riklam

كۆمیته‌كانی یه‌كێتی بونه‌ته‌ لانكه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وایه‌تی

ی.ن.ک‌‌ 02:09 PM - 2015-08-02
.

.

كۆمیته‌ی رێكخستنی نه‌رویجی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بانگهێشتی حزب و رێكخراوه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانی كرد به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و وتووێژكردن له‌سه‌ر هێرشه‌كانی توركیا له‌باشوری كوردستان و پێشێلكردنی سیاده‌ی خاكی عیراق و ده‌ستدرێژییه‌كانی بۆسه‌ر چالاكوانانی باكورو رۆژئاوای كوردستان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و په‌نابردن بۆ شه‌ڕ.

هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌كۆمیته‌ی نه‌رویجی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سازكرا.

سه‌ره‌تایی كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ندرێن باوه‌نوری لێپرسراوی كۆمیته‌ی نه‌رویجی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامانجی كۆبونه‌وه‌كه‌و چه‌ند پێشنیارێكی وه‌كو كۆمیته‌ی یه‌كێتی خسته‌ به‌رده‌ستی هه‌مووان كه‌ ببێته‌ بابه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌و وه‌كو ره‌وه‌ندی كورد كاری له‌سه‌ر بكرێت و به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی و بانگه‌وازێك به‌ناوی سه‌رجه‌م حزب و رێكخراوه‌كانه‌وه‌ ده‌ربكرێت، هاوكات بڕیاری رێپێوانێكی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین بدرێت له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌پێناو فشار خستنه‌سه‌ر حكومه‌تی توركیا بۆ ئیدانه‌كردنی هێرش و په‌لاماره‌كانیان و كوشتنی خه‌ڵكی بێتاوان و سوتاندنی سروشتی كوردستان .

دوای وتووێژێكی كوردانه‌و پڕ هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی، بڕیاردرا به‌یاننامه‌یه‌ك رابگه‌یه‌نرێت و وه‌رگێڕانی بۆ زمانه‌ جیاوازه‌كان و دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانی جیهان له‌وڵاتی نه‌رویج، هه‌روه‌ك بڕیاریشدرا كه‌ رۆژی 07.08.2015 رێپێوانێك به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ سێ رێكخراوی كوردی و نه‌رویجی پێكه‌وه‌ پێیهه‌ڵده‌ستن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانیش پشتگیریان بكه‌ن.

له‌كۆتاییدا هه‌ندرین باوه‌نوری سوپاسی سه‌رجه‌م به‌شداربوانی كرد كه‌ چه‌ندینجاره‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ بانگهێشتی كۆمیته‌ی نه‌رویج قبوڵده‌كه‌ن و ئاماده‌ ده‌بن بۆ كاری پێكه‌وه‌یی. وتیشی: خۆزگه‌ خاوه‌نی وڵاتێك بوینایه‌ له‌یادو بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا له‌ده‌وری یه‌ك كۆبووینایه‌ته‌وه‌ نه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا.

هه‌ندرێن باوه‌نوری لێپرسراوی كۆمیته‌ی نه‌رویجی یه‌كێتی له‌لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ PUKmedia وتی: به‌مه‌به‌ستی یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی كوردستانیان و خزمه‌تگه‌یاندن به‌گه‌له‌كه‌مان، كۆمیته‌كانی یه‌كێتی له‌ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر داواو راسپارده‌ی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  كار بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ی كوردان ده‌كه‌ین، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌كوردستان و ئۆفیسی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی خراوه‌ته‌ خزمه‌تی هه‌موو ره‌وه‌ندی كورده‌وه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌، به‌شداربووان به‌رپرسان و نوێنه‌ران و 16 حزبی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و 7 رێكخراوی چالاكی كوردی له‌نه‌رویج ئاماده‌بوون.

PUKmedia زانا گه‌ڵاڵی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket