riklam

قۆناغێکی تری نائارامی لە سنووری سلێمانی

بیروڕا 04:17 PM - 2021-11-24

گەرمیان و دەڤەری راپەڕینیش، لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی جیاوازن و مافی ئیداریی خۆێان هەیە، بەڵام دەکەونە سنووری سلێمانییەوە لە رووی سیاسییەوە، هەڵەبجەش پارێزگایە و لە هەمان زۆندایە.

داواکردنی ماف، هەقی هەموو تاکێکی کۆمەڵە، ئەو مافەش لای هەر کەس و لایەن و دەسەڵاتێک بێت، دەبێت وەڵامدەرەوەی بەدیهێنان و پێدانی ئەو مافانە بن، بە مەرجێک رەوا بن.

چەند رۆژێکە خوێندکارانی زانکۆ داوای گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان دەکەن کە پێشتر هەیان بووە لە دروستبوونی قەیرانی داراییەوە بڕاوە و پێشتر تا ساڵی 2013 لە بودجەی هەرێمدا لە نێو پارەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵادا بوو.

خوێندکاران مافی خۆیانە ئەو داواکارییەیان هەبێت، حکومەتیش ئەرکی سەرشانێتی بەدوای ئەو داواکارییەدا بچێت، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت لە داواکاریی خوێندکارانی بەڕێز زیاترە و هەندێک کەس و لایەن داواکاریی و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانیان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان قۆستۆتەوە، وەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بینیمان و روویدا.

ناڕەزایی رێکخراو لەم سنوورەی سلێمانی لە سووتاندنی مۆنۆمێنتی شەھیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە دەست پێدەکات، لەوێوە بۆ ناڕەزاییەکانی 17ی شوبات و شەست رۆژ بەردەرکی سەرا گرتن و رووداوە نەخوازراوەکانی دوای ئەوە و پاشان ناڕەزاییەکانی پاشەکەوتی مووچە، دواتر ناڕەزاییەکانی مامۆستایانی ناڕازی و هەروەها بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر پاشەکەوت.

هەموو ئەمانە کە مافی مامۆستا و فەرمانبەر و خەڵک بوون ، لایەن و تاقمی سیاسی خۆیان کردە خاوەنی بۆ مەبەستی تایبەت و بەداخیشەوە ئەو بارودۆخە قوربانی و زەرەروزیانی زۆریشی لێکەوتەوە.

گومانی تێدا نییە کە حزب و گروپ و لایەنی سیاسی ئەرکیانە داکۆکی لە داوا رەواکانی خەڵک بکەن، بەڵام ناکرێت موزایەدەی پێوە بکەن و بۆ مەرامی تایبەت بەکاری بهێنن. کە پاشەکەوت نەما، دواتر قسە ھاتە سەر داواکاریی دامەزراندنی مامۆستایانی بەڕێزی وانەبێژ، دواتر داوای دامەزراندنی فەرمانبەرانی بەڕێزی گرێبەست کە هەردوو لا مافی خۆیانە ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بکرێت.

کاتێک ئەو بارودۆخە ئەھوەن بۆوە، مەسەلەی دەرماڵەی خوێندکاران ھاتە پێشەوە، وەک وتمان مافی رەوای خۆیانە.

بەشێوەی کۆبوونەوەکان و هاوکاتیی و ئەو هەموو دروشمە چاپکراوە، پێناچێت هەروا سەرپێیی و کتوپر بووبێت، لەوە دەچێت ئامادەکاریی باشی بۆ کرابێت و کەس و لایەن سوودیان لەو داواکارییە رەوایە وەرگرتبێت و بە سوودی تایبەتی خۆیان بەتایبەتی کە لە زۆر پەیج و ئەکاونتی تایبەتی فەیسبوکەوە بە ئاشکرا هانی خوێندکارانی بەڕێز دەدرا کە هەموو رێگا و شەقامەکان بگرن و دایبخەن.

بە هەرحاڵ بەندە دەڵێم: سنووری سلێمانی بەرەو قوناغێکی تری نائارامی هەنگاو دەنێت و پێویستە حکومەتی هەرێم هەموو ئەم داوا رەوایانە جێبەجێ بکات و هەل بۆ هەلپەرستان نەھێڵێتەوە داواکاریی رەوای خەڵک بۆخۆیان بقۆزنەوە، بیریشمان نەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بەڕێوەیە و ئیتر ناڕەزایی دروستکراو زۆردەبن!

 شوان کەریم کابان 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket