riklam

دەمامكی بەسەرچوو لەهەرێم ساغدەكرێتەوە

کوردستان 05:33 PM - 2020-02-23
.

.

لەبەغداوە لۆرییەك دەمامكی بەسەرچوو گەیەنراوەتە بازاڕەكانی سلێمانی و بەسەر بەشێك لەنۆڕینگەو دەرمانخانەو شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشیكدا دابەشكراوەو بەجۆری N95 بەهاووڵاتیان فرۆشراوەو لێكۆڵینەوەش لەسەرچاوەی هێنانی لۆرییە دەمامكەكە بەردەوامە.

لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات لیژنەكانیان بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و چاودێری بازرگانی لەسنوری پارێزگای سلێمانی چەند شوێنێكیان لەسەر گرانكردن و فرۆشتنی دەمامك (ماسك)ی بەسەرچوو داخستوە، بە PUKmediaی راگەیاند:  دەمامكە بەسەرچوو و بێ كوالێتییەكان لەبەغداوە هێنراون و لەبازاڕی سلێمانی ساغكراونەتەوەو بۆ دۆزینەوەی كەسی سەرەكیش كە هێناویەتی بەدواداچونی تەواوكراوەو تائێستاش نزیكەی 15 نۆڕینگەو دەرمانخانەو شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكی داخراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەشی PUKmedia لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەبەغداوە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر دەمامك (ماسك)ی بەسەرچوو بۆ ساغكردنەوەی گەیەنراوەتە بازاڕەكانی سلێمانی و بەسەر بەشێك لە نۆڕینگەو دەرمانخانەو شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكیدا دابەشكراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، دەمامكەكان بەجۆری N95 هێنراون، بەڵام لەوجۆرە نەبوون و كاتی دەرچوونیان ساڵی 2006 بوەو ساڵی 2008 بەسەرچوون، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر بەسەرچوونیاندا ئەو بڕە زۆرە گەیەنراوەتە بازاڕەكانی سلێمانی.

سەرچاوەكە، ئەوەشی وت: لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی دوای تێپەڕبوونی چوار سەعات گەڕان توانیویانە سەرچاوەی هێنانی دەمامكەكان بدۆزنەوە، بەڵام هێشتا سەرچاوەی گەیشتنەكەی بۆ سلێمانی كە لە چ رێگایەكەوە بووە دیار نیەو لێكۆڵینەوە بەردەوامە، بە‌ڵام ئەوەی زانراوە سەرچاوەیەكی سەرەكی هێنانەكە بەغدایە.

لەشكر حەمید باسی لەوەشكرد وەك لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ داخستن و گرتبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانەی بەنرخی گران دەمامك دەفرۆشن یان دەمامكی بەسەرچوویان فرۆشتوەو تا لەڕێی یاساوە كەیسەكانیان روبەڕووی دادگا بكرێتەوە، راشیگەیاند: هەر ئەمڕۆ لیژنەكانیان دەرمانخانەی شاری گۆیژەیان داخستوە كە دەمامكی بەنرخی 10هەزار دینار فرۆشتووە، هەروەها فرۆشگاكانی (دەرون، رێبین و پاشا) لەشەقامی گۆران ئۆرزدی شاری سلێمانیان داخستوەو نرخی یەك دەمامكیان لەنێوان (4 بۆ 12) هەزار دینار بەرزكردوەتەوەو خاوەنەكانیان روبەڕووی یاسا كراونەتەوە.

لەبارەی دەستگیركردنی ئەو كەسانەشەوە، وتی: هیچ كەسێك دەستگیرنەكراو‌، بەڵام لەڕێی بەشی یاساوە كەیسەكانیان یەكلادەبێتەوەو بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت.

ئەوەشی ئاشكراكرد: جگە لەفرۆشتنی دەمامكی بەسەرچوو، لەناو بازاڕدا شتی زۆر سەیرو سەمەرە كراوە‌، دەمامكی جۆری FFP2 بە  N95 فرۆشراوەو كەسانێك لەنۆڕینگەو دەرمانخانەو شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكی بەنرخێكی خەیاڵی فرۆشتویانەو قۆرغكارییان كردوەو بەتوندترین شێوە سزا دەدرێن.

سەرچاوەكەی PUKmedia وێڕای پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، وتیشی: لەگەڵ ئەوەی دەمامكەكان بەسەرچوون و لەجۆری N95یش نەبوون و بەوەش فرۆشراون، بەڵام هەر دانەیەكی بە چوار هەزاو 500 دینار فرۆشراوە، لەكاتێكدا نرخی هەر دەمامكێكی جۆری N95 كە كوالێتی بەرزو كۆمپانیای باوەڕپێكراو بێت بگاتە هەرێم دوو دۆلارەو دەتوانرێت بە سێ هەزار دینار بفرۆشرێت.

ئەوەشی نەشاردەوە كە لەئێستادا لەبازاڕدا دەمامك بەدوو رێگا دەفرۆشرێت، رێگەیەكیان پارەی كاشەو ئەوی تریشیان لەڕێی تەلەفونەوەیە، بەڵام سەرچاوەی هێنانی تەلەفونەكە دیارنیە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت: بەشێك لە دەمامكە بەسەرچووەكان لەبازاڕدا ساغكراوەتەوە، بەڵام ئەوەی لەنۆڕینگەو دەرمانخانەو شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشكی دەستیبەسەرداگیراوە كۆكراوەتەوە.

PUKmedia تایبەت 

 

9966.jpg

662.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket