riklam

داعش لەتۆڕی كۆمەڵایەتیدا ‌

بیروڕا 09:19 AM - 2015-07-02
كاروان یاروه‌یس‌

كاروان یاروه‌یس‌

زۆرجار ئەوە پرسیارە لە خۆم دەكەم، ئەگەر هۆیەكانی وێنەگرتن سەدان ساڵ لەمەوبەر هەبوایە، ئێستا چەند هەزار وێنە ‌و گرتەی كوشتار ‌و لەناوبردنی مرۆڤ و ماڵوێرانی ‌و دڕندەییمان دەبینی، رەنگە ئێستاش بەبینینی وێنەی تاوانەكانی ئەم سەردەمە زۆر رانەچڵەكیباین، تووشی ئەو مشتومڕە بێ مانایەش نەبووینایە، كە هەندێك كەس پێانوایە ئەم هەموو كوشتار و دڕندەییە دەركەوتەیەكی نوێیە ‌و نیشانەی كۆتایی هاتنی زەوییە. چونكە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئەم جۆرە كوشتن ‌و كوشتارە هەبووە و پەرەی پێدراوە و زۆرجاریش داهێنانیان كردووە لە شێوازی كوشتن، بۆ ئەوەی چێژی زیاتری لێوەرگرن.

بە پێی مۆراڵی میدیایی ‌و رەچاوكردنی باری دەروونی مرۆڤ بێت، شیاو نییە میدیاكان هەموو وێنەیەكی كوشتن و خوێن رشتن ‌و لاشەی شوێنراوی مرۆڤ پیشان بدەن، ئەمە ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی بەجێ دەهێڵێت، بەڵام زۆرجار بۆ ئەوەی رادەی بێ رەوشتی دڕندەیی تاوانباران وەك خۆی بگەیەنی پێویستت بەوەیە پیشانی بدەی، بەڵام بەشێوەیەك تەمەنێكی دیاریكراو بیبینی و بەر چاوی منداڵ نەكەویت. 

رۆژنامەنووسێكی كەناڵی (الجزیزە) بۆی گیراینەوەو وتی «لە ژووری هەواڵ كارم دەكرد، وێنەی ڤیدیۆی كوشتاری فەلەستینیەكان هاتبووە، كە تێیدا وێنەی ترسناكی تیابوو، لەبەرێوەبەری كەناڵەكەم پرسی ئایا ئاساییە ئەم وێنانە بڵاو بكەینەوە؟ بەرێوەبەر وتی بەڵی ئاساییە. پێموت: ئاخر پێشتر رێنمایی كراوین وێنەی لەم جۆرە بڵاو نەكەینەوە. وەڵامی دایەوە و وتی: با بڵاوی بكەنەوە با خەڵك بزانێت شەڕ ئەخلاقی تیانییە». 

زۆرجار میدیای ئێمە ‌و بەكارهێنەری كورد لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە هەڵە ئەم جۆرە وێنانە بەكاردەهینن، لە راستیدا ئەگەر وردتر بڵێین لەپشت بەكارهێنانی ئەم وێنانەوە ئاراستەیەكی رێكخراو نییە، تا بزانین ئامانجمان لە هەڵبژاردن و بڵاوكردنەوەی وێنەكان چین؟ نەك هەر ئەوەش بەڵكو زۆرجار بی ئەوەی بزانین دەبینە بەشێك لەو شەڕە دەروونییەی رێكخراوەی داعش بەڕێوەی دەبات لەسەر ئاستی میدیا و میدیای كۆمەڵایەتی بە تایبەتی.

 ئەم جۆرە گروپ‌و رێكخراوە تیرۆریستیانە جگە لە تۆقاندن و ترس ڕێگەیەكی تری ئاساییان نییە بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەكانیان، چونكە لۆژیكێكیان نیە بەهۆیەوە بتوانن متمانەی خەڵك بەدەست بهێنن ‌و بگەنە ئامانجەكانیان، بۆیە داعش بە ئاستێكی بەرزی تەكنیكیەوە وێنەی تاوان و كردەوە تیرۆرستیەكانی بڵاودەكاتەوە، شێوازی تازەی كوشتن دادەهێنێت بۆ ئەوەی ترس و تۆقین بچێنی و ورەی كۆمەڵ و بەرەی نەیاری خۆی دابڕوخێنێت.

زۆرجار ئێمە بەوردی ئەمە نابینین بۆیە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانمان هەتا كەناڵە جۆراو جۆرەكانمان پڕ دەبن لەو جۆرە وێنانە، لە رۆژئاوا ‌و وڵاتە خۆشگوزەران ‌و دیموكراسییەكاندا تۆری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوە داهێنرا ئەو بۆشاییەی بەهۆی سەرقاڵی مرۆڤەكانەوە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكاندا دروست بووە قەرەبووی بكەنەوە، بۆ ئەوەیە چیت خوارد، چیت كرد، لە كوی بووی، لەگەڵ كێ بووی، بیری كی ئەكەی، لە دایكبوونی كێیە ئەمڕۆ؟ بۆ ئەمانە ‌و دەیان بۆنەی ترە، بەڵام لای ئێمە بۆ ئەوەیە كی كوژرا، چی نییە، كی نەخۆشە، قەیرانی چیمان هەیە، بۆیە ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێمە دەچێتە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە. 

پێموایە لە جیاتی وێنەی كردەوەی سەربڕین ‌و تەقینەوە و جۆرەكانی تری تاوانەكانی داعش بڵاو بكەینەوە، وێنەی لاشەی بەجێماوی تیرۆرستەكان و وێنەی دیلەكانیان، لەلایەكی تریش وێنەی سەركەوتنەكانمان پیشان بدەین، پێویستە دوو وێنە پێشان بدەین، یەكەم ئێمە گەلێكی زوڵم لێكراوین، وێنەی مناڵە بەناهەق شەهیدكراوەكان كۆبانی ‌و ژن و كچە رفێنراوەكانی شەنگال بڵاو بكەینەوە، دووەم وێنەی ئازایەتی پێشمەرگە‌و شەڕڤان ‌و گەریلا و خۆڕاگری گەلەكەمان پیشان بدەین لە پێناوی پاراستنی خاك و گەلەكەمان و دیموكراسی و كۆی مرۆڤایەتی. 

كاروان یاروه‌یس‌ 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket