riklam

پارتی بۆ وا لە مەخمور دەكات؟

بیروڕا 12:30 PM - 2022-04-04

غازی فەیسەڵ
ئەوە پرسیاری خەڵكانی نیشتمانپەروەرە و لە زۆر كۆڕ و مەجلیسدا ئەو پرسیارانە دووبارە دەبنەوە. كە لەدوای ریفراندۆمە گوماناوییەكەی هەرێمی كوردستانەوە،  هێزێكی گەورە و زەبەلاحی پارتی تەنها لە ماوەی 24 سەعاتدا لە سنووری مەخمور كشایەوە و هەموو سنووری  قەراج و قەرەچوغ و مەخمور و سەرگەڕان و بەشێكی كەندێناوەشیان  بەبێ تەقاندنی یەك فیشەك چۆڵكرد!  سەرەڕای ئەو هەڵاتنە خێراو بێ وێنەیەشیان بانگەشەیان بۆ خەڵكی ناوچەكە دەكرد: "هەڵێن دوژمن هات!" 
دوای كشانەوەی هێزەكانی پارتی لەو سنوورە، سوپای عیراق بەبێ روبەڕوبوونەوە هاتنە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریكرابوو، بەڵام دوایی پارتی هێزەكانی هێنایەوە سەر شاخی قەرەچوغ و بە قودرەتی قادر  هێزێكی زۆری داعشیش كە ژمارەیان 700 كەسێك دەبوو بە درێژایی شاخی قەرەچوغ سەنگەریان لێدا، ئێستاش كەس نازانێت لە كوێوە هاتن؟! لەبەر ئەوەی گوایە شاخی قەرەچوغ  هێزێكی پارتی لێیە و دژی داعشن و گوندەكانی دەوروپشتی شاخی قەرەچوغیش هەموویان كوردنشینن و یەك ماڵی عەرەب لە نزیك شاخی قەرەچوغ نییە.
ئەوا بۆ ساڵی پێنجەم دەچێت خەڵكی ناوچەكەمان لەژێر هەڕەشە و مەترسییەكانی داعشدا ژیان دەگوزەرێنن و چەندین هاووڵاتیشیان لێ  شەهید كردوین، بێجگە لە سوتاندنی گوند و دێهات و دەغڵودانی ناوچەكە و زیانی مادیی ئێجگار زۆر،  لەگەڵ ئەوەشدا پارتی لە دوای ریفراندۆمەكەوە كە هەڵاتن لە مەخمور، وتیان سوپای عیراق داگیركەرە و ئێمە نایەینەوە ژێر سێبەری هێزێكی داگیركەرەوە و   یەكێتییان بە خائینن لە قەڵەم دەدا لەبەرئەوەی كە سنوورەكە چۆڵ ناكەین، بەڵام دانیشتوانی ناوچەكە لەناو مەخمور و زێدی خۆیاندا مانەوە و بەجێیان نەهێشت، لەگەڵ ئەوەشدا كادر و بارەگاكانی یەكێتی مەخموریان چۆڵ نەكرد، پارتی ماوەی ساڵێكیش رێگەی هەولێر مەخموری داخست بۆئەوەی مەخمورییەكان و خەڵكی سنوورەكە ناچاربكات چۆلی بكەن، بەڵام جەماوەرە خۆڕاگرەكەی سنوورەكە سەرەڕای ئەو هەموو  نەهامەتی و كێشە ئەمنی و ئیدارییانەی كە رۆژانە بۆیان دروست دەكرێت بەهۆی سیاسەتە گوماناویی پارتی  ناوچەكەیان چۆل نەكرد، ئیتر پارتی ناچاربوو  هەموو بەڕێوەبەری یەكە كارگێڕییەكانی ناردەوە بۆ مەخمور جگە لە فەرمانگەی باری شارستانی و  پۆلیسی هاتوچۆ، لەبەرئەوەی هەرچی بەڕێوەبەری یەكەی كارگێڕیی ناوچەكەیە پارتین.
كەچی بەشێوەیەكی كتوپڕ و لە سەری ساڵی 2022 دا پارتی بەبێ هیچ مەرجێكی پێشوەختە نەك تەنها بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، بەڵكو  بارەگای حزبەكەشی هێنایەوە مەخمور و لەبیری چوو كە پێشتر دەیانوت سوپای عیراق داگیركەرە و  لە هەڵبژاردنەكەشدا دوو كورسی پەرلەمانی عیراقیان لەو سنوورە بەدەستهێنا كە هەردوو كاندیدەكەشیان لە برایانی عەرەب بوون، بەڵام كۆنە برادەری خۆیان بوون!
  لە هەمووشی  سەیرتر ئەوەیە كە لە مەخمور  نەورۆزیان لەگەڵ  یەكێتیدا نەكرد بەڵكو لەگەڵ  سوپای عیراقدا پێكەوە ئاگری نەورۆزیان كردەوە!  
پێویستە  یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و  حزبەكانی دیكەی هەرێم و حكومەتی عیراق بێنە دەنگ لەسەر ناوچەكەمان و خەڵك لە ژیان و لە ماڵی خۆی دڵنیابێت، تا چیتر نەكرێینە قوربانیی سیاسەتێكی نا روون و گوماناوی،  چونكە قوربانییەكانی ناوچەكەمان ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ هەندێك شوێندا، زۆر لەوە زیاترە، كە حكومەتی خۆجێی هەولێر كە پارتی تێیدا باڵادەستە بەم جۆرە هەڵسوكەوت لەگەڵ ناوچەكەماندا بكات.
*فەرماندەی خۆبەخش  لە سنووری مەخمور و قەرەچوغ

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket