riklam

قوباد تاڵەبانی: ترەمپ دەتوانێت رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران ئیمزا بکات

کوردستان 12:15 PM - 2026-05-11
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسینگەى راگەیاندنى قوباد تاڵەبانى

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی "برێیتبارت نیوز"ی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپى وەک "وەستای رێککەوتنەکان" وەسف دەکات و رایدەگەیەنێت کە تەنها ئەو دەتوانێت رێککەوتنێکی مێژوویی و گشتگیر لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بکات و قوباد تاڵەبانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە کلیلی سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە لە دوورخستنەوەی لایەنی سێیەم و گۆڕینی هاوکێشەکانە لە ململانێی سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری، کە نەک تەنها بۆ تاران و واشنتن، بەڵکو بۆ بووژانەوەی ئابووریی جیهان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیش بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتى هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕى "برێیتبارت نیوز"ی راگەیاند: کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتەیەگرتووەکانى ئەمریکا، دەتوانێت رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات، کە ببێتە هۆی بووژانەوەیەکی ئابووری سەرتاسەری لە جیهاندا، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێراندایە لە پاش شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

قوباد تاڵەبانی ئەوەى خستەڕوو: کە یارمەتیدەرە لە بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمە نیمچە سەربەخۆیەی لەلایەن کوردەوە لەناو عیراق و لەسەر سنووری ئێران بەڕێوەدەبرێت، کوڕی سەرۆک جەلال تاڵەبانى سەرۆککۆمارى پێشووى عیراق.

ماڵپەڕی "برێیتبارت نیوز" لە وتارەکەیدا وتى: "باوکی قوباد تاڵەبانی لە دوای رووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2005 تا ساڵی 2014 پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارى بەدەستەوە بوو، ئێستاش کوڕەکەی دەنگێکی پێشەنگە لە عیراق و بەتایبەتی لە کوردستان بۆ هاندانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی ئابووری لە سەرانسەری ناوچەکەدا."

قوباد تاڵەبانی بە "برێیتبارت نیوز"ی راگەیاند: پێویستە رێککەوتنەکە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێت، وە نابێت دۆناڵد ترەمپ رێگە بدات لایەنی سێیەم رێککەوتنەکەی تێکبدات.

ئەوەشى خستەڕوو: پێموایە ئەگەر سەرۆک ترەمپ جارێکی دیکە بوارى بۆ بڕەخسێنرێت و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات، و بە راستی ئەجێندای ئەمریکا جێبەجێ بکات، دەتوانێت بگاتە رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێراندا،" هەروەها وتیشی: "ئەوە بۆ ئێرانیش باشە.

قوباد تاڵەبانی بە "برێیتبارت نیوز"ی راگەیاند، کە ئەو پشتگیری لەوە دەکات دۆناڵد ترەمپ بتوانێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات و رێککەوتنێک کە جگە لە کۆتاییهێنان بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران، رەهەندی ئابووریی سەرەکیش لەخۆ بگرێت.

وتیشى: پێموایە سەرۆک ترەمپ وەستای رێککەوتنە و ئەو دەزانێت بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بەردەوام بێت، پێویستە هەردوولا پێی رازی بن، ئەگەر رێککەوتنێک لەلایەن لایەنێکەوە بەسەر لایەنەکەی دیکەدا بسەپێندرێت، تەنانەت ئەگەر بگەنە رێککەوتنیش، رەنگە بەردەوام نەبێت، بۆیە، پێم وایە ئەوەی ئێستا پێویستمانە رێککەوتنێکە کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا بێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی مانگی نیسان و لە پەراوێزی "کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی"  لە یۆنان، بۆ چاوپێکەوتنێکی تایبەت و درێژخایەن لەگەڵ "برێیتبارت نیوز" کۆبووەوە، لەو کاتەدا، سەرەتای رۆژانی ئاگربەستەکەى نێوان ئێران و ئەمریکا بوو، کە چەندین جار درێژکرابوەوە، وێنای سەرەتایی رێککەوتنێکی ئەگەری خەریک بوو گەڵاڵە دەبوو.

وتیشى: باشە، سەرەتا ئێمە پێویستمان بە ئاشتییە لە ناوچەکە و لە کوردستاندا و هیوای سەرکەوتن بۆ  رێککەوتنەکە دەخوازین و پاڵپشتی لە رێککەوتن دەکەین و بۆ هەموو لایەنەکانیشمان روون کردووەتەوە کە ئامادەین بە هەر شێوەیەک بێت هاوکار بین، چ لە رێگەی کەناڵە ناڕەسمییەکانەوە بێت، یان بەکارهێنانی پێگەی ستراتیژیی کوردستان بۆ پشتگیریکردن لە هەر هەوڵێکی کەمکردنەوەی گرژییەکان ئێمە پێویستمان بەم هێورکردنەوەیە هەیە، کاریگەریی ئەم شەڕە لەسەر عیراق و کوردستان گەورە بوو، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، وەک چۆن کاریگەریی لەسەر باقی جیهانیش هەبوو، بۆیە، ئێمە پێشوازی لە ئاگربەست و درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکەین، وەک دەڵێن، کۆتاییهێنان بە شەڕ ئازایەتییەکی زیاتری دەوێت وەک لە دەستپێکردنی، پێم وایە ئێستا لەو قۆناغەداین و هیوادارین سەرۆک ترەمپ کارە دروستەکە بکات و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنێت و ئاشتی لە نێوان ویلایەتەیەکگرتووەکان و ئێراندا بەدی بهێنێت، کە پێم وایە ئەمەش لێکەوتەی ئەرێنی زۆر گەورەی بۆ هەموو جیهان دەبێت.

ئاماژەی بەوە کرد: بۆئەوەی رێککەوتنەکە سەرکەوتوو بێت، دەبێت تەنها لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا بێت و لایەنی سێیەم نەگرێتەوە.

وتیشى: من هیوادارم ئێران و ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا بگەنە رێککەوتن، هەروەها هیوادارم لایەنەکانى دیکەش هەوڵی تێکدانی ئەو رێککەوتنە نەدەن، سەبارەت بە کاتەکەش، قوباد تاڵەبانی هیوای خواست کە بەم زووانە بێت.

کاتێک لە قوباد تاڵەبانی پرسیار کرا ئەم پرۆسەیە چەندە درێژە دەکێشێت، وتی: حەزم دەکرد پێت بڵێم، بەڵام بەڕاستی نازانم و کەس نازانێت، پێم وایە تاکە کەسێک کە لەوانەیە بزانێت سەرۆک ترامپە، دووبارە دەڵێمەوە، ئەگەر بۆ خۆی جێبهێڵدرێت و وڵاتانی دیکە هەوڵ نەدەن لە رێککەوتن دووری بخەنەوە، ئەوا ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە ماوەیەکی کورتتر زیاد دەبێت.

سەبارەت بە گەرووى هورموز، قوباد تاڵەبانی ئەوەى خستەڕوو: پێویستە هەندێک رێککەوتنی راستەقینە لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست ببێت پێش ئەوەی رێگای دەریایى بکرێتەوە.

ئاماژەى بە ئەوەشدا: پێم وایە پێویستە هەندێک رێککەوتنی جێگیر لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەبێت پێش کردنەوەی رێگاى دەریایى و ئەگەر رێى دەریایى بە هێزی سەربازی بکرایەتەوە، تا ئێستا کرابوەوە، بۆیە تێگەیشتنێک هەیە کە ئەم رێگاى دەریاییە تەنها بە رێککەوتن دەکرێتەوە و ئێرانییەکان دانوستانکارانی زیرەکن و بە ئاسانی ئەم کارتە گەورەیە بەبێ بەرامبەر نادەن.

قوباد تاڵەبانی باسی سوودە ئابوورییەکانی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران کرد و وتی دانوستاندنەکان نابێت تەنها لەسەر بابەتە ئەمنییەکان بن.

ئەگەر لە داینامیکی ئەمنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڕوانین، جیهانێکی گەورەی ئابووری هەیە لەپشت ئەم شەڕە، زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمى، مووشەک و ئاسایش بوون، بەڵام کەس باس لە سوودی ئابووری رێککەوتن ناکات، ئەمە رێککەوتنێکی هاوبەشە کە دەتوانێت ئابووری ئێران گەشە پێبدات و بازاڕێکی نوێ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکاتەوە.

باسى لەوەشکرد: بەهۆی دۆناڵد ترەمپەوە، بابەتی دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە تەواو بووە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی رێککەوتن پێویستە رەهەندی وزە و ئابووری تێکەڵ بکرێن.

ئاماژەی بە وەنیزوێلا و یۆنان کرد، کە ترامپ هەمیشە رەهەندی وزە و ئابووری لەگەڵ سیاسەت بەکارهێناوە، و وتی لەوانەیە شتێکی هاوشێوە لە ئێرانیش رووبدات.

راشیگەیاند: پێم وایە ئێستا لەو قۆناغە تێپەڕیوین و بەڕاستی، ئێرانییەکان هەرگیز نەیانگوتووە چەکی ناوەکیان دەوێت و گفتوگۆکان زیاتر لەسەر رادەی یۆرانیۆمی دەستکاریکراو بوو، ئەگەر تەنها لە بەرنامە ئەتۆمى و مووشەک بڕوانین، شوێنی زۆر بۆ رێککەوتن نامێنێت، بەڵام ئەگەر بازنەکە فراوان بکەین بۆ سوودەکانی ئابووری و جیهانی، ئەوا دەتوانێت رێککەوتنێکی باش بێت.

وتیشى: چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە و هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نییە نەیەوێت گەرووى هورموز بکرێتەوە و ئابووری یۆنان، کە وڵاتێکی گەورەی کەشتیوانییە، زۆر زیانی بینیوە، جیهان ئامادە نییە بۆ گونجان لەگەڵ داخستنی ئەم رێگا دەریایە، بۆیە هەمووان دەبێت هەوڵ بدەن بۆ نزیککردنەوەی رێککەوتن.

وتیشی: پێویستە رێککەوتنی کۆتایی ئابووری، بنەماکانی ژێرخان، لابردنى گەمارۆکان، زیادبوونی بازرگانی لەخۆبگرێت و لە کۆتاییدا، ئێران دەبێت هەست بکات دووبارە وەک هاوبەشێکی پێشوازیکراو لە جیهاندا قبوڵ دەکرێت.

 قوباد تاڵەبانی هۆشداری دا ئەمریکا دەبێت بزانێت ئێران ئێستا زۆر یەکگرتووە و وتی: هەردوو لایەن دەبێت هەست بە سەرکەوتن بکەن و ترامپ ئامانجەکانی جەنگی بەدەستهێناوە و ئێرانیش پیشانی دا زۆر بەهێزترە لەوەی خەڵک چاوەڕوانیان دەکرد و ئاماژەى بە ئەوەشدا: زۆر قسە لەسەر جیاوازی نێوان دیپلۆماتەکان و سپای پاسداران دەکرێت، بەڵام لە راستیدا ئێران یەکگرتوو و زیانی جەنگ هەستێکی شانازی نیشتمانی لە ئێران دروست کردووە و ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئەمریکا.

دووبارە جەختی لەسەر یەکگرتوویی ئێران کردەوە و وتیشى: جیاوازی ئێران لەگەڵ وڵاتانی وەک سوریا و عیراق ئەوەیە کە لەو وڵاتانە کاتێک سەرکردەکەیان رووخا، دەوڵەتەکەش رووخا، بەڵام ئێران وڵاتێکی دامەزراوەییە، دامەزراوە سەربازی، مەدەنی، نیمچەسەربازی و ئاینی هەیە و هەموویان ئێستا هاوئاهەنگن.

راشیگەیاند: عیراق و هەرێمی کوردستان زۆر زیانی ئابوورییان بینیوە و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عیراق نەوتە، کاتێک گەرووى هورموز دادەخرێت، نەوت نافرۆشرێت و داهات نامێنێت و کەم دەکات، بەشێکی گەورەی داهاتی هەرێمیش لە بازرگانی نێوان عیراق و ئێرانە و ئەگەر بازرگانی نەبێت، داهاتیش نامێنێت.

ئەوەشى خستەڕوو: کوردانی رۆژهەڵاتى کوردستان نابێت وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی رژێم بەکاربهێندرێن، ئێمە پێمان وابوو ئەوە ستراتیژیەتێکی خراپە و خۆشحاڵم دۆناڵد ترامپیش بە هەمان ئەنجام گەیشت.

قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە، کە ئەگەر کوردانی رۆژهەڵاتى کوردستان ببونایە "سەری رمەکە"ی ئەم هەوڵە، ئەوا  قەتڵوعام دەکران و ئەمریکا زوو تێگەیشت کە کوردانی رۆژهەڵاتى کوردستان ئەو هێزە نین بتوانن رژێم بگۆڕن، زۆر کارمان کرد لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی کوردانی رۆژهەڵات فریوی لایەنی سێیەم نەخۆن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket