riklam

هەرێم لە كۆمەڵگەیەكی گەنجانە..

بیروڕا 07:53 PM - 2021-11-16

 هەرێم لە كۆمەڵگەیەكی گەنجانە دەبێتە كۆمەڵگەی بەساڵاچوان......
 ن: عەبدولواحێد محەمەد

 گەلی كوردستان بەدرێژای مێژوو لەسەردەستی داگیركەران روبەڕوی كۆچكردن و ئاوارەیی بۆتەوە، لەو بارەیەوە چەندین چیرۆكی كارەساتبار هەیە ئەو راستیە دەسەلمێنێ، رەنگە زۆر زەحمەت بێت لایەنی كەمی ئەو هەموو بەسەرهات و تراجیدایە لە دوو تۆی یەك وتار یان چەندین وتار بخرێتەڕو، بۆیە لەم بابەتە تەنها تیشك دەخەینە سەر 30 ساڵی دەسەڵاتداری خۆماڵی، مخابن لەدوای راپەڕینەوە بەهۆی كرانەوەی دەروازەكان، كۆچكردن دەستی پێكردووە و تا ئەم ساتە وەختە نەبڕاوەتەوە، راستە سەرەتا بەهۆی قەیرانی دارایی و ترس و تۆقین هەزاران كەس رویان لە ئەوروپا و وڵاتانیتر كرد، كەچی دوای  باشبوونی رەوشی ژیان و بەتایبەت دوای  روخانی رژێمی دكتاتۆری، زنجیرەی كۆچكردن نەپسایەوە و بەردەوام بوو، سەرباری ئەو هەموو مەترسیەی لەرێگاكانی هات و نەهاتدا دەهاتە سەر رێیان، چەند ساڵێكیشە لەهەڵكشان و داكشاندایە، ناوە ناوە شەپۆڵی كۆچبەران رێی هەندەران دەگرنەبەر، بەپێی ئامارەكان لە حەوت ساڵی رابردوودا 633273 كەس لە عێراق كۆچیان كردووە زۆربەی  هەرە زۆریان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون، بەتەنیا لەساڵی (2020)دا 34000 سی وچوار هەزار كەس كۆچیان كردووە لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا 37000 سی و حەوت هەزار كەس رویان لە هەندەران كردووە، رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر  بەرزبێتەوە، جێگەی داخە ژمارەیەكی بەرچاو لەو كۆچبەرانە روبەڕوی مەرگ و كارەسات بوونەتەوە، هەر بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 446 كەس بوونەتە قوربانی كە 261 گیانیان لەدەستداوە 185 كەسیش بێ سەروشوێن بوون و چارەنوسیان نادیارە، ئەو ئامارانە ئەوەمان پێ دەڵێن تێچوەكانیش ئەوەندە زۆرن بەئاسانی ناخەمڵێنرێن، دیاریشە ئەو زیانە زۆرە هەر لەم هەرێمە دەكەوێت چونكە دواجار ئەوە سەروەت و سامانی  ئەم خەڵكەیە دەچێـتە گیرفانی ناحەزان و قاچاخچیەكان، واش كەوتۆتەوە زۆرێك لەوانە دوای سفر بوونەوەیان گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێم، ئەوەی بەگرنگی دەزانم و جێگەی هەڵوێستەكردنە، بەردەوام ئەو لێشاوە بەڕێوەیە كەچی بەرپرسێك ورتەی لێوە ناێی تەنانەت ئەگەر باسیش بكەن بۆ داپۆشینی ئەو كارەساتە پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە، لەم چەند رۆژە گوێبیستی بەرپرسێكی سیاسی ئەم وڵاتە بووین و وتی بەشێك لەوانە لاسایی یەكتردەكەنەوە، بەشێكیش ئەوروپا بە بەهەشت و هێنانەدی خەونەكانیان تێدەگەن، بەشێكیشیان كێشەیان هەیە، هەندێك ناوەندیش  ئەملا و ئەولا تێوەدەگلێنن، من پێموایە ئەو جۆرە دەربڕینانە سوككردنی ئەو كەیسە گرنگەیە و پێ لێخشاندنی راستیەكی تاڵە، ناكرێت ئەو هەموو گەنج و خاوخێزان و منداڵەی خەڵكی كوردستان لەو سەر سنورانە بەو لێكدانەوانە پەردەپۆش بكرێن،  ئێستا ئەوە بۆتە كەیسێك هەڵوێستەی دەوێت،  ئەوەتا ئەوانەی گیریان خواردووە بەردەوام لە ژێر فۆكسی رۆژنامە و میدیا كارانن، رۆژانە هەزاران چیرۆكی تراجیدیا ئامێز لە زاری كۆچبەرانەوە تۆمار دەكەن  ، هیچیان لەوانە ناڵێن ئێمە لە غرور و لە ژیانێكی شاهانەوە سەری خۆمان هەڵگرتوە و دەڕۆین بۆ چارەنوسێكی نادیار ، بێگومان ئەوە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ناو و ناوبانگی گەلی كوردستان و ئیدارەكەی دەبێت، رەنگە دواجار ئەم هەرێمەی ئێمە بەجەنگڵستان لێكبدەنەوە و زۆریش ناخۆشە دواجار هاوتا بكرێین لەگەڵ سوریا یەمەن و ئەفغانستان و خواروی عێراق، بەڕاستی كاتی ئەوە هاتوە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەڵوێستەی جددی لەسەر ئەم بارودۆخە شڵەژاوە بكەن، چیتر نەهێڵن بەپاساوی جۆراوجۆر چاو لەئاست ئەو لێشاوەی رەوكردن بنوقێنرێت، دەبێ ئەوەش بزانن ئەگەر تەكبیری لێبڕاوانە نەكرێت، سەرنجام خوێندنەوەكە بەرەو ئەوە دەڕوات، ئەوە حكومەت خۆیەتی رێگە دەدات ئەو كۆچە بەلێشاوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی خەون و خولیایان ژیانێكی خۆشترن لەوەی ئێستا هەیانە كە ناتوانرێ دابین بكرێت ئیتر بڕۆن باشترە، بەلای كەم كێشەی ئەو هەموو دەرچوەی كە ساڵانێكی دوورو درێژە بەهرەمەند نەبوون لە شانسی دامەزراندن لە كەرتی گشتی یان لە كەرتی تایبەت، لێیەوە بێ خەم دەبن ، بەڕاستی ئەو بۆچونە ئەگەر هەبێت هەڵەیەكی گەورەیە سەرنجام دەرەكەوێت لێكەوتەكانی چەند كاریگەر دەبن، بۆیە دەبێت هەمو هەوڵێك بدرێت و بەری لێبگیرێت ئەگینا دوای چەند ساڵێكیتر هەرێم لە كۆمەڵگەیەكی گەنجانە دەبێتە كۆمەڵگەی بەساڵاچوان، ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر هەموو جومگەكان دەبێت، لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بچین بەرەو دواوە دەكشێینەوە، من لێرە بۆ چارەسەر نمونەی  بە حكومەتی كوریای باشور دەهێنمەوە، لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە زۆر حەزیان بە منداڵبوون نیە و لێناگەڕێن لەیەكێك زیاتریان ببێت، حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ترسیان ئەوەیان لێنیشتوە، لەسەر ئەوەی ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات لەساڵی 2050 رێژەی گەنجانیان دەبێـتە 35% رێژەی گەورە ساڵان دەبێـتە 65% ئەمەش كاریگەری لەسەر چارەنوسی تەواوی سكتەرەكانیان دەبێت، بۆیە هانی خێزانەكان دەدەن منداڵ زیاد بكەن، لەبری یەك منداڵ كە خەرجی خوێندن و هەرچیەكتر هەبێت لەسەر خۆیانە بیكەنە دوو و سێ هەموو خەرجیەكانیان لەسەر حكومەت دەبێت .   

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket