riklam

عەبدولواحێد محەمەد..پێویستە پرسیارەكانی 12 ئامادەیی گۆڕانكاریان تێدا بكرێت

بیروڕا 06:51 PM - 2022-08-04

لە بارەی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی 12 ئامادەیی، عەبدولواحێد محەمەد سەرۆكی سەندیكای یەكێتی مامۆستایان دەڵیت پێویستە پرسیارەكان گۆرانكاریان لێ بكرێت.
                                                                                                                
عەبدولواحێد محەمەد سەرۆكی سەندیكای یەكێتی مامۆستایان دەڵێت ئەوەندەی شارەزایم هەبێت لە بارەی تاقی كردنەوە گشتیەكانی پۆلی 12 ئامادەیی لە زۆربەی وڵاتان بەردەوام گرفتی هەبووە، ئینجا هەریەكە و بەپێی تایبەتمەندی خۆی، بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێگاو شێوازیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ خەوش بەڕێوەبچێت، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر كاتی ئەزمونەكان نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی تەواوی بكەن، لەبەرئەوە هەندێك لە وڵات پەنایان بردۆتە بەر رێگای زۆر توند، بۆ نموونە لە وڵاتی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی رێ لە گزی  بەهەموو جۆرەكانیەوە بگرن، 45 دەقیقە پێش ئەوەی ئەزمونەكان دەست پێبكات، تەواوی خوێندكارانیان دەبەنە ناو هۆڵەكانی خوێندن لەگەڵ دەستەی چاودێری و سەرپەرشتیاران، لە دوا چركەی ئەو ماوەی سەرەوە پرسیارەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی دابەش دەكەن، لە وڵاتی چینیش، لەبەر ئەوەی ناوچەیەك زۆر بە ناوبانگە بۆ شێوازی گزیكردن، بۆیە تەواوی خوێندكاران لە جل و بەرگی سەرەوەیان دادەماڵرێن، تەنها لباسی ژێرەوەیان لەبەردا دەهێڵرێتەوە، دەشیانبەنە قەراغ دەریا ئینجا  ئەزمونەكانیان پێدەكەن، بە دڵنیاییەوە چەندین نمونەی سەیر و سەمەرەتریش لە جیهاندا هەبووە و هەیە، بەشێك لە وڵاتان چارەسەری ئەو كێشەیان كردووە، بە شێوازێكی زۆر زانستیانە و پرۆسەیەكی تەواو پڕۆفشیناڵانە، وازیان لە تاقیكردنەوەی گشتی هێناوە و تەنها تاقی كردنەوەی ئاسایی دەرچوون لە قۆناغی 12 ئامادەیی دەكەن، تۆپەكە دەخەنە گۆڕەپانی زانكۆكان بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕی، بەشێوازێكی زۆر وردو زانستیانە تاقیكردنەوەی قبوڵ و شیاو بوون بەڕێوەدەبەن، ئەوە دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتن لە زانكۆ، لە هەندێك وڵاتیتر دەزگایەكی تایبەتمەند بۆ ئەزمونكردن هەیە، بەپێی كۆمەڵێك پرەنسیب و بنەما پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن و تیایدا خوێندكاران بڕوانامەی وەرگرتن لە زانكۆكان هەریەكە و لە پسپۆڕیەكەی مەبەستیەتی یان شیاوە  وەردەگیرێن، ئەوەی بۆ ئێمە مایەی سەرنجە، ئەزمونەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەردەوام گرفتی تێدا بووە، ئیتر لە گزیكردنەوە تا دەگاتە هەڵەی پرسیار و شێوازی هێنانەوەیان، لە بەرامبەردا چەندین بیرۆكە راگەیانراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش هەر وەكو خۆیەتی، راستە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵەكانی رابردوو باشتر بوو، لە هەموو ئەو داڕسانانەی ساڵانە رووبەڕووی پرۆسەكە دەبۆوە، بەڵام بەڕاستی گرفتە بنەڕەتیەكان هەر وەكو خۆیان ماونەتەوە كە خۆیان لە چەند خاڵێكدا دەبیننەوە:-

 

1-ئەو شێوە ئەزمونانە ژمارەیەكی زۆر دەرچوو دێنێتە كایەوە كە دواجار هەر دەبێت وەربگیرین، سەرەنجام لە كۆمەڵێك بواردا بڕوانامە بەدەست دێنن كە ئەسڵەن ناگونجێت لەگەڵ بازاڕی كار، هەربەبێ ئیش دەمێننەوە، ئیتر ئەوە چی لێدەكەوێتەوە، زەمەن حوكمی خۆی دەدات.

2-جۆرێك لە نادادپەروەری تێدایە، چونكە یەك شێوە پرسیار هەرگیز شیاو نیە بۆ هەموو خوێندكاران، لەبەرئەوەی هەر یەكە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت لە هێنانەوەی پرسیارەكان هاوسەنگی لە نێوان توانا و بەرهەڤبوونی تاكەكان  رەچاو بكرێت.

3-كۆی ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت، مەبەستی بنەڕەتی تەنها نمرەیە و بەس، هەموو لایەنەكانیتر وەكو زانست و زانیاری و پەروەردە بە پێی  پێویست  بەرجەستە نابێت.

4- خودی ئەزمونەكان دەبێتە جۆرێك لە بازاڕگەرمكردن بۆ ئامێری تایبەت بە كزی و هەروەها مەلزەمە و وانەی تایبەت و سەرەنجامیش هەڵخەڵەتاندنی خوێندكاران بە پرسیار فرۆشتن و كڕین.

5-ئەو خێزانانەی قوتابی دوانزەی ئامادەییان هەبێت، زۆربەیان وەكو ئەوەیە وایە لە (ئینزار جیم) دابن، راستە پەروەردە و فێركردن بەشێكی گرنگی لە ئەستۆی دایكان و باوكاندایە ، بەڵام ترسەكە ئەوەندە زەق دەكرێتەوە و ئەوەندەش بەبازاڕدەكرێت ئیتر دەبێتە جۆرێك لە ترس و فۆبیا بۆیان.

   لە راستیدا هێشتنەوەی ئەو ئەزموندانە بەو شێوەیە و ئەنجامدانی، دواجار دەرچون و وەرگرتنیان لە زانكۆكان، بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ لە ساڵی داهات و باشتر دەبێت، دەمەوێ ئەوەش  بڵێم تەكنەلۆجیا ئەوەندە لق و پۆپی لێ بۆتەوە و بەردەوامیش لێی دەبێتەوە مەحاڵە كۆنترۆڵ بكرێت، بۆیە دەبێت بیر لە ئالیەتێكیتر بكرێتەوە، بۆ ئەوە  نموزەجی جواب هەیە دەكرێت بۆ ساڵانی ئایندە پیادە بكرێت، بەڵام تا ئەو كاتە زۆر زەروریە پرسیارەكان گۆڕانكاریان تێدا بكرێت  كە نوسین و هەڵبژاردن و بۆشایی پڕكردنەوە و پێناسەشی تێدا بێت، رەنگە ئەوە زەحمەتتر بێت بۆ پرۆسەی راستاندن و كۆنترۆڵ، بەڵام بەڕاستی لایەنی زانستی و جۆرێك لە عەدالەتیشی تێدا بەرجەستە دەبێت، چونكە  لە بنەڕەتدا وەك لە پێشتر ئاماژەمان پێدا هەرگیز هەموو قوتابیان وەكو یەك نین، هەریەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، زانست سەلماندوویەتی :-

1- 65% خوێندكاران سود لە هەستی بینین وەردەگرن هەمیشە حەزیان لە پرسیاری (وێنە، مێژوو، هێلكاری و نەخشە)یە.

2-35% خوێندكاران بیسەرین واتەی  بە بیستن باشتر فێر دەبن، ئەوانە حەزیان لە پرسیاری (نوسین و زارەكیە).

3-10% جوڵەیین، بە جوڵە باشتر تێدەگەن و فێردەبن، حەزیشیان لە پرسیاری (پێناسەی كورت و تەواوكردن و هەڵبژاردنە)، ئیتر ئەوە بۆ ئەدەبی و زانستیش  راستە، ئومێدم وایە ئەو پێشنیارانەی ئێمە و پەروەردەكاران لەوبارەیەوە دەخرێتەڕو بە هەند وەربگیرێت، چونكە لە قازانجی پرۆسەكەدایە و كەمكردنەوە داڕسانەكانیشی بە دوا دادێت.

PUKmedia



زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket