riklam

ئازاد هەورامی تەژی لەدلۆڤانی ‌

kurdistani 11:01 AM - 2014-08-31
سڵاو لەیادی 26 ساڵەی شەهیدبوونت ئەی سەركردە مەزنەكە

سڵاو لەیادی 26 ساڵەی شەهیدبوونت ئەی سەركردە مەزنەكە

ئەمڕۆ لەبۆنەیەكی خەمناكدا هەموومان بەرگی ماتەم دەپۆشین، یادی پێشمەرگەیەكی ئازا، سەركردەیەكی هۆشیار دەكەینەوە كەئەویش شەهید ئازاد هەورامییە.

كاك ئازاد هەر چەندە لەبنەماڵەی خانەدانی سانانی هەورامان بوو، ئەوانیش خەڵكانێكی بەهەڵوێست و دڵسۆزی كوردایەتی بوون، بەڵام ئەمە رێگری لەوە نەدەكرد كە لەڕێكخستنێكی چەپی وەكو كۆمەڵەدا كار بكات.
هەر چەندە ئەو لەهەوراماندا نەژیا بەڵكو لەكەركودا پەروەردەو پێگەیشت كە پنتی ململانێی دۆزی كورد بوو لەگەڵ داگیركەراندا.

 یاخی و خاكی
شۆڕشی كوردستان هەمیشە بۆ كەركوك كوانووی پڕ گڕی بەرگری بوو، كەركوكیش هەمیشە رۆڵەی ئازاو چاونەترسی بۆ كوردو شۆڕش بەرهەمهێناوە لەنموونەی ئازاد هەورامی و سەدانی تریش.
پێگەی كەركوك لەڕووی سیاسی و كوردایەتییەوە وایكردووە هەمیشە خەڵكە تێكۆشەرەكانی بیری پێشكەوتووخوازانەیان لا چەكەرەبكات و لەمەتەرێزی دڵسۆزییەوە رووبەڕووی داگیركەران ببنەوەو پیایا هەڵبشاخن و هەرگیز سەر بۆ دوژمنان نەوی نەكەن.

كاك ئازاد هەورامی هەمیشە كەسێكی چەپ و یاخی و خاكی بوو، هەر بۆیەش مرۆڤێكی شۆڕشگێر بوو، شۆڕشگێڕێكی مەست بەگیانی رزگاری نیشتمان و خۆشەویستی كوردو كوردستان، بەڵكو بیركەرەوەیەكی باش بوو بۆ نەخشەدانانی رێبازی خەبات و پلانی رێكخستن و رێنوێنی ئاییندەی كاری سیاسی.
ئەوەی باوە شۆڕش و پێشمەرگایەتی پیاوی بەزەبرو زەنگ و توندوتیژی و كەسایەتی یەكلاكەرەوەی گەرەكە، بەڵام كە لەكەسێتی و هەڵسوكەوتی كاك ئازاد ورد دەبینەوە تێدەگەین ئەو بۆچوونە وا دەرناچێ، چونكە پیاوە ناسكەكانیش شۆڕش دەكەن و چەك هەڵدەگرن و دەبنە پێشمەرگەو سەركردایەتی شۆڕشیش دەكەن.
كاك ئازاد مرۆڤێكی دڵناسك، هەست ناسك وەكو پەڕەی گوڵ، تژی لەدلۆڤانی، بەڵام خاوەنی كۆمەڵێك بەهرە چ لەبواری نووسین و چ لەبواری هونەردا.
سەرباری توانا شۆڕشگێڕییەكەی، چ لەناو شارو چ لەشاخدا كە نەك هەر وەكو كادیرێكی رێكخستن و پێشمەرگەیەكی سادە، بەڵكو وەكو سەركردەیەكی لێهاتوو هەموو رۆژێك لەگەڵ هەڵچوونەكانی شۆڕشدا باڵای دەكرد.

نەخشاندنی تابلۆیەك
ساڵی 1988 ساڵی كارەسات و قەومان بوو، بەعس پلانە دۆزەخییەكانی ئەنفالی جێبەجێدەكرد كە ماوەیەكی زۆر بوو ئامادەكاریی بۆ دەكرد، ئەو بەتەنیا نەیدەویست هێزی پێشمەرگە بشكێنێ، بەڵكو لەناوبردی هەموو خەڵكی ناوچە رزگاركراوەكان و تەفروتوناكردنی دێهاتەكان و بەتاڵانبردنی ماڵ و سامانی و شێواندنی ئابووری كوردستان لەبەرنامەیدابوو.

لەو كاتانەدا هەرچەندە ئاكامی شەڕەكان دیاربوون، هێزی پێشمەرگە بەسەركردەو فەرماندەو پێشمەرگەكانەوە لەهەموو قۆڵەكانەوە لەڕووبەڕووی دەستەویەخەدا بوون، سەرەڕای تەنگ پێهەڵچنین، گورزی توندیان دەوەشاند.
كاك ئازاد لەو بناری قەندیلەدا سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕەكەی‌ دەكرد، بەوریەكی تۆكمەوە، بەوپەڕی پڕكێشییەوە ئازایەتی و ئاییندە سازی و ژیاندۆستی دەبەخشییە پێشمەرگەكان كە ئەو هەمیشە بەدەستوپەنجە نەرمەكانی تابلۆی رەنگینی ژیانی دەنەخشاند، تادواڕۆژی كورد رەنگینتر بكات.

مەخابن تیری ژەهراوی دوژمن سەنگەرێك خوێناوی دەكات، گیانی پڕ لەمیهرەبانی و شۆڕشگێڕیی سەركردەیەكی گەورە كە ئازاد هەورامی بوو دەپێكێ و بەرەو جیهانی سەروەریی هەڵدەكێشێ.

ئێمە هەمیشەو تائێستاش خەمبارین بۆ لەدەستدانی ئەو مرۆڤە مەزنەی تابلۆی خۆبەختكردنی بۆ كوردو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەخشاند.
كاك ئازاد لەو رۆژگارە خەمناكەدا بۆ بەرگری ئاییندەی كورد شەهید بوو، كە زۆر كەس لەو ئاییندەیە نائومێد بوون، ئەو خوێنەی لەلاشەی ئەو دەتكا نەخشەی ئومێدی ئایندەی گەشی دەكێشا كە دوای سێ ساڵ لەتەختی ئەو دیكتاتۆرەی سیاسەتی لەناوبردنی كوردی بڕیاردرابوو، لەبەرزاییەكانی قەندیلەوە غلۆر بووەوە.

سڵاو لەیادی 26 ساڵەی شەهیدبوونت ئەی سەركردە مەزنەكە.

 

وه‌صفیه‌ به‌نی‌ وه‌یس‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket