riklam

"ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" لە دیداری سلێمانی دا

کوردستان 10:41 AM - 2024-04-17
بەشداربووانی هەشتەمین دیداری سلێمانی PUKMEDIA

بەشداربووانی هەشتەمین دیداری سلێمانی

دیداری سلێمانی

هەشتەمین دیداری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەندین کەسایەتی سیاسی لە ناوخۆی هەرێم و عیراق و دەرەوە، دەستیپێکرد.

د. بەرهەم: دیداری سلێمانی ببێتە مایەی چارەسەر

لە سەرەتای دیدارەکەدا د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستەی ئەمینداری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وتەی دەستپێکردنی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە سلێمانی هەموومان پێکەوە کۆبووینەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێك کێشە و گیروگرفت کە لە ئێستادا رووی لە ناوچەکەمان کردووە، ئاواتەخوازم لە هەشتەمین دیداری سلێمانیدا پەنجە بخەینە سەر کێشە و قەیران و ململانێکان و ئەم دیدارە بێتە مایەی چارەسەر".

"دیداری سلێمانی شایستە بە شارەکەیە و دەمانەوێت لە ئەم زانکۆیەوە ناوەندێکی مەعریفی گرنگ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنینە کایەوە، ئاواتەخوازین لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە ە گرفتەکان بڕوانین و باس وخواست و گفتوگۆی چڕ لەبارەیانەوە بکەین"، د. بەرهەم وادەڵێت.

 

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتییە

پاشان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "بەخێرهاتنی هەموولایەک دەکەم بۆ پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا شەڕ و گرژی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، مەترسی لەسەر ناوچەکە و خراپتربوونی دۆخەکە هەیە، بۆئەوەی لەو کێشانە دووربکەوینەوە پێویستە گفتوگۆ بکرێت و رێککەوتنێکی هاوسەنگ بکرێت".

"هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە، بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی دۆست نمونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابوری و گەشەکردنی هاوبەشمان دروستکردووە، رێگاش نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشەبێت بۆسەر هیچ وڵاتێک"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

 

وتیشی: "پێویستە هەموومان پشتیوانی حکومەتی عیراق و سەرۆکوەزیرانی عیراق بکەین، چونکە پێمان وایە سەرۆکوەزیران باوەڕی تەواوی بە دەستور هەیە و لەم روانگەیەشەوە دەتوانین عیراق بەرەوپێش بەرین، هاوکات بەرپرسیارێتی لایەنە سیاسییەکانە پشتیوانی لە بیرو بۆچوونەکانی سەرۆکوەزیران بکەن لەپێناو عیراقێکی دیموکراسیدا".

 

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومتی عیراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "عیراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەرێمێکی بەهێزەوە، هاوکات هەرێمێکی بەهێزیش پەیوەستە بە عیراقێکی بەهێزەوە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە هەردوولا پشتیوانی یەک بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کە دەستور بکەنە بنەمای چارەسەری کێشەکان".

 

"هەرێمی کوردستان بە ئاشتی و پێکەوەژیان پێشدەکەوێت، بۆیە ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە وەک میلەتەکەمان تەبا و یەکڕیز بن بۆ کوردستانێکی بەهێز، وەک خەڵکی سلێمانی دەڵێن، پێویست ناکات کای کۆن بەبا بکەین، بەپێچەوانەوە پێویستە پەڕەیەکی نوێ لەنێوان لایەنەکاندا هەڵبدرێتەوە کە هەموو خەمێکیان پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت، هاوکات دەبێت ژیانی پێکهاتەکانیش لە کوردستان لەبەرچاو بگرین و هەوڵ بدەین هەموومان لە کوردستانێکی ئازاد خزمەتی میللەتەکەمان بکەین"، سەرۆکی هەرێم وای وت.

 

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: "ئەگەر لایەنەکان رێبکەون دەتوانین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین، چونکە پێمان وایە ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی گرنگە و دەبێت بیپارێزین".

 

عەمار حەکیم: دەتوانین بەسەر گرفتەکاندا زاڵبین

هەر لە دیدارەکەدا عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، رایگەیاند: "لە تواناماندا هەیە چارەسەری سەرجەم ئەو کێشانە بکەین کە لە عیراق بوونی هەیە و لەئێستادا کاتی ئەوەیە بە کردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێین، بەتایبەت پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان تا لەو رێگایەوە بتوانین بڕیاری دروست و دیموکراسیانە بۆ عیراقەکەمان بدەین".

 

"هەموو عیراقیەکان مافی خۆیانە لە عیراقێکی دیموکراسیدا ژیان بەسەربەرن و ئەرکمانە دیموکراسی و ئاشتی بۆ عیراق بگەڕێنینەوە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی کە تیرۆرستانی داعش کاریگەری خراپی کردبووە سەر پێکەوەژیان لە عیراق، هاوکات ئەمڕۆ کە سەری ساڵی ئێزدییانە پیرۆزبایی گەرم لە ئێزدییەکانی عیراق دەکەم و هیوادارین سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق لە وڵاتەکەی خۆیاندا ژیانێکی شایستە بەڕێبکەن"، سەرۆکی رەوتی حیکمە وای وت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket