riklam

تورونتۆ.. 26ی رێبه‌ندان به‌رز راده‌گیرێت

تاراوگە‌‌ 12:24 PM - 2015-02-24
له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا فیلمێكی دیكۆمێنتاری چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نمایشكرا

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا فیلمێكی دیكۆمێنتاری چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نمایشكرا

 بۆ رێزگرتن له‌ رۆژی 26ی رێبه‌ندان و ئاشكرابوونی خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌، به‌ ئاماده‌بوونی جیم كرجیانیس و نوێنه‌رێكی پارتی پارێزگارانی كه‌نه‌داو حزب و رێكخراوه‌ كوردییه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی ئۆنتاریو، له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا یادی 36ـه‌مینی ساڵیادی رۆژی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران به‌رز راگیرا.

جیم كرجیانیس دۆستی گه‌لی كوردو په‌رله‌مانتاری پێشوی فیدراڵی كه‌نه‌دا پیرۆزبایی رۆژی كۆمه‌ڵه‌ی له‌ ئاماده‌بووان كردو رایگه‌یاند: ته‌نها كورد توانیوێتی هێرشی داعش له‌ كوردستان رابگرێت و به‌رگری له‌ خاكی خۆی بكات.

كرجیانیس پشتیوانی خۆشی بۆ شۆڕشگێرانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی مافی ره‌وای كورد دووپاتكرده‌وه‌، ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ ساڵی 2012 له‌ باشوری كوردستان سه‌ردانی عه‌بدوڵڵای موهته‌دی سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانی كردووه‌.

پاشان حزب و رێكخراوه‌كانی كوردستان له‌وانه‌ش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ماڵی كورد، چریكه‌ی فیدائیانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستان وتاریان پێشكه‌شكرد.

دواتر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وێڕای پیرۆزبایی كردنی رۆژی كۆمه‌ڵه‌، رێزو پێزانینی خۆیان ئاڕاسته‌ی هێزه‌كانی خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ كرد كه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌رگری له‌ خاكی كوردستان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن.

وه‌فدی كۆمیته‌ی رێكخستنی (ی.ن.ك) كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ خه‌سره‌و ره‌سوڵ و عوسمان عه‌لی و ئه‌میر سولاقه‌، به‌شداری ئاهه‌نگی یاده‌كه‌یان كرد.

كۆمیته‌ی رێكخستن له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رۆژی 26ی رێبه‌ندان و ئاشكرابوونی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ وه‌چه‌رخانێكی مێژوویی وه‌سفكرد، هه‌روه‌ها په‌یامی كۆمیته‌ی رێكخستن خوازیاره‌ رۆژی 26ی رێبه‌ندان ده‌رخه‌ری قۆناغێكی نوێی هه‌ستانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی ریزه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ بێت له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد.

له‌ میانه‌ی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا فیلمێكی دیكۆمێنتاری چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نمایشكرا.

PUKmedia  عوسمان عه‌لی ، كه‌نه‌دا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket