riklam

6ی نیسان ئەو رۆژەی مام جەلال بووە سەرۆک کۆمار

بیروڕا 04:53 PM - 2022-04-06

گەرچى هەر لە دامەزراندنى دەوڵەتى عیراقەوە، کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدارى لە کابینەکانى حکومەتدا کردووە .. ئەمە بەو ماناو تێگەیشتنە نایەت لە عیراقى فرە نەتەوەدا لە رێى پرۆسەیەکى دیموکراتیانەى هەڵبژاردنەوە پلەى باڵا بە چەند عیراقییەک درا بێت کە بە رەچەڵەک کورد بوون و نوێنەرى تەواوى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بووبن، بە پێى سەردەم و قۆناغەکان چۆنایەتى ئەو کوردانە لە دەسەڵاتدارییەتى ناوەندى عیراقەوە دیاری کراوە و دەرئەنجامى سەرجەمى پرۆسەکانیش سنووردارێتى دەسەڵاتەکانیانى سەلماندووە. 

 

پاش رووخانى رژێمى دیکتاتۆرى سەدام و دامەزراندنى حکومەتى کاتى عیراق و بە ئەنجام گەیاندنى پرۆسەى هەڵبژاردن لە سەرتاسەرى عیراقدا و بە دەستهێنانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەسەر لیستى هاوپەیمانیەتى کوردستانى، دووەمین دەنگ و 77 کورسى لە کۆمەڵەى نیشتمانى عیراقى دیموکرات و فیدڕاڵدا بە دەستهێنا. بە تێکڕاى دەنگى لیستى هاوپەیمانى کوردستان، بەڕێز مام جەلال کاندید کرا بۆ یەکەم سەرۆکى عیراقى دیموکرات و فیدڕاڵ، پاش هەڵبژاردنێکى ئازادانە. ئەمە بۆخۆى بە یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گرنگە مێژووییەکانى نەتەوەکانى عیراق بە گشتى و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەژمێردرێت، بۆخۆشى لەسەر ئاستى نەتەوەى کورد، هێماى یەکڕیزى و یەکدەنگى تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى کوردەواری و بڕوا و متمانە بەخشینێکى بێ وێنە بوو بە کەسایەتییەکى شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕ و سیاسەتمەدار و دیپلۆمات و رووناکبیرێکى وەکو هەڤاڵ مام جەلال. له‌ ئه‌زموونگه‌ری یه‌ك مانگی حوكمڕانی هه‌موو سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كانیشدا ده‌ركه‌وت کە مام جەلال تاكه ‌كه‌سی شیاوه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ ناكۆكی و ململانێ و كێشمه‌كێش له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و به ‌تێكڕای ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه ‌و ناوه‌وه‌ی عیراق مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هه‌ڵبژێردرا، به‌ كه‌سایه‌تی پێویست بۆ رۆژانی سه‌خت و دژوار ناوزه‌د كرا، زۆر له ‌سیاسه‌تمه‌دارو توێژه‌ره‌ مه‌زنه‌ ئه‌مریكییه‌كان مانه‌وه‌ی ( مام جەلال )یان به‌ پێویست زانی بۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق و له‌و به‌ولاوه‌ بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ دژواره ‌و پڕ ئاسته‌نگه‌ی عیراق پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت كه‌سایه‌تییه‌كی تر نابیننه‌وه‌. 

 

گشت لایەنەکان دەیانزانی هەڤاڵ مام جەلال دڵنیایی و ئارامییه‌ بۆ هه‌مووان و كاتێكیش ده‌وترێت ده‌روازه‌ی دڵنیایی و تەبایی و ئارامییه‌ و كه‌ نه‌ك به‌ ته‌نیا نێوه‌نده‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكو ئایینیه‌كانیش ئاماژه‌یان به‌م راستییه‌ داو‌ هه‌روه‌ك گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ ( سه‌ید سیستانی ) ده‌ڵێت: به‌ڕێز مام جەلال ( صمام الامان  )ه‌. 

 

هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه ‌چه‌تری ئارامی و دڵنیایی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌، ئه‌مه‌ش به‌ واتای خۆ به‌ به‌رپرسیارزانی سه‌رۆك مام جەلال له‌به‌رده‌م كێشه‌كاندا و خۆ دوورنه‌خستنه‌وه ‌و پشت نه‌كردنه‌ كێشه‌كان و دڵسۆزانه ‌و دانایانه‌ تێكه‌ڵیان ده‌بێ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات تا شیاوترین و هێمنترین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌.

 

بوونى مام جەلال بە سەرۆک کۆمارى عیراقی نوێ .. عیراقى دیموکرات و فیدڕاڵ، پاش ساڵانێکى زۆرى ستەم و کاولکارى و ئەنفال و کیمیاباران و گۆڕى بە کۆمەڵ لەلایەن رژێمە شۆڤێنیستەکانى عیراقەوە، بە تایبەت رژێمى دیکتاتۆرى بەعسى سەدام و کە لە دواهەمین بڕیارەکانى لێبوردنى رژێمى داڕماودا بە تەنیا ( مام جەلال )ى لێ بەدەرکرد و لە دیدوبۆچوون و خوێندنەوە چەوتەکانى ئایندەوە هیچ جۆرە بەخشینێکى پێ رەوا نەبینى.         

 

ئەو کوردە سیاسەتمەدارە گەورەیە دەرەنجامى پڕۆسەیەکى ئازادانەى هەڵبژاردن بووە سەرۆک کۆمار و سەدامى پاڵەوانە کارتۆنەکەیان لە زیندانى دادوەرى گەلانى عیراقدا زیندانى کراو پاشان بەرامبەر بە تاوانەکانی لە سێدارە درا.

 

هەمیشە خوێندنەوەى دروستى ئەم دەسکەوتە لە پاراستنى یەکریزى چین و توێژەکانى کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و میللەتى کورد دایە و بەڵگەى یەک هەڵوێستى کوردى ستەمدیدە بوو.

 

لەم یادەدا دروود بۆ گیانی شکۆی نیشتمان و میللەت سەرکردە و رابەری گەورەی کورد سەرۆک مام جەلال. 

 

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket