riklam

بەدیلی بەغدا بۆ ئەم قۆناغە ‌

بیروڕا 10:03 AM - 2015-02-27
تەها عەبدوڵڵا‌

تەها عەبدوڵڵا‌

دوای پرۆسەی ئازادی عیراق‌و رووخانی رژێمی بەعس، سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە بەغداو رۆڵی كاریگەری هەبوو لەدروستكردنەوەی عیراقی تازەو بڕینی قۆناغە سەختەكانی دوای ئەو گۆڕانكارییەكانە، كە دواتر هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی شەرعی‌و یاسایی لەچوارچێوەی عیراق لەدەستووری هەمیشەیی جێگیركرا، ئەگەرچی ئۆمید زۆربوو كە ئیتر هەرێمی كوردستان‌و عیراق بەگشتی جۆرە ئارامی‌و سەقامیگیریەكی باشی ئابووری‌و ئەمنی  بەخۆیەوە ببینێ، بەتایبەتی دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری‌و هاوكاری‌و پاڵپشتی وڵاتە زلهێزەكان‌و وڵاتانی ئیقلیمی كە پێشتر بەهەموو جۆرێك حكومەتەكەی بەعسیان رەتدەكردەوە.
كەچی ئەو ئۆمیدو هیوایە زۆری نەخایاندو بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی رابردوو  و  هەڵە یەك لەدوا یەكەكانی حكومەتی عیراقی تازە  بەتایبەتی لەهەردوو خولی كابینەكەی مالكی، جگە لەخراپبوونی بارودۆخی ئەمنی‌و پەیوەندیەی نێوان پێكهاتەكان، نێوان هەرێم‌و بەغدا ئاڵۆزی تێكەوت كە تائەمرۆش درێژەی هەیەو خەڵكی كوردستان‌و عیراق باجەكەی دەدەن.
ئەگەر سەیری بارودۆحی ئێساش بكەین كە عیراق رووبەرووی دوو قەیران بۆتەوە،  لەوانە شەڕی داعش‌و قەیرانی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و كاریگەریەكانی ئەوشەڕە، هەرێمی كوردستانیش پێش ئەو دوو قەیرانە بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتەكەی مالكی زووتر ئەو ئازارەی چەشت‌و برینەكانی لەهی بەغدا قوڵترو چارەسەركردنی زەحمەت تر بووە، لەگەڵ ئەوەی لەم دواییە جۆرە رێكەوتنێك لەنێوان هەولێرو بەغدا كرا، بەوپێیەی لەم بارودۆخە هەردوولا پێویستیان بەیەكترە، بەڵام بەهۆی كاریگەری پەیوەندییەكانی هەردوولا رێكەوتنەكە جێبەجێنەكراو ئەو هیوایەی خەڵكی هەیانبوو لەسەر ناردنی بودجەی هەرێم لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوت ئەویش پوكایەوە.
ئەوەی زیاتر پێویستە قسەی لەسەر بكرێت ئەم قۆناغەیە كە هەرێمی كورستان  جۆرە بێئومێدیەكی بەرامبەر بەغدا لەلا دروست بووە، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی وەفدەكەی حكومەتی هەرێم، هەرچەندە   دیارنییەو باش رووننەكراوەتەوە ئایا راستە بەغدا پارەی نیە بۆ هەرێمی بنێرێ یان هەرێم پابەندی رێكەوتنەكە نەبووە، بەڵام هەرێم بیر لەچارەسەرێكی تر دەكاتەوەو پێیوایە لەم كاتانەی بەغدا فریای قەیرانەكەی ناكەوێت.
لەهەموو حالەتەكانی هەرێمی كوردستان بەشێكە لەعیراق‌و باشترین چارەسەری واقیعی‌و دەستووری‌و یاسایی بۆئەم قۆناغە لەگەڵ بەغدایە، راستە ئەمڕۆ حكومەتی عیراقی لەقەیران دایەو جۆرە بیركردنەوەیەك هەیە دەیانەوێ زیان بەهەرێمی كوردستان بگەیەنن‌و ئاستەنگی بۆدروست بكەن، بەڵام  لەجیاتی هەوڵدان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر پێویستە هەوڵەكان بە ئاراستەی بەغدا بێت.
واباشترە هەولێرو بەغدا بەیەكەوە رووبەرووی قەیرانەكان ببنەوە، چونكە راستە هەرێم لەروانگەی وڵاتان تایبەتمەندی خۆی هەیەو گرنگی زیاتری پێدەدرێ، بەڵام دواجار هەر لەچاویلكەی دەوڵەتی عیراقەوە سەیردەكرێت، هەروەك بینیمان لەناردنی چەك‌و تەقەمەنی دەبوو  كاروانەكان بچێتە بەغداو ئینجا بگەڕێتەوە هەرێم، هەروەها لەفرۆشتنی نەوتدا بەغدا هەوڵیدا دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێ‌و كێشە بۆ هەرێم دروستبكات، كاتیكیش كۆنگرەی تیرۆر لەلەندەن كرا سەرۆك وەزیرانیان بەنوێنەری هەموو عیراق بەهەرێمی كوردستانەوە ناسی.
هەموو ئەمانە  ئاماژەیەكن كە پێماندەڵین لەم قۆناغەو تائەوكاتەی بریاڕبێت هەرێمی كوردستان لەچوارچێوی عیراق بمێنێتەوە، پێویستە لەهەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عیراقی فیدراڵ بێئومێد نەبین، وڵاتانی ئیقلیمی نەكەینە بەدیلی بەغدا، چونكە پێشتریش هەوڵی لەوجۆرە درا كە هەرێم پشت بەوڵاتانی ئیقلیمی ببەستێت بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو، هەربۆیە جارێكی تر هەرێم گەڕایەوە بەغدا، بۆیە پێویستە بەرپرسان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوەو دەسەڵاتەكانیان بەكاربهێنن، چونكە نوێنەرانی هەرێم چەندین پۆست‌و پێگەی گرنگیان هەیەو دەتوانن كاریگەریان لەسەر حكومەتەكەی  عەبادی هەبێت، بەجۆرێك لەبەرژەوەندی هەموو گەلانی عیراق بشێكتەوە.
گەڕانەوە بۆ بەغدا مانای ئەوەنییە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتان بەهێزو باش نەكەین‌و پەرەی پێنەدەین، بەڵكو ئەو هەنگاوە پێویستەو دەبێ ئەو گرنگیدانە بەردەوام بێت، بەجۆرێك تەنیا لەگەڵ وڵاتێك نەبێت، بەڵكو پێویستە لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە بێت كە بەرژەوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكدەگرێتەوەو رۆژێك لەرۆژان هاوكارو پشتوانی كوردسانیان كردووە، هەروەها ئەو پەیوەندیانە سوودی دوولایەنەی هەبێت.

تەها عەبدوڵڵا‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket