riklam

ورده‌كاری پێدانی بودجه‌ی حزبه‌كان

kurdistani 12:29 PM - 2014-07-22
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین بودجه‌ وه‌رده‌گرێت

پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین بودجه‌ وه‌رده‌گرێت

ئه‌مڕۆ 22-7-2014 دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی حزبه‌كان به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ی كار، ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ به‌پێیوه‌ری كورسیه‌و بۆ هه‌ر كورسیه‌كیش بڕی 60 ملیۆن دینار دانراوه‌، له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ی یاسایه‌ جێبه‌جێبكرێت ئه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین بودجه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ (4.320.000.000) چوار ملیارو سێ سه‌دو بیست ملیۆن دینار.

به‌پێی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی حزبه‌كان ئه‌گه‌ر بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كورسی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان  ئه‌ژمار ده‌كرێت و بۆ هه‌ر كورسیه‌ك 60 ملیۆن دینار دانراوه‌ له‌هه‌مانكاتدا كورسی خولی پێشوتری په‌رله‌مانیش ئه‌ژمار ده‌كرێت هه‌روه‌ها ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌شداری خوله‌كانی دوای راپه‌ڕینیان كردووه‌ كه‌ 4 خولی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ هه‌ر خولێك كورسیه‌كیان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت و سه‌رجه‌میان كۆده‌كرێنه‌وه‌، به‌وپێیه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێشوتری په‌رله‌مانی كوردستان 30 كورسی به‌ده‌ستهێنابوو له‌م خوله‌ش 38 كورسی به‌ده‌ستهێنابوو له‌گه‌ڵ 4 كورسیش بۆ خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوای راپه‌ڕین كه‌ به‌شداری كردووه‌، سه‌رجه‌میان ده‌كاته‌ 72 كورسی، واته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان مانگانه‌ بڕی (4.320.000.000) چوار ملیار و سێ سه‌دو بیست ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت كه‌ ساڵانه‌ ده‌كاته‌  (51.840.000.000) په‌نجاو یه‌ك ملیار و هه‌شت سه‌د و چل ملیۆن دینار.

هه‌روه‌ها یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ خولی پێشوتری په‌رله‌مانی كوردستان 29 كورسی به‌ ده‌ستهێنابوو له‌م خوله‌ش 18 كورسی و 4 كورسیش بۆ خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوای راپه‌ڕین كه‌ به‌شداری كردووه‌، سه‌رجه‌میان ده‌كاته‌ 51 كورسی واته‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان مانگانه‌ (3.060.000.000) سێ ملیارو شه‌ست ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت كه‌ ساڵانه‌ ده‌كاته‌ (36.720.000.000) سی و شه‌ش ملیار و حه‌وت سه‌د و بیست ملیۆن دینار.

هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ خولی پێشوتری په‌رله‌مانی كوردستان 25 كورسی به‌ ده‌ستهێنابو، له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیشدا 24 كورسی به‌ده‌ستهێنابوو، 2 كورسیش كه‌ له‌ خوله‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوای راپه‌ڕین به‌شداری كردووه‌، سه‌رجه‌میان ده‌كاته‌ 51 كورسی واته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مانگانه‌ (3.060.000.000) سێ ملیارو شه‌ست ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت كه‌ ساڵانه‌ ده‌كاته‌ (36.720.000.000) سی و شه‌ش ملیار و حه‌وت سه‌د و بیست ملیۆن دینار.

هه‌روه‌ها حزبه‌كانی تریش به‌هه‌مان پێوه‌ر و به‌پێی ژماره‌ی كورسیه‌كان بودجه‌ وه‌رده‌گرن.

هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ ساڵح فه‌قێ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی سه‌وز به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی حزبه‌كان ئه‌گه‌ر بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كورسی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ئه‌ژمار ده‌كرێت و بۆ هه‌ر كورسیه‌ك 60 ملیۆن دینار دانراوه‌ له‌هه‌مانكاتدا كورسی خولی پێشوتری په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداری خوله‌كانی دوای راپه‌ڕینیشیان كردووه‌ كه‌ چوار خولی په‌رله‌مانه‌، بۆ هه‌ر خولێك كورسیه‌ك ئه‌ژمار ده‌كرێت و سه‌رجه‌میان كۆده‌كرێنه‌وه‌، به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین بودجه‌ وه‌رده‌گرێت.

راشیگه‌یاند: هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ كه‌مینه‌كان ته‌نها بڕی 80 ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن و هیچ خولێكی پشتریشان بۆ ئه‌ژمار ناكرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر چونكه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ حزبیان نیه‌.

رونیشیكرده‌وه‌: به‌رنامه‌ی كاری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یاسایه‌ دوولایه‌ن له‌خۆ ده‌گرێت، لایه‌نێكیان ره‌چاوی ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك حزبی بچوك هه‌بوه‌ یاخود بڵێین ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ ته‌نها به‌ ناو حزب بون و هه‌رچه‌نده‌ مۆڵه‌تی یاساییان هه‌بووه‌ به‌ڵام بودجه‌كه‌یان ده‌بڕێت، چونكه‌ ئه‌و حزبانه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 10 حزبه‌و ره‌نگه‌ هه‌ندێكیان هاووڵاتیان ناویشیان نه‌بیستبن، مانگانه‌ له‌ 20 ملیۆن دیناره‌وه‌ بۆ 100 ملیۆن دیناریان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌، حزبه‌ بچوكه‌كان دوو به‌شن و كۆمه‌ڵێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها بۆ مه‌رامی سیاسی دروستبوون.

وتیشی: ئه‌وه‌ی ئێستا گه‌یشتونه‌ رێككه‌وتن له‌باره‌یه‌وه‌، كورسی خولی پێشوتری په‌رله‌مان و ئه‌م خوله‌ كۆده‌كرێته‌وه‌و بۆ هه‌ر كورسیه‌ك 60 ملیۆن دینار ده‌بێت، ئه‌و حزبه‌ بچوكانه‌ی كه‌ كورسیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ به‌ دوو پێوه‌ره‌ ئه‌وانه‌ی له‌ نێوان 25% ی رێژه‌ی ده‌نگی كورسیه‌كیان به‌ده‌ستهێناوه‌ تا له‌ 49%، حسابی كورسیه‌كیان بۆ بكرێت له‌و رێژه‌یه‌ش زیاتر دوو كورسیان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: هه‌ندێك له‌و حزبانه‌ دڵگرانن له‌وه‌ی كه‌ خه‌بات ئه‌ژمار نه‌كراوه‌ بۆیه‌ گفتوگۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر سازادان بكرێت ئه‌وه‌ خه‌باتیش ئه‌ژمار ده‌كرێت چونكه‌ بۆ نمونه‌ حزبی شیوعی كوردستان ساڵانێكی زۆره‌ خه‌بات ده‌كات به‌ڵام نه‌یوانیوه‌ كورسی زۆر له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت.

راشیگه‌یاند: ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمیش كه‌ باره‌گای حزبی هه‌یه‌ و پێویستی به‌كاری حزبیه‌ به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی لێده‌ركراوه‌و ئومێد ده‌كه‌ین له‌ داهاتوودا بتوانین بودجه‌یه‌كی بۆ ته‌رخان بكه‌ین  

PUKmedia  هۆزان رۆسته‌م

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket