riklam

"هەڤاڵانی یەكێتی كۆكن لەسەرئەوەی لەدەرەوەی یەكێتی كەسیان هیچ نین"

ی.ن.ک‌‌ 02:30 PM - 2016-04-25
.

.

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی: هەڤاڵانی یەكێتی كۆكن لەسەرئەوەی لەدەرەوەی یەكێتی كەسیان هیچ نین

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەم دیدارەدا، باس لەوە دەكات لەگەڵ هەڵوێستی ئێستای یەكێتیی نییە لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و داواش دەكات، یەكێتی بڕیاری یەكلاكەرەوە لەوبارەوە بدات و ئاشكراشی دەكات، پارتی سودمەندی یەكەمی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانەو زۆربەی پۆستە باڵاكان بەدەست ئەو حزبەوەن و ئەوەش رادەگەیەنێت: یەكێتی ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان و چارەسەری كێشەكان باجێكی تر بدات لەڕێكەوتن لەگەڵ لایەنەكان.

*گۆرانكاریەكانی ئێستای عێراق چۆن دەبینن، پێتوایە چاكسازی ڕیشەیی بەو جۆرە دەكرێت؟
ــ دۆخی ئێستای عێراق زۆر ئاڵۆزە، ئێمەی كورد راستە پشكمان هەیە تێیداو بەشدارین و پێكهاتەیەكی سەرەكین، بەڵام ئەو كێشانەی ئێستا هەن لەنێوان شیعەو سوننەن، بەتێڕوانینی من نەبین بەلایەنگر لەو كێشانە زۆر باشترە، شەقامی عێراق كە داوای چاكسازی دەكات، ئێمەش دەبێت لەگەڵ ئەو داواكاریەدابین، بەڵام هەموو چاكسازییەك رێگەی خۆی هەیە، واتە ئێمە كە لەعێراق بەشدارین بەهیچ شێوەیەك ناكرێت پەراوێزبخرێین، لەهەر ئاڵوگۆڕێكدا كە دەكرێت دەبێت بۆچوونی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەربگیرێت.

*چەند هەوڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق درا، رۆڵی كورد لەكوێی ئەو هەوڵانەدا بوو؟
ــ باشترە لەهەڤاڵانم لەپەرلەمان ئەو پرسیارە بپرسیت ، بەڵام ئەو ئاڵۆزیەی لەنێوان پەرلەمانتارەكانی ئێمە و كوتلە عەرەبیەكان دروست بوو، شتێكی زۆر ناخۆش بوو، لەهەمانكاتیشدا هەڵوێستی پەرلەمانتارەكانی ئێمە زۆر جوامێرانە بوو لەسەر شەهیدو ئەنفال و رێگەیان نەدا كە سوكایەتی بەناوی شەهیدو ئەنفالكراوانمان بكرێت.

*پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا لەچ ئاستێكدایە؟
ــ ئەو پەیوەندیانە تا دێت ئاڵۆزتر دەبن، هەمیشە وتومانە پەیوەندیەكانمان دەبێت لەگەڵ عێراق باش بێت، لەچوارچێوەی یاسای فیدراڵیەتدا هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێم بكرێت، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە لەدوای غیابی مام جەلال لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق، دەبینین شوێنەكەی زۆر دیارە بەتایبەت لەئێستادا، غیابی ئەو بوو بەهۆی ئەوەی كە كورد لەهەموو ئاستەكان پاشەكشە بكات، چ لەئاستی سیاسی و چ لەئاستی خۆشەویستی شەقامی عێراقی بۆ كورد، تا گەیشتە ئەو رادەیە پەیوەندی هەرێم و بەغدا ئەم ئاستە خراپەی ئێستا بەخۆوە ببینێت، بەڵام بەتێڕوانینی ئێمە وەك یەكێتی گرنگە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا بمێنێت، چ لەچوارچێوەی وڵاتێك و چ وەك وڵاتێكی دراوسێش.

*لەدواین كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی جەخت لەسەر دانوستانی بەردەوام لەگەڵ بەغدا دەكرێتەوە، بەڵام جۆرێك لەناڕوونی سیاسەتكردنی هەرێم بەرانبەر بەغدا دەبیندرێت، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كورد یەك بڕیارو هەڵوێستی هەبێت؟
ــ راستە كاتی هاتووە، بەڵام ئەو بڕیاری یەكلاكەرەوەیە تەنها لەلای ئێمەوە نادرێت، ئێمە پێویستیمان بەوڵاتانی زلهێز هەیە بۆ ئەو بڕیارە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ویستمان لەعێراق جیاببینەوەو ژێرخانێكی ئابوری بەهێز دروستبكەین، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە سیاسەتی نەوت و فرۆشتنی نەوت بەهەڵە پەیڕەو كراو ئێستاش هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن، تا ئەو سیاسەتەش راست نەكرێتەوەو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان شەفاف نەبێت و وەزیرێكی تەكنۆكراتی نەبێت، بەبۆچوونی من ناتوانین دۆخی خۆمان لەرووی ئابوریەوە چاك بكەینەوە، هەركاتێك توانیمان ئابوری كوردستان ئەوەندە بەهێز بكەین كە خۆمان خۆمان بژێنین ئەوكات بەدڵنیاییەوە جیابوونەوەشمان لەعێراق ئاسانتر دەبێت.

*كورد هیچ كارتێكی فشاری لەبەرانبەر بەغدا بەدەستەوە ماوە؟
ــ بڕواناكەم هیچ كارتێكی فشارمان بەدەستەوەبێت، ئەوەی ئێستا ماوە مێژوویەكی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە بەتایبەت لەگەڵ شیعەكان لەخەباتی ئازادیخوازانە دژ بەرژێمی سەدام حسێن، تاكە شتێكیش كە دەمانبەستێتەوە ئەوەیە كە ساڵانێك ئێمە ئەوانمان داڵدەداوە هاوكاریمان كردوون، لەدروستكردنەوەی عێراقیش هەڤاڵ مام جەلال رۆڵی سەرەكی هەبوو، جگە لەمانەش هیچ كارتێكی فشار نابینم.

*ئێستا كورد داوای چاكسازی لەحكومەت و زیاتر كاراكردنی پەرلەمانی عێراق دەكات، لەهەمانكاتدا پەرلەمانی كوردستان پەكخراوەو ژمارەیەك وەزیریش لەكابینەی حكومەتی هەرێم دوورخراونەتەوە، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چیە؟
ــ دۆخی هەرێم تا بڵیی نەخوازراوە، پەكخستنی پەرلەمان كارێكی ئێجگار هەڵەیەو بەردەوامیش هەموولایەنەكان ئەمە دەڵێنەوە كە دەبێت پەرلەمان كارا بكەینەوە، بەڵام لەراستیدا من لەگەڵ سیاسەتی ئیێستای یەكێتیش زۆر هاوڕا نیم، ئەوە چەندین مانگ تێپەڕی و ئێمە خەریكی ناوبژیوانیكردنین و جەختمان لەوەكردۆتەوە دەبێت پەرلەمان كارا بكرێتەوەو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیمان هەموو هەفتەو مانگێك بەڕێگەی هەولێرەوەن و لەگەڵ كاك مەسعود كۆدەبنەوەو نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆ، بەبۆچوونی من كاتی ئەوە هاتووە بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە بدرێت، چیتر نەوترێت پەرلەمان پەكخراوەو نایاساییەو دەركردنی وەزیرەكان نایاساییە.

*ئەو هەنگاوەی پێویستە بنرێت چییە؟
ــ من لێرەدا باسی ناكەم، بەڵكو لەگەڵ هەڤاڵانم لەسەركردایەتی باسی دەكەم، بەڵام ئەوە چەند مانگێك تێپەڕیوەو هەموولایەكیش لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانن، كەچی هیچی نەكراوەو دەبێت بەدوای میكانیزمی تردا بگەڕێین.

* ئەو دۆخەی هەرێم تا كەی بەردەوام دەبێت پێتوایە بگاتە ساڵی 2017؟
ــ من چەند جاریك وتومە، لەم دۆخەی ئێستا كە تێیكەوتووین، زەرەرمەندی یەكەم هاوڵاتیانەو پەرۆشی هاوڵاتیانیش تەنها یەكێتیە، ئێمە كەوتوینەتە نێوان گۆڕان و پارتیەوە، پارتی سودمەندی سەرەكیە لەم مەسەلەیەدا ئەوان بەدەر لەوەزارەتەكانی خۆیان ئێستا چوار وەزارەت و دەستەیەكی گۆڕان و وەزارەتێكی یەكگرتووشیان وەرگرتووە، ئەو وەزارەتە سیادیە سەرەكیانە كە دەبوو پشكی لایەنەكانی تر بن ئێستا هەمووی لەژێر دەسەڵاتی پارتیە، بۆیە پارتی زۆر سودمەندە لەم دۆخەو سەرۆكی حزبەكەیان بە سەرۆكی هەرێم ماوەتەوەو زۆربەی وەزارەتەكان بەڕێوەدەبەن و بەوەش بوونەتە حزبی یەكەم و حاكم لەهەرێمدا، لەلایەكی تریشەوە گۆڕان لەحكومەت هیچی پێنەكرا، ئەو بەڵێنانەی بەدەنگدەرانی خۆیدا نەیتوانی جێبەجێی بكات، نەیدەزانی چۆن خۆی لەو بەرپرسیارێتیە رزگار بكات كە هەرێم تێیكەوتووە چ لەرووی ئابوریەوەو چ لەرووی بەڕێوەبردنەوە، بەڵام ئێستا چۆتەوە دۆخەكەی جارانی خۆی و وەك ئۆپۆزسیۆن قسە دەكات، كە بەرپرس نییە لەو شتانەی هاتوونەتە كایەوە، لەو نێوەندەش زەرەرمەندی یەكەم هاوڵاتیانن و تەنها حیزبیش كە بەپەرۆشی هاوڵاتیانەوەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

*یەكێتی بۆچی ئەم دۆخە قبوڵ دەكات؟
ــ لەروانگەی پەرۆشیمانەوەیە بۆ ئەزمونی هەرێمی كوردستان، ئەوەتا رۆڵی ناوبژیوانیكردنمان گرتۆتەبەرو سەرقاڵی نزیككردنەوەی لایەنەكانین بۆئەوەی لەیەكترازان و دوو ئیدارەیی و خوانەخواستە شەڕی ناوخۆ دروست نەبێتەوەو هەموولایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكەینەوە تا لەو رێگەیەوە دۆخەكە تێپەڕێنین.

*زۆرجار لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی رێگری لەكادرو بەرپرسی یەكێتی دەكرێت، ئەمە نیگەرانی لای ئێوە دروست نەكردووە؟
ــ لای من نیگەرانی دروست دەكات كە كەسانێك هەن بەو شێوە بەرتەسكە بۆچوونیان هەیە بەرانبەر بە هاوڵاتیانی ترو بەشێوازێكی تەسكی حیزبیانە بیردەكەنەوە چ بەرانبەر بەهاوڵاتیانی هەرێم كە سەر بە حزبەكانی تر بن و چ بەرانبەر بەهاوڵاتیانی پارچەكانی تری كوردستان كە سەر بە حزبەكانی ترن، ئەم جۆرە سیاسەتەش بەسیاسەتێكی هەڵەی دەبینین، ئێمە خەباتدەكەین لەپێناو ئەوەی كوردستان رزگاربێت و كوردانی پارچەكانی تریش بەبرای خۆمان دەزانین و هیچ جیاوازیەكیان لەنێواندا ناكەین، هەمیشە وتومە زۆر دژی ئەو خەندەق لێدانانەم لەسەر سنورەكان.

*لەوبارەیەوە هیچ پەیامتان ئاراستەی پارتی نەكردووە؟
ــ بۆ ئەوەیان پێویستە هەڤاڵانی مەكتەب سیاسی وەڵامبدەنەوە، بەڵام هەمیشە وتراوە، برادەرانی ناوچەی بادینانمان بەدەست ئەو كێشانەوە دەناڵێنن، ئەوەندەی منیش ئاگاداربم هەمیشە دەوترێت هیچ بڕیارێكی حیزبی و تەوجیهاتێكی حزبی لەپشتەوە نییە، بەڵكو كەسانێكن زۆر تەسكی حزبیانە بیردەكەنەوە بەو كارانە هەڵدەستن.

*پێتوایە ئەگەر ئیستا یەكێتی بەتەنها رێكەوتن لەگەڵ پارتی بكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو باجەكەی دەدات؟
ــ ئێمە ئامادەین بۆ هەر باجێك ئەگەر لەپێناوی هاوڵاتیان بێت، ئێمە 30 حوزەیرانمان كرد كە ئێستاش باسدەكرێتەوە تەنها لەپێناو هاوڵاتیان بوو، باجەكەشیماندا بۆ ئەوەی ئێستا روویداوە روونەدات كردمان، ئێمە توانیمان لە 30ی حوزەیران واژۆ بەمەسعود بارزانی بكەین دەستور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بۆی نەبێت لەخولێكی تر خۆی هەڵبژێرێتەوە، یاساكە چوار مادەی سەرەكی لەخۆگرتبوو ، یەكێك لەبرگەكانی بریتی بوو لە درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بۆ دوو ساڵ، ئێمە هەرئەوكات بەپەرۆشی هاوڵاتیان بووین و لەپەرۆشی ئەوەی دوو ئیدارەیی دروست نەبێت، هەستاین بەو كارەو باجەكەشیماندا، ئێستاشی پێوەبێت ئەگەر نزیكبوونەوەی سیاسی ئێمە و ڕێكەوتن لەگەڵ هەر لایەنێك لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت ئامادەین ئەگەر بزانین باجەكەشی دەدەین.

*زۆر جار باس لەكێشەی ناوخۆیی یەكێتی دەكرێت، ئایا لەسەر ئەرزی واقع ئەو كێشانە تاچەند ڕەنگدانەوەی هەبووە؟
ــ من ناتوانم بڵێم كێشە نییەو دەنگۆیە، چونكە لەراستیدا كێشەمان هەیەو پێشوتریش هەمیشە بۆچوونی جیاواز لەناو یەكێتی هەبووە، بەڵام بەزیرەكی و شیاوی و زانایی هەڤاڵ مام جەلال توانیویەتی هەمیشە ئاراستەكان بەشێوەیەك ئیدارە بدات كە بگەنە ئەنجامێك، بەڵام لەغیابی هەڤاڵ مام جەلال ئەو ئاراستانە لەیەكتر دووركەوتونەتەوە، بەڵی كێشە لەنێوان هەڤاڵاندا هەیە چ لەسەر بۆچوونی جیاوازو هەندێك شتی تر.

*چارەسەر بۆ ئەو كێشانە لەچیدا دەبینیتەوە؟
ــ ئەوەی گرنگە لای من هەموو هەڤاڵان كۆكن لەسەرئەوەی بەیەكێتیەوە شتن، لەدەرەوەی یەكێتی كەسیان هیچ نیین، زانینی ئەوەش زانینی ئەوەش زۆر گرنگەو ئەوەش هەمویان دانی پێدا دەنێن، هەموو هەڤاڵانیش جەختدەكەنەوە هەرگیز لەیەكێتی دەرناچین و بەیەكێتیەوە شتین، ئەمەش دەبێت وایان لێ بكات دەرئەنجام بەپەرۆشی یەكێتیەوە بن و بگەنە ئەنجامێك لەگەڵ یەكتر.

*بۆچوونی ئێوە لەسەر سەربەخۆیی و ریفراندۆم چیە؟
ــ ریفراندۆم زۆر گرنگەو سەربەخۆیی كوردستان خەونی هەموو تاكێكی كوردە، بێگومان دەبێت ئیشی بۆ بكەین و یەكێك بێت لەئامانجە سەرەكیەكانمان، بەڵام كاتەكەی گرنگەو چەندیش سەربەخۆیی كوردستان گرنگە ئەوەندەش دابینكردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان گرنگە، بۆیە ناكرێت بژێوی خەڵك پەراوێزبخرێت لەبەر ئەوە.

*پێت وایە ئێستا كاتی راگەیاندنی سەربەخۆییە؟
ــ مەسەلەی كاتیەتی یان نا وەك وتم هەمومان ئامانجمانە، بەڵام شتێكیش نییە تەنها حزبێك یان كەسێك خۆی بكات بەبەرپرسی ئەو مەلەفەو دەبێت هەموو حزبەكانیش لەسەری كۆكبن كە كاتیەتی یان نا، لەسەر مێزی گفتوگۆش ئەوە یەكلا بكرێتەوە كەی ریفراندۆم بكرێت، بەڵام ئایا ئێستا پارەی ئەنجامدانی ریفراندۆممان هەیە كە چەند مانگێكە نەتوانراوە موچەی فەرمانبەران بدرێت، چونكە پارەیەكی زۆری دەوێت، جگە لەوە دامەزراندنی كەسانێكی زۆری دەوێت، ئەوەندەی دەوترێت حكومەت پارەی نییە.

*تاچەند لەئەدای وەزیرو بەرپرسانی یەكێتی لەحكومەت ڕازین؟
ــوەزیرەكانی ئێمە ئەوەندەی من ئاگادارم درێغیان نەكردووە، بەڵام قەیرانێكی زۆر رووی تێكردووین لەم قەیرانە سەختەدا ئیدارەدانی وەزارەتێك ئاسان نییە، لەبەرئەوە هەڵسەنگاندنیان دەبێت بزانین لەچ روویەكەوە هەڵسەنگاندنەكە دەكەین، بەڵام بەگشتی لەم دۆخە ئێستادا پێشكەشكردنی ئەدائێكی باش زەحمەتە.

*نەوتی كەركوك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەفرۆشرێت، زۆربەی پرۆژەكانی ئەو شارە راگیراون، ئێوە وەك یەكێتی لەوبارەیەوە چیتان كردووە؟
ــ كێشەی كەركوك یەكێكە لەو كێشە گەورانەی كە زۆر ئاڵۆزە، تێگەیشتن ئاسان نییە لێی، هیوادارم بتوانین بەشێوازێك ئیدارەی دۆخەكە بدەین لەقازانجی ئەو شارە بێت.

PUKmedia  س/ هەواڵ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket