۆی لە شاری مێژوویی (دێلفی) وەرگرتووە، کە لە سەردەمی یۆنانیەکاندا بە (ناوەندی جیهان) ناسراو بوو. لە دامەزراندنییەوە، ئەم فۆڕۆمە بووەتە شوێنێک بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆ لە نێوان کارەکتەر و فیگەرە خاوەن بڕیارەکان (سەرۆک دەوڵەتان، وەزیران، خاوەن کۆمپانیاکان، زانایان، وەبەرهێنەران و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی). ئامانجی سەرەکی فۆڕمەکە پشتیوانیکردنە لە گفتوگۆی دیموکراتی و هاوکاریکردن لە دانانی سیاسەتە گشتی و ئابوورییە بەردەوامەکان، بە تایبەتی لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا.

ڤێرشنی ساڵی 2026لە سلێمانی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە ستراتیژییە گرنگەکان بووەتەوە. باس و گفتوگۆکان سەرنجیان لەسەر ئاسایشی وزە، گواستنەوە بۆ ئابوورییە بەردەوامەکان، چاکسازییە ئابوورییەکان، وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکانە کە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکەن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، شارەزایان و سەرکردەکانی کەرتی تایبەت لە عێراق، هەرێمی کوردستان، ئەورووپا و ناوچەکانی دیکەی جیهان بەشداری ئەم گفتوگۆیانە دەکەن.

هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ میوانداری ئەم فۆرۆمە لەم کاتەدا کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەم زۆنە. ئەم شارە وەک یەکێک لە گرنگترین ناوەندە فیکری و کولتوورییەکانی کوردستانی گەورە و هەرێمی کوردستانی عێراق ناسراوە و وێنەیەکی باشی کراوەیی فرەڕەهەندی هەیە. بۆ ڕێکخەران، سلێمانی شوێنێکی گونجاوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئابوورییە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا و بازاڕە سەرهەڵدەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها، پشتیوانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاک قوباد تاڵەبانی، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ویستیان هەیە وەبەرهێنانی زیاتر ڕابکێشن و پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر بکەن.

لەگەڵ گرنگیی بابەتە ئابوورییەکان، فۆڕمی دێلفی لە سلێمانی ئاماژەیەکە بۆ ئامانجێکی فراوانتر: دروستکردنی پرد و پەیوەندی نێوان ناوچە و وڵاتانی جیاواز کە هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاڵۆزی و هەڕەشەی هاوشێوەن، لەوانە ئاسایش، گواستنەوەی وزە، گەشەپێدانی بەردەوام و هاوکاری نێودەوڵەتی. لە جیهانێکدا کە پڕە لە دڵەڕاوکێی سیاسی و جیوپۆلیتیکی، سەرهەڵدانی ئابوری نوێی زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتیک، ئەم فۆڕمە بەڵگەی ئەوەیە کە گفتوگۆ و هاوکاری ئابووری هێشتا یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی جێگیری و گەشەپێدانن.

بە میوانداریی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییە، سلێمانی خۆی وەک شارێکی کاریگەر و دیار لە نەخشەی ئابووری و دیپلۆماسی ئابوری دەچەسپێنێت. بە هیوای سەرکەوتن بۆ ڕێکخەران و بەشدرابونی فۆرۆمەکە و شاری سلێمانی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket