riklam

بۆ ژینگەی تەندروست حكومەت بەرپرسیاری یەكەمە............!

بیروڕا 04:11 PM - 2022-06-23

ماوەیەكە بەردەوام، لەبەرپرسان گوێ بیستی پاراستنی ژینگە و چاكردنی دەبین، ئیتر هەر یەكە و بەشێوەیەك بۆی دەچێت،  هەندێك نمونەی چینی میللیمان بۆ دەهێننەوە كە هەمومان دەزانین هێشتا زۆرمان ماوە خۆمان بەچین بشوبهێنین، لەڕاستیدا ژینگە دیوێك و دیاردەیەكی دیاری كراو نیە، تاوەكو مامەڵەیەكی سەرپێی لەگەڵدا بكرێـت، واتە ئەگەر سەروەختی بوو باسی بكەیت و هەوڵی بۆ بدەیت ئەگەریش كاتەكەی تێپەڕی ئیتر لەبیری بكەیت، بەپێچەوانەوە ژینگە زانستێكی بنەڕەتیە، دەبێت لە چوارچێوەی پەروەردەیەكی مۆدێرن تاكەكانی  پێ موتربە بكرێت و دواجار هەر خۆیان ببنە پاسەوانی خۆڕسكی پاراستنی ژینگە و بنیاتنانی دنیایەكی تەندروست، بەهەر حاڵ ئەوە زۆری دەوێت، چونكە بەڕاستی حكومەتی هەرێم تا هەنوكە ئەوەی زۆر  بە گرنگیەوە وەرنەگرتیە ، راستە دەزگای بۆ دامەزراندووە هەندێك هەوڵی لەسەر خۆشی بۆ داوە، بەڵام ئەو ژینگەی ئێمە لێی دەژین تا سەر ئێسقان خراپە و مەترسیەكی گەورەشە لەسەر هەمومان، بەبڕوای خۆم زۆر درەنگە بۆ بەرهەڤبوونی ئەو ژینگەیەی پێویستمان پێیەتی، یان لەبار و گونجاو بێت بۆ ژیانێكی ئاسایی، ئاشكرایە  بۆ ژینگە تەندروست حكومەت بەرپرسیاری یەكەمە، جارێ دەبێت خۆی هەنگاو هەڵبهێنێت، ئینجا بە هاوڵاتیان بڵێت دەبێت ژینگە بپارێزن، وەك گەواهیش بۆ ئەو راستیە خەوشەكان زۆرن، لەم وتارەدا تەنها دووانیان دەخەمەڕو : 

 

1-شارەوانی، هەموو شارەكانی نقومی كەشێكی زۆر نالەبار كردووە، هیچ رۆژێكی خوای نیە بەهەزاران تەن خۆڵ و خاشاك لەناو شارەكان كۆنەكاتەوە و  نەیباتە دەرەوەی شارەكان و فڕێی نەدات، بێ ئەوەی رسایكلینیان بكات،  بەردەوامیش ئاگریان تێبەردەدەات، بە تەواوی ئەو شوێنانە بە كانگەی جەنگ دەچێت، ئەوەتا كانی قڕژالە ئەوە نێوانی تەكیە و چەمچەماڵ، چەندان و چەندان شوێنیتریش، ئەوە و   سەباری پیسی و چڕە دوكەڵەكەی بە سەدان كەسیش كاری تێدا دەكەن، كۆنە و پڕ و پاتاڵی لێ كۆدەكەنەوە  كە دەگەڕێنەوە، جارێكیتر تێكەڵاوی كۆمەڵانی خەڵك دەبنەوە، ئەوەی لەگەڵ خۆیان هەڵیدەگرن بە ئاسانی  بۆ هەموانی دەگوازنەوە . 

 

2-ئاوی قورسی شارەكان كە دەچێتە ئاوەڕۆكان و دەڕواتە دەرەوەی شارەكان، جارێكیتر خەڵك بەكاری دەهێننەوە، بۆ ئاودانی سەوزە و بەرهەمیتر هەندێك جار مەڕو ماڵاتیشی پێ ئاو دەدەن، بێگومان  بەرهەمەكانیش دەهێنرتـە ناو شارەكان و دەرخواردی هاوڵاتیان دەدرێت، پێموایە ئەو دیاردەیە لە وڵاتە هەرە خراپەكان هەیە، دەنا لەو وڵاتانەی  نەختێك خواپێداون و بە زانست رێدەكەن چارەسەری ئەوەیان كردووە و  بگرە سودی گەورەشیان لێبینیوە، هەر بۆ نمونە لە نزیك شاری مەكسیكۆسیتی دەریاچەیەك هەبوو، پێش چوار سەد ساڵ، پورتوگالیەكان كە ئەو وڵاتەیان داگیركرد، لەبەر ئەوەی بەرهەڵستكارەكان ئاوەكەیان بەكاردەهێنا، بۆ خواردنەوە هەندێك بەرهەمیتری پێویست، ئاوەكەیان وشك كرد، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی ئەو وڵاتە لە رێی پاكردنەوەی ئاوی قورسی شاری مەكسیكۆستی هەوڵی پڕكردنەوە و بوژانەوەی ئەو دەریاچەیە دەدات،  ئێستا هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و بڕێكی زۆر ئاویان تێ كردۆتەوە، لەوەدا سەرباری ئەوەی لە  ئاوی پاشەڕۆی شارەكە رزگاریان دەبێـت، دەبێتـە شوێنێكی گەشتیاریش، ئەوەیە وامان لێدەكات بڵێین كاتێك حكومەت و بەرپرسەكان باسی ژینگە دەكەن دەبێـت یەكەم هەنگاو لەلایەن خۆیانەوە دەست پێبكەن، ئینجا هەوڵی ئەوە بدەن  خەڵكیتر فێر بكەن چۆن ژینگە بپارێزن، ئەكید ئەوەش بە دروشم و چەند وشە و  پەیڤەك نایێتەدی، بەلكو پەروەردەیەكی مۆدێرن و بەردەوامی دەوێت، یەك راستیش هەیە دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت ئەویش ئەوەیە، ئەگەر ئەوەی بەخۆت لەسەرتە نەیكەیت چۆن دەبێت بەسەر ئەوانیتردا فەرزی بكەیت، لە مێژیشە وتویانە(( گەورە ئاوێ دەڕژێنێ گچكەش پێی لێدەخشێنێ)). 

 

ن: عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket