riklam

باخ و باخەوان

بیروڕا 12:10 PM - 2024-02-04
 ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

باخەوانی باش ئەوەیە كە چاوی لە باخچەو گوڵەكانی بێت. جگە لە ئاودێری، چاودێریشیان بكات، دەوترا ئەو گوڵە بۆ وا جوان و گەشاوەیە؟ دەڵێن باخەوانەكەی مەرد و ڕەندە باخەوانی باش (باشباخەوان)ە و لەسەرێتی لەسەریەك و بە بەرنامە ئەم ئەركە جێبەجێ بكات. بەڵێ نەمامی گوڵ وایە كە ڕەنگە پەین و كیمیا و دەرمان بخوازێ، بەڵام ئەوە بەس نییە، چاودێری و پەروەردە و نازكێشانیشی گەرەكە.

وشەی (چاودێری) هەم مانایە بۆ لالێكردنەوە و ئاگادریش دەگەیەنێ و هەم ئامۆژگاری و رێكخستنەوە و ئاڕاستەكردنیش، لە رێكخستن و خەباتیشدا، وەك باقی كایەكانی تر، هەمان ئەم ئەزموونە خۆی دەنوێنێ. ئەندام و كادێر ناونیشانی حەریف، یان باخەوانی باخچەی پشتەوە و دەوروبەرن. گوڵەكان و نەمامەكان لایەنگر و هەوادار و دۆستی حزب و رێكخستن و بزوتنەوە سیاسییەكەن.

هەڤاڵ و كادێری حەریف ئیشێتی ئەم گوڵە لایەنگرانە ئاو بدات. جاران كە هەڵبژاردن و پێشبڕكێی حكومڕانی نەبوو، لایەنگران وەك ماسی و ژینگەی پاك بوون و دەگوترا كە ماسییەكان ( ئەندام و پێشمەرگە) بێ ئەوان ناژین و ئەخنكێن. بەڵام لایەنگرانی دەورانی دیموكراسی دەنگدەرەكانن كە دەبێ رێكخستن و حزب و بزووتنەوەكە دایمەی خوا بەسەریان بكاتەوە، لایان لێبكاتەوە و لایان بێت. باخەوانی حەریف كارێتی گوڵ و نەمامەكان چاودێری بكات ئاویان بدات و بیانگەشێنێتەوە، چاودێریان بكات نەوەك سیس بن و زیزبن و نەوەك بۆ بوژانەوە باخەوانی تر خۆیان لە مەلاسی دابێ لە غەفڵەتا بۆی بێنە پێشەوە.

حزب و رێكخستن دەبێ ئەندام و كادیری حەریف بكاتە (مەلای سەردەمی نوێ) گوندا و گوند و دەڤەرەكان بگەڕێ، مژدە بەخش و مژدەبەر بێت، لە لایەنگر و خەڵك (گوڵەكان و نەمامەكان) دانەبڕێ و سەریان لێ نەبڕێ.
وەختێ كادیر و ئەندامی حەریف هەر لە حزب و بارەگاكانی گیر بخوا و نەگەڕێ و نەبینێ و نەبیستێ، خەڵكی تر ئەم بۆشاییە پڕدەكەنەوە و دین و مەزهەبی تر جێی دەگرێتەوە. ئەمە بنەمایەكی فیزیاییە پێش ئەوەی بنەمایەكی ڕێكخراوەیی بێت. هەوای پاك نەمێنێ هەوای (دیكە) جێی دەكرێتەوە و كایەكە پڕدەكاتەوە. 

وەختێ كادیر و ئەندامی حەریف (مەلای سەردەم)  هەر خەریكی عەبەسەوە تەوەللا بێت و هەنجەتی نەچوونی بۆ مزگەوتی دێ و بنكەی شارۆچكە و ناو جەماوەر و كۆمەڵانی خەڵك ئەوەبێ كە گوایە ڕووی مەجلیسی نییە، گوایە هیچی پێ نییە بیداتە خەڵك، پەینی پێ نییە گوڵی پێ ئاو بدات و تەداروكی نییە تا موشوری نەمامەكان بخوا، ئەوا دیارە قسەی تازە و مژدەی پێ نییە، دەنا مەرج نییە هەموو گوڵ و نەمامێك پارە و تەداروكی ماددی بخوازێت تا بگەشێتەوە. دەشت و دەری وڵات پڕن لە گوڵە كێوی جوان و نەمامی كەم خەرجی كە تەنها سەردان و ئاودێری و ئاوەدانی گەرەكە و هیچی تر.

نابێ لە چاوی گوڵی سیسی مەجلیسی ساردوسڕ و گوڵی لاستیكی بارەگاكان چاو لە گوڵ و نەمامی میللی بكەین. گەرەكە ئێمە باخەوانی مەرد و ڕەند بین و باخچەكان بێ ئاو نەكەین.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket