riklam

قائیمقامێك: ئێمه‌ هۆكاری برینی ئاو كاره‌باو سوته‌مه‌نی و قوتی خه‌ڵك بوین؟

ئابوری 05:29 PM - 2015-08-04
.

.

قائیمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ره‌خنه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێت كه‌ قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان به‌هۆكاری نه‌بوونی ئاو كاره‌باو سوته‌مه‌نی و ده‌زانن و رایده‌گه‌یه‌نێت ئایا ئێمه‌ بوودجه‌و پاره‌و سامانی وڵاتمان لای خۆمان پاوان كردووه‌، ئایا ئێمه‌ هۆكاری برینی قووتی خه‌ڵك بووین.

ئامانج محه‌مه‌د قائیمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌: ئاو نیه‌ كاره‌با نیه‌ سووته‌مه‌نی نیه‌، ئایا ئه‌زانن قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ش وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌، ئایا ئه‌زانن به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌و به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ئێمه‌ بۆ مه‌سره‌فی ئیداره‌دان و سنوره‌كانمان چه‌ند قه‌رزاری بازاڕین؟

ئامانج محه‌مه‌د ئاماژه‌به‌وه‌ ده‌كات: ئایا قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ هۆكاری بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمن؟ هه‌ی خوا سه‌به‌بكاری بگرێت، ئایا قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ئاو و كاره‌باو سووته‌مه‌نیان لای خۆیان پاوانكردوه‌و نایده‌ن به‌و میله‌ته‌؟ زۆرمان وت له‌گه‌ڵ سه‌رووتری خۆمان، ئه‌م كێشانه‌ چاكبكه‌ن خه‌ڵك وگوزه‌رانی زۆر خراپه‌.

قائیمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌شڵێت: حكومه‌ت ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌ی بۆ ئه‌م میللـه‌ته‌ دروستكردووه‌و قائیمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی نه‌گبه‌ت عیله‌ته‌كه‌ی ئه‌خوات، من وه‌كو ئامانج هیچ كێشه‌م نیه‌و كوڕی شاره‌كه‌ی خۆمم، وه‌كو ئه‌وان كێشه‌ی ئاو و كاره‌با و دارو به‌ردم هه‌یه‌، به‌ڵام به‌خوا غه‌دره‌ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ باجی بێمنه‌تی و ئیهمالیه‌كانی حكومه‌ت بداته‌وه‌.

ئامانج ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌: خه‌ڵك نازانێت ئێوه‌ ته‌نانه‌ت جوابی ته‌له‌فۆنی قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ نه‌گبه‌ته‌كانیش ناده‌نه‌وه‌، پیرۆزتان بێت با قایمقامی كفری و ڕانیه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی خورماڵ و چوارقوڕنه‌و و عه‌ربه‌ت و ئه‌فسه‌ره‌كانیان له‌بری ئێوه‌ به‌ردباران بكرێن.

له‌كۆتایدا ئامانج محه‌مه‌د دوو پرسیار ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی حكومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت:
به‌س بزانم بۆچی بۆتان ناكرێت جوابی ته‌له‌فۆنی قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان بده‌نه‌وه‌؟
بۆچی به‌رپرسان نایه‌نه‌ سه‌ر راگه‌یاندن و رونكردنه‌وه‌ بده‌نه‌ ئه‌و میله‌ته‌؟
یان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تاك تاك قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانتان به‌ردباران بكرێن؟
 بۆیه‌ ئه‌ڵێم ئه‌ی دوای ئه‌وان؟ كێ به‌رد باران ده‌كرێت؟

PUKmedia ئا-محه‌مه‌د به‌كر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket