riklam

دژایەتیكردنی یەكێتی، ناكۆكەکان كۆدەكاتەوە ‌

kurdistani 12:43 PM - 2014-09-28
لەهەواڵەكەدا بەهیچ جۆرێك ناوی سەرچاوەكە ئاشكرا نەكراوە

لەهەواڵەكەدا بەهیچ جۆرێك ناوی سەرچاوەكە ئاشكرا نەكراوە

هەفتەنامەی باس كە بەوتەی خۆیان هەفتەنامەیەكی «بێلایەن» ‌و «سەربەخۆیە»، لەچەند رۆژی رابردوودا هەواڵێكی ناڕاست و بێبنەمای لەبارەی بڕینی بودجەی كوردستان گوایە بە(پێشنیاری دوو بەرپرسی كورد) بڵاوكردەوە.
هەفتەنامەكە لەهەواڵەكەی ئەمجارەشیدا وەكو سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییە ناڕاستانەی دیكەی كە بەردەوام  لەبارەی یەكێتییەوە بڵاویدەكاتەوە، بۆ زانیارییەكانی پشتی بەستووە بە (بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بەپێی ئەو سەرچاوەیە، وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێ داوە، سەرچاوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات)، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهەواڵەكەدا بەهیچ جۆرێك ناوی سەرچاوەكە ئاشكرا نەكراوەو تەنها بەپێی سەرچاوەكەیان گوایە (عەبادی لە سەردانی بۆ لای نەوشێروان مستەفا، سەرەداوێكی وای خستووەتە روو، كە هەموو شت خەتای مالیكی نەبووە، لەوانەیە هەندێ كەس پێشنیارێكی وایان بۆ كردبێت تا سنورێك بۆ دەسەڵاتی هەولێر مەبەستیان پارتی بووە دابنرێت). هەفتەنامەكە لەزاری سەرچاوە نادیارەكەیەوە ئەوەشی نووسیووە گوایە(عەبادی لەو دانیشتنانەدا لە سلێمانی، بە ئاشكرا ئەوەی گوتووە كە مالیكی لەسەر پێشنیاری  دوو سەركردەی یەكێتی،  ئەو كارەی كردووە).
ئەوەی لەناوەڕۆكی هەواڵەكە وردبێتەوە بۆی دەردەكەوێت هەموو ئەو زانیارییە بێ بنەمایانە تەنها لەپێناوی مانشێتەكەدا ریزكراون.
رۆژنامە یان كتێبی جەبر؟
بەداخەوە سەرچاوەی نادیار‌و ناونەهێنانی بكەر‌و هێشتنەوەی بەنادیاری، خەریكە رۆژنامەنووسیی كوردی هەواڵ‌و راپۆرتەكان دەكەنە بڕی جەبری‌و بە (س)‌و (ص) هەواڵ بۆ خوێنەرو بینەرو بیسەر دادەڕێژن‌و ئیتر خەڵك‌و لایەنە سیاسییەكان بۆخۆیان ئازادبن لەوەی كێ لەبری (س)‌و كێش لەبری (ص) دادەنێن، ئیتر لەم كەینوبەینەدا خوێنەر یان وەرگر بیری دەچێتەوە بەشوێن (ع)دا بگەڕێت كە سەرچاوەی فەبرەكە ئیعلامییەكەیە.
خاڵی كۆكبوونیان دژایەتیی یەكێتییە!
ئەم هەواڵەی هەفتەنامەی باس بەسورعەتی بەرق لەسەرجەم میدیا (سەربەخۆكان!)ەوە دەماو دەمی پێكرا، لەكاتێكدا ئەو كەناڵ‌و میدیایانەی كە هەواڵەكەی (باس)یان دەجۆوە، لەمێژووی كاری خۆیاندا هەرگیز (باس) یان بە بێلایەن‌و سەربەخۆ نەزانیووەو هەواڵ‌و زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیەیان بە هەند وەرنەگرتووە، بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا تاكە مەسەلەیەك كە ئەم هەموو لێكنەچووەی كردووە بەیەك رەنگ‌و هەموو ئەو كەناڵ‌و میدیایانەی لەسەر یەك هێڵ كۆكردۆتەوە دژایەتی‌و تانەدانە لەیەكێتی‌و هیچی دیكە.
دوو گیان لەیەك جەستەدا
لەنموونەی ئەو كەناڵانەش، ئێن ئار تی، رووداوو كەی ئێن ئێن، كە هەریەكەیان كۆمەڵێك زیادەلەسكەی خۆیان‌و تەفسیرات‌و بیروڕای خۆیانیان تێكەڵ كردووە، ئەگەرنا بەسەدان راپۆرت لە رووداو‌و باس نیوز لەسەر بەرپرسانی گۆڕان كرابێت، هەرگیز لە كەی ئێن ئێن‌و ئێن ئارتی نەبوونەتە هەواڵ‌و بەپێچەوانەشەوە سەدان راپۆرت‌و هەواڵ لە كەی ئێن ئێن‌و ئێن ئارتی-یەوە بڵاوبووبێتەوە، هەرگیز لەلای باس‌و رووداو نەبوونەتە مانشێت‌و بابەتێكی لاوەكیش، هەمووانیش دەزانن كە «باس»‌و «رووداو»یش دوو گیانن لەیەك جەستەدا، بەڵام سەربە دوو مەدرەسەی جیاوازن‌و ئەركەكانیان جیاوازە!
لەمبارەیەوە گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز دەڵێت: ئەو هێزانەی‌ پەنا بۆ داتاشینی ئەو درۆیانە دەبەن و ئەو هێزانە ئەو درۆیانە گەورە دەكەن ئەوانەن كە قەیرانی جەماوەرییان هەیەو سیاسەتیان كورتی هێناوە، هەروەها دەڵێت: عەیبە گەورەكە ئەوەیە، كۆی سایتە بەناو هاوسەنگ و بێلایەن و پرۆفیشناڵ و سەربەخۆكان هەواڵەكەیان وەك خۆی لە باس وەرگرتووەو بڵاویان كردۆتەوە، بێئەوەی لێدوانی بەرپرسی یەكێتی وەربگرن، تەنانەت KNN-یش لەسەر زاری رۆژنامەی باس هەواڵەكە باسدەكات، كەچی رۆژنامەكە دەڵێ: (عەبادی بە نەوشیروان مستەفای وتووە...) -وەك ئەوەی نەوشیروان مستەفا سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت و KNN بەڕێوە نەبات و نەتوانن پشتڕاستی بكەنەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو كۆدەنگییەیە بۆ دژایەتی یەكێتی یان دابەزینی ئاستی هەندێ راگەیاندنە.
گۆران ئازاد دەشڵێت: بەگوێرەی پەیوەندیی نێوان هەندێ لەبرادەران لەیەكێتی لەگەڵ رێكخەرو هەندێ بەرپرسانی گۆڕان، ئەوە رەتكراوەتەوە كە عەبادی شتی وای لای ئەوان باس كردبێت.
بوختانێك بەدەمی جەعفەرییەوە
ئەوەی لێرەدا گومانەكان چڕتر دەكاتەوە كە نەوشیروان مستەفا بەشێك بێت لەو فەبرەكە ئیعلامییە ئەوەیە، لەسەردانی حەیدەر عەبادی بۆ سلێمانی‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، زۆربەی میدیا كوردستانی‌و عیراقییەكان لەوێ بوون‌و پرسیاریشیان لەعەبادی كرد، بەڵام لەسەردانەكەی بۆ مەكۆی سەرەكی گۆڕان‌و دیداری لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا تەعتیمی ئیعلامیی خرایە سەر‌و نەهێڵرا پەیامنێرانی كەناڵەكان بچنە سەرەوە بۆ گردەكە، كە ئەمەش دەرفەتێكە بۆ نەوشیروان مستەفا تا لەژێر ئەو تەعتیمەوە فەبرەكەیەكی ئیعلامیی لەدژی یەكێتی‌و سەركردەكانی بخاتە ناو میدیاكەی خۆی‌و سێبەرەكانی ‌و میدیا نزیكەكان لەهاوپەیمانەكەی.
بێگومان جوینەوەی هەواڵەكەی (باس) لەلایەن كەی ئێن ئێن‌و ئێن ئارتی، رەنگە لەڕووكەشدا مایەی تێڕامان بێت، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوە پیشەی ئێستای میدیاكانی كۆمپانیای وشەو میلیشیا ئیعلامییە سێبەرەكانی نییە‌و ئەوە بەبیر یەكێتییەكان دەهێنێتەوە كە لەساڵی 2007 كە هێشتا گۆڕان دروست نەببوو تەنیا كۆمپانیای وشە هەبوو، نەوشیروان مستەفاش لەسەرەتای دەستپێكردنی دژایەتیی ئیعلامیی یەكێتیدا بوو، فەبرەكەیەكی بڵاوكردەوە كە گوایە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق لەبارەی جێبەجێنەكردنی مادەی 140ەوە لەمەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتوێتی: ئەو (لەكاتی دەسەڵاتیشیدا رێگر نەبووە لەجێبەجێكردنی ئەو مادەیە، بەڵكو سەرۆكی لیژنەكانی 140 لەو كاتەدا كەمتەرخەم بوون)، ئەمەش بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی رۆژنامە ژمارە 22 رۆژی 24/7/2007.
بەڵام ، دواتر دەركەوت وتەكە وا نەبووە، بەڵكو جەعفەری وتبووی:(دەبوو سەركردایەتیی هاوپەیمانیی كوردستان پڕۆژەیەك بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی مادەی 140، پێشكەش بكەن، بەڵام ئەوان نەیانكردووە)، ئەم وتەیەشی لەكاتێكدا بوو كە مادەی 140 دەستوورییەو پێویستی بەپڕۆژە نییە، چونكە خودی مادەكە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی دیاریكردووە، كەئەمەش هەر بەشێكە لە خۆدزینەوەكانی ئەو سەرۆك وەزیرانەی كە بە قەولی ئەوكاتەی نووسەرێكی گۆڕان (راستگۆترین سەرۆك وەزیرانی عیراق) بووە، ئەویش بەپێی وتارێك كە لەڕۆژنامەی رۆژنامەی رەحمەتی ژمارە 61، رۆژی 17/9/2007، بڵاوببۆوە.
شەفافیەت، ژوورە تاریكەكان، دەرگا داخراوەكان
بۆیە هەر بۆخۆی رێگەنەدان بەكەناڵەكانی راگەیاندن‌و خستنی ئۆباڵەكەی بۆسەر شانی عەبادی جێگەی گومانە كە دواتر گۆڕان وتیان لەسەر داوای حەیدەر عەبادی كۆبوونەوەكە دوور لەمیدیا بەڕێوەچووە، تومەس ئەم فەبرەكەیەی لەپشتەوە بووە، ئەوەش بۆیە دەسوون بەشانی عەبادیدا تا وەڵامی ئەو رەخنەیە بدەنەوە كە گۆڕان لە چەند ساڵی رابردوودا گوێی دنیایان پڕكرد لەمەسەلەی شەفافیەت‌و دژایەتیی كۆبوونەوەی ژوورە تاریكەكان‌و پشت دەرگا داخراوەكان.
دڵشاد شەهاب لەقافدا گیرا
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بڕە جەبریەی باس، ئەگەرچی هەر كەناڵێكی (سەربەخۆ) بە پێی مەزاجی دەستگیرۆكارەكەی (س‌و ص)ەكەی دانا، بەڵام هێشتاش دیارنەبوو كە كێ (ع) واتە سەرچاوەكەیە، بەڵام خێریان بنووسێت هەریەكە لەنەوشیروان مستەفا‌و دڵشاد شەهاب كەمێك رۆشناییان خستەسەر دۆزینەوەی (ع)‌و وا پێدەچێت هەردوولایان بەشێك بن لەفەبرەكەكە، چونكە لەكاتێكدا نەوشیروان مستەفا بەبێ میدیا لەگەڵ عەبادی كۆدەبێتەوە‌و میدیاكانی سێبەری پارتی‌و گۆڕانیش بەهەمان نەفەسەوە تەرویج بۆ هەواڵەكە دەكەن، ئیتر دیارە ئەوەش زادەی ئەو هاوپەیمانێتییە نەنووسراوەیە كە لەنێوان ئەو میدیا سێبەرانەدا هەیە، ئەگەرنا خێرە لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت‌و نووسینگەكەی هەواڵەكە رەتدەكاتەوە، ئەوەش لەزاری سامی ئەرگۆشی سكرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیران كەڕوونكردنەوەیەكی بەناونیشانی (بەدرۆخستنەوەی هەواڵێك)، بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: (كەناڵی تەلەفزیۆنیی NRT و ماڵپەڕەكەشی، لەهەواڵێكدا بڵاویان كردۆتەوە گوایە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێك، ‌‌دوو سەركردەی‌ یەكێتیی‌ نیشتمانیی كوردستانی تۆمەتبار كردووە بەوەی‌ پێشنیازی‌ بڕینی‌ مووچەیان بۆ مالكی‌ كردووە...، لێرەوە رایدەگەیەنین كە ئەم هەواڵە بەهیچ شێوەیەك راست نییە...، ئەوەی لەهەواڵەكەدا لەسەر زاری رۆژنامەنووسێكەوە هاتووەو ناوی ئاشكرا نەكراوە، لەهەواڵێكی بێبنەمای هەڵبەستراوی دروستكراو زیاتر، هیچی دیكە نییە)، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە دڵشاد شەهاب كە لەناو حزبەكەی سەرۆكی حكومەتیشدا ئەندامی سەركردایەتییەو لەویشەوە نزیكە، دێت و لەلێدوانێكدا بۆ KDP.info، زۆر بێ منەتانەو بە نوقرچەوە دەڵێت:  (یەكێتی دەبووایە پەنا بۆ دادگە ببات).
هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە
لەمبارەیەشەوە، پارێزەر سمكۆ ئەسعەد ئەدهەم بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وروژاندنی ئەو بابەتەی كە یەكێتی سكاڵای یاسایی لەبەرامبەر هەواڵێكی بێبنەمای لەوجۆرەدا تۆماربكات لەلایەن دڵشاد شەهابەوە، ئەوە تەئكید دەكاتەوە كەڕێچكەی هەواڵەكە دروستكراوی تەرەفێكە بەمەبەستی ناوزڕاندنی یەكێتی، هەروەها هاندانی یەكێتی بۆ ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە دەیانەوێت بیكەنە چوارچێوەیەكی رەسمییەوەو یەكێتی تێوە بگلێنن، لەكاتێكدا ئەوە درۆیەكی هەڵبەستراوەو هیچ بنەمایەكی یاسایی نییەو یەكێتیش ئەو هەواڵە بێبنەمایەی رەتكردۆتەوە.
وتیشی: ئەو لایەنەیەی كەدەیەوێت یەكێتی بەرەو تۆماركردنی داوای یاسایی راپێچ بكات هەر ئەو لایەنەیە ئەو پڕوپاگەندەیەی بڵاوكردۆتەوەو دەشیەوێت بیخاتە چوارچێوەیەكەوە بۆ ئەوەی رای گشتی پێ چەواشە بكات، راشیگەیاند: داوا یاساییەكە هیچ ئەنجامێكی یاسایی نابێت، جگە لە هەڵڵا نانەوە بۆ ماوەیەك، ئەو لایەنانە مەبەستیانە لەكاتی رێوشوێنە یاساییەكاندا بەردەوام  كەرەستەیەكی راگەیاندنیان پێ بێت و هەواڵەناڕاستەکان دووبارە بكەنەوەو بەوەش شكست و كەموكوڕی خۆیان لەچەند بوارێكی دیكەدا بشارنەوە.
پارێزەر سمكۆ ئەسعەد وتیشی: ئەوانەی دەڵێن با یەكێتی داوای یاسایی تۆمار بكات، ئەوان دوو كەسەكەیان دیارینەكردووە كەواتە كێ داوای یاسایی تۆمار بكات، بۆیە مەبەستی سەرەكییان تەنها پڕوپاگەندەیە.
فەبرەكە‌و حەواڵە بەگەواڵەی دادگا
هەروەك سەرچاوەیەكیش پێیڕاگەیاندین: ئەگەر یەكێتی سكاڵاش تۆمار بكات، دیار نییە رێڕەوی سكاڵاكە لەدادگاكانی هەولێر چۆن بەڕێوەدەچێت لەڕۆژنامەیەك كە مەعلومە سێبەری كێیە، بەڵام رەنگە دڵشاد شەهاب دڵنیا بێت لە ئەنجامەكەی بۆیە تەحەدای ی.ن.ك دەكات.
ئەو بەرگرییەی دڵشاد شەهاب-یش لەڕۆژنامەی باس وادەكات كە دەستەكەی خۆی كەشف بكات‌و بۆچوونێك دەداتە دەست چاودێران كە خودی دڵشاد (ع)ی ناو بڕە جەبرییەكەی باس بێت یاخود دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە نەكردووە كە یەكێتی بچێت لە چ دادگایەك سكاڵا تۆماربكات؟ چونكە لەلایەكەوە فەبرەكەكەی باس ‌و رووداو و  ئێن ئار تی‌و  كەی ئێن ئێن‌و سپی نیوز لەناو خەڵكدا بڵاوكرایەوە، بەنیازن یەكێتی بچێت لەدادگا سكاڵا تۆماربكات لەكاتێكدا دۆخی رۆتینی دادگاكان وادەكات بە دوو سێ ساڵ ئەنجام نەدات بەدەستەوە، یاخود دیارە دڵشاد شەهاب پێشوەخت گرەنتی بڕیاری كۆتایی دادگای كردووە، خۆ رەنگە ئەگەر كەیسەكەش بدۆڕێنن‌و هەموو ئەو كەناڵانە لەكەیسێكدا بخرێنە بەردەم دادگا ئەوكاتە ئەوە دیسانەوە هەڵڵای ئەوە بۆ یەكێتی دروست بكەن كە یەكێتی دژی میدیای سەربەخۆیەو دژی ئازادیی رادەربڕینە.
لێدوانەكەی دڵشاد شەهاب لەكاتێكدا بوو كە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا ئەوەی خستەڕوو كە(چەند دەزگایەكی راگەیاندنی سێبەر بۆ بەلاڕێدابردن و مەشغوڵكردنی خەڵك بەتۆمەتی بێ بنەما، درۆیەكی هەڵبەستراوی مەبەستدار دەخەنە پاڵ دوو سەركردەی (ناونەهێنراو!) تەنیا بۆ ئەوەی ناوی ی.ن.ك بهێنن و بڵاویدەكەنەوە كە گوایە پێشنیازی بڕینی بودجەی هەرێمیان بۆ نوری مالكی كردووە).
هەر لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: لەڕوانگەی رێزگرتن  لە هەست و هەڵوێستی كۆمەڵانی خەڵك، بەتایبەت مووچە خۆران بەپێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بدەین، كە باجی ئەم قەیرانە داراییە سەپێنراوە ناڕەوایە دەدەین، نەك لەڕوانگەی وەڵامدانەوەی درۆ و تۆمەتێكی باوەڕپێنەكراو، ئاماژە بەوەش دراوە:(ی.ن.ك هێزێكە بەو تۆمەت و سیناریۆ داتاشراوانە لەكەدار نابێت و خەڵك زۆر لەوە هۆشیارترە، كێشەی بێ مووچەییان بەم تۆمەتانە لەبیر ببرێتەوە. مووچە خۆران باش دەزانن شكستی سیاسەتی دارایی لە ئەستۆی كێدایە).
هۆكاری پڕوپاگەندە دژی یەكێتی
لەبارەی هۆكارەكانی بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییە ناڕاست و هەواڵە بێبنەمایانە، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لە سەروتارێكی كوردستانی نوێ-دا بەناونیشانی (هاوكێشەكان‌و سەركەوتن‌و جەنگی دەرونی)، دەڵێت: (ئەوەتەی یەكێتیی سەركەوتنی بەدەست هێناوە، پڕوپاگەندەكان زۆرتر دەكرێن)، ئەوەشی خستۆتەڕوو (بەداخەوە، لەبری ئەوەی تەقدیری هەڵوێست‌و هەڵمەتی یەكێتی بكرێ‌، ئەوپەڕی هەوڵدەدرێ‌، سەنگ‌و خۆشەویستی یەكێتی، بەپڕوپاگەندەی سەیرو سەمەرە كەم بكرێتەوە)، ئاماژەی بەوەشداوە (نەیارانی یەكێتی، ئەم خامۆشبونەی دوای سەركەوتنی یەكێتییان لەباشوری كوردستان، نیگەرانی كردن. بۆیە، لەزۆر لاوە، ژاوە ژاوەكان وروژێنرانەوە دژی یەكێتی).
هەر لەوبارەیەوە، فەرهاد سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بابەتێكی بەناونیشانی (گوایە دوو سەركردەی یـەكێتی) بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هاتووە:(دوو شوانی ئەو كێوانە وا ووریا بونەتەوە ئەوەندە بزانن قسە یەك بەكار بهێنرێتەوە لە دژی خۆی لای ئەوی تر نایكات‌)، هەروەها دەڵێت: (كوا شاهید، كوا بەڵگە، كوا سەر چاوە،  بۆیە یەكێتی پێویستە باشترین سكاڵا لەو سەرچاوانە بكات).
كۆمێنتەكانی فەیسبووك
بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیارییە ناڕاست و بەمەبەستانە لەسەر ی.ن.ك، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و فەیسبووكیشدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، لەوبارەیەوە كامەران موشیر نووسیویەتی: بەپێی بەڵگەنامەیەك یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستان، دوو بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لەبەغدا.
بەپێی بەڵگەنامەكە...، ئیمزایان لەسەر رەشنووسی یەكەمی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2014 كردووەو كە بەپێی رەشنووسەكە دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە بكات و پارەكەشی بچێتە حساب بانكی عیراق لەئەمریكاو لەسەر ئەو بنەمایەش حكومەت پڕۆژەیاسای بودجەی 2014ی داناوە، بەڵام دواتر وەفدی كوردی لەدانوستانەكانیاندا لەو ئیمزایە پەشیمان دەبنەوەو رایدەگەیەنن كە هەرێم لە توانایدا نییە ئەو بڕە بنێرێت، بەمەش ناكۆكی دەكەوێتە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدادو بەغداد كورد بە زیاندان لەبودجەی عیراق تاوانبار دەكات و سەرەنجام هەردوولا لەسەر پڕۆژە بودجەكە رێكناكەون‌و حكومەتی عیراقیش لەبەرامبەر رەوانەكردن‌و فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ سزای هەرێم دەدات و بودجەكەی دەبڕێت.
محەمەد عوسمان ئەمین-یش دەڵێت: حزبێك بە نەبەردی پێشمەرگەكانی، كوردستان لەداعش و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكەی شەنگال بپارێزێت، هەرگیز بیر لەبڕینی مووچەو قوتی جەماوەر ناكاتەوە.
بۆ كار لەسەر كەیسەكانی تر ناكرێت؟
هەروەها زۆر بابەتی دیكەش هەیە هەفتەنامەی باس دەتوانێت ئیشیان لەسەر بكات بۆ نمونە، كێ كەیسی سەربەخۆیی كوردستانی كردەوەو چۆن داخرا؟، بۆچی ئومێد وابوو لەشەڕی داعشدا، توركیا بەهانای كوردەوە بێت، بەڵام پێچەوانەكەی راست دەرچوو؟.
بەداخەوە رۆژنامە حزبییەكان ناتوانن كار لەسەر ئەم كەیسانە بكەن، بەڵام كەناڵە سەربەخۆكانی نمونەی هەفتەنامەی باس دەتوانن كاریان لەسەر بكەن.
ماوەتەوە بڵێین: سێگۆشەی بەرمۆدایە، ئیتیفاقێكی غەیرە موقەدەسە، ئەم گروپانە هیچ شتێك كۆیان ناكاتەوە، تەنها دژایەتیكردنی یەكێتی نەبێت، ئەگەر وانەبێت چ شتێك knn و رووداو، باس و nrt، دڵشاد شەهاب و عومەری حاجی عینایەت كۆدەكاتەوە.
وروژاندنی ئەم بابەتانەش لەكاتێكدایە كەپێشتر ئەم میدیا سەربەخۆ-یانە، مەسەلەی خانەنشینكردنەكانیان لەبەرژەوەندیی لایەنێك و دژی لایەنێكی تر وروژاند، هەروەها هێرشێكی ناڕەوایان بۆ سەر ی.ن.ك دەستپێكرد بەوەی گوایە دژی سەربەخۆییە، لێرەوە دەردەكەوێت هەموو ئەم كەناڵە سەربەخۆ-یانە كار لەسەر ئازادیی رەخنەگرتن ناكەن، بەڵكو كار لەسەر داپۆشینی رەخنە جددییەكان دەكەن بۆ ئەوەی چاوی خەڵك لەكەموكوڕییەكانی شوێنەكانی تر دوور بخەنەوە.
بۆیە دەڵێین: هەموو ئەم كەناڵە سەربەخۆ-یانە ئەگەر كەمێك رێزیان لەخوێنی شەهیدان بگرتایە، ئەو هەموو مەرەكەبەیان لەو درۆو دەلەسانەدا لەدژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرف نەدەكرد. 

  PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket