riklam

لەهەولێر مەلایەك و خێزانەكەی و كچەكانی دەچنە ناو داعش

kurdistani 07:57 PM - 2014-11-24
كارمەندێكی تەندروستی و خوێندكارێكی زانكۆشی لەگەڵ خۆی بردوە

كارمەندێكی تەندروستی و خوێندكارێكی زانكۆشی لەگەڵ خۆی بردوە

مامۆستایەكی ئاینی لەناحیەی دارەتووی پارێزگای هەولێر لەگەڵ خێزانەكەی و كچەكانی و دوو گەنجی تردا پارێزگای هەولێریان جێهێشتوەو بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێ پەیوەندیان بەگروپە تیرۆرستیەكانەوە كردوە.

هێمن قادر فەقێ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، باس لەوەدەكات كە رۆژی 16ی ئەم مانگە ئاگاداركراونەتەوە لەوەی مەلایەك كە پێشنوێژی مزگەوتێكی دارەتووە هەولێری جێهێتشوەو پەیوەندی بەگروپە تیرۆرستیەكانەوە كردوە، راشیگەیاند: ئەم مەلایە خێزانەكەی و كچەكانیشی بردوە، هەروەها دوو گەنجی تریشی لەگەڵ خۆی بردوە.

وتیشی: ئەو دوو گەنجە دانیشتوی ناحیەی دارەتوون، یەكێكیان خوێندكاری كۆلێژی ئادابە بەشی عەرەبی و ئەوی تریشیان كارمەندی تەندروستیە، 
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو، ئەوەشی خستەڕوو ئەو مامۆستایەی رۆیشتوە، خەڵكی دارەتوو نیە، بەڵكو بەهۆی كارەكەیەوە كە پێشنوێژو ئیمامی كردوە لەو مزگەوتە، هاتوەتە دارەتوو لەوێ نیشتەجێ بووە، تەمەنیشی زۆر نیە، لەوتارەكانیشیدا خەڵكی هانداوە، بەڵام وردەكارییەكان بۆ لایەنی ئەمنی دەگەڕێتەوە.

هێمن قادر فەقێ عەبدوڵڵا راشیگەیاند: لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردوە، ئێمەش لەلایەن ئەوانەوە ئاگادار كراوینەتەوە، هیوادارین نەڕۆشتبێت، بەڵام دەنگۆی رۆیشتنیان زۆرە.

سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لە روداوەكە بە PUKmediaی راگەیاند:جێی سەرسوڕمانە دوای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و ئەو شەڕەی داعش بەرانبەر كورد دەیكات، مامۆستایەكی ئاینی كە پێشنوێژی بۆ هاووڵاتیان دەكات بچێتە نێو داعش.

سەرچاوەكە زانیاری زیاتری خستەڕوو وتی: ئەو مامۆستایە ناوی (ش) و لەناحیەی دارەتووی سەر بەپارێزگای هەولێر لەمزگەوتێكدا پێشنوێژی كردوە، كۆتایی هەفتەی رابردوو لەگەڵ خێزانەكەی و كچەكانی و فەقێیەك و كەسێكی تر كە پیشەی كارمەندی تەندروستی بوەو چونەتە نێو داعش.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: زانیاری ئەوەشی لەلایە كە لەقەزای بەردەڕەشی سەر بەپارێزگای دهۆكیش دوو گەنج دیارنەماون و پێشتر گومانیان لەسەر بووەو لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانەوە چاودێری كراون، ئەوانیش بۆ ناو داعش رۆیشتون، ئەوەش یەكەمجارە لەسنوری پارێزگای دهۆك خەڵك بچێتە نێو داعش.

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەشكردەوە كە لەسنوری پارێزگای هەولێردا ئەمە یەكەمجار نیە ئەوانەی دەچنە نێو داعش بەتەنها بچن، بەڵكو لەچەند مانگی رابردوشدا خەڵك رۆشتون بۆ ناو داعش و ژنیشیان لەگەڵدا بووە.

راشیگەیاند: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەسنوری پارێزگای هەولێر نزیكەی 100 كەس چونەتە نێو داعش.

هەر لەبارەی رۆیشتنی ئەو مەلایە بۆ ناو ریزەكانی داعش، سەلام كەریم وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە PUKmediaی راگەیاند:لەئێستادا وەك وەزارەتی ئەوقاف لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەین، بەڵام موسیەبەتەكە ئەوەیە مەلا بێت و بچێتە نێو داعش.

وتیشی: وەك وەزارەت بەردەوامین لەلێكۆڵینەوەكانمان بۆ ئەوەی كە بەتەواوی بزانین ئەو مەلایە چوەتە نێو داعش یان نا،چونكە كارمەندی وەزارەتەكەی ئێمەیە، بەڵام چارەنوسی نادیارە.

هەر لەبارەی دەنگۆی رۆیشتنی ئەو مامۆستا ئاینیە بۆ ناو ریزەكانی تیرۆرستانی داعش، PUKmedia پەیوەندی بەتارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێر-ەوە كرد، بەڵام ناوبراو وتی: لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەك ناكەم.

لای خۆشیەوە، مەلا عەبدوڵڵا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئەو مامۆستا ئاینیەی ناحیەی دارەتوو كە گوایە چوەتە نێو داعش، ئەندامی یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان نیە، راشیگەیاند: وەك مامۆستای ئاینی مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلایە ناكەین، ئەو پێشتر كاری بارزگانی كردوەو  دواتریش لەپەیمانگای زانستە ئیسلامیەكانی ئێواران بەپارە خوێندویەتی و لەڕێی فۆڕمەوە دامەزرێنراوەو لەناحیەی دارەتوو بوەتە مەلا.

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان راشیگەیاند: پێشتریش لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لەوە ئاگاداركردوەتەوە كە پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكانی ئێواران لەڕووی وەرگرتنی خوێندكاران زۆر كەمتەرخەم بووەو كەسانی وەك ئەو مەلایەی وەرگرتوە كە پەنای بۆ بیری توندوتیژی بردوە.
مامۆستا عەبدوڵڵا سەعید، باسی لەوەشكرد پێویستە لێكۆڵینەوە لەو ناوەندە بكرێت ئەو چۆن ئەو كەسەی لەتاقیكردنەوەكان دەرچاندوەو كردویەتی بە مامۆستای ئاینی.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket