riklam

بەگرنگییەوە كار بۆ جێبەجێكـــــــردنی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین ‌

kurdistani 01:23 PM - 2014-04-24
رێگریی لەهەر جۆرە گەندەڵی‌و رۆتینێك دەكات

رێگریی لەهەر جۆرە گەندەڵی‌و رۆتینێك دەكات

رێگریی لەهەر جۆرە گەندەڵی‌و رۆتینێك دەكات.

یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لەساڵی 2009دا دەرچووە، بەپێی ئەو یاسایە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ‏سەرۆكەكانیان‌و ئەندامەكانی دەستنیشان دەكرێت بۆ پتەوكردنی پرەنسیپ‌و چاككردن‌و گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ سەرجەم ناوچەكان‌و ‏هاووڵاتیان‌و پاراستی مافەكانیان‌و بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگە‌و پەرەپێدانی یەكە كارگێڕییەكان، هاوكات لەماددەی سێیەمی یاساكەدا هاتووە كە لەڕووی ‏كارگێڕییەوە دەسەڵات دابەش دەكرێت بۆ پارێزگاكان‌و پارێزگاكانیش بۆ قەزاو ناحیەكان.‏
كاندیدەكانی یەكێتیش لەسەر لیستی 77 بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەك پەرلەمانێكی ‏بچووك وایە بۆ چاودێریكردنی سنووری پارێزگاكان‌و بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتیان، بۆیە بەهەموو توانایەكەوە هەوڵی ئەكتیڤ كردنی ئەو یاسایەو ‏جێبەجێكردنی وەك خۆی دەكەنەوە.‏
‏ هەڵبژاردنی قەزاو ناحیەكانیش بكرێت
گۆران ئازاد پەرلەمانتار لەفراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان پێیوایە كەیاسای پارێزگاكانی هەرێم زۆر گرنگە، ئەگەر ئەو یاسایە بچێتە بواری ‏جێبەجێكردنەوە تاڕادەیەكی باش دەسەڵاتی لامەركەزی جێگیردەبێت، وتیشی: «ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی چاودێریی كردنی پڕۆژەكان‌و ‏دەسەڵاتی دانان‌و چاودێریی‌و لێپرسینەوەی بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەكانی هەیە، كەئەوانیش بەشێكن لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن لەحكومەتی لۆكاڵی ‏واتە ئاستی خوارەوەدا بۆ قەزاو ناحیەو تەنانەت گوندەكانیش، بەجێبەجێكردنی ئەو یاسایەش پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی‌و ئەندامانی ئەنجومەن بۆ ‏بەڕێوەبەرایەتییەكان‌و پارێزگاو ئیشوكارەكان كاری هەمووان بەباشی دەڕوات‌و كێشەكان كەمدەبنەوە. گۆران ئازاد ئەوەشی خستەڕوو كە لەو یاسایەدا ‏پێویستە بیر لەوەش بكرایەتەوە كەهەڵبژاردنی قەزاو ناحیەكان بكرێت، چونكە ئەوەندەی قەزاو ناحیەكان پێویستیان بەلامەركەزی هەیە ئەوەندە ‏پارێزگا پێویستی پێی نییە، چونكە پارێزگاو بەڕێوەبەرەكان دەسەڵاتێكی فراوانیان هەیە، بەڵام لەقەزاو ناحیەكاندا ئەو دەسەڵاتە نییە، بۆیە پێویستە ‏لەئایندەدا هەڵبژاردنی قەزاو ناحیەكانیش بكرێت، ئەوەش لەبەر ئەو هۆكارەی زۆر پێویستە.‏
پێویست ناكات بچینەوە هەولێر
مامۆستا ئومێدی حەمرین كاندیدی ژمارە 4 لەسەر لیستی 77ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گرنگی یاسای ‏پارێزگاكانی هەرێم بەئیجابی وەسف دەكات‌و دەڵێت: ئەو یاسایە وا دەكات سیستمی لامەركەزی هەبێت‌و پێویست ناكات بۆ هەر كارێك بچێتەوە بۆ لای ‏وەزارەت، كە ئەوەش دەبێتەهۆی دواكەوتنی ئیشوكاری هاووڵاتیان، بۆیە ئەو یاسایە وا دەكات كە رۆتین كەم بێتەوەو ئیشوكاری هاووڵاتیان دوانەكەوێت، ‏بۆیە هەمووان تەئكید لەوە دەكەنەوە كەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكان زۆر گرنگە‌و گرنگییەكەشی ئەوەیە ئەنجومەن لەلایەن خەڵكەوە ‏هەڵدەبژێردرێت‌و دەبێت نزیك بێت لەخەڵكەوە تابەرژەوەندیی خەڵك بەدیبهێنێت.‏
بۆ هاووڵاتیان زۆر گرنگە
نیاز ئەحمەد سەید حەمەلاو كاندیدی ژمارە 7 لەسەر لیستی 77 بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: ‏ئەم یاسایە زۆر گرنگ‌و بەسوودە بۆ پارێزگاكان، بەدڵنیاییشەوە یەكێك دەبم لەو ئەندامانەی كەپێداگیریی لەسەر لامەركەزیی دەكەم، چونكە ئەو یاسایە ‏وا دەكات كەدەسەڵاتەكان لامەركەزی بن‌و هەنگاوێكی باشیش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رۆتین‌و گەندەڵی، كەئەو دووانە یەكێكن لەكێشە سەرەكییەكانی ‏ئێستای هاووڵاتی‌و تەنانەت فەرمانگەكانیش. ئاماژەی بەوەشكرد كەیاسای پارێزگاكان بۆ هاووڵاتیان زۆر گرنگە لەچەند روویەكەوە، هاووڵاتی پێویست ‏ناكات هاتوچۆی هەولێر بكات، فەرمانگەش چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتەكان ناكات بۆ زۆربەی رووداوو بڕیارەكان‌و تەنانەت بۆ جێبەجێكردنی بەشێكی ‏پڕۆژەكانیش بەبێ ئەوەی ماوەیەكی زۆر چاوەڕێی بكەیت. ‏
پێشتر ئەو دەسەڵاتەی نەبووە
بەهەمان شێوە هاوكار كاكەڕەش فەقێ عەبدوڵڵا كاندیدی ژمارە 39ی ی.ن.ك لەسەر لیستی 77 بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەكرد پێشتر ‏بەهۆی نەبوونی ئەو یاسایەوە هیچ دەسەڵاتێك نەدراوە بەئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام لەدوای دەرچوونی ئەو یاسایەو بەتایبەتیش لەدوای ئەم ‏هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بەئەنجومەنی پارێزگاكان، كەئەنجومەنی پارێزگا وەك پەرلەمانێكی بچووك دەبێت‌و گرنگییەكەی دواتر ‏دەردەكەوێت، هەروەك پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش زۆر هۆشیاربن، چونكە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتیان تەواوی دەبێت بۆ ‏لێپێچینەوەی كۆی فەرمانگە حكومییەكان، چونكە كارەكانی وەك پەرلەمان وایە كەدەتوانێت لێپرسینەوە لەخراپی‌و گەندەڵی‌و رۆتین‌و كێشەكانی ناو ‏پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییەكان‌و كێشەو كەموكوڕییەكان بكات، كەپێشتر ئەنجومەنی پارێزگا ئەو دەسەڵاتەی نەبووە، تەنانەت لەداهاتوودا ئەنجومەن قسە ‏لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بكات، كەئەوەش یەكێكە لەهۆكارە گرنگەكان‌و ئێمە لەیەكێتی بەوپەڕی توانامانەوە كاری لەسەر دەكەین‌و ‏هەوڵدەدەین كێشەو داواكارییەكانی هاووڵاتیان بەوپەڕی ئەمانەتەوە وەك خۆی بەبێ جیاوازی جێبەجێ بكەین‌و بەدواداچوونی بۆ بكەین. ‏
راوێژی شەهید ئەحمەد جەمیل كاندیدی ژمارە 17ی ی.ن.ك لەسەر لیستی 77 بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی: ئەو یاسا یاسایەكی زۆرباشە، ‏دەتوانرێت دەسەڵاتی پارێزگا ئەكتیڤ بكات، هەرچەندە ئەم یاسایە پێشتر نەیتوانیوە كار لەسەر قەزاو ناحیەكان بكات، كەپێویست بوو بەپێی ئەم ‏یاسایە هەڵبژاردنی قەزاو ناحیەكانیش بكرێت، نەك دواتر قایمقام‌و بەڕێوەبەری قەزاو ناحیەكان دابنرێت‌و بۆ راوێژی بەشێكی بڕیارو كێشەكان ‏بگەڕێنرێتەوە بۆ سەروو خۆی، بەوەش بەتەواوی دەتوانرێت كێشەكان بەرەو كەمبوونەوە ببرێت. ‏
بڕیاری یەك لایەنە نادرێت
بەرزان محەمەد مەحمود كاندیدی ژمارە 54 لەسەر لیستی 77ی یەكێتی بۆ پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ئەو یاسایەی پەرلەمان دەریكردووە بۆ ‏ئەنجومەنی پارێزگا وادەكات لامەركەزی بچەسپێت‌و دەسەڵاتەكان شۆڕبكرێنەوە، ئەوەش وادەكات دیموكراسی بۆ پارێزگاكان بهێنرێتە ئاراوە لەوێشەوە ‏بۆ قەزاو ناحیەكان، كەئەوانیش زیاتر لەپارێزگا پێویستیان بەدەسەڵاتی لامەركەزی هەیەو بەو شێوەیەش بڕیاری یەكلایەنە نادرێت‌و هەمووان بەگفتوگۆ ‏قسە لەسە كێشەكان‌و داواكارییەكان دەدەن.‏
گەندەڵی‌و رۆتین زۆر كەمدەبێتەوە
شێروان عەباس برای شەهید شاخەوان كاندیدی ژمارە 24 لەسەر لیستی 77ی یەكێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی: ئەو یاسایە زۆر گرنگە ‏كەدەسەڵاتەكان شۆڕدەكاتەوەو بەهۆیەوە رۆتین‌و گەندەڵی بوونی نامێنێت، ئەگەر بشمێنێت ئەوا زۆر كەمدەبێتەوە، وتیشی: دەتوانرێت ئامادەكاریی بۆ ‏بودجەی پارێزگاكان بكرێت كەپەسەندكردنی پڕۆژەكانیش هەر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە دەكرێت، جگەلەوەش چاودێریی هەموو پڕۆژەكان ‏لەئەنجومەنەوە دەكرێت، كەپێشتر بەوشێوەیە نەبووە، ئەوەش هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ پێشكەوتنی پارێزگاكان لەهەموو روویەكەوە، جگەلەوەش ‏پارێزگا ناتوانێت یەكلایەنە كاربكات، بەڵكو هەموو بڕیارەكان دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، كەتوانای لابردن‌و دانانی پارێزگای نوێ‌و تەنانەت ‏هەموو بەڕێوەبەرانیشی هەیە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket