riklam

پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەرێم دەبرێتە دادگای فیدراڵی

کوردستان 01:01 PM - 2024-03-30
کەمپی ئاوارەکان PUKMEDIA

کەمپی ئاوارەکان

سبه‌ینێ 31-3-2024، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق له‌باره‌ی دوو سكاڵای تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دۆسییه‌ی ئاواره‌كان و ناردنی سووته‌مه‌نی بۆ هه‌رێمی كوردستان.

به‌پێی كارنامه‌ی دانیشتنه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی، سكاڵای یه‌كه‌م، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان تۆماریكردوه‌و داوایكردووه‌، سكاڵا له‌سه‌ركراوه‌كان پابه‌ند بكات به‌جێبه‌جێكردنی بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و داخستنی كه‌مپه‌كانیان له‌ هه‌رێم .

سكاڵای دووه‌م، له‌سه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و ئه‌مینداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری نه‌وتی عیراق تۆماركراوه‌و نه‌هرۆ مه‌حمود قادر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق داوایكردووه‌، بڕ‌یار له‌ نادروستی بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بدرێت له‌باره‌ی دیاریكردنی نرخی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان.

لە سلێمانی کارئاسانی کراوە

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق بڕ‌یاریداوه‌ تاكۆتایی مانگی ته‌مووزی ئه‌مساڵ، سه‌رجه‌م ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێم بگه‌ڕ‌ێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان.

سامر مه‌شكور به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌راورد به‌ هه‌ولێرو دهۆك له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر هاوكاری و كارئاسانیمان بۆده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌مپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان".

"هه‌فته‌ی رابردوو كه‌مپێكمان داخستوه‌و به‌م نزیكانه‌ش كه‌مپێكی دیكه‌ داده‌خه‌ین و ئاواره‌ی ئه‌و دوو كه‌مپه‌ گه‌ڕ‌اونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان، هاوكات رۆژی 24-3-2024، كارئاسانی بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی 250 خێزانی دیكه‌ كراو گه‌ڕ‌ێنه‌وه‌ زێدی خۆیان"، سامر مه‌شكور واده‌ڵێت.

گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکردووە

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق بڕ‌‌یاریدابوو له‌ 30-6 ی ئه‌مساڵ سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕ‌‌ێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی خوێندكاران كاته‌كه‌ی بۆ 30-7 ی ئه‌مساڵ دواخراو له‌ئێستاشدا گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، چونكه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ناوچه‌كانیان نه‌ماوه‌و ده‌توانن ژیانی ئاسایی خۆیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

عیراق تێچووی گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت

حكومه‌تی عیراق له‌هاندان بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌رده‌وامه‌و به‌هه‌موو جۆرێك هاوكارییان ده‌كات، به‌جۆرێك رۆژانه‌ تێچووی گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ده‌یان خێزانی ئاواره‌ له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

رۆنزی زیاد سیدۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان به‌رده‌وامه‌ و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران هه‌موو كارئاسانییه‌ك بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان ده‌كات، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بڕ‌یاریداوه‌ بڕ‌ی چوار ملیۆن دینارو پارچه‌یه‌ك زه‌وی و دامه‌زراندن له‌وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ك هاندانێك پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان بكات".

"حكومه‌تی عیراق ته‌ئكید له‌گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ده‌كات و هه‌وڵی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان ده‌دات"، رۆنزی زیاد سیدۆ واده‌ڵێت.

نزیكه‌ی 20 كه‌مپ له‌هه‌رێم ماونه‌ته‌وه‌

به‌پێی به‌دواداچوونێكی  PUKMEDIA، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاواره‌كانی عیراق له‌كه‌مپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك نیشته‌جێن، له‌ئێستاشدا نزیكه‌ی 20 كه‌مپ له‌هه‌رێم ماونه‌ته‌وه‌ كه‌نزیكه‌ی 30 هه‌زار خێزانیان له‌خۆگرتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ له‌كه‌مپه‌كان نین و له‌شاره‌كانی هه‌ولێرو دهۆك و سلێمانی نیشته‌جێن.

 ساڵی 2016 عیراق زۆرترین ئاواره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

 به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، له‌نیسانی ساڵی 2016 دا عیراق زۆرترین ئاواره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌جۆرێك نزیكه‌ی 3.42 ملیۆن كه‌س ناچاربوون ماڵه‌كانیان جێبهێڵن، كه‌ به‌شی زۆری ئاواره‌كانیش روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و له‌ كه‌مپه‌كان نیشته‌جێ بوون، بڕ‌‌یاریشه‌ له‌كاتی گه‌ڕ‌‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق سه‌رژمێری ئه‌و ئاوارانه‌ بكات كه‌ تائێستا له‌هه‌رێمی كوردستان ماونه‌ته‌وه‌و كۆتایی به‌پرسی ئاواره‌كان له‌ عیراق بهێنێت.

مانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌هه‌رێم مه‌ترسی بۆسه‌ر دیموگرافیا هه‌یه‌

هه‌نگاوه‌كه‌ی عیراق بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی هه‌رێم به‌ گرنگ ده‌زاندرێت و پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق راستگۆبێت له‌ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان، چونكه‌ مانه‌وه‌یان مه‌ترسی بۆسه‌ر دیموگرافیا هه‌یه‌.

داود كالۆ جوندی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی شه‌نگالی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "حكومه‌تی عیراق بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاواره‌كان و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان بۆسه‌ر زێدی خۆیان بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی دیاریكردووه‌ و وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌میش 10 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی هه‌رێم قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌".

"ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه‌یسی ئاواره‌كانی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان زۆر گرنگه‌، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق راستگۆ بێت له‌ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ بۆ زێدی خۆیان، چونكه‌ مانه‌وه‌یان له‌ هه‌رێم مه‌ترسی بۆسه‌ر دیموگرافیا هه‌یه‌" داود كالۆ جوندی واده‌ڵێت.

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران: پێویستە ئاوارەکان بێ دواکەوتن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

پێشتر ئیڤان فایه‌ق جابرۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ غوڵام محه‌مه‌د ئیسحاق نوێنه‌ری نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی كۆمسیۆنی كاروباری په‌نابه‌ران UNHCR رایگه‌یاندبوو: "پابه‌ندین به‌ بڕ‌یاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و پێویسته‌ له‌كاتی خۆیداو بێ دواكه‌وتن ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕ‌ێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ ئاسایش له‌ ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا تا ڕ‌اده‌یه‌كی باش پارێزراون".

كۆچ و كۆچبه‌ران: هاوكاری ئاواره‌ گه‌ڕ‌اوه‌كان ده‌بین

پێشتریش وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق رایگه‌یاندبوو: "وه‌ك هاندانێك بۆ گه‌ڕ‌‌‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان، 4 ملیۆن دینار بۆ گه‌ڕ‌‌‌اندنه‌وه‌ی هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێم ته‌رخان ده‌كه‌ین كه‌ زۆربه‌یان له‌ هه‌ولێر و دهۆكن، هاوكات قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان ده‌كاته‌وه‌ و ده‌رگای دامه‌زراندن له‌وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئاواره‌كان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بۆ هه‌ر خێزانێك پارچه‌یه‌ك زه‌وی پێده‌دات".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket