riklam

قوتابخانە تایبەتییەکان هەلی مەزن یان هەڵەی مەزن؟ ‌

بیروڕا 11:15 AM - 2015-04-26
.

.

لەو دەزگاو ناوەندو رێکخراوانەی کە پەلەپەلێکی زۆریان پێوە دیارە، دەزگای خوێندن‌و پەروەردەی باشووری کوردستانە کە لەزۆر جێگایدا بلەزییەکە هێند بێ بەرنامەیە کە بۆتە هۆی کاولکاری‌و وێرانکردنی دەروونی بۆ قوتابیان‌و بەناوی ریفۆڕمەوە یان هەر ناوێکی ترەوە.
(ئێمە ناوی قەبەو بریقەدارو زۆرجار بێناوەرۆک، بۆمان گرنگەو رێگەمان بەخۆمان داوە کە فێڵ لەهەستەکانی خۆمان بکەین‌و شوێن شەپۆلەکان بکەوین، مانای پێشێلکردنی پرەنسیپ‌و بەهاکانی کەسایەتی خۆمان).
-دڵی نایەوێ: کەچی عەقڵی کە حسابگەرە ناچاری دەکات.
-لەگەڵ سۆزی ئینسانبوونیدا ناکۆکە: بەڵام بەرژەوەندی، دەرگاو پەنجەرەکان لەسەر سۆزی دادەخات.
-پێویستی پێی نییە بەڵام: چاولێکەری‌و پەتای کڕین‌و پەستانی چواردەور، بەهانەکانی بۆرەنگ دەکەن بەجۆرێک کە بریقەیان هەر لەدوورەوە، هۆش‌و فام دەبات.
بەڵام ئایا هەرچی بریقەی دایەوە زێڕە؟!
وەک مامۆستایەک دەمەوێ باسی قوتابخانە تایبەتییەکان بکەم لەسوید، چونکە، وەک دەڵێن ئێستا لەباشووری کوردستان، سیستەمی خوێندنی سویدی پەیڕەو دەکەن!
ئەمە دەچێتە قاڵبی، پەلەکردن‌و ناوە بریقەدارەکان، رامانی من ئەوەیە کە: بۆچی لاسایی کردنەوەکە لەبواری بەرێوەبەرایەتیە دیمۆکراسیەکەی سویدا نەبوو کە ژیانی سویدییەکانی بردۆتە لوتکەو ئەوە بنچینەی هەموو هەنگاوەکانی تری ژیانی کۆمەڵگایە؟!
یەکەم قوتابخانەی ئازادو مێژوویەکی کورتی ریفۆرمی خوێندن
یەکەم قوتابخانەی تایبەتی لەسوید، بەهۆی داخستنی قوتابخانەی شارەوانی – حکومی-  گوندێکەوە بوو لەناوچەی درێڤداگن ) (DREVDAGEN لەشارەوانی ئێڵڤدالن (ÄLVDALEN) لەپارێزگای دالانا ( (DALARNA، لەم گوندە باوانی قوتابیان مانگرتنیان راگەیاند کە لە ١٩٨٣ وە تا  ١٩٨٩ی خایاند، ئیستا قوتابخانەی ئەو گوندە لەلایەن  باوانی قوتابیان خۆیان، خەڵکانی خۆبەخش لەمامۆستا خانە نشینە دڵسۆزەکان‌و سپۆنسەری مەدەنی بەڕێوەدەبرێت.
لەسەرەتاوە، حکومەت بەتوندی دژی ( قوتابخانە ئازادەکان بوو)، بەڵام لەپاشاندا بەو مەرجانەی کە سەپاندی‌و هەمووی لەبەرژەوەندی قوتابیانە، رازیبوو بەکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک، وەک (سامپل‌و لەسوید پێی دەوتریت پیلۆت سکولا) وەک هەوڵدانێک‌و ئەزموواندنی هەوڵدانەکە.
بەرای من، حکومەت دەبێت بەلایەنی کەمەوە، لەهەموو پڕۆژەکاندا، لە ٦٠% بەرەوژوور هاوبەش بێت، ٤٠% بۆ خەڵک‌و هاوبەشی لەپرۆژەکاندا سەرو زیادە بۆ ئێستاو کوردستان (وڵاتیکی داگیرکراو) لەم هاوکێشەیە زیاتر هەڵناگریت و دەتوانم بیسەلمینم ئەگەر پێویست بکات، ئەو پرۆژەو پلانانە کامانەن کە دەتوانرێت بۆ حاڵەتی واقعی کوردستان گونجاو و دروستبن، ئەوەی ئیستا دەکرێت، پلانی کلاسیکی شکستخواردووی کۆپیکراوە، کە تەنها بەسوودی کۆمەڵێک سەرمایەداری چاوچنۆکەو یەکێک لەو پلانە شکست خواردوانە ئەم بابەتەی ئیستایە کە من باسی دەکەم ( قوتابخانە ئازادەکان)، کوردستان بەگشتی‌و باشووری وڵات بەتایبەتی پیویستی بەنوێبوونەوەیەکی سیاسی هەیە، ئەوە سیاسەتی کلاسیکی پەیرەوکراوە کە رێگرە لەبەرەوپێشچوونی بواری بەڕێوەبردن، کە هیوادارم پەرلەمانی باشووری کوردستان بەو پرۆژانەی لەبەردەستیدان بتوانێت رێرەوێکی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەرەکان بدۆزێتەوە... خاڵی گرنگ لەلای من، ئەوەیە کە زیاتر لەپلانیکمان هەبێت بۆ هەموو پرسەکان، خێرایی گۆڕانکارییەکان بەرەو خراپ بوون چەند بارتەقای خیرایی گۆرانکارییەکانە بەرەو با شتربوون.
لەلای حکومەتی سوید (کەبناغەی ئەم وڵاتە لەسەر دەستی چەند زانای سیاسی دڵسۆزی سوسیال دیموکرات‌و سەرمایەداری تیگەیشتووی بەسەلیقە، بنیاتنراوە، باس لەسیاسەتی ناوەکی سوید دەکەین، ئەمە گرنگە)، خاڵی گرنگ لای حکومەت خەڵکە، سویدییەکانن کە بڕیاردەدەن کێ‌و کام سیستەم بەڕێوەیان بەرێت، حزبەکان خەڵک هاندەدەن بۆ تێگەیشتن لەسیاسەت، لەپلانی ئابووری‌و دەیانەوێت خەڵک هاوبەشی چالاکی کارەکانی حکومەت بێت، خەڵکان، بەهەموو چینەکانەوە دەبێت (ئەکتیڤ بن نەپاسیڤ)، ئەوە گرفتی سەرتاپای ئەم میللەت‌و نەتەوانەیە لەم ناوچەیەدا کە تاکو ئێستا جگە لەکارەسات‌و مەرگەسات دیارییەکی تری بۆ ئەم نەتەوانە پێنەبووە، (ئەو کەسەی گەنمی چاند هەم گەنمی دەبێت هەم کا، بەڵام ئەو کەسەی کا دەچێنێت، نە گەنمی دەبێت نە کا).
ریفۆرمەکان:
خاڵی گرنگ لەو رێفرمانەدا کە تاکو ئیستا لەسوید، لەسیستەمی خوێندندا کراوە چاککردن‌و فراوانکردنی بواری هەڵبژاردن بووە بۆ قوتابیان وبریتین لە:
-ساڵەکانی ١٥٠٠ بیرکرایەوە لەوە کە زمانی سویدی جێگای زمانی لاتین بگرێتەوە لەخوێندندا
-١٦٢٠ قوتابخانە ناوەندییەکان دروستبوون، لەناو کلیساکان هێنرانە دەرەوە.
-١٦٩٣ تاقیکردنەوەی گشتی (بەکالۆری) بۆ ئەو کەسانەی دەیان ویست دریژە بەخوێندنی ئەکادیمی بدەن.
-١٧٢٤ مەرجی زانینی نووسین‌و ژماردن بۆئەو کەسانەی دەیانویست ببنە بازرگان‌و فەرمانبەر.
-لەم ساڵانەدا وانەی جوگرافیا بریتیبوو لەوەی کە قوتابی زانیاری هەبێت لەسەر نەخشەکان.
-١٨٠٧ گۆڕانکاریی بنچینەیی، زمانی لاتین هەڵگیراو زمانەکانی فەرەنسی‌و ئەڵمانی جێگایان گرتەوە.
-١٨٢٠ ریفۆرم لەقۆناغی ناوەندیدا.
-١٨٨٥ قوتابخانە گەلییەکان کرانەوە، قوتابخانەی خەڵک Folkhög skolan
-١٩٠٥ رێگە بەکچان درا قوتابخانەی سەرەتایی دەست پێبکەن.
-١٩١٨ قوتابخانە ئامادەییە تەکنیکییەکان کرانەوە.
-١٩٤٩ گۆڕانکاری نوێ.
-١٩٦٤ بەشەکان جوداکرانەوە لەقۆناغی ئامادەیدا.
-١٩٩٥/١٩٩٦ خوێندن بووە ١٦ پرۆگرام.
-٢٠١١  ریفۆرم لەدانانی نمرەدا، کە بۆ مامۆستایانی سوید، زۆرگرنگ‌و زۆریش هەستیارە، ئەرکە لەسەریان کە زۆر زۆر وردبن لەدانانی نمرەدا، تا مافی هیچ قوتابییەک نەفەوتێ.
لەهەموو شارەوانییەکان -کۆمیونەکان– ساڵانە بودجەیەک بۆ هەر قوتابییەک دیاری دەکرێت، جا قوتابییەکە لەقوتابخانەی حکومی یا ئازاددا بخوێنیت، ئەو پارەیەی دەدەنێ، بۆیە قەدەغەیە کە قوتابخانەکان، حکومی بن یائازاد، هیچ جۆرە پارەیەک لەقوتابیان وەربگرن بۆ ئەو خزمەتگوزارییە کە دەیدەن بەقوتابیان.
قوتابیان مافی هەڵبژاردنیان هەیە لەکام قوتابخانەو بەچ جۆرێک دەیانەوێت بخوێنن، هیچ سیستەمێکی قوتابخانە، ناتوانێت مەرج‌و رێگری‌و پارە  بۆ قوتابیان دابنیت‌و لەقوتابیان وەرگرێت (ئەم هەڵبژاردنە کرۆکی ریفۆرمەکانە)، لەپایتەختی کلتوری –سلێمانی- لەباشووری کوردستان، قوتابخانە تایبەتەکان بوونەتە کارخانەی وەسەریەکنانی سەرمایە. پڕۆفیسۆری واهەیە لەوڕۆژەدا کە دەبوو پێشوازی لەقوتابییەکانی بکات لەزانکۆی سلێمانی کە مامۆستایە تێیدا (بەدەیان جار ئیفاد بووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، لەسەر حسابی بودجەی زانکۆی سلێمانی)، کەچی لە قوتابخانە تایبەتییەکەی خۆیدا کە سەرپەرشتی دەکات سەرگەرمی پێشوازی بوو لەموشتەرییە بچکۆلەکانی، ئەم مامۆستایە خاوەن باخچەیەکی ساوایانە.
لەپایتەختی کلتوریدا، لەباشووری کوردستانی زامدار، قوتابخانە تایبەتییەکان، بوونەتە نیشانەی خۆڕانان، جیاوازی چینایەتی‌و فیزکردن بۆ ئەو قوتابیانەی، کە رەنگە لەرووی زانستییەوە بێتوانابن بەڵام باوانیان بۆیان پەیدادەکەن، چۆن پەیدای دەکەن، هەر خوا دەزانێ، بەڵام بۆتە سەرچاوەی خەمۆکی‌و رق‌و سەرهەڵگرتن بۆ ئەو قوتابیانەی کە رەنگە بەتواناش بن لەڕووی زانستیەوە، بەڵام باوانیان توانای ئەو بڕە پارە زۆرەیان نییە. ئەم حاڵەتە زۆر نامۆیە بەکوردستان، کە هێشتا –کارەبای تەواوی نییە- کاربەدەستەکانی‌و وەزارەتی پەروەردە دەست بەرووخاندنی ئەو قەڵای خوێندنە دەکەن بەناوی ریفۆرمەوە، کە بەهەزاران زاناو دڵسۆزی بۆ ئەم نەتەوەیە پێگەیاندووەو بنچینەکان فەرامۆش دەکەن‌و خەریکی ئارایشکردنی لق‌و پۆپەکانن.
کۆبەندی خاڵەکان‌و چەند ئامارێک:
-لەسوید بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە ئازادەکان کە بەهیچ جۆرێک نابێت جیاوازیان لەگەڵ قوتابخانە شارەوانییەکان هەبێت‌و بەتوندی چاودێری دەکرێن، قوتابخانەکان لەسوید (ئازاد بن یان حکومەتیی) شوێنی پەروەردەکردنی قوتابیانە لەهەموو رووەکانی ژیانەوە، بەتایبەت، یەکتر قبوڵکردن‌و گەشانەوەی تواناکان، کارخانەی بەرهەمهێنانی دۆلارو کرۆن‌و پاوەند نین‌و هیچ بیرو نەخۆشییەک لەم قوتابخانانەدا جێگای نابێتەوە، وانەی دروستکردنی مرۆڤی ئازاد بنچینەیە، لەسوید (باوانی قوتابیان، ناچار ناکرێن کە تەنها خانووەکەیان بفرۆشن بۆئەوەی، منداڵەکەیان لەدەردی خەمۆکی قوتابخانە تایبەتییەکان- رزگاربکەن‌و خۆشیان ناچاربن ماڵەو ماڵ وەک کرێگرتە لەکۆتایی تەمەنیاندا، کۆڵ بەکۆڵ بن، وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەگەر کارەکانیان بۆ بەڕێوەناچێت، عەیبی تێدا نییە، کارەکان بەچەند مامۆستای خانەنشینی (سویدی) بسپێرن (نەک بە چەند سەرمایەدار) ئەوان دەتوانن ئەم رێگا چەوتە راست بکەنەوە. ئەمە بەسەرهات‌و فەلسەفەی قوتابخانە تایبەتییەکانە، کە وەک هەلێکی مەزن بۆیاخ دەکرێت لەحاڵێکدا کە ئەو قوتابخانانە هەڵەیەکی مەزنن. لەحکمەت و فەلسەفەی قوتابخانە تایبەتەکان تیناگەم هەر چۆن لەحکمەت‌و فەلسەفەی ناردنی دەرامەتەکانی فەرمانگەکانی سلێمانی‌و شارەکانی تر تێناگەم بۆ هەولێر، لەحاڵێکدا فەرمانگەکانی سلێمانی بەو دەرامەتەی کە هەیانە لەحەق دەست‌و رەسم‌و رسومات، دەتوانن مووچەی فەرمنکارەکانی خۆیان بدەن‌و رزگاریان بکەن لەو ئازارە دەروونییەی کە نەبوونی مووچە بۆ ماوەی چەند مانگە دەیانکوژێ، نموونە -فەرمانگەی دادنووسەکان لەسلێمانی، کارەبا...هتد زۆر زیاتر لەکۆی مووچەی فەرمانکارەکانیان دەست دەکەوێت، لەهەموو جیهان‌و بەتایبەت لەناو دیموکراسیدا، ناوەندەگەرایی، خاڵیکی زۆر لاوازەو نیشانەی شکستی سیستەمی دیموکراسییە، ئەوە ئەگەر هەر لەسەرتاوە، سیستەمێک لەوجۆرە هەبووبێت، سیستەمێکی دیمۆکراسی واقعی نەک سیستەمی پشتی مایکرۆفۆنەکان... درێژەی دەبێ.
- سەرنج (ئەو کەسەی گەنمی چاند هەم گەنمی دەبێت هەم کا، بەڵام ئەو کەسەی کا دەچێنێت، نە گەنمی دەبێت نە کا).

کامەران قازی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket