له 117ـه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا
ئەدەب وهونەر 05:46 PM - 2015-04-21.
ئه‌مساڵ رۆژی 22-4-2015 یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه چه‌ند چالاكی و پێشانگایه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یادی 117ـه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌رز راده‌گیرێت.
له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی ئه‌و رۆژه‌وه، هاونیاز سامی سه‌رۆكی به‌شی ته‌كنیكی میدیا له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌م یاده‌دا هه‌وڵمانداوه كۆمه‌ڵێك لایه‌نی مێژوویی و ئه‌كادیمی بواری راگه‌یاندن بخه‌ینه‌ڕوو هه‌ربۆیه چالاكییه‌كانمان دابه‌شكردووه به‌سه‌ر خوێندكارانی هه‌رسێ قۆناغه‌كه‌دا، قۆناغی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵێك بابه‌تی مێژوویان ئاماده‌كردووه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه جێده‌ستیان دیاره له‌بواره‌كه‌دا، هه‌ر له ده‌ستپێكردنی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و له میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخانه‌وه هه‌تاوه‌كو ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی، له‌ڕاستیدا ئێمه زیاتر جه‌ختمان له‌و كه‌سایه‌تییانه كردووه‌ته‌وه كه كۆچی دواییان كردووه، هه‌ربۆیه ئێمه قه‌ناعه‌تمان وابووه كه له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ده‌ستی به‌درخانییه‌كان رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌دایكبوو، به‌ڵام په‌ره‌پێدانی ئه‌م رێچكه‌یه كۆمه‌ڵێك كه‌سی دیار‌و گه‌شاوه هه‌یه كه ده‌بێت ئێمه ئاماژه‌یان پێبكه‌ین و له‌یادمان نه‌چن وه‌ك پیره‌مێرد، شێخ مه‌حمود، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی تر.. قۆناغی دووه‌میش چه‌ند چالاكییه‌كیان ئه‌نجامداوه‌و له‌و رۆژه‌دا له پێشانگایه‌كی تایبه‌تدا نمایشی ده‌كه‌ن.. هه‌روه‌ها قۆناغی سێیه‌میش كاری تایبه‌تیان له‌سه‌ر رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ئاماده‌كردووه.
وتیشی: له‌وانه‌یه ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شمان لێبگیرێت بۆچی زۆربه‌ی ناوه‌كان له باشوری كوردستانن، راسته له به‌شه‌كانی تریش هه‌بوون. به‌ڵام له‌ڕاستیدا خه‌باتی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و درێژه‌پێدانی ئه‌م خه‌باته له كوردستانی باشوور بووه.
راشیگه‌یاند: جگه‌له‌وانه‌ش، كۆمه‌ڵێك فۆتۆی خوێندكاران هه‌ن كه له‌چوارچێوه‌ی وانه‌ی فۆتۆدا كاریان تێدا كردووه نمایش ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش وه‌ك هاندانێك بۆ ئه‌و خوێندكارانه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیپێكی موزیكمان بانگهێشت كردووه له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان كه له‌و رۆژه‌دا موزیكی تایبه‌ت پێشكه‌ش به ئاماده‌بووانی پێشانگاكه‌ی ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌زگای رۆشنبیری جه‌مال عیرفان رێێكه‌وتنێكمان كردووه، كه پێشانگایه‌كی كتێب ده‌كاته‌وه‌و كتێبه‌كان له چاپ و به‌رهه‌م و بڵاوكراوه‌ی خۆیانه، به‌ڵام 35% داشكانی بۆ ده‌كه‌ن بۆ كڕیاره‌كانی له رۆژی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌م كار‌و چالاكییانه‌ش بۆ به‌رز راگرتنی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و زیندوو راگرتنی ئه‌و یاده‌یه، له‌هه‌مانكاتدا ده‌رخستنی تواناكانی خوێندكاره‌كانمانه له‌م به‌شه به سه‌رپه‌رشتی مامۆستاكانیان، هه‌روه‌ها خێستنه‌ڕووی بازاڕه بۆ ئه‌و كه‌ناڵه میدیاییانه‌ی ده‌یانه‌وێت خوێندكاره‌كانی ئێمه بدوێنن.
به‌بۆنه‌ی 117ـه‌مین ساڵایادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و پیرۆزبایی له رۆژنامه‌نووسان ده‌كات، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌یاننامه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له 117 ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و 17 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستاندا.
رۆژنامه‌نوسانی ئازیز
تێپه‌ڕبوونی (117) ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی (كوردستان) مێژوویه‌ك و شانازیه‌كی گه‌وره‌ی گه‌لی كورده، ده‌كرێت وه‌كو رێنیسانسێكی، نیشتیمانی و میدیایی كوردی سه‌یربكرێت. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستكه‌وت، ئه‌زموون و ئه‌فراندن. و لایه‌نه گه‌ش و پرشنگداره‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ئه‌مڕۆمان. درێژه‌ی هه‌مان كاروانی كوردستان و میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و سه‌دان قه‌ڵه‌م و نووسه‌رو رۆشنبیری شه‌هیدو و مێژووی خه‌بات، تێكۆشانی سیاسی، میدیایی، كلتوری و فه‌رهه‌نگی رابردوو و ئێستایه.
هاوكات له‌گه‌ڵ (117) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و (17) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان. ئه‌رك و كار‌و رۆڵی نیشتمانی، میدیایی ئێوه‌و ئێمه، قورستر‌و گه‌وره‌تر ده‌بێت. چ له‌ڕووی به‌رپرسیارێتی میدیاییه‌وه. كه ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی به‌رپرسیارانه له‌گه‌ڵ روداو، هه‌واڵ و پێشهاته‌كان بكه‌ین، یاسا‌و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی له‌به‌رچاو بگرین. چ له‌بواری نیشتمانی، میدیا ببێته فاكته‌ری پێداگری له‌سه‌ر ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، یه‌ك گوتاری و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كان، به‌تایبه‌تی له كات و ساتێكی وه‌ك ئێستادا. كه له‌لایه‌ن گروپگه‌لێكی وه‌ك داعش و هاوشێوه‌كانی كه هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر كۆی سیستمی سیاسی هه‌رێم و ئازادیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئازادی راگه‌یاندن و عه‌قیده‌و به‌یان و رۆژنامه‌نووسان، بۆیه ره‌نگه ئێستا له‌هه‌ركاتێك زیاتر، میدیا ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی بكه‌وێته سه‌رشان.
له ئێستا‌و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، زیاتر له‌هه‌ر كارێكی تر میدیا‌و رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌هه‌موو ئایدیا، بۆچوون و ده‌ربڕینێكه‌وه، به‌هه‌موو ره‌نگ، بۆچوون، زمان و په‌یامێكه‌وه. پێویستیمان به هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوویی گوتاری كوردی هه‌یه، كه هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كان روونبكرێته‌وه، میدیاكانی كوردستان هاوشانی سه‌نگه‌رو به‌رخودانی هێزی پێشمه‌رگه، رۆڵی ئه‌فراندن و هۆشیاری فكری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ببینن. كه دڵنیاین زۆریان كرد‌و كه‌میان نه‌وتووه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به ره‌هه‌ندو ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ركی په‌رله‌مان، دادگاكان، حكومه‌ت و داموده‌زگاكانیه‌تی، كه رێز له‌پیشه‌ی پیرۆزی رۆژنامه‌نوسان بگرن و كار به به‌ندو ماده‌كانی یاسای ژماره (35) ی ساڵی (2007)ی رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستان و یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بكه‌ن. مافه یاسایی، ماددی و پیشه‌ییه‌كیان ده‌سته‌به‌ربكه‌ن. تا ئه‌وپه‌ڕی ئازادی و دور له‌هه‌ر سانسۆرێك فه‌زای ئازاد فه‌راهه‌مبكرێت، پێویسته كه‌یسه‌كانی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به دۆزینه‌وه‌ی بكه‌ره‌كانیان، ببرێنه به‌رده‌م دادگا‌و سزابدرێن، به‌دواداچوون بكرێت بۆ راپۆرته زۆر‌و زه‌وه‌نده‌كانی لیژنه‌ی داكۆكی. له‌به‌رامبه‌ردا رۆژنامه‌نوسانیش ده‌بێت پابه‌ندی ئه‌و یاسایانه‌و ئه‌ركه پیشه‌ییه‌كانی خۆیان بن. واته هه‌ردوولا به به‌رپرسیارێتییه‌وه ده‌توانن ته‌واوكه‌ری پرۆسه‌كه بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌پێشوو رامانگه‌یاندووه كه سه‌ندیكا سه‌كۆی كۆبونه‌وه‌ی هه‌موو رۆژنامه‌نوسانه، به جیاوازی ئایدیا، ره‌نگه‌كانه‌وه‌و داكۆكی سه‌رسه‌ختی هه‌میشه‌یی ئه‌وان بووه‌و ده‌بێت. له ئێستاشدا سه‌ره‌ڕای خزمه‌تكردنی رۆژنامه‌نوسان به‌مافی ئه‌ندامێتی، ده‌رچوونی یاسای ژماره (35) و یاسای ماف و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، راپۆرته‌كانی لیژنه‌ی داكۆكی، گۆڤاری رۆژنامه‌نوس، الێحفی، یاسای خانه‌نشینی، راژه‌و خزمه‌ت بۆ ئه‌ندامانی، كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌ژێر چه‌تری خۆیدا. هاوكاریان، خول و پڕۆژه‌و راهێنان، جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر كاركردن به‌گرێبه‌ست له‌نێوان رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، وه‌رگرتنی زه‌وی، ئه‌ندامبوونی له فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نوسان نێوده‌وڵه‌تی (IFJ) وه‌كو یه‌كه‌م سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی بێ ده‌وڵه‌ت، له‌ئاستی جیهاندا، به‌شداری له‌زۆربه‌ی كۆڕ‌و سیمیناره‌كان له مه‌حفه‌لی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی. كه بێگومان هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه ئه‌گه‌ر كه‌میش بن له‌ئاستی رۆڵ و قوربانیدانی رۆژنامه‌نووسان نه‌بن. به‌ڵام به‌دڵنییاییه‌وه به‌پشتیوانی و هه‌وڵی هه‌موو رۆژنامه‌نووسانی ده‌زانین.
له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له ئێستادا بۆ پاڵپشتی یاسا‌و كاره‌كانی رابردووی، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان (مانیفێستی كاری رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستان)دا رایگه‌یاندووه، به‌ڵام دیسان ئه‌م یاده به‌رز راده‌گیرێت و خوازیاره ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌مساڵ ببێته سه‌ره‌تایه‌كی باشتر له رابردوو بۆ میدیایه‌كی نیشتیمانی، نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كگوتاری له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسییه‌كان، سه‌ره‌ڕای تێڕوانینه جیاوازه‌كان، چونكه میدیایه كه ده‌توانێت ئاشته‌وایی نیشتیمانی، كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و بگره كوردستانیش دروستبكات و ئیتر ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنێت له‌سه‌ر شته بچوكه‌كان بوه‌ستێت و دوربكه‌وێته‌وه له‌قۆناغی حزبایه‌تی به‌رته‌سك و كار‌و روماڵی لۆكاڵی. پێویسته میدیای كوردی ببێته میدیایه‌كی گڵوباڵ، پردی په‌یوه‌ندی، هه‌ستی نیشتیمانی، ئازادیخوازی، عه‌داله‌ت و خۆشگوزه‌رانی، مژده‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌شدارترو پڕ ئومێدتر بێت بۆ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، كه به‌قۆناغی دوای راپه‌ڕیندا، ده‌گاته كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و تا بۆ یه‌كه‌مینجاره هێزه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان دژ به‌داعش ده‌بنه به‌ره‌یه‌ك و ره‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌و گرنگی هه‌بوو له میدیای كوردیدا. هه‌روه‌ك له‌م پێناوه‌دا له‌سه‌ر كۆششه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پێكه‌وه‌نانی فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری رۆژنامه‌نووسانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان.
له‌كۆتاییدا جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر میدیایه‌كی یه‌كگوتاری نیشتیمانی، به ره‌نگ، روخسار‌و بۆچونی جیاواز‌و لێوان‌لێو له ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی و پراكتیزه‌كردنی چه‌مكه‌كانی ئیتیك، پیشه‌و به‌رپرسیارێتی و ئه‌فراندنی فه‌زایه‌كی دیموكراسیانه بۆ سه‌رجه‌م میدیاكان، هه‌نگاونان بۆ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی و پێدانی ئه‌و مژده‌یه له رێگه‌ی كه‌ناڵ و ده‌زگاو میدیاكانی هه‌موومانه‌وه به‌خه‌ڵكی كوردستان.
پیرۆزبێت (117) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی
ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان
22/4/2015
به‌بۆنه‌ی یادی رۆژنامه‌نووسی كوردییه‌وه د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌رێزان رۆژنامه‌نووسانی ئازیزی كوردستان
به بۆنه‌ی یادی ساڵرۆژی رۆژنامه‌نووسیی كوردییه‌وه خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌بینم كه پیرۆزبایی گه‌رم له ئێوه‌و له رێگه‌ی ئێوه‌شه‌وه ئه‌م یاده له هه‌موو نووسه‌ران و ئه‌دیبان و رووناكبیرانی كوردستان پیرۆز بكه‌م و ، له‌م بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی میدیای كوردیی دا ده‌ستخۆشی له هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه به برشت و بوێرانه بكه‌م كه خزمه‌تیان به‌م كاروانه نه‌پساوه‌یه كردووه و ، دروود و رێزیش بۆ گیانی نه‌مری ئه‌و جوامێرانه بنێرم كه گیانی خۆیان به سه‌خاوه‌ته‌وه به‌خشیوه به ووشه‌ی ره‌سه‌ن و په‌یامی پیرۆزی رۆژنامه‌نووسیی كوردی .
رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی خۆشه‌ویست:
رۆڵی ئێوه رۆڵێكی دیار و كاریگه‌ره له پاراستن و په‌ره‌پێدانی ده‌ستكه‌وته‌كان و خزمه‌تكردنی بواری راگه‌یاندن و رووناكبیریی و گه‌یاندنی په‌یامی رۆژنامه‌نووسیی كوردی به شێوه‌یه‌كی سه‌رراست و هاوچه‌رخانه‌ی ئه‌وتۆ ، كه هه‌م سه‌ربه‌رزیی و ناووناوبانگی خه‌ڵكی كوردستان دره‌وشاوه‌تر نیشان بدات و، هه‌میش پێگه‌و كاریگه‌ریی سه‌نگه‌ری رۆژنامه‌نووسیی و رووناكبیریی كوردی پته‌وتر بكات كه هیچی كه‌مترنییه له سه‌نگه‌ره‌كانی دیكه‌ی به‌رگری میللـه‌ته‌كه‌مان .
بۆیه هیوادارم ئه‌م یاده بۆنه‌یه‌ك بێت بۆ:
-زیاتر گه‌شه‌پێدانی گۆره‌پانی رۆژنامه‌نووسیی و میدیا كه له‌م سه‌رده‌می جیهانگیرییه‌دا بارودۆخه‌كه بۆ ئه‌و په‌ره‌پێدانه‌ی كاری میدیایی زۆر ره‌خساوه
_پته‌وتركردنی رۆڵی رۆژنامه‌نووسان و ئه‌هلی قه‌ڵه‌م له كایه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، له‌پێناو هێنانه‌كایه‌ی رۆژنامه‌نووسییه‌كی خه‌مخۆری نیشتمانی ئه‌وتۆ كه له‌لایه‌ك به‌رگری له‌ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌رییه‌كان بكات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه كه‌موكوریی و ناته‌واوییه‌كان به شێوه‌یه‌كی بابه‌تییانه ده‌ستنیشان بكات ، كه ئه‌مه‌ش به قازانجی پته‌وتر كردنی پایه‌كانی حوكمرانی خۆماڵی كوردی ده‌شكێته‌وه.
له كۆتاییدا هیوادارم ئێوه‌ی رۆژنامه‌نووسان وه‌ك هه‌میشه پاڵپشتێكی به‌هێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان بن كه ئازایانه پیلانه‌كانی تاریكپه‌رستانی داعشی پووچه‌ڵكردۆته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا به‌قه‌ڵه‌م و بیری ژیرانه‌تان رێ له بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری توندره‌ویی بگرن و به‌رگریكارێكی به‌وه‌فا ش بن بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی ئازادی بیر‌و را و دیموكراتی و گیانی لێبوورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كان له عیراق و كوردستانیشدا .
هه‌ر شاد‌و سه‌ركه‌وتووبن
دڵسۆزتان
د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له 117ـه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیدا په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
له (117)هه‌مین ساڵڕۆی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی یه‌كه‌یه‌كه‌ی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم ئه‌م یاده پیرۆزه ببێته هه‌وێنی پێشكه‌وتنی زیاتری ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی.
ئه‌وی رۆژێ یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان له شاری قاهیره‌و دوور له زێدی باب و باپیرانمان بڵاوكرایه‌وه‌و له‌وێوه‌و سه‌رباری هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان كاروانه‌كه به‌رده‌وام بوو و تا به‌مڕۆ ده‌گا، ئاشكراشه ئێستا ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه‌و كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر كایه‌كانی ژیان له كوردستان و ناوچه‌كه هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پێویسته هه‌موومان و له‌سه‌رووی هه‌مووشیه‌وه رۆژنامه‌نووسان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن و وه‌ك پردێكی راستگۆ واقیعی رووداوه‌كان بگه‌یه‌ننه هاووڵاتیان.
له كۆتاییدا وێڕای دووباره پیرۆزباییم له ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان، ئاواته‌خوازم ئه‌م یاده بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری زیاتری نێوان رۆژنامه‌نووسان و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و میدیای كوردیش له‌م ته‌نگژه‌یه رزگاری ببێ و هه‌موومان له به‌رامبه‌ر رووداوه‌كاندا به‌رپرسانه مامه‌ڵه بكه‌ین و زه‌مینه‌ی زیاتر بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری بڕه‌خسێنین، هاوكات ئه‌م یاده به ده‌رفه‌ت ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌ی دروود و سڵاو بنێرم بۆ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسانی شه‌هیدو ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان له‌پێناو ئازادی و گه‌یاندنی راستیدا به‌خشی.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
هه‌ر به‌بۆنه‌ی ئه‌و یاده‌وه، رۆژی 21-4-2015 وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه. كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
په‌یامی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌بۆنه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه
117 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌دیاریكراوی رۆژی 22ی نیسانی 1898 له شاری قاهیره، یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌یه‌كی كوردی به‌ناوی (كوردستان) له‌لایه‌ن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخانه‌وه ده‌رچوو.
ئیدی له‌وكاته‌وه كاروانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه‌وته‌ڕێ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین هه‌ورازو نشێوی بڕی، به‌ڵام مه‌شخه‌ڵی وشه‌ی كوردی به دره‌وشاوه‌یی راگیرا‌و تا گه‌یشته ئه‌مڕۆ كه رۆژنامه‌گه‌ری كوردی پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌و وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له كوردستان سه‌نگ و پێگه‌ی خۆی هه‌یه.
به‌بۆنه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه، به‌ناوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پیرۆزبایی گه‌رم له رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
هه‌رله‌م بۆنه‌یه‌دا سه‌ری رێز‌و نه‌وازش له‌ئاست گڵكۆی به‌رزی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه داده‌نوێنین كه له‌پێناو خزمه‌تكردنی وشه‌ی پیرۆزی كوردی گیانیان به‌خشی.
له‌م بۆنه مێژووییه‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان پشتیوانی ده‌سته‌به‌ركردنی زیاتری ماف و ئازادی رۆژنامه‌نووسان و فراوانكردنی كایه‌كانی كاری رۆژنامه‌نووسی و ئازادیی راده‌ربڕین و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌و به‌هێزكردنی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ده‌بێت.
خالید دۆسكی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان
هه‌ر به‌وبۆنه‌یه‌وه د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به بۆنه‌ی (117)هه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، جوانترین پیرۆزبایی له رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌گشتی و رۆژنامه‌نووسانی شاری كه‌ركوك به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م كه بوێرانه ئه‌مساڵ شانبه‌شانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانی جه‌نگدا به گه‌یاندنی مژده‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان، ئه‌م یاده پیرۆزه‌یان ده‌كه‌نه‌وه كه به‌دێژایی 10 مانگی رابردووی شه‌ڕی چه‌ته‌كانی داعش روماڵی نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌یان كردووه، هاوكات به‌رده‌وامبوونه له گه‌یاندنی خه‌می خه‌ڵك به به‌رپرسان و گه‌یاندنی ده‌نگی كه‌ركوك به‌هه‌موو لایه‌ك.
ئێمه وه‌كو ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامه‌نووسان و ئازادی راده‌ربڕین و وشه‌ی بوێر‌و راستی و داپه‌وه‌ری به‌بێ جیاوازی دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ته‌واوی داخوازی و مافه ره‌واكانیانین له دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ئارامی كاركردن و بژێوی شایسته‌ی ژیان، جێگه‌ی دڵخۆشیشه كه به‌درێژایی 10 مانگی رابردوو له‌م ناوچه گه‌رمه‌دا كه‌مترین پێشێلكاری دژ به رۆژنامه‌نووسان تۆماركراوه‌و هیوای بنبڕكردنی ته‌واوی دیارده‌كه له‌هه‌موو وڵات ده‌خوازین.
رۆژنامه‌نووسانی خۆشه‌ویست: به‌داخه‌وه به‌هۆی باردۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌و باری ئابووری سه‌پێندراو به‌سه‌ر شاره‌كه‌مانداو ته‌واوی ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی سه‌رجه‌م پارچه‌كانی عیراقی گرتوه‌ته‌وه، زۆربه‌ی یادو چالاكی و بۆنه‌كان وه‌كو پێویست یادناكرێنه‌وه، ئه‌گه‌رنا یاده‌كه‌تان شایسته‌ی زیاتره كه جه‌ژنی مه‌زنی له‌دایكبوونی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ده‌رچوونی یه‌كه‌مه‌ین رۆژنامه‌ی كوردییه.
له كۆتاییدا سه‌ری رێز‌و نه‌وازش بۆ یه‌كه‌م رۆژنامه‌وانی كورد، میقداد به‌درخان داده‌نوێنم كه له 22/4/1898 یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له قاهیره ده‌ركردو به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی دانا، سڵاو بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی.. سه‌لامه‌تی و له‌شساغی بۆ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان به‌گشتی و رۆژنامه‌نووسه بوێره‌كانی كه‌ركوك به‌تایبه‌تی ده‌خوازین و به‌هیوای ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی ئازادی و لێپرسیارێتی و پرۆفیشناڵی و بێلایه‌نی په‌ره به كاره‌كانیان بده‌ن و هه‌میشه‌و ته‌نها لایه‌نگری گه‌ل و نیشتمان بن.
دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم
پارێزگاری كه‌ركوك
به‌درخان و 117 ساڵ له رۆژنامه‌گه‌ریی
22ی نیسانی ئه‌مساڵ 117 ساڵ تێده‌په‌ڕبێت به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی نۆبه‌ره (كوردستان) كه له 22-4-1898 دا له ئاواره‌ییدا جووته برا میقداد به‌درخان و عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان له چاپخانه‌ی دار ئه‌لهلال له قاهیره به یارمه‌تی نووسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب جۆرجی زێدان چاپكراو بووه سه‌رقافڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له كوردستاندا.
ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تاكه‌كه‌سییانه بووه
رۆژنامه‌ی كوردستان، یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی ئه‌هلی تاكه‌كه‌سی بووه‌و ناوه‌خنێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری ناوازه‌ی هه‌بووه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌شی وامان لێده‌كات كه بۆچی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌بووه، میقداد به‌ردخان رووناكبیرێكی پایه‌دار بووه‌و زانیوێتی كورد حكومه‌تی نییه، هیچ ده‌زگایه‌كی تری حكومه‌تیش نه‌بووه ئه‌ركی ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك به زمانی كوردی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، بۆیه خۆی ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی كردووه.
بیری نه‌ته‌وایه‌تی
شیعره‌كانی حاجی قادری كۆیی زۆر كاریگه‌ری به‌سه‌ر میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان-ـه‌وه هه‌بووه به‌تایبه‌تی كه حاجی له ئه‌سته‌نبوڵ ژیاوه‌و زاراوه‌ی جه‌ریده‌و رۆژنامه‌ی له ساڵی 1890 دا به‌كارهێناوه‌و ده‌ڵێت: "قائیمه‌و كه‌س نایكڕێت به پولی رۆژنامه‌ی جه‌ریده كه‌وتونه‌ته قیمه‌ت و شان). د.شێركۆ مه‌نگوڕی مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێت: شیعره‌كانی حاجی قادری كۆیی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌و ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی كوردستان، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی تێدا زاڵبووه، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌ره‌تای چه‌كه‌ره‌كردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی بووه‌و وڵاتان ده‌یانویست بیری نه‌ته‌وه‌یی له شیعر‌و بابه‌ته‌كاندا بوونی هه‌بێت.
بۆچی رۆژنامه‌كه له میسر ده‌رچوو؟
بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی كوردستان، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان چووه میسر، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ هێز‌و ده‌سه‌ڵاتێك نه‌بوو پشتگیری له كورد بكات، له‌و سه‌رده‌مه‌دا میسر له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كانی یاخیبوو، ئازادی له‌و وڵاته‌دا بوونی هه‌بوو، هه‌ربۆیه بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان قاهیره‌یان به شوێنێكی گونجاو زانی بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌یان. به‌ڵام كاتێك ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێی زانین، رۆژنامه‌كه چووه ئه‌وروپا.
یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی ئه‌هلی بووه
ده‌رباره‌ی ئاڕاسته‌و هێڵی كاركردنی رۆژنامه‌ی (كوردستان)ی دایك بۆچوونی جیاواز هه‌یه، هه‌ندێك پێیوایه رۆژنامه‌كه ئۆرگانی (حزبی ئیتیحاد‌و ته‌ره‌قی) بووه. هه‌ندێكی تریش پێیانوایه (به یارمه‌تی لایه‌نی ماسۆنی و ئه‌رمه‌نی ده‌رچووه). بۆچوونی تریش هه‌یه كه ده‌ڵێت: رۆژنامه‌كه پشتگیری ئینگلیزی هه‌بووه.
پاراستنی شوناس و زمان و كلتووری كوردی
ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی مێژووی ده‌رچواندنی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌وه كه‌مێك دوای ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌رمانین، به‌ڵام له‌ڕووی شوناس و تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ربه‌خۆیی رۆژنامه‌كه، چه‌ند هه‌نگاوێك پێش ئه‌وان كه‌وتووین. ئه‌وه‌تا ده‌بینین، یه‌كه‌مین رۆژنامه به زمانی توركی (ته‌قویمی وه‌قایع) له 1832، یه‌كه‌مین رۆژنامه به زمانی فارسی له ئێران‌دا (كاغژ اخبار) له 1851 و یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ش له عیراقدا (زه‌ورا) له 1869 ده‌رچووه، كه هه‌رسێكیشیان به‌پێچه‌وانه‌ی (كوردستان)ـه‌وه، رۆژنامه‌ی ره‌سمی بوون و زمانحاڵی ده‌سه‌ڵات بوون.
دروشمی رۆژنامه‌كه
له ژماره شه‌شی رۆژنامه‌ی كوردستان-ـه‌وه عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان بووه‌ته سه‌رنووسه‌ر‌و له ساڵی 1899 له جنێف بڵاوكرایه‌وه، لێره‌وه نوسین و شێوازی رۆژنامه‌كه گۆڕا. دروشمی رۆژنامه‌كه‌ش له ژماره یه‌كه‌وه تا دوایین ژماره بریتی‌بوو له (كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعه تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واته (كوردان راپه‌ڕین به‌رپابكه‌ن و هونه‌ر‌و زانست فێر بن).
رۆژنامه‌گه‌ری كوردی
ده‌مێكه كورد یادی رۆژنامه‌گه‌ری خۆی ساڵانه له 22ی نیسان ده‌كاته‌وه‌و وه‌ك پێیه‌وه دیاره، ساڵ له‌دوای ساڵ ئه‌م یاده گه‌رمتر ده‌كرێته‌وه‌و له میدیاكاندا بایه‌خی زۆرتری پێده‌درێت. ئه‌م بایه‌خپێدانه، په‌یوه‌ندی به كارمه‌ندو رۆژنامه‌نووسانی كوردستانه‌وه هه‌یه، كه ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت هیچ نه‌بێت رۆژێك و جه‌ژنێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت.
یادی ئه‌مساڵ 2015 ده‌كاته 117مین ساڵی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، له‌وانه‌یه 117 ساڵ بۆ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی زۆر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه به‌گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی به‌راورد بكه‌ین، زۆر نییه‌و گه‌لێك كه‌مه. یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ئه‌وان به‌ناوی Relation: Aller Furnemmen له كانونی دووه‌می 1609 له شاری ستراسبورگ ده‌رچوو. هه‌ر له ژماره‌ی یه‌كه‌وه، كۆمه‌ڵێك هه‌واڵی: كێلن، ئه‌نتڤێرپێن، رۆما، ڤیه‌ننا، پراگی تێدا بوو. یه‌كه‌م سه‌رنووسه‌ری ئه‌م رۆژنامه‌ی سه‌ره‌وه (یۆگان كارلۆس)ی چاپچی بوو، كه پێشتر رۆژنامه‌ی ده‌ستنووسی بڵاوده‌كرده‌وه.
دامه‌زرێنه‌رانی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له ناوه‌ڕۆك و هه‌واڵ دانان، له‌گه‌ڵ دامه‌زرێنه‌رانی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌وروپا، جگه له ساڵه‌كان، جیاوازیمان زۆر نییه، چونكه له كوردستانیش چاپچییه‌كان هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌یان ناو هه‌ر ئه‌وانیش رۆژنامه‌و گۆڤاریان به زمانی كوردی ده‌رده‌كرد وه‌ك: حوسێن حوزنی موكریانی و پیره‌مێردو گیو موكریانی و هه‌ندێكی تریش.
یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ئێمه 289 ساڵ دوای یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ئه‌وان، به‌ناوی كوردستان له ساڵی 1898 چاپكرا، كه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵ ته‌نها 31 ژماره‌ی له پێنج وڵات و شوێنی جیا به چوار لاپه‌ڕه‌ی فولسكاپ لێده‌رچوو. ئێمه جیاوازیمان به‌ته‌نها ئه‌و 289 ساڵه له ده‌ركردنی رۆژنامه نییه، به‌ڵكو جیاوازی هه‌ره گه‌وره له‌وه‌یه، كه ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی یه‌كه‌م رۆژنامه، زۆر به رێكوپێكی له‌سه‌ر ده‌ركردنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیان تائێستاش به‌رده‌وامن، كه‌چی «كوردستان»ی ئێمه زۆر پچڕپچڕو ناوه‌ناوه ده‌رده‌چوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ورده به‌راوردیێكی تر له‌جۆری هه‌واڵه‌كان بكه‌ین، یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی ئێمه‌ش، هه‌واڵی میسر‌و سودان و كوردستانی تێدایه.
جیاوازی تر، له‌وكاته‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه له‌ئه‌وروپا ده‌رچوو، زمانی ئه‌وان ده‌مێك بوو داستان، كتێبـی فه‌لسه‌فه‌و ئاینی، شیعر‌و كتێبـی زانستی و سه‌فه‌رنامه‌ی پێده‌نووسرا، زمانی ئه‌وان بۆ ئه‌وكات، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، به‌یه‌ك رێنووس ده‌نووسرا، چاپخانه بووبووه یارمه‌تییه‌كی زۆرباش بۆ پته‌وكردنی زمانی ئه‌وان و بڵاوكردنه‌وه‌و فێربوونی خوێندنه‌وه و نووسین.
جیاوازییه‌كان هه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه نییه، به‌ڵكو له‌ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی چاپكراوی جیهان، له‌ته‌واوی وڵاته‌كانی ئه‌وروپا رۆژنامه‌و گۆڤار هه‌میشه‌و به‌رده‌وام ده‌رچوون و خوێنه‌ری ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌یزانی له‌كوێ چاوه‌ڕێی چ رۆژنامه یان هه‌فته‌نامه‌یه‌ك بكا.
یه‌ك له‌مه‌رجه گرنگه‌كانی رۆژنامه، جگه له‌وه‌ی، كه پێویسته بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگ هه‌بێ، ژانری هه‌مه‌ڕه‌نگ وه‌ك: هه‌واڵ، ریپۆرتاژ، گوتار، ئینته‌رڤیو، گۆشه...هتد هه‌بێ، پێویسته كاتی ده‌رچوونی بزانرێ و كڕین یان وه‌گیركه‌وتنیشی بۆ خوێنه‌ر ئاسان بێ.
له‌م یادانه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و پاش 115 ساڵ، وابزانم كات گه‌یوه بۆ ئه‌وه‌ی چاومان زیاتر بكه‌ینه‌وه‌و تێبگه‌ین، كه ئێمه‌ی كورد، مێژووییه‌كی هه‌ژارو پچڕپچڕی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی شارمان هه‌یه، به‌ڵام مێژووییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی راگه‌یاندنی شۆڕش و خه‌بات و شاخمان هه‌یه.
مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، زیاتر له‌مێژووی كورد‌و خه‌باتی سیاسی كوردی ده‌كات، كه پڕیه‌تی له‌به‌رزی و نزمی، كه‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه.
میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان
میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان كوڕی میر به‌درخان پاشایه، ساڵی له‌دایكبوون‌و كۆچی دوایی نه‌زانراوه، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ناوێكی ئاوێته‌یه، ئه‌م شێوه ناونانه عوسمانییه‌كان‌و كورده‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌فه‌ره‌نسییه‌كانیان وه‌رگرتووه بۆ ناونانی ڕۆڵه‌كانیان.
ساڵی 1891 چووه‌ته میسر، ساڵی 1898 له‌قاهیره پێنج ژماره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی بڵاوكردووه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه له‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌كانی (سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی عوسمانی) گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئیستانبوڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م، براكانی تووشی ئه‌شكه‌نجه‌و زیندانیكردن نه‌بنه‌وه.
ساڵی 1899 له‌گه‌ڵ (عه‌لی به‌گی) برایدا هه‌وڵده‌ده‌ن زه‌مینه بۆ شۆڕشێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆشبكه‌ن، به‌ڵام سه‌رناكه‌ون، هه‌ندێك له‌مێژوونووسه‌كان ده‌ڵێن: "میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان یه‌كێكبووه له‌ئه‌ندامه چالاكه‌كانی پارتی (ئیتحاد‌و ته‌ره‌قی)"، ساڵی 1906 له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌توركیا نه‌فی كرا.
ساڵی 1910 و ماوه‌یه‌ك پاش راگه‌یاندنی حكومه‌تی ده‌ستووری له‌ئیستانبوڵ به‌شداریكردووه له‌دامه‌زراندنی (جه‌معیه‌تی نه‌شری مه‌عاریفی كوردی) به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ش، ماوه‌یه‌ك كراوه به‌موته‌سه‌ریفی شاری ده‌رسیم، به‌ڵام له‌و ساڵه به‌دواوه هیچ شتێك ده‌رباره‌ی ژیانی نازانرێت.
میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان جگه له‌وه‌ی كه یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌نووس‌و دامه‌زرێنه‌ری بزاڤی كوردییه، چاپخانه‌یه‌كیشی به‌ناوی (چاپخانه‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان) له‌قاهیره دامه‌زراندووه، كه به‌یه‌كه‌مین چاپخانه‌ی كوردی ده‌ژمێردرێت.
میقداد مه‌دحه‌ت جگه له‌زمانی خۆی‌و زمانی توركی‌و عه‌ره‌بی، زمانی فه‌ره‌نسیشی به‌باشی زانیوه، بۆیه له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستاندا، كارتێكی به‌زمانی فه‌ره‌نسی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه شارستانیبوونی عه‌قڵی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان نیشانده‌دات.
بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان
به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه، ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌چنه‌وه سه‌ر خالدی كوڕی وه‌لید یه‌كێك له‌سه‌ركرده هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی ئیسلام، بۆیه جار‌و بار به بنه‌ماڵه‌ی خالید ناو ده‌برێن.
باپیره گه‌وره‌ی به‌درخانیه‌كان هه‌ر زوو دوای هیجره‌ت له عه‌ره‌بستانه‌وه كۆچیان كرد بۆ كوردستان، شاری جه‌زیره‌ی ئیبن عومه‌ریان دروستكرد، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه به عه‌زیزی ناسرا، تاساڵی 1847 حكومڕانییان كرد حكومه‌تی عه‌زیزی تا رۆژگاری فه‌رمانڕه‌وایی سوڵتان سه‌لیم ته‌واو سه‌ربه‌خۆ بوون، ساڵی 1839 میر به‌درخان له‌لایه‌ن سوڵتانه‌وه كرایه سه‌ركرده‌ی فه‌خری له‌شكری عوسمانی و له جه‌نگی (Nisib) دا به‌شداربوو له‌و شه‌ڕه‌دا توركه‌كان له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای (كوڕی مه‌حه‌مه‌د عه‌لیی گه‌وره‌وه) زۆر خراپ شكێنران، میر به‌درخان هێزه‌كه‌ی خۆی كشانده‌وه دیار به‌كرو له‌وێشه‌وه بۆ جه‌زیره‌و كه‌ڵكی له شكانی تورك وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی بگه‌یه‌نێته هه‌كاری و لێره‌یش خه‌لكی ناوچه‌كه به‌گه‌رمی پێشوازیان لێ كرد.
عومه‌ر پاشا كرایه مارشاڵی ئه‌نادۆل و فه‌رمانی پێدرا له‌شكرێك پێكه‌وه بنێت و دژی میری كوردان بكه‌وێته رێ، توركه‌كان له دیار به‌كر كۆبونه‌وه‌و له‌وێوه دژی میری كورد كه‌وتنه‌ڕێ، شه‌ڕی بێ ئه‌نجام ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌درخان ناچار بوو بكشێته‌وه قه‌ڵای ئێڤراك، دوای چه‌ند مانگێك به‌رگری قه‌ڵاكه كه‌وت و له‌وێ ده‌وروبه‌ری شه‌ش مانگ مایه‌وه و ئینجا دور خرایه‌وه دورگه‌ی كریت، رێگه درا به میر به‌درخان دووسه‌د كه‌س له پیاوه‌كانی له‌ته‌ك خۆیدا به‌رێته كریت ئه‌وانه‌ی رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌دامركاندنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ساڵی 1856 ی گرێكه‌كاندا بینیٍ.
له پاداشتی ئه‌وه‌دا میر به‌درخان هێنرایه‌وه ئه‌سته‌نبوڵ و رێگه‌ی پێدرا له‌وێ جێ‌نشین بێت، ساڵی 1866 واتا دوای ده ساڵ به‌درخان تا كۆچی دوایی له ساڵی 1870 دا له دیمه‌شق نیشته‌جێبوو.
به‌درخان پاشا له گوندی ساڵحیه كه سه‌عاتێك له دیمه‌شق دووره به‌خاك سپێردرا، گۆڕه‌كه‌ی نزیك گۆڕی سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی- ه.
به‌درخان 90 كوڕی دوای خۆی به‌جێهێشت، ئه‌م بنه‌ماڵه گه‌وره‌یه هه‌میشه به دروستكردنی بزوتنه‌وه‌ی دژ به حكومه‌تی عوسمانی- ه‌وه خه‌ریكبوون، شفره‌یه‌كی تایبه‌ت به به‌درخان هه‌یه كه ده‌قه‌كه‌ی ده‌ڵێت: گشت به‌درخانییه‌كان پایه‌و مه‌قام و توانایان هه‌رچیه‌ك بێت گیرۆده‌ی دوورخستنه‌وه‌و به‌ندی و ئه‌ساره‌ت بوون.
له دواساڵی ژیانیدا له‌پێناو یه‌كگرتنی وڵاته‌كه‌ی روویكرده روسیا ئه‌و دوو به‌درخانیه به گه‌رمی دوای ئه‌م شه‌پۆله كه‌وتن "كامیل به‌گ و عه‌بدولڕه‌زاق به‌گ" بوون ساڵی 1917 ئه‌م دووانه له‌لایه‌ن روسیاوه كرانه والی به‌دلیس و ئه‌رز رۆم، ساڵی 1918 عه‌بدولڕه‌زاق به‌گ له لایه‌ن توركه‌كانه‌وه ده‌ستگیر كرا‌و له موسڵ به‌ند كرا، ده‌ڵێن كامیل به‌گیش له ته‌فلیسی جۆرجیابوه.
ساڵی 1908 حسێن پاشا‌و حه‌سه‌ن به‌گ بوونه نوێنه‌ری كوردستان له په‌رله‌ماندا، یه‌كسه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنیان فه‌رمانی گرتنیان ده‌رچوو ئه‌وانیش په‌نایان برده به‌ر ناوچه شاخاویه‌كان و له‌وێ شه‌ش مانگیان به ئاواره‌یی برده‌سه‌ر، توركه‌كان حسێن پاشایان ده‌ستگیر كرد و به دزیه‌وه كوشتیان.
یه‌كێك له‌وانه‌ی له شاخ له‌گه‌ڵیانبوو ناوی "سلێمان به‌گ"ه، ئه‌ویش به‌درخانیه، سێ ساڵ دوای ئه‌و ده‌ربه‌ده‌ریه‌ی مایه‌وه‌و له‌ئه‌نجام له ده‌رگوڵ له‌لایه‌ن سیخوڕه‌كانی ئه‌وڕه‌حمان ئاغای شه‌رناخه‌وه كه دوژمنی باوه‌كوشته‌ی به‌درخانیه‌كان بوو، ده‌ستگیر كرا.
عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی به‌درخان كه‌وا دیاره یه‌كێك بوو له‌هه‌ره مۆدێرنه‌كانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌و ماوه‌یه‌ك سه‌رنوسه‌ری كوردستانی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی بوو یه‌كێك له ئه‌ندامانی وه‌فدی كوردی بوه بۆ یه‌كه‌م كۆنفراسی توركه لاوه‌كان كه رۆژی چواری شوباتی ساڵی 1902 له پاریس به‌سترا، ده‌رباره‌ی ده‌ڵێت عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان یانزه ساڵان له‌سویسرا ژیا‌و هه‌ر له‌وێش ژنێكی سویسری هێنا، ده‌ڵێن پیاوێكی زۆر دووربین و دونیا دیده‌و خاوه‌ن دیده‌و بۆچونی پێشكه‌وتن خوازبووه، له كاتی شه‌ڕی نێوان تورك و یۆنانیه‌كاندا كرایه موته‌سه‌رفی ئایدن، له‌وێش زۆر باش ره‌فتاری كردووه، حكومه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌و زه‌ره‌رو زیانه زۆره‌ی به‌رماڵ و موڵكی به‌درخان كه‌وتوه، بڕیاریداوه مانگانه 200 لیره‌ی توركی خانه‌نشینی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ببڕێته‌وه.
ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان
ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان، كه ده‌زگایه‌كی هونه‌ری رۆژنامه‌وانی گشتی ئازاده له‌ساڵی 2000 له‌شاری سلێمانی دامه‌زراوه.
وه‌ك له ماڵپه‌ڕی ده‌زگاكه‌دا هاتووه: وه‌ك رێزگرتنێك له‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌زگاكه‌مان ناونا ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی "به‌درخان".
چالاكییه‌كانی ده‌زگای به‌درخان به كورتی: 1- فێستیڤاڵی یه‌كه‌می به‌درخان- سلێمانی 21-22/4/2004. 2- فێستیڤاڵی دووه‌می به‌درخان- دهۆك 21-22-23/4/2005. 3- فێستیڤاڵی سێیه‌می به‌درخان - هه‌ولێر 21-22-23/4/2006. 4- فێستیڤاڵی چواره‌می به‌درخان - به‌رلین 22-23/4/2007. 5- فێستیڤاڵی پێنجه‌می به‌درخان - قاهیره 21-22/4/2008. 6- فێستیڤاڵی شه‌شه‌می به‌درخان- یۆنان 19-20/10/2009. 7- فێستیڤاڵی حه‌وته‌می به‌درخان – ئه‌مریكا 29-30/6/2010. 8- فێستیڤاڵی هه‌شته‌می به‌درخان – پاریس/فه‌ره‌نسا 9- 10/7/2011. - فێستیڤاڵی نۆیه‌می به‌درخان – جۆرجیا - تبلیسی 21- 23/3/2012.
چه‌ندین گه‌شتی رۆژنامه‌نووسی بۆ ئه‌م وڵاتانه كردووه: "ئێران، ئه‌ڵمانیا، سوید، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، كۆنفڕانسی "كورد له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك" یۆنان، "كریت" كازانتزاكی. - چاپكردنی كتێب 165 كتێبی هه‌مه‌جۆری" مێژوویی، منداڵان، رۆمان، فۆلكلۆر، ئه‌فسانه، یاده‌وه‌ری، ناوی كوردی، شیعر...". - ساڵانه به‌شداری له پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له فڕانكفۆڕت ده‌كات.
چاپكردنی ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر "موسوعه اربیل" له 10 به‌رگ پێكهاتووه.
زیاتر له 10 فیلمی دیكۆمێنتاری به‌رهه‌مهێناوه.
تائێستا 165 ژماره له هه‌فته‌نامه‌ی به‌درخان كه یه‌كه‌مین بڵاوكراوه‌ی ئازاده له كوردستان و له 22/10/2000 له سلێمانی ده‌رچووه.
ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان له‌لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس حه‌مید ئه‌بوبه‌كر ئه‌حمه‌د به‌درخان له 22/10/2000 دامه‌زراوه‌و تاكو ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه‌یه.
PUKmedia ئا/ لانه كاشان
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25